لە بارەگای بارزانییەوە زەنگی رووخانی حکومەتی عێراق لێدەدرێت
دیپلۆماتیک ـ گەرمیان مەحمود
سەرەڕای فشارەکان، دواجار بەغدا پارەی مووچەی مانگی پێنجی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانی نەنارد و ئەم جەژنە مووچەخۆرانی هەرێم بە گیرفانی خاڵی جەژن بەڕێدەکەن، هەرچەندە فشارەکان زۆربوون بۆ ئەوەی بەغدا پارە بنێرێت، چەند چارەسەرێکی کاتیش خرایە ڕوو بۆ ئەوەی بۆ جەژن پارە بنێرێت، بەڵام بەغدا نەچووە ژێرباری هیچیان..
رۆژی دووی ئەم مانگە ئەنجوومەنی ناوەندی پارتی کۆبووەوە و چاوەڕێدەکرا بڕیارێکی قورس دژی بەغدا بدات بە تایبەت کشانەوەی بەرپرسەکانی لە حکومەت و پەرلەمانی عێراق، بەڵام نەرمی نواند و تەنیا بەیاننامەیەکی دەرکرد و رێگەی گفتوگۆی بۆ چارەسەر هەڵبژارد، بە ئومێدی ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بڕیاری ناردنی پارە بدات بەر لە جەژن، بەڵام دوای ئەوەی دوێنێ هیچ بڕیارێکی نەدا و هیچ ئەمەلێکیش نەماوە پێش جەژن مووچە بنێرێت، پارتی لە رێگەی بەرپرسە باڵاکانییەوە دەستی هەڕەشەی بەرزکردەوە، تەنانەت هەڕەشەی رووخانی حکومەتی عێراقیش دەکەن.
ئەوەتا خالیدە خەلیل، وتەبێژی بارەگای بارزانی، دەڵێت: 
گۆڕینی مووچەی فەرمانبەران بۆ چەکێکی سیاسی، پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤە و تەنانەت تاوانێکی دژ بە مرۆڤایەتییە و برسیی کردن، توندترین شێوازیی تیرۆرە کە هاووڵاتییانی بێتاوان بەر لە شەڕکەران دەپێکێت.

هەر ئەوەندەش نا، وتەبێژەکەی بارەگای بارزانی وتەیەکی خۆسێ موخیکای داناوە و دەڵێت: مێژوو فێرمانی کردووە، هەر سیستەمێکی ستەمکارانە کە چەکی برسێتیان بەکارهێنا، لە کۆتاییدا ڕووخان، ئەوەش وەک ئاماژەیەک بۆ ئەوەی کە بەغداد بەهۆی برسیکردنی خەڵكی هەرێمەوە دەڕووخێت.

هاوکات، هۆشیار زێباری، ئەندامی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسیی پارتی کە پێشتر وەزیری دارایی عێراق بووە، هەڕەشەی سزادانی عێراق دەکات و دەڵێت: سزادانی به‌ كۆمه‌ڵ و برسیكردنی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان به‌ پاساوی دارایی و كارگێڕی له‌ كاتێكی زۆر ناخۆشدایه‌ و به‌بێ ئه‌نجام و به‌بێ سزادان تێپه‌ڕ نابێت.

هەر ئەوەندەش نا، شاخەوان عەبدوڵا کە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراقە دەڵێت: چارەسەری مووچە نەکرێت ئەنجامەکەی باش نابێت.
هەموو ئەمانەش دوای هەڕەشەکانی ماوەیەک لەمەوبەری مەسعوود بارزانی دێت کە وتی مووچە دوا بکەوێت قبوڵی ناکەین..
ئێستا مووچەخۆران گیرفانیان خاڵییەوە چاوەڕێی رەحمی خودا و سودانی دەکەن بۆ ئەوەی مووچە وەربرگرن، بەڵام دیار نییە، هەڕەشەکانی پارتی چی لێ سەوز دەبێت و بەدیلیان چییە بۆ پێدانی مووچە، پرسیارەکە ئەوەیە کە ئاخۆ دەتوانن دوای جەژن مووچە بدەن، یان دۆخێکی سەختتر لە ئێستا رووبەڕووی مووچەخۆران دەبێتەوە..
2025-06-05