لە غــەززە مـــردن بەهــۆی بــرســێــتییەوە دەستیپێکرد
دیپلۆماتیک

سەرباری گیانلەدەستدان بەهۆی بۆردومانەوە، ئێستا مردن بەهۆی برسێتی و بەدخۆراکییەوە لەناو منداڵانی کەمتەمەنی کەرتی غەززەدا سەریهەڵداوە.

ئەمڕۆ پێنج شەممە، بەرپرسێکی پزیشکی فەلەستینی لە کەرتی غەززە، گیانلەدەستدانی حەوت منداڵی لە نەخۆشخانەی "؟کمال عدوان" لە باکووری کەرتی غەززە، بەهۆی بەدخۆراکییەوە ڕاگەیاندو بەوەش ژمارەی ئەو منداڵانەی لە دووڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی برسێتی و بەدخۆراکییەوە گیانیان لەدەستداوە بۆ ١٣ منداڵ بەرزبووەتەوە.


حوسام ئەبو سەفیە، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی " کمال عدوان"، ڕایگەیاندو وتی، 7 منداڵ لە نەخۆشخانەی باکووری کەرتی غەززە بەهۆی بەدخۆراکییەوە گیانیان لەدەستداوە.

ئەشرەف ئەلقودرا، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی فەلەستین لە کەرتی غەززە ئەمڕۆ پێنج شەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند:" داگیرکاری ئیسرائیل شەڕێکی نوێ لە دژی دانیشتوانی غەززە بەڕێوە دەبات کە شەڕی برسێتییە".



ئەلقودرا وتی: “ژمارەی شەهیدان لە ئەنجامی شەڕی برسێتی ڕوو لە زیادبوونە، بەتایبەت لە نێو منداڵاندا، هەروەها ژمارەیەک منداڵیش هەن لە چاودێری چڕدان کە لە ئەنجامی برسێتی هەڕەشەی مردنیان لەسەرە”.

 ئەلقودرا زۆرتر لەوبارەیەوە دواوەو وتوویەتی": داگیرکاری ئیسرائیل ڕێگری لە هەوڵەکانی هەموو ڕێکخراوە مرۆییەکان دەکات و کاتێک ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان داوای زانیاری دەکەن ناهێڵێت بەدەستیان بگات.


ئەو ئاماژەی بەوەشکردووە، "سیستەمی تەندروستی لە باکوری غەززە بە تەواوی بێتواناو بێدەسەڵات بووە، بەتایبەتی دوای داخستنی نەخۆشخانەی کمال عدوان".


ڕۆژی چوارشەممە، ئەلقودرا ڕایگەیاند کە ژمارەی کوژراوانی “شەهیدانی برسێتی” منداڵان بۆ ٦ کەس بەرزبووەتەوە، ئەمەش دوای مردنی دوو منداڵ لە “کۆمەڵگەی پزیشکی ئەلشیفە” لە شاری غەززە، لە ئەنجامی وشکبوونەوەی لەش و بەدخۆراکی.

دە ڕۆژ لەمەوبەر، سندوقی منداڵانی نەتەوە یەکگرتووەکان " یونیسێف" هۆشداریدا لە بەرزبوونەوەی بەرچاوی بەدخۆراکی لە نێوان منداڵان و ژنانی دووگیان و شیردەر لە کەرتی غەززەو هاوشانی بۆمباران برسێتی و بەدخۆراکی مەترسییەکی جددی لەسەر تەندروستییان دروست دەکات.




ئاژانسی فرانس پرێس لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت، هەموو ڕۆژێک خواردن لە غەززە دەست ناکەوێت و بەهۆی برسێتییەوە منداڵانی غەززە بەرەنگاری مەترسییەکانی بەدخۆراکی دەبنەوە.

بەپێی ڕاپۆرتی ئاژانسەکە، دوو بەرپرسی دیاری نەتەوە یەکگرتووەکان لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان، هۆشدارییان داوە لەوەی هەزاران مەدەنی لە کەرتی غەززە ڕووبەڕووی مەترسی مردن دەبنەوە بەهۆی برسێتیەوە.

هاوکات بەڕێوەبەری نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هەماهەنگیی کاروباری مرۆیی (ئۆچا) بە ئەنجومەنی ئاسایشی ڕاگەیاندووە، لانیکەم 576 هەزار کەس لە غەززە، یان چارەکێکی دانیشتووانی غەززە، هەنگاوێک لە برسێتییەوە دوورن.
2024-02-29