جەنگی نێوان ئیسرائیل‌و فەلەستینییەكان، 127 مین ڕۆژ تێدەپەڕێنێت
جەنگی نێوان ئیسرائیل‌و فەلەستینییەكان، 127 مین ڕۆژ تێدەپەڕێنێت، ئاماژەكانی وەستانی جەنگەكە نەك هەر لە ئارا نییە، بەڵكو ئیسرائیل خۆی بۆ هێرشی زەمینیی بۆسەر شارۆچكەی ڕەفەح ئامادە دەكات‌و ئەمەریكاش دەڵێت ئەگەر سووپای ئیسرائیل ئەو هێرشە بكات ئەوا كارەساتی گەورەی مرۆیی ڕوودەدات.

چەند ڕۆژێكە لەگەڵ دەستپێكردنی هێرشی تۆپە دوورهاوێژەكان‌و بۆمبارانی فڕۆكە جەنگییەكانیدا بۆ سەر دانیشتوانی شاری ڕەفەح، ئیسرائیل باس لە هێرشی زەمینیش دەكات بۆسەر ئەو شارە.

خۆ ئامادەكردنی سوپای ئیسرائیل بۆسەر شاری ڕەفەح، پاش ئەوە دێت كە لە قۆناغەكانی ڕابردووی شەڕەكەداو لەكاتی بۆردوومانی سەخت‌و چڕی ئیسرائیلدا بۆسەر كەرتی غەززە، ئیسرائیل داوای لە دانیشتوانی كەرتی غەززە دەكرد ئەگەر دەیانەوێت سەلامەت بن، ئەوا كۆچ بكەن بۆ شاری ڕەفەح لە باشووری كەرتی غەززە.

چەند ڕۆژێكە ئیسرائیل لە زاری بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆك وەزیرانەوە، هەڕەشەی هێرشكردن بۆسەر شاری ڕەفەح دەكات، ئەو شارەی كە زیاتر لە یەك ملیۆن‌و چوار سەد هەزار كەسی تێدا دەژی‌و نیوەی دانیشتوانەكەی ئاوارەن.
 
هاوكات لەگەڵ هەڕەشەكاندا هێرشی فرۆِكەی جەنگی‌و تۆپی دوور هاوێژ بۆسەر شارەكە دەستیپێكردووەو هەر ئەمڕۆ لە هێرشێكی فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیلدا بۆ سەر ئۆتۆمبێلێك، بەڕێوەبەری دەزگای لێكۆڵینەوەی ڕەفەح‌و جێگرەكەی‌و شۆفێرەكەیان كوژران.
 
شاری ڕەفەح، كە هاوسنووری وڵاتی میسرەو لە دەروازەی ڕەفەحەوە هاوكاری‌و پێداویستیییەكانی ژیان دەگاتە كەرتی غەززەو شوێنەكانیتری ناوچەی جەنگەكە، ئێستا بووەتە كەمپێكی گەورەو جگە لە حەوتسەد هەزاری دانیشتوانەكەی نزیك بەو ڕێژەیەش ئاوارەی فەلەستینییەكانی لێدەژین‌و ئەوان لە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەكانیش بێبەشن‌و ژیانێكی پڕ لە تراژیدیا دەگوزەرێنن.

ئەحمەد سۆفی، سەرۆكی شارەوانی ڕەفەح ڕایگەیاند، هەر هێرشێكی سەربازی بكرێتە سەر شارەكە، كارەساتێكی گەورەی مرۆیی‌و كۆمەلكوژییەكی فراوان بەسەر یەك ملیۆن‌و چوارسەد هەزار كەسدا دێت كە لە شارەكەو كەمپەكاندا كۆبوونەتەوە.
سەرۆكی شارەوانی ڕەفەح، لەڕێگی كەناڵی جەزیرەوە، ڕوو لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەكات بۆ ڕاگرتنی ئەو كۆمەڵكوژییەی كە لەئەگەری هێرش بۆسەر شاری ڕەفەحدا ڕوودەدات.
ئەحمەد سۆفی ئەوەشی ڕاگەیاند سەرباری مەترسی هێرشەكان، دانیشتوانی شارەكە بەهۆی كەمی پێداویستییەكانەوە، دانیشتوانی شارەكە ڕووبەڕووی برسێتلی‌و تینوویەتییەكی زۆر بوونەتەوەو دۆخی ژیانی خەڵك لەوپەڕی دژواریدایە.
 
ئێستا ئیسرائیل، سەرنج‌و ئاڕاستەی شەڕەكەی بەرەو شاری ڕەفەح گۆڕیوەو بوونی چەند لیوایەكی حەماسیش دەكاتە پاساو بۆ هێرشە زەمینییەكە.
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند، فەرمانی بە سوپا كردووە كە پلانێكی دوانە بۆ دەركردنی خەڵكی مەدەنی لە ڕەفەح و دابڕینی لەو لیوایانەی حەماس كە لەو شارە ماونەتەوە دابڕێژن، چونكە ناتانیاهۆ دەڵێت، ئێمە ناتوانین ئامانجەكانی جەنگەكە بەدیبێنین‌و چوار لیوای حەماس لەوشارەدا هەبن.

فیدانت باتیل، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا، سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل بۆسەر ڕەفەح ڕایگەیاند، هەر ئۆپەراسیۆنێكی سەربازی ئیسرائیل لە "ڕەفەح " كارەسات دەخولقێنێت، ئەو ڕۆژی پێنجشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاند،" ئێمە پشتگیری لە ئەنجامدانی كارێكی لەم شێوەیە ناكەین، چونكە پەیوەندی بە زیاتر لە ملیۆنێك كەسەوە هەیە كە لەوێ داڵدە دراون، هەروەها هێرشەكە كاریگەری لەسەر یارمەتییە مرۆییەكانیش دەبێت كە لە دەروازەی ڕەفەحەوە بە كەرتی غەززە دەگەن.
فیدانت پاتێل ئاماژەی بەوەشكرد،  كەئەمەریكا بەڵگەی تەواوی نەبینیوە كە ئیسرائیل بە جددی پلانی بۆ ئۆپەراسیۆنێكی لەو شێوەیە دانابێت. 

هاوكات هەر سەبارەت بە مەترسییەكانی ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل بۆسەر شاری ڕەفەح، جۆن كیربی، وتەبێژی كۆشكی سپی هۆشداری دایە ئیسرائیل‌و وتی:" كارەساتی گەورە ڕوو دەدات".

شارەزایانی سەربازی، وایلێكدەدەنەوە كە دەنگۆی ئۆپەراسیۆنی ئیسرائیل بۆسەر شاری ڕەفەح، تەنها بۆ ترساندنەو ئەو هێرشە باسكراوە ئەنجام نادرێت، هاوكات چاودێران‌و شارەزایانی جەنگ ئەوەش دەڵێن كە باسكردنی ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆن بۆسەر شاری ڕەفەح بۆ ئەوەیە ئیسرائیل سەرنجی میدیاكان‌و ڕایگشتی لەسەر ئەو كێشە ناوخۆییانە دوور بخاتەوە كە بەهۆی جەنگەكەوە تووشی بووەو هەم قەرەبووی سەرنەكەتنەكانی بكاتەوە كە لەبەرەكانی دیكەی شەڕەوە تووشی سووپاكەی هاتووە.
2024-02-19