یەكەم بڕیار لە پەرلەمانی كوردستانەوە دەرچوو چ بڕیارێك بوو؟

دیبلۆماتیك

لە 19ی ئایاری ساڵی 1992، یەكەمین هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجامدراو یەكەمین بڕیاری، یەكەم خوولی پەرلەمانەكەش، بڕیاری شەڕكردن بوو دژی پارتی كرێكارانی كوردستان " پە. كە. كە".

یەكەمین بڕیار كە لە پەرلەمانی كوردستانەوە دەرچوو، شەرعیەتپێدان بوو بە پارتی و یەكێتی كە شەڕی چەكداری دژی پارتی كرێكارانی كوردستان ئەنجام بدەن، ئەو شەڕەی كە ماوەی چل ڕۆژی خایاندو بەرپرسانی" پە. كە. كە"ش دەڵێن، پارتی‌و یەكێتی لەسەر داوای توركیا ئەو شەڕەیان لە دژ هەڵگیرساندین.

بەپێی زانیارییەكان، سەرجەمی ئەندامانی خولی یەكەمی پەرلەمانی كوردستان، جگە لە " عەبدولخالق زەنگەنە" كە نوێنەری حیزبی زەحمەتكێشان بوو لە پەرلەمان، هەموویان دەنگیان بۆ بڕیارەكە داوە.

جەمیل بایك، هاوسەرۆكی كەجەكە، لە كتێبی " مێژووێك لە ئاگر"دا دەڵێت:" كە پەرلەمانی باشووری كوردستان دامەزرا، ئاخافتن و قسەی سەرەتایان لە دژی " پە. كە. كە" بوو، ئەوە هەڵەیەكی مەزن بوو، تەنانەت خەتایەكی مێژوویی بوو، پەرلەمانی كوردستان ئەو بڕیارەی هەر لە خۆیەوە وەرنەگرت، هەندێك دەوڵەت ئەو بڕیارەیان بەسەر پەرلەماندا سەپاندو پارتی و یەكێتیش لە ڕێگەی پەرلەمانەوە ئەو بڕیارەیان وەرگرت".

هاوسەرۆكی كەجەكە، با لە هۆكاری بڕیارەكەی پەرلەمانی كوردستان بۆ شەڕی پارتی‌و یەكێتی لە " پە. كە. كە" دەكات و دەڵێت:" بە نهێنی دیدار ئەنجامدرابوو، وە ڕێكەوتنیان كردبوو، ئەگەر پارتی‌و یەكێتی‌و پەرلەمانی كوردستان لە دژی " پە. كە. كە" بڕیار وەربگرێت، ئەوا ئەوانیش دان بە پەرلەماندا دەنێن‌و دان بە پارتی‌و یەكێتیدا دەنێن‌و پەیوەندی لەگەڵ ئەواندا پێشدەخەن‌و توانست بەوان دەدەن".

جەمیل بایك، هاوسەرۆكی كەجەكە لە كتێبی " مێژووێك لە ئاگر"دا دەڵێت:"بڕیارەكەی پەرلەمانی كوردستان زەمینەی شەڕی ساڵی 1992 بوو لە دژمان، بۆ ئەوەی ڕێ لە بەرپابوونی ئەو شەڕە بگرین، ئێمە كۆبوونەوەمان لەگەڵ حكومەتی هەرێم ئەنجامدا، لە نێوان ئێمەو حكومەتی هەرێم، ئەو كاتە " فواد مەعسوم" سەرۆكی حكومەت بوو، گەشتینە ڕێكەوتنێك‌و دەرئەنجامێك كەوا لەگەڵ یەكتردا شەڕ نەكەین‌و لە نێوان " پە. كە. كە"و پارتی‌و یەكێتی‌و پەرلەمان‌و حكومەتی هەرێمدا هیچ ناكۆكییەك دەرنەكەوێت، بەڵكو هاوكاری یەكتر بكەین‌و موداخەلەی كاروباری ناوخۆیی یەكتر نەكەین، ئێمە بەو ڕێكەوتنە باوەڕمان كردو وتمان ئیتر هیچ مەترسییەك ڕوونادات، بۆیە ئێمە هیچ حسابی هاتنە ئارای شەڕمان نەكرد، ئێمە وا مەزەندەمان نەكرد كە پارتی‌و یەكێتی لەگەڵ توركیا پێكەوە هێرش بێننە سەر ئێمە، ئێمە هەموو تەركیزی خۆمان خستبووە سەر پێشخستنی خەباتمان لە دژی توركیا، كەچی بینیمان لە یەككاتدا، پارتی‌و یەكێتی‌و توركیا بە یەكەوە هێرشیان هێنایە سەر ئێمەو ئیدی " شەڕی خیانەت" بەوجۆرە دەستیپێكرد.
2025-01-01