(د.كاروان حەمەساڵح)
غاز داوە گەورەكە؛
غاز زۆر زیاتر لە نەوت پرسێكی سیاسیە. نەوت ئەگەر رێ بگیرێت لە گواستەوەی بە بۆری، ئەوا بەدیلی تری هەیە بۆ گوستنەوەی، بەلام گواستەوەی غاز بەدیلی تری نیە.
هەروەها نەوت و موشتەقاتەكانی هەندێك جار بەدیلی بەكارهێنانیشی برێك هەیە، بەلام بەدیلی بەكارهێنانی غاز دەگمەنە. وە دابەشبوونی بری غاز بەسەر وولاتاندا زۆر جیاوازە لە نەوت, ببینە، رووسیا: یەكەم، ئێران: دووەم، قەطر: سێهەم، ئەمریكا: چوارەم.
هەر بۆیە بەهێزترین و كاریگەرترین كارتی رووسیا
غازەكەیەتی كە چەندین دەیەیە بەری بە بەشێك لە پلانەكانی رۆژئاوا و ئەمریكا گرتووە، كە دەست كراوە نین لە فشارخشتنە سەر رووسیا و لاوازكردنی و دوورخستەوەی جنگی پۆتین لە جەستەی ئابوری و سیاسیی ئەوروپا و رۆژهەلاتی ناوەراست. (تا چەند ساڵی پێشوو ئەوروپا كریاری لەسەدا ۸٠ ی هەموو غازی بەرهەمهێنراوی ڕووسیا بوو)
كەمێك بگەڕێینە دواوە؛
لە ۲٠۱۱ ەوە ئەوەی سووریای هێشتەوە بە پشتیوانی راستەوخۆی رووسیا و ئێران تەنها بە هۆی بەرگرتن بوو لەو ڕێرەوی غازەی كە بە بریاربوو بە چوار وولاتی سعودیە و ئوردن و سوریا و توركیادا بروات. هەر بۆیە سەرخان و ژێر خانی وولات وێران بوو، نیو ملیۆن هاولاتی كوژران، ۱٥ ملیۆن ئاوارەبوون، ئەمانە هیچ گرنگ نەبوون، ئەوەی گرنگ بوو مانەوەی ئەسەد بوو. بۆ ئەمریكا و ئەوروپاش گرنگ نەبوو بەلام بە ئامانجێكی تر.
هەر بۆیە بە هۆی گرنگی پێگەكەی، روسیا دەیگووت: وەك ئەمنی قەومی مۆسكۆ سەیری سوریا دەكەین، چونکە تا ڕووسیا لە سووریا هەیمەنەی هەبێت، هەناردەی غاز لە هەر وولاتێكی رۆژهەلاتی ناوەراستەوە بنێردرێت بۆ ئەوروپا، دەبێت بە راستەوخۆ بێت یان نا ڕاستەوخۆ، ڕووسیا بەشدار بێت! ئەمەش وای كردوە تا ئەم ساتە! بەشێك لە ڕێڕەوی بالادەستی سیاسەت و بەرژەوەندیەكان و دانوستان و دروستكردنی هاوپەیمانێتی لە چنگدا بێت.
سوریا تای تەرازووی شەرق و غەرب؛
كۆنترۆلكردنی سوریا لەلایەن ئەوروپا و ئەمریكاوە (ئەگەر لەبەریان رۆیشت) واتا تەواو كردنی ئەم هاوكێشەیە؛ گواستنەوەی غازی قەطر بە ڕێڕەوی "سعودیە و ئوردن و سوریا و توركیاوە" بۆ ئەوروپا،
كە پێشتر هەر سێ وولات رازیبوون تەنها سوریا نەبێت كە ئەمەش هاوكێشەكەی سفر كردەوە.
ئەم ڕێڕەوە تەنها هاوكێشەیەكد ئابوری و ووزە نیە، بەڵكو كۆدی گۆرانكاریە لە بالادەستی شەرق و غەرب و گۆرانكاری لە ڕۆژهەلاتی ناوەراستدا.
چونکە بێ سوریا، یەكلاكردنەوەی ئەو بالادەستیە نزیكە لە مەحاڵ، ئەگەر چی سەرگرتنی ئەو ڕێڕەوەش، ڕێکەوتنی سیاسیی و ووزە و ئابوری و گۆرینی نەخشەش لەگەل خۆیدا فەرز دەكات.
هەوڵی كەمكردنەوەی پشتبەستن بە غازی روسیا؛
پێشتر لە سالی ۲٠۱۱ هێلی ستریم ۱ دروستکرا كە غازی دەگەیاندە ئەوروپا لە رێی ئەلمانیاوە، تا سالی ۲٠۱٥ كە ستریم ۲ دروستكرا و ئەمریكا لێرەدا وەستاندنی. دواتر قولبوونەوەی جەنگی غاز لەگەل شەری ئۆكرانیادا، وای كرد كە لە ماوەی چەند ساڵێكدا ڕێژەی پشت بەستنی ئەوروپا بە غازی ڕووسیا لە لەسەدا ٤۹ ەوە دابەزێت بۆ لەسەدا ۱٥ لە بەرواری مانگی ٥ ی ۲٠۲۳ ( كە زیانی ئابوری زۆریشی داوە لە ئەوروپا). ئەوەش دوای ئەوەی رووسیا فشاری زیاتری دەكرد بە غازەكەی و داوای دەكرد لە بری دۆلار و یۆرۆ ، روبڵی روسی بدەن! بەلام ئەم كەمی سەرچاوەی غازەی ئەوروپا چارەسەری پێویستە، چونکە تا كۆتایی سالی ۲٠۲۳، هەردوو هێلی گواستەوەی غازی نۆرستریمی یەك و نورستریمی دوو بۆ ئەلمانیا، وە هێلی یەمال بۆ ئەڵمانیا بە تەواوی وەستا. (هێڵی یەمال، ئەو هێڵەیە كە ساڵی ۱۹۸٠ رۆناڵد ڕێگنی سەرۆكی ئەوكاتی ئەمریكا دژی دروستكردنی بوو، چونکە پێی وابوو باڵادەستی سۆڤیەت زیاد دەكات بەسەر ئەوروپادا)
بۆیە دروستكردنی ئەم ڕێرەوە نوێیەش (ئەگەر سەربگرێت بە هێنانە خوارەی ئەسەد یان هێشتنەوەی) ئەوەندەی تر یاریەكە لە رووسیا تێك دەدات. وە تەنها پشت بەستن بە غازی رووسیا كەمناكاتەوە، بەڵكو ڕێگر دەبێت لە ساغكردنەوەی غازی ئێرانیش كەچەندین سالە لە ڕێگای كۆمپانیا رووسیەكانەوە لە سوریا هەناردە دەكرێت، وە كۆتایی دەهێنێت بە گرێبەستنی ٤۹ سالەی نێوان رووسیا و ئەسەد كە لەسالی ۲٠۱۷ واژۆكراوە.
كێ سوودمەند و كێ زیاندمەند؛
ئەگەر شەرەكە وەك ئەم سەرەتایە بروات، زیانمەندی یەكەم رووسیایە نەك ئێران، كە ئێرانیش زۆر زەرەرمەند دەبێت، وە سوودمەندی یەكەم، ئیسرائیل دواتر ئەوروپا و ئەمریكا و توركیا و قەتەر و هەندێك وولاتی تر، وا چینیش هەر سەیر دەكات!
بەهێزترین سیناریۆی گۆرانگاریش لە رۆژهەلاتی ناوەراستدا بە گۆرینی سوریادا دەروات، كە بەربەستێكی گەورە و مێژووی لە رووی سیاسی و ووزە و جیۆپۆلیتیكەوە ناهڵێت لەبەردەم پلانی "ئاشتی" نێوان ئیسرائیل و زۆرێك لە وولاتانی عەرەبی. دواتریش دوور خستەوەی دەستی غاز و كارتی غاز و پێی روسیا لە رۆژهەلاتی ناوەراست (مەگەر بە ڕێكەوتنی نوێ!)
بەلامێكی گەورە؛
ئەبێ ئەوەشمان لەبری نەچێت، هەندێك رووداو سەرەتاكەی دەكرێت زۆر جیاواز بێت لە كۆتاییەكەی.
بۆیە نابێت بە رووداوە سەرەتاییەكان پێمان وابێت هەموو پلانەكان وەك خۆی دەروات.
عێراق ۲٠٠۳ كە ڕووخێنرا، لەسەرەتادا ئەمریكا و هەندێك وولات براوە دەردەكەوتن و ئێرانیش تەنگەتاو و بێ چارە!
دواتر یاریەكە زۆر پێچەوانەوە بوویەوە. هەمان شتیش بۆ هەندێك لە وولاتانی عەرەبی راست دەرچوو وەك لیبیا و یەمەن.
بێ دەنگی و مرونەتی هەندێك وولات لەسەر ئەمەی لە سووریا دەگوزەرێت مەرج نیە كۆتاییەكەیشی هەر وابێت.
جێگیربوونی ئەم پلانەی ئەمریكا و ئەوروپا لە سوریا وەك خۆی، گۆرانكاری تەواوە لە رۆژهەلاتی ناوەراست، چونکە یەكلاكردنەوەی شەری ووزە و تێكدانی تەواوەتی هاوسەنگی نێوان دوو جەسەرەكەیە.
بەلام هیچ گەرەنتیەك نیە كۆتاییەكەی هەر وەك سەرەتا بێت.
چەند دێڕێكیش لەسەر هەرێم؛
هەرێم هەر كە پرسی غازەكەی هێنرایە بەر باس، خراپی پێكرا! ئەگەر ئەم دۆخە وەك پلانی بۆ دانراوە بروات... هەرێم دەبێ لە ململانێی تەسكی حیزبی و شەخسی بێتە دەر و سەیری وێنە گەورەكە بكات ئەگەر نا: فرسەتەكان بە لایدا دەرۆن و دەبنە هەرەشە، ئەوكات زیانی گەورە دەكەن! كارەساتیش ئەوەیە هەمیشە هەر میللەتەكەی زیانی كردوە!
2024-12-08