محمد بن سەلمان چۆن مانگی نەبینی و رەمەزانی دیاریكرد؟


شۆک نابیت ئەگەر پێت بڵێم ئیتر ئیسلام سەردەمێکی نوێی دەست پێکردوە، سەردەمێک کە جودا و جیاواز دەبێت لەو ئیسلامەی تا ئێستا هەبووە و بینیوتانە.

سەردەمێكی نوێ كە لە سعودیەوە پەیڕەودەكرێت لەژیر هەژموون و دەسەڵاتە فراوانەکانی محمد بن سەلماندا، ئەو پیاوەی کە هەموو تێڕوانینێکی بۆ ئیسلام و عیبادەتەكانی هەڵگێڕاوەتەوە و ئەو ڕاو لێکدانەوانە ڕەت دەکاتەوە کە پێیان دەگوترێت سەلەف و پێشین و دەڵێت من ئیسلامێک دروست دەکەم کە بگونجێت لەگەڵ ئەم سەردەمە .

ئەوەتا بن سەلمان بۆ یەکەمین جارە لەمێژوی ئیسلامدا،بینینی مانگی بەچاوی سەر بۆ دیاریكردنی مانگی رەمەزان ولابرد و کردی  بە ئەلکترۆنی و ئامێر و تەلەسکۆب .

هەرچەندە پێغەمبەر درودی خودای لێبێت فەرمویەتی  کە بەچاوی سەر مانگتان بینی بیکەنە رەمەزان و بەچاوتان مانگتان بینیەوە بیکەنە جەژن.
بەڵام بن سەلمان دەڵێت ئەوە ئیدی بۆ سەردەمێک بوە کە هیچ ئامێرێکی پێشکەوتوو نەبوە و خەڵکی پەنایان بردوەتە بەر چاو،ئیستا کە تەلەسکۆب هەیە پیویست ناکات چاو بنێیت بە بەردێکەوە و تەماشای مانگ بکەیت .    

ئێوارەی دوێنی بینین و نەبینینی مانگ بەهۆی بونی هەورەوە جیهانی ئیسلامی کرد بە سێ کەرتی جیاوازەوە ، ئەوەی کە دڵەڕاوکێ و گومانی نەبوو، تەنها بن سەلمان بوو،کاتێک لیژنە تایبەتەکەی خۆی ڕاسپارد و لەهۆڵێکەوە و بە تەلەسکۆبێکی ئەمریکی مانگیان بینی و ڕایانگەیاند سبەی ڕەمەزانە.

سوونەکانی عیراق و سوریا و تورکیا و ئوردون و لیبیا و مەغرب لەبەرئەوەی خۆیان مانگیان بەچاو نەبینی بوو،نەیان کردە ڕەمەزان ،شیعەکانی عێراق و ئێران و لوبنانیش لەبەرئەوەی ئەمڕۆ سونەی سعودیە و سبەی سونەی عێراق دەیکەنە رەمەزان ئەوان سێ شەمەیان هەڵبژارد.

لە هەرێمی كوردستانیش وێڕای ئەوەی كەكەس مانگی نەبینی،بە پێچەوانەی شیعەو سونەی عێراقەوە وەزارەتی ئەوقافی هەرێم خۆی تەسلیمی سعودیە و ئیماراتی عەرەبی كرد.

محمد بن سەلمان دەیەوێت ئەم پەرتەوازەییەی جیهانی ئیسلامی و بە تایبەت بابەتە جێگا مشتو مڕەکانی نێو سونەکان کۆتایی پێبهێنت هەر بۆیە پار ساڵ لە کۆنگرەی زانایانی ئیسلامی لە سعودیە گوتی تەنانەت سەحیحی موسلیم و بوخاریش دەسکاری دەکەین و حەدیسە لاوازەکان لادەبەین.

بن سەلمان دەیگوت هەموو موسڵمانان بەشیوەی سەرەکی پشت بەو دوو کتێبەی فەرموودە دەبەستن کە پڕن لە هەڵە و کەموو کوڕتی و سەرچاوەی گرفتن ، هەرچەندە قسەکانی کاردانەوەی تووندی جیهانی ئیسلامی بەدوای خۆیدا هێنا بەڵام لیژنەکەی بەردەوامن لەکار و کۆتایی ئەم ساڵ سەحیحی بن سەلمان دەردەکەن .

ئێستا جیهانی ئیسلامی بەخۆشی بێت یان ناخۆش وردە وردە دەکەویتە ژێر هەیمەنە و هەژمونی ئەو پیاوەی کە خۆی نە نوێژ دەکات و نە بە ڕۆژوو دەبێت،بەڵام پرنسیپەکانی نوێژ و ڕۆژوش ڕێک دەخاتەوە .
2024-03-11