دەزگای هەواڵگری ئیسرائیل ناسراو بە موساد، بە ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسەوە گرتویەتی و شەڕێكی دەرونی توندیان لەگەڵ دەستپێكردووە.رۆژێك دەڵێت كوشتومە و رۆژێك دەڵێت سیخوڕی ئێمەیە و رۆژێكێش دەڵێن قائانلی سیخوڕی موساد نییە.
لەدوای جەنگی 12 رۆژەی نێوان ئێران و ئیسرائیل لەناوجەرگەی تەلئەبیب بیلبۆردێكی گەورە هەڵواسرابوو كەوێنەیەكی گەوری قائانی لەسەر بوو لێی نوسرابوو سوپاس جەنراڵ.
ئامانجی كارەكە لێدان بوو لە سومعە و پێگەی قائانی كە گوایە لە كوشتنی فەرماندە باڵاكانی ئێران لەیەكەم شەوی شەڕدا ئەو هاوكاری كردوون.
ئیسرائیلییەكان زیاتر لە 9 مانگە جەنگێكی دەرونی گەورەیان بەرامبەر ئیسماعیل قائانی دەستپێكردووە و هەردەمەی هەواڵێكی لەسەر دروستدەكەن.بەڵام هۆكارەكەی چییە؟
قائانی سەرۆكی فەیلەقی قودس و جێگرەوەی قاسمی سولەیمانییە،جێگای متمانەی تەواوی عەلی خامنەیی رابەری شۆرشی ئێرانە و بەتەواوەتی گویرایەڵیەتی،بەڵام كەسێكی كەمدوە و بەپێچەوانەی قاسمی سولەیمانی حەزی بەدەركەوتن و شۆی سەربازی و دەركەوتن نییە و زیاتر حەزی بەوەیە بە نهێنی كارەكانی خۆی بكات.ئەم نهێنی پارێزیەی بۆتە هۆی ئەوەی سێجار لە هەڵمەتی كوشتنی ئیسرائیلیەكان و مۆساد دەربازی ببێت جارێك لە سوریا و جارێك لە لوبنان و كۆتاجاریش لەیەكەم شەوی شەڕی 12 رۆژەی ئێران و ئیسرائیل دەزگای موساد هەواڵی كوشتنی بڵاوكردەوە.بەڵام دەركەوت هەرسێ جارەكە قائانی رزگاری بووە و پلانەكانی موساد شكستی هێناوە بەرامبەریی،ئەمەش بەتەواوی ئیسرائیلیەكانی توڕە و نیگەران كردووە و بڕیاریانداوە بەجۆری دیكە تۆڵەی لێ بكەنەوە.
بەتایبەتی كە هەرسێ جارەكە موساد هەواڵی سەد لەسەدی داوەتە میدیا جیهانیەكان و دوایی دەركەوتووە كە هەواڵەكە هیچ بنەمایەكی راستەقینەی نییە.
ماوەی 9 مانگە ئیسماعیل قائانی لەچاوی میدیا و دەزگا هەواڵگریەكانی دونیا دورە و هیچ دەركەوتنێكی نییە،ئەمەش دوای ئەوەی ئیسرائیل رایگەیاند لەمانگی 10ی ساڵی رابردوو لە هێرشێكدا لە دەرەوەی لوبنانی پایتەخت كردویەتییە ئامانج و كوشتویەتی.
ئەو كاتە لەدوای كوشتنی حەسەن نەسرۆڵا لەلایەن ئیسرائیلەوە لەمانگی 9ی ساڵی رابردوو،قائانی خۆی گەیاندە لوبنان بۆ سەرپەرشتیكردنی كۆبونەوەكانی حیزبوڵا و رێكخستنەوەیان لەدوای كوشتنی نەسروڵا.
لەو دەمەدا ئیسرائیل جاریكی دیكە هێرشی كردەوە سەر لوبنان و هاشم سەفیەدینی ئەمینداری جێگرەوەی حیزبوڵاشی كوشت.
بەپێی خەڵاندنی ئیسرائیل دەبوو قائانیش لەگەڵ هاشم سەفیەدین لەو هێرشەدا بكوژرایە.
ئەوەی ئیسرائیلیەكانی نیگەرانكرد لە ئەنجامی هێرشەكەیان بۆسەر قائانی ونبونی قائانی بوو لەچاوی كامێراكان و تەنەنات دەزگاكانی هەواڵگریش لە دوای ئەو هێرشەوە بۆ ماوەی 9 مانگ و دەرنەكەوتنی بوو لە هیچ چالاكیەكدا.
خۆشاردنەوەی قائانی لەدوای ئەو روداوە و بێدەنگی ئێرانیەكان سەبارەت بە چارەنوسی ئەوەندە ئیسرائیلی بێتاقەت كرد سێ سیناریۆیان لەسەر چارەنسی دروستكرد
یان ئەوەتا كوژراوە و دەشارێتەوە یان بەسەختی بریندارە و لەژێر چاودێریی پزیشكییە.
دواهەمین سیناریۆش ئەوەبوو كە لەلایەن هەواڵگری سوپای پاسدارانەوە بەتۆمەتی تێوەگلانی نوسینگەكەی لە سیخوڕیی و دزەكردنی مۆساد بۆ ناو نوسینگەكەی دەستگیركراوە و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەكرێت.
تەناەت موساد بڵاویكردەوە قائانی تۆمەتی ئەوەی لەسەرە كەبەهۆی دزەكردنی مۆسادەوە بۆناو نوسینگەكەی شوێنی حەسەن نەسروڵا و هاشم سەفیەدین و بەرپرسانی دیكەی حیزبوڵا ئاشكرابوبێت.
لەیەكەم شەوی هێرشەكانی حوزەیرانی ئەمساڵیشدا قائانی یەكێك بوو لە ئامانجە سەرەكیەكانی ئیسرائیل،تەنانەت میدیا گەورەكانی دونیاش هەوڵی كوشتنیان بڵاوكردەوە،بەڵام دوو رۆژ دوای هێرشەكان بەكڵاوێكی رەشەوە لەناو خۆپیشاندەرانی تاراندا دەركەوت و جارێكی دیكە ریسەكەی مۆسادی كردەوە بەخوریی،ئەمجارەیان مۆساد پلانەكەی گۆڕیی و لەرێگەی بڵاوكردنەوەی وێنەیەكەوە لەناو تەلئەبیب سوپاسی كرد،وەك ئەوەی بڵێت بەهۆی قائانیەوە شوێنی فەرماندەكانمان زانیوە.
لەتازەترین كاردانەوەشدا پەڕەی فەرمی مۆساد لەتۆڕی ئێكس پۆستێكی كردووە و نوسیویەتی قائانی سیخوڕیی ئێمە نییە.
2025-06-30