بۆ وا لەم شارە دەکەن؟

2021-09-13

سەلاح رەشید


کۆچی دوایی مام جەلال تەنها کاریگەری نەخستە سەر یەکێتی نیشیمان کوردستان و ئەو هێزەی نەخستە بۆشاییەکی سیاسی و حیزبیەوە، بەڵکو هەمو کوردستان بە گشتی و ناوچەی سلێمانی بێ باوک و بێ رابەر و بێ لێپرسراو کرد.
کۆنگرەی چوارهەمی یەکێتی، تەنها کێشەکانی ناو یەکێتی قوڵ و فرە رەهەند نەکردەوە، بەڵکو ئەو ناکۆکیانەی لەناو ریزەکانی و هاوسەرۆکەکانیدا هەبو، شۆڕ بۆوە بۆ ناو شار سلێمانی و کاریگەری کردە سەر هەمو بوارەکانی ژیان و گوزەرانی زوربەی تاکەکانی ئەم شارە.

،،

کەم رۆژ هەیە لەم شار و لەم زۆنەدا، کێشەیەک و روداوێکی ناخۆش رونەدات، هەر هەموشی دەزگا دەسەڵاتدارەکانی یەکێتی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ دەستیان تێیدا هەیە و بەرپرسن لێی.


بێگومان ئەم دەزگایانە ( کە پێویستە لە ژێر دەسەڵاتی حکومەتدا بن) بەڵام هەموی بە فەرمانی راستەوخۆی کەسی یەکەمی یەکێتی بەرێوە دەبرێت.
ئێستا قارەمانانی شار، ئەو کەسانەن بە جل و چاویلکەی رەشەوە و کە کڵاوی زرێپۆشیان لەسەردایە و بە چەکی نوێ بە خێرایی بەلادا لێدەخورن و پێویستە شەقامیان بۆ چۆڵ کەی، هەر ئەوانەن دێنە سەرت و بێ ئەوەی کەس بیانناسێ و ماوە بدەن خۆت بناسیت، ئەتخەنە پشت ئۆتۆمبیلەکایانە و ئەتفرێنن.
هەر ئەوانەن فەرمان بە بەرێوەبەری فەرمانگا حکومیەکان ئەکەن بۆ هەمو کارێکی نا یاسایی و کەسی یەکەمن لە دەروازە سنوریەکان و بە ئارەزوی خۆیان چیان بوێت ئەمدی وئەودیوی دەکەن.
هەر ئەوانن و کەسوکاریانن کە بەریز تەقە بەسەر هاوڵاتیاندا دەکەن و (ئیجازە)ی ئەوەیان هەیە کە هاوڵاتی ئەم شارە بترسێنن و پشێوی و نا ئارامی بڵاوبکەنەوە و بە ئارەزوش بچنە سەر هەر شوێنێک کە بیانەوێت و ئەوەی خۆیان ئەیانەوێت و یاسا قەدەغەی کردوە بیکەن.
هاوڵاتی ئەپرسێت، ئەمانە بۆ وا دەکەن؟ زوربەی هەر زۆریان ئەوانەن کە بەم بارودۆخەی ئێستاوە ماندو نەبون و هی نەوەی دوای راپەرین و کەسانێکن نە ئاشنای دوێنێن و نە کەسایەتیەکانی دوێنێ دەناسن، هاتونەتە سەر حازری.
باشە هیچ عاقلێک ئەو کارە دەکات کە ئەم گروپانە بە فەرمانی سەرۆکەکەیان رۆژی پێنج شەمەی رێکەوتی ٩/٩ کردیان بەرامبەر بە کۆمپانیای تالۆن کە کورێکی کاک فاروقی مەلا مستەفا خاوەنێتی؟
ئەگەر تالۆن کاری نایاسایی کردوە ئەوا پێویستە لێپرسینەوەی لەگەڵدا بکرێت، بەڵام ئایە نەتان ئەتوانی بە رێگایەکی هێمن تر و لەسەرخۆ تر ئەنجامی بدەن؟ نەتان ئەتوانی لە رێگای ترەوە کارەکە بە ئەنجام بگەیەنن؟ یاخود هەر ئەبو بە چەندەها سەیارەی شەڕەوە هەڵکوتنە سەریان و بە ناشیرینترین شێوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن! یان ئێوە تەنهافێری ئەمانە بون!
ئێوە و هەمو دانیشتوانی سلێمانی دەزانێت کە فاروقی مەلا مستەفا کێیە؟ ئەمە جگە لەوەی کە پێشمەرگەیەکی دێرین و سیاسیەکی بەهەڵوێست و هاورێی تەمەنی جەنابی مام جەلال و کاک نەشیروان و زوربەی زۆری سەرکردەکانی دوێنێ یەکێتی بوە، ئەم یەکێکە لە گەورەترین سەرمایەدارەکان کە هەلی کاری بۆ هەزارەها هاوڵاتی رەخساندوە، تەنها سەمایەدارە کە هەمو سەرمایەکەی لە کوردستان و لە سنوری یەکێتیدایە.
نە کوری فاروقی مەلا مستەفا و نە هیچ کەسێکی تر نابێت لە سەروی یاساوە بێت، بەڵام ئەگەر کێشەیەک روبدات، ئایە تەنها لە رێگای ناردنی هێزی چەکدارەوە چارەسەر دەکرێت؟ ئایە پارتی بەو شێوەیە مامەڵە لەگەڵ سەرمایەدارەکانی سنوری دەسەڵاتی خۆی دەکات؟ ئایە ئەم ‌هێزە ئازایانە چونە سەر چەند لادەر لە یاسا لەم دەڤەرەدا؟ چەند زەوی و موڵک و ماڵی داگیرکراوی دەوڵەتیان بۆ حکومەت گەرانۆتەوە و دەستیان بەسەر چەند لۆری قاچاغدا گرت؟ چەند دز و گەندەڵیان دا بە دادگا؟
بۆ ناکۆکیە حیزبیەکانتان دەهێننە ناو هاوڵاتیانەوە، لە ئەنجامدا خەڵکی سلێمانی و ئەم ناوچەیە زیاتر و زیاتر لێتان تورە و بێزار دەبێت.

،،

ئێوە ئەگەر رەحم بە خەڵکی شارەکە ناکەن، رەحمێ بە رابوردوی یەکێتی بکەن، رەحم بە مێژوی مام جەلال و شەهیدان بکەن و زیاتر تورەیان مەکەن،

ئەوان ئێوە ناناسنەوە، خاڵی هاوبەش لە نێوان یەکێتی مام جەلال و ئەم یەکێتیەی ئێوەدا تەنها ناوەکەتانە، هەمو ئەزانن کە چەقی چالاکی ئێوە سلێمانیە، بۆ وا لەم شار و ناوچەیە دەکەن؟ بە پلان ئەتانەوێت هاوڵاتی لێتان تورە و بێزار بێت؟ بە ئەنقەست ئەتانەوێت یەکێتی لە بەها جوانەکانی جارانی روت بکەنەوە.
لە جیاتی هەڵکوتنە سەر هاوڵاتیان، بۆناچن پێشمەرگە دێرینەکان، زیندانیانی سیاسی و کەس و کاری شەهیدان، رۆشنیران و دڵسۆزانی ئەم خاکە ئاشتبکەنەوە. بۆ ناپرسن، هۆی چیە باوکی چوار شەهیدی یەکێتی ئامادە نیە دەنگتان بداتێ؟ یان ئەو پێشمەرگەیەی هەمو گەنجی خۆی لە شاخ بردە سەر، یان ئەو لاوانەی لە رۆژە سەخت و دژوارەکاندا لە ریزەکانی رێکخستن لە شارەکاندا لەگەڵ مەگدا یاریان دەکرد،ئێستا نایانەوێت ناوتان ببیستن؟
کاتی ئەوە نەهاتوە، پێش ئەوەی باسی چاکسازی لە دەرەوە بکەن، چاکسازی لەناو ریزەکانی یەکێتیدا بکەن و بە وردی بەسەر کار و هەڵسوکەتاندا بچنەوە، دەستبکەن بە ئاشتکردنەوەی راستەقینەی هەر هەموان، ئەگینا نە ئەبن بە خاوەنی سەروەریەکانی رابوردو، وە ئایندەش لە دەست ئەدەن.