یەكێتی و گۆڕان، پۆست گۆڕینەوە یان لێ سەندنەوە؟!

2022-03-24

ساڵح ژاژڵەیی


لە سەرەتای دروستبونی كۆمەڵگای مرۆڤایەتیەوە ، پیش ئەوەی دەسەڵاتی حوكمڕانی دروست ببێت ، مامەلەی مرۆڤەكان لەگەڵ یەكتری و بۆ ئەوەی پێداویستییەكانی ژیان دابین بكەن بۆ ئەوەی بتوانن بەردەوامبن لە ژیان، ئاڵوگۆڕیان بە شمەكەكانیانەوە كردوە . واتە پێدا ویستی ڕۆژانەی ژیانیان لە ڕێگای گۆڕینەوەی كاڵاكانیان بە یەكتری دەستەبەر كردوە لەبەر ئەوەی پارە نەبوە . بۆ نمونە خەڵك هەبوە گەنمی هەبوەو پَویستی بە ڕۆن هەبوە . خاوەن ڕۆنیش پێویستی بە گەنم هەبوە . دوایی ڕێك كەوتون و بە یەكتریان گۆڕیوەتەوە . خەڵك هەبوە ترێ‌ و و مێوژو دۆشاوی بە گەنم و جۆ گۆڕیوەتەوە بەو شێوەیە بۆ هەموو پێداویستییەكانی تر.

،،

بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج و تێرامانە ئێستاو لەم سەردەمی عەولەمەو پێشكەوتن و تەكنەلۆجیایەدا مۆدێلی پۆست گۆڕینەوە هاتۆتە كایەوە .

واتە لە ئاڵوگۆڕی شمەكەوە گەڕاینەوە بۆ ئاڵ و گۆڕی پۆست . ماوەی چەند مانگێگ لەمەوبەر وەڤدێكی یەكێتی سەردانی مەكۆی سەرەكی بزوتنەوەی گۆڕانی كردوەو داوایان كردوە هەندێك پۆستیان لەگەڵ ئاڵو گۆڕ بكەن . وەڤدی یەكێتی داوای كردوە پۆستی: قایمقامی قەڵادزەو پێنجوین و بەڕێوەبەری هاتوچۆی سلێمانی و بەڕێوە بەرایەتی گشتی كشتوكاڵی سلێمانیان پێبدەن . لەبەرامبەر ئەوەدا بەڕێوەبەری پۆلیسی سلێمانی و قایمقامی مەركەز و قایمقامی چەمچەمال َو بەرێوەبەرایەتییەكی نریش بە گۆڕان بدەن .با بزانین هۆكار چێیە لە پشتی ئەم داواكاریەی یەكێتیەوە :
یەكەم : لە سنوری پشدەرو پێنجوێن گومرگ هەیەو ئاڵو گۆڕی بازرگانی زۆرەو دەسكەوتی پارەش زۆرە . ئەگەر چی قایمقامەكانی ئەو دوو شوێنەش هەر گۆڕانن بەڵام یەكێتی هەر خۆی باڵادەستەو دەتوانن خۆیان هەموو شتێك بكەن . بەڵام بۆ ئەوەی كەس بەنەهێنییەكانی تاڵانیەكان نەزانێت و بە شاراوەیی بمێننەوە ، دەیانەوێت پۆستەكانی ئەو شوێنانەش هەر هی خۆیان بن .
دووەم :فەرمانگەی هاتو چۆ خۆی لە خۆیدا گومرگێكەو ڕۆژانە بە فەردە داهاتی هەیە و هەموشمان دەزانین داهاتەكەی ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی حكومەت و بۆ سەرانی حیزب و بنەماڵەیەو ئەوەش شاراوە نییە و بە ئاشكرا باس دەكرێت .
سێیەم :چەمچەماڵ قەزایەكی وێرانەو پشت گوی َخراوەو لە زبڵدا غەرق بوەو ئاوی خواردنەوەشیان نییە . ناوچەیەكی پڕكێشەو پڕدەردی سەرییە ئەوەی پۆستی قایمقامی ئەوێی بەدەستەوە بێت تەنها عەیبداری بۆ دەمێنێتەوە . كاتی خۆی كە گرێبەستی نەوت غاز بۆ گەرمیان مۆر كرا ، كۆمپانیاكان بڕی 200 ملیۆن دۆلاریان بۆ ئاوە دانكردنەوەی چەمچەماڵ و ڕاكێشانی بۆری ئاو لە چەمی دوكانەوە بۆ دانرا . بەڵام پارەكەی حەپەلوش كراو هیچی بۆ نەكرا . بۆیە ئەو پۆستە هیچ دەسكەوتێكی بۆ یەكێتی نییە .
چوارەم : پۆستی قایمقامی مەركەزی سلێمانی و بەڕێوە بەرایەتی پۆلیسی سلێمانیش گرنگییەكی ئەوتۆیان بۆ یەكێتی نییەو دەسكەوتی مادی زۆری نییەو ئەوانیش بەدوای پارەدا وێڵن . وەكو ئاگادارن پێشتریش پۆستی قایمقامی مەركەز بەدەست گۆڕانەوە بوەو بەردەووام جێگەی گلەیی بون . ئەگەر ئەو دوو پۆستەش بدرێنە گۆڕان هەر یەكێتی باڵادەستەو هەر خۆشیان خاوەن بڕیاردەبن .
پێنجەم : پۆستی بەڕێوەبەری گشتی كشتوكاڵی سلێمانی كە ئێستا لە دەستی گۆڕاندایە گرنگییەكی لە ڕادەبەری بۆ یەكێتی هەیە زۆر بە لایانەوە گرنگەو زۆریش تامەزرۆن بۆ ئەوەی ئەم پۆستە لەدەست گۆڕان دەرێنن. گومانیش لەوەدا نییە هەر لە بنەڕەتدا ئەم بیرۆكەیەی یەكێتی بۆ ئاڵ وگۆڕی پۆستەكان زیاتر بۆ ئەم پۆستەیان بوبێت ، بەڵام بۆیە ئاڵ و گۆڕی چەند پۆستێكیان بە یەكەوە بەستۆتەوە بۆ ئەوەی خەڵك هەست بەوە نەكات كە تەنها مەبەستی سەرەكیان لەم مامەلەیەدا پۆستی بەڕیوەبەرایەتی كشتوكاڵە .
هەرچی زەوی زاری سلێمانی و موڵكی گشتی هەیە پەیوەندی بە فەرمانگەی تاپۆ و شارەوانی و بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵەوە هەیە . ئەگەر سێ پۆستەكە هەمویان بە یەكەوە لە دەستی بەرپرسانی حیزبی سەربەخۆیاندابن ، دەتوانن هەموو زەویەكانی سلێمانی داگیر بكەن و دیزە بەدەرخۆنەیان بكەن و نەهێڵن كەسیش بزانێت .
بەڵام كیشەی یەكێتی لەوەدایە كە بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵ لە هەردوو پۆستەكەی تر گرنگترە چونكە هەر زەویەك كە بیانەوێت ئیفڕازی بكەن بۆ نیشتەجێبون ، یان بنیاتنانی پڕۆژەیەك ، دەبێ سەرەتا بگەڕێنەوە بۆ لای فەرمانگەی كشتوكاڵ و ئەوان ڕازامەندبن بۆ ئەوەی ئەو زەویەی داوای دەكەن سنفەكەی بگۆڕن و بۆیان بكوژێننەوە ، ئەوكات ڕۆڵی شارەوانی و فەرمانگەی تاپۆ دەست پێ دەكات .

،،

بەڵام لەبەر ئەوەی بەڕێوەبەرایەتی گشی كشتوكاڵ هەموو شتێك بەدڵی ئەوان ناكەن و ڕێگری لە ویستەكانی ئەوان دەكەن بە مەرامەكانی خۆیان ناگەن و زۆر نیگەرانن لە وەزعەكە .

ئێستا لە بەڕێوەبەرایەتی كشتوكاڵ ستافێكی چالاكی هەیە و بە دڵسۆزی بۆ بەرژەوەندی گشتی كار دەكەن و ئەوەش لەبەرژەوەندی تاڵانچییەكانی زەوی زاردا نییە .
لە لایەكی تریشەوە بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵ پەیوەندی هەیە بە مەرزەكانیشەوە كە بەرهەمی كشتوكاڵی و زۆر شتی تریشی لێوە دێتە ناو هەرێمەوەو دەبێ ڕەزامەندی فەرمانگەی كشتوكاڵی بۆ وەرگیرێـت .دیارە لێرەشەوە ئاستەنگ بۆ تاڵانچییەكان دروست دەبێت و هەموو شتێك بە ویستی ئەوان نابێت . هاوردەكردنی مەڕو ڕەشەوڵاخ لە وڵاتانی ترەوە ، پێویستی بە بڕیاری بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵەوە هەیەو دەبێ ڕەزامەندی ئەوانی لەسەر بێت . بۆیە زۆر گرنگە كە فەرمانبەرانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كشتوكاڵ لە سەروی هەمویانەوە بەڕێوەبەری گشتی زۆر ئاگاداری خۆیان بن چونكە بە زەڕەبین و لە كونی دەرزییەوە چاوەدێری دەكرێن بۆ ئەوەی ملیان بشكێنن . لە كۆتایی ئەم نوسینەدا دوو هۆكاری زۆر گرنگی بەرپرسانی یەكێتێمان بۆ ڕون دەبێتەوە لە مەبەستی سەردانەكەیان بۆ لای بەرپرسانی گۆڕان :
یەكەم بە ئاشكرا دەردەكەوێـت كە بەرنامەی ئەم حیزبە هەموی لەوەدا خۆی دەبینینتەوە چۆن وبە چ شیێوازێك دەست بەسەر هەموو سەرچاوەكانی داهاتی ئەم زونەدا بگرن و میللەتی لێ بێ بەش بكەن و بەتاڵان بۆخۆیانی بەرن . باشترین نمونە ئەوەیە كە ڕۆژێك پێش نەورۆز لە بانقی تانجەرۆ لە ئەنجامی پاڵە پەستۆدا بۆ وەرگرتنی موچە ، دوو كەس گیانیان لە دەستدا . خەڵك لە نیوەی شەوەوە سەرەی گرتوە لە ترسی ئەوەی پارە نەمێنێت . دواجار پارە لە بانق نەما و تەنها ژماریەكی كەم موچەیان وەرگرت . ئەمە لەكاتێكدایە مانگانە بە ملیار داهاتی ئەم سنوورە هەیەو ناخرێتە بانكەكانەوەو دەچێت بۆ ماڵی پاشا . واتە سەرۆكی حیزبە بەناو سوسیالیستەكە .
دووەم ئەگەر خوێندنەوەیەكی ورد بۆ مەبەستی سەردانەكەیان بكەین، تێ دەگەین كە ئەمە پەیامێكە لە پشتی پەردەوە و بە ناڕاستەوخۆ بۆ گۆڕان و پێیان دەڵێن : ئێوەە چیتر گۆڕانەكەی جاران نین وچیتر شایانی ئەوە نین ئەو هەمووپۆستانەتان هەبێت و كەی بشمانەوێـت پۆستەكانتان ڵێ‌ وەردەگرێنەوە . هەر وەها لەم ڕێگایەشەوە دەیانەوێت گۆڕان تاقی بكەنەوەو بزانن ئایا مل بۆ داواكانی یەكێتی دەدەن و تاچەند خۆڕاگردەبن لەبەرامبەر هەڕەشەكانی یەكێتی . چونكە ئەمە یەكەم هەڕەشەی یەكێتییە لە گۆڕان بە شێوەیەكی ناڕأستەو خۆ و لە پشتی پەردەوە .
ئەگەر ئەمە وانییە لەم كاتەدا كە وادەی هەڵبژاردنێكی تر نزیك دەبێتەوە داواكردن بۆ پۆست گۆڕینەوە چ مانایەكی هەیە ؟. ئەمە بەمانای پۆست گۆڕینەوە نایەت بەڵكو بە مانای پۆست لێساندنەوە دێـت بە مانای فشار خستنە سەر گۆڕان دێـت. بە مانای هەڕەشە دێت . واتە كاتی ئەوەش هاتوە گۆڕان باش خۆی بناسێت و لە بەڕەكەی ژێر پێی خۆی زیاتر قاچی ڕانەكێشێت و دەبێ باجی هەڵەكانی خۆی بداتەوە كە پشتی كردە جەماوەرەكەی لە پێناوی وەرگرتنی چەن پۆستێكی كارتۆنی بی بایەخ بۆ كەسانێكی خۆپەرست .
ئەگەر بە وردی لێكدانەوە بۆ ئەم سەردان و داواكاریەی سەرانی یەكێتی بكەین بۆ لای گۆران ، ئەمە پەیامێكەو بە ناڕاستەو حۆ پێیان دەڵێن : ئەگەر بممانەوێت گردەكەشتان لێدەسێنیەوە . ئەگەر ئەمە وانییە ئاخر داواكردن بۆ پۆست گۆڕێنەوە چ مانایەكی هەیە و بۆچی ئەم پۆستانەی دراون بە گۆڕان وەكو حەقی خۆیان بوە ، یان خێرو سەدەقە ؟ .
ئەمەش نیشانەیەكی ڕون و ئاشكرایە كە سەردەمی زێڕینی گۆڕان كۆتایی هاات . كێشەی گەورەی گۆڕان لە ئێستادا ئەوەیە كە وەعدی پۆستیان بە هەندێك كەس داوەو تا ئێستا بەریان نەكەوتوە . دڵنیاشن تازە لەناوحكومەتدا پۆستیان دەست ناكەوێت ، چونكە باش دەزانن كە لە هەڵبژاردنی داهاتودا بەدەردەكەی بەغدا دەچن و بایی ئەوە دەنگ ناهێنن كە پۆستی پێ وەرگرن .
لەبەر ئەو هۆكارەی سەرەوە پێ دەچێت گۆڕان حەزبكات بگەڕێتەوە ناو ماڵە گەورەكە بۆ ئەوەی هیچ نەبێ بتوانن لەو ڕێگایەوە چەند پۆستێك بەدەست بهێنن. بەڵام تازە تێكەڵ بونەوەش لەگەڵ یەكێتی ( بعد خراب البصرە) بە دوور دەزانرێت و ئەگەر ئەوەش ڕوبدات دەسكەوتی زۆیان نابێت چونكە گۆڕان سەنگ و پێگەی پێشوی نەماوەو بەرەو هەڵوەشانەوەو كۆتایی دەڕوات . ئەو كاتە گرنگ بوو بۆ گۆڕان كە لەگەڵ یەكێتی یەك بگرێتەوە ، كە لە سەردەمی زێڕیندا بوو، خاوەنی جەماوەرێكی فراوان بوو .
بە بۆچونی خۆم باشترین كارێك كە گۆڕان لەم كاتەدا بیكات ئەوەیە كە بە بەیانێك پێش هەڵبژاردنی پەڕلەمانی كوردستان بزوتنەوەكە حەل بكەن و ئازایانە بڵێن سوپاس بۆ هەموو ئەوگۆڕان خوازانەی تا ئێستا لگەڵمان بون و داوای لێبورن لە هەموو ئەوانەش دەكەین كە پشتیوانمان بون .

،،

بەڵام بەداخەوە لە ئاستی داواكاریەكانی جەماوەردا نەبوین .


ئەمەیان زۆر باشتر دەبێت لەوەی بەشداری هەڵبژاردنی داهاتوی پەڕلەمانی كوردستان بكەن و ئەوەی لە بەغدا بەسەر بزوتنەوەكەدا هات ، لە هەرێمی كوردستانیش دوو بارە ببێـتەوە . كورد دەڵێت : زەرەر لە نیوەش بگەڕێتەوە باشترە . داننان بەهەڵەو شكسدا زۆر باشترە لەسەر بەردەوام بون لە هەڵەكردندا . تازە گۆڕان بوو بە دوكانێكی حیزبی و مانەوەی ئەو دوكانەش تەنها لە بەرژەوەندی كوڕەكانی كاك نەوشیروان دایەو ئەوان لێی
سود مەند دەبن . ئەوانەشی كە لێرە بەدواوە بەردەوام دەبن لەگەڵ گۆڕان دەبی َخۆیان بەپاسەوانی گردەكە بزانن چونكە ئەگەر ناوی بزوتنەوەكە نەمێنێـت ، گردەكەش دەكەوێتە بەرمەترسی لە دەست دانی .