مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە بەرگی پێنجەمی كتێبی بارزانی و بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد لە لاپەڕە (291 -305) لەبارەی هێنانی سوپای عێراق و رووداوەكانی 31ی ئابەوە دەڵێ:
* رۆژی 15ی حوزەیرانی 1996 نوینەری (CIA) سەردانیكردم، پێی راگەیاندم كە ئەگەری وەشاندنی گورز یان هێرش هەیە لەلایەن ئێرانەوە، بۆسەر بارەگاكانی حزبی دیموكراتی كوردستان لە كۆیە، دیاربوو زانیاری پێشوەختەیان هەبوو.
رۆژی 31ی تەمووزی 1996 هۆشیار زێباری كە لە واشنتۆن بوو برۆسكەیەكی بۆ ناردم و دەڵێت: ئێران و یەكێتی بەنیازی هێرشی گەورەن لە دژی پارتی.
رۆژی 8ی تەموزی 1996 یەكێتی كەسنەزانی بۆردومانكردو بەهۆیەوە سێ پێشمەرگەو شەش هاوڵاتی شەهید بوون.
ئێران زۆر بەهێزەوە دژی پارتی و لەبەرژەوەندی یەكێتی هاتە ناو شەڕەكەوە ئێران و یەكێتی پلانێكی جەهەنەمییان داڕشتبوو بۆلەناو بردنی یەكجارەكی پارتی، ئێرانیەكان زۆر بە سەخاوەتەوە چەك و تەقەمەنیان خستە بەردەستی یەكێتی.
لە 16ی ئابدا لە یادی یۆبیلی زێرێنی پارتی لە رۆژی 16ی ئابی 1996 ئاهەنگێكی گەورە لە مەسیف سەلاحەدین رێكخراو من وتارێكم خوێندەوەو دەستپێشخەریەكم بۆ ئاشتی و كۆتاییهێنان بەشەڕ راگەیاند.
لەهەمانكاتدا مام جەلال لە دەربەندیخان وتارێكی پێشكەشكردو رایگەیاند فاتیحە بۆ پارتی بخوێنن.
ئێران و یەكێتی جوڵەیان بەهێزەكانیانكرد رۆژی 17ی ئابی 1996 هێرشی بەربڵاویان لە هەموو میحوەرەكانەوە دەستپێكرد.
هەوڵی زۆرمان لەگەڵ ئەمریكاو بەریتانیادا بۆ ئەوەی ئاگاداریان بكەینەوە كە ئەمە هێرشی ئێرانە دژی پارتی و پێویستە هەڵوێستیان هەبێت بەڵام هیچ هەڵوێستێكیان نەبوو.
دوای ئەوەی دەركەوت ئێران راستەوخۆ هاتووەتە ناو شەڕەكەوە، سەدام، مانع عەبد رەشید بەڕێوەبەری موخابەراتی ناردە كوردستان و ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ یارمەتیدانی پارتی دژی دەستوەردانی ئێران.
منیش داواملێكرد ژمارەك تۆپی 130ملم و 107 و 122 ملم بە میلاك و ستافەكەیانەوە بنێرن، دواتر وەڵامیان ناردەوە ئامادەن یارمەتی پارتی بدەن و هەولێر رزگار بكەین، ئەوەی راستی بێت بەهیچ شێوەیەك بیرم لەوە نەدەكردەوە كە بەم شێوەیە جدی بن لە كارەكەدا، كۆبونەوەیەكی سەركردایەتی پارتیمان بەڕٍێوەبرد و بەبێ هیچ دوودڵیەك داواكەمان پەسەندكرد.
شەوی 31ی ئابی 1996 رۆبێرت پیللترۆ نێردەی ئەمریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەندی پێوەكردم و وتی" جموجوڵی ناسروشتی لە باشوری هەولێر بەدیدەكرێت، ئەگەری دەستوەردانی عێراق هەیە" منیش پێم وت "كاتێك ئێران مافی هەبێت دەستبخاتە ناو بابەتەكانەوە، بۆ عێراق ئەو مافانەی نەبێت"
لەرووی پلانی سەربازی و لەرووی سیاسی و راگەیاندنەوە هەماهەنگیەكی تەواو لە نێوان فەرماندەكانی پێشمەرگەو فەرماندەكانی سەربازییەكانی سوپای عێراق كرا.
دیارە قاعیدەیەكی فیقهی هەیە كە دەڵێت " دفع الافسد بالفاسد"واتا لابردنی خراپتر و فاسدتر بە خراپ و فاسد.
دواتر داواكرا نامەیەك بۆ سەدام بنوسم، ئێمەش رازی بووین نامەكە بنوسین بۆ ئەوەی بۆ رای گشتی رونبكرێتەوە كە هاوكاری عێراق لەبەرامبەر دەستوەردانەكانی ئێرانە لە شەڕەكەدا.
بەر لە هاتنی سوپای عێراق، لە (مانع)م دوپاتكردەوە كە داكۆكێم لەسەر ئەو خاڵە كردەوە هەر كاتێك داوامان كرد پێویستە سوپای عێراق پاشەشكە بكات، ناوبراویش بەڵێنی سەدامی بۆ هێنام كە هەركات داوا بكەم سوپاكە بكشێنێتەوە، لەسەر ئەوەش رێككەوتین كە نابێت كەسیان بێنە ناو هەولێر نە سەربازی و نە موخابەرات، مەرجی عێراقیش ئەوە بوو كە نابێت بەرەو سلێمانی بچین.
بەرەبەیانی رۆژی 31ی ئابی 1996، دەستبەجێبەجێكردنی پلانەكە كرا، بۆ نێوەڕۆ یەكێتی بەرگریی پێنەكراو بەتەواوی داڕوخا، كۆسرەت رەسوڵ كە لەناو شاری هەولێر بوو، بەزەحمەت دەربازی بوو، بەرەو بێستانە رۆیشت.
لەبەرامبەر ئەو رووداوانەدا، ئەمریكا هیچ كاردانەوەیەكی بەرچاوی نەبوو تەنیا رۆژی 3ی ئەیلولی 1996 بە موشەك چەند خاڵێكی لە شاری كوت لە باشوری عێراق كردە ئامانج، دواتر یەكێك لە دۆستەكانم هەواڵی بۆناردم بارەگاكەم چۆڵ بكەم، چونكە ئەگەری بۆردومانكردنی هەیە لەلایەن ئەمریكاوە، بەڵام هیچ رووینەدا، بە پێچەوانەوە ئەمریكا هەرزوو دەستیكرد بە پەیوەندیكردن لەگەڵمان.
دوای رزگاركردنی هەولێر، یەكێتی لەهەموو بەرەكانی شەڕدا داڕوخان و شكستی هەمەلایەنە بەسەر هێزەكانی یەكێتیدا هات، رۆژی 5ی ئەیلول هێزەكانی پارتی گەیشتنە دەروازەكانی كۆیەو رۆژی دواتر كۆیەو هەیبەت سوڵتان رزگاركرا، دواتر هێزەكانی پارتی گەیشتنە دوكان، لەوێ سەردانی پێشمەرگەو فەرماندەكانم كردوو پێم راگەیاندن كە نابێت بەهیچ شێوەیەك لە دوكان زیاتر پێشڕەوی بكەن، بەڵام یەكێتی سلێمانی و قەڵاچوالانی بەبێ هیچ شەڕێك چۆڵكردو تەنانەت كەلوپەلی خۆشیان بەجێهێشتبوو، داڕوخانێكی سەیرو بێوێنە لەناویاندا روویدابوو، هێزەكانی پارتی گەیشتنە سلێمانی، هەموو هێزو سەركردەكانی یەكێتی لە رێگەی سەیرانبەندو شارباژێڕەوە هەڵهاتن بۆ بانەو، ئێران پێشوازی لێكردن و پەنایدان.
حكومەتی عێراق لە چوونی هێزەكانی پارتی بۆناو شاری سلێمانی زۆر دڵگران و غەمباربوو گوایە رێككەوتنەكەمان لەسەر ئەوەبوو كە نابێت هێزەكانی پارتی بچنە ناو شاری سلێمانی، سەدام بڕوای نەدەكرد كە بەم جۆرە هێزەكانی یەكێتی داروخابن و بەبێ ئەوەی هێزەكانی پارتی هێرش بكەن ئەوان خۆیان سلێمانیان چۆڵكردووە.
دوای ئەم رووداوە، رۆژی 10ی ئەیلولی 1996 سەدام دەستبەجێ (مانع)ی لە رێگەی خانەقین و قەسری شیرینەوە ناردە تاران و دوابەدوای ئەوەیش محەمەدی جێگری ئیتڵاعات سەردانی بەغدای كرد، هەردوولا لەسەر ئەوە رێككەوتن، كە نابێت كوردستان هەمووی بكەوێتە ژێر دەسەڵاتی پارتی.
دوای داڕوخانی یەكێتی، كوردستان بۆ ماوەی مانگێك بوو بەیەك دەست و یەك ناوەندی بڕیار لە كوردستان هاتە ئاراوە.
لەسەر رووداوی 31ی ئاب، زۆر قسەو باس خراوەتە روو لێكدانەوەو هەڵوێستی جۆراو جۆر بینراوە، بەڵام پێویستە بەو كەس و لایەنە ناوخۆیی و دەرەكییانە كە رەخنەیان لە 31ی ئاب هەیە بگوترێت، بەرلەوەی رەخنە لە پارتی بگرن، دەزانن یەكێتی لە 17ی ئابی 1996دا چی كرد؟ هەر لەسەرەتای دەستپێكردنی شەڕی ناوخۆ، لە ساڵی 1994 ەوە سەدام چەندین جار ئامادەیی خۆی نیشاندا بۆ هاوكاریكردن و یارمەتیدانی كردەیی پارتی و ئێمەش رەتمان كردەوە هواكارییان لێوەربگرین.
2024-08-31