لە دادگای فیدڕاڵی چی ڕوویدا ؟

بڕیارێكی دادگای فیدڕاڵی،ھەموو ئەو دانوسان و ڕێکەوتن و پلانانەی سفر کردەوە کە ماوەی مانگێکە مەسرور بارزانی و محمد شەیاع سودانی و ھاوپەیمانی دەوڵەت لەسەری ڕێک کەوتبون و چوار دانیشتنیان بۆی ئەنجام داوە .

لە رێكەوتنی هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەتدا، پارتی و سودانی لەسەر ڕێککەوتن لەسەر پشكی 14% کورد لە بودجەی ٢٠٢٣ و تێپەڕاندنی یاسای نەوت و گاز و ڕێگەدانی سۆمۆ بە فرۆشی نەوتی ھەرێم لەبەرامبەر رادەستکردنی داتاکانی داھات و فرۆشی نەوتی ھەرێم بە بەغداد و پشتگرتنی حکومەتەکەی سودانی لەھەموو دۆخە نەخوازراوەکاندا .

بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی هەمووشتەكانی گەڕاندەوە خاڵی سفر و بۆ لەمەودواش ھەموو ئەگەرەکان کراوەن .

بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، ھێند قورس بوو کە دوێنێ جگە لەدوو بارزانیەکەی حکومەت بارزانی باوک پێش ئەوان و بە توندی ھاتە خەت، جگە لە ناردنی پەیامێک بۆ سەرۆکی دادگای فیدرالی داوای ھەلوێستی لەھاوپەیمانە شیعە و سونەكانی نێو حکومەت کرد.

دیپلۆماتیک زانیویەتی شەوی ڕابردوو سێ سەرکردەی باڵای شیعە پەیوەندیان بە بارزانیەوە کردوە و نیگەرانی و ھاوخەمی خۆیانیان دەربڕیوە و داوای دان بەخۆ گرتنیان کردوە.

دیپلۆماتیک زانیویەتی یەکێک لەسەرکردەکان بە بارزانی گوتوە ئەوەی ڕوودەدات یاریەکە بەشێکی دەستی خۆتانی تێدایە و ناکۆکیەکانتان کاری لەھەموو شت کردوە.

ئەم پەیامە بەلای بارزانیەوە جێگا سەرنج بووە،ھەر بۆیە دوای کاتژمێرێک پەیجی دژە تیرۆر کە راستەوخۆ لەلایەن نوسینگەی سەرۆکی حکومەت بەرێوە دەبرێت،پەندێکی پیرەمێردی دانابوو کەدەڵێت "ئێمە ھەر بەوە ماڵمان وێرانە،کلکی تەورەکە لقی خۆمانە"
ئیتر ئەوەی کێ لقی تەورەکەیە و لەژێرەوە دارەکە دەبڕێتەوە ھێشتا بەووردی نازانرێت و ئەوە دەمێنێت بۆ گێمەکانی تری یاریەکە !

لە بەیانامەكەیدا بارزانی بەدوو ئامانج دادگای فیدرالی چواند بە دادگا سەربازیەكەی حزبی بەعس، کە یەکەمیان لێدان بوو لە باکگراوەندی سەرۆکی دادگاکە کە عەرەبێکی سونەیە و دەگوترێ پێشتر پەیوەندی لەگەڵ بەعسیەکان ھەبوە و ئامانجی دووەمی بارزانی دروست کردنی بەرەیەکە لەدژی دادگاکە لەنێو شیعەکانەوە بە تایبەت کەئەو دادگایە زۆربەی سەرکردەکانی شیعەی لەسێدارەدا.

دیپلۆماتیک بۆ ئەم مەبەستە لەگەل بەرپرسێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان قسەی کرد بەرپرسەکە گوتی ئێمە گومانمان لەو بڕیارە ھەیە گومانەکەش تەنھا وەکو بارزانی گوتی ھەر تێکدانی رەوتی دانوسانەکان نەبوو،بەلِکو پەیامێک بوو بۆ ھاتنی برێت مەکگرۆگ و تاوتوێ کردنی پرسی غازی سروشتی .

دوێنێ ڕۆژێکی قورس و چاوەڕوان نەکراو بوو بۆ شەش ھاوپەیمانە دژ و بەزۆر لکێنراوەکەی نێو ھاوپەیمانی دروست کردنی ئیدارەی دەوڵەت و پێکھێنەری حکومەتە شڵۆقەکەی محمد شەیاع سودانی.

ئێستا ھاوپەیمانیەکەو کابینەی حکومەتەکە کەوتوەتە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورس ، جگە لە نرخی دۆلار و گرانی بازاڕ، ھاوپەیمانیەكە و حكومەتەكەی سودانیش لەبەردەم کشانەوەیەکی تەنگەژەیەكی نوێدایە و رۆژانی داھاتوو دەریدەخات ئاراستەی رووداوەکان روەوە کوێ دەبن.
بەبیانوی تەماتە و شوتیەوە ئێران دۆلارەكانی عێراق دەبات

 

 

بەپێی تازەترین بەدواداچون دەركەوتووە بەشێكی زۆری بردنی دۆلارەكانی عێراق لەژێر ناوی هاوردەی ساختەدایە بۆ تەماتە و شوتی.
كەناڵی ئەلحوڕە،لە راپۆرتێكدا بڵاویكردۆتەوە،ساڵانە 10 – 15 ملیار دۆلار لە عێراقەوە دەنێردرێت بۆ ئێران.
بەبڕوای شارەزایان دۆلاری عێراق لە سێ‌ ڕێگەوە ئاودیوی ئێران دەوكرێت.

شارەزایەكی ئابوری بە كەناڵە ئەمریكیەكەی وتووە: عێراق لە ساڵێكدا بە بەهای 4.25 ملیار دۆلار تەماتە و 1.78 ملیار دۆلار شوتی لە ئێران كڕدراوە.
بە بڕوای ئەو شارەزا ئابورییە ئەو ژمارانە لەبارەی هاوردەكردنی تەماتە و شوتییەوە حەقیقی نین و وەهمین و وەسڵی ساختەیان بۆ دروستكراوە لە دەروازەكانەوە.
بەبڕوای ئەو شارەزا ئابورییە ئەو بڕە پارەیەی كە لە ساڵێكدا لە عێراقەوە بۆ كڕینی تەماتە و شوتی ئێرانی رۆشتووە.بەشی كیشوەرێك دەكات نەك تەنها وڵاتێك.
جیەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عێراق دەڵێت
لە عێراقەوە بە سێ‌ ڕێگە دۆلار ئاو دیو دەكرێت
یەكەمیان لەرێگەی بانكەكانەوەیە،كە دۆلار حەواڵەی ئێران دەكەن،بە هۆی ئەو وەسڵە ساختانەی كە بەشێوەی وەهمی و قەبە قەبارەی هاوردەكردنی كاڵاكانی تێدا نوسراوە.
دوەمیان لەڕێگەی دوكانەكانی حەواڵەوەیە كە بەبێ‌ چاودێری حەواڵەی دۆلار بۆ دەرەوەی عێراق ئەنجام دەدەن.
رێگەی سێمیش وەك ئەو پەڕلەمانتارە باسی دەكات بریتتیە لە بردنە دەرەوەی دۆلاری كاش لە ڕێگەی دەروازەكانەوە،بەتایبەتی ئەو دەروازانەی كە كۆنتڕۆڵیان لەژێر دەستی حیزبەكاندایە.

هەرچەندە عێراق ناچارە بۆ دانەڕوخانی بەهای دراوەكەی،كۆمەڵێك ریوشوێنی توند بگرێتە بەر لە شێوەی كەمكردنەوەی خستنەڕووی دۆلار و سزادانی ئەو بانكانەی بە ناردنە دەرەوەی دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات تۆمەتبار كراون،لەگەڵ كاركردن بە سیستمی ئەلكترۆنی پارەدانی فاتورەی بازرگانان.

بە بڕوای جەمال كۆچەر،ئەو هەنگاوانەی حكومەتی عێراق گرتویەتییە بەر سودی دەبێت بۆ كەمكردنەوەی بردنە دەرەوەی دۆلار،بەڵام ناتوانێت بنەبڕی دیاردەكە بكات،چونكە ئێران لەناو جومگە هەستیارەكانی عێراقدا نفوزی هەیە و بە ئاسانی دەتوانێت خۆی لە كۆت و بەندەكان بدزێتەوە

2023-01-28