بە بلووسەكەیدا برا ئەنفالكراوەكەی ناسییەوە
دیپلۆماتیك

كاتێك تیمی گەڕان بە شوێن گۆڕە بە كۆمەڵەكاندا، وێنەو دیمەنی دۆزینەوەی گۆڕێكی نوێی بە كۆمەڵ لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك بڵاودەكەنەوە، ئەو لەگەرمیانەوە، ڕۆحی دەگاتە لای دایك‌و براو خوشكە ئەنفالكراوەكانی‌و بە ڕەنگ‌و جۆری بلووسەكەیدا، ڕووفاتی " عومەر"ی برای دەناسێتەوە.

ئەمە نوێترین چیرۆكی كارەساتی ئەنفالەو یەكێك لەو سەدان چیرۆكەی ئەنفالە كە كوردواتەنی " بەرد دەكات بە ئاو.


تاوان‌و كارەساتی ئەنفال، ئەو پرۆسە دڕندانەیەی كە حیزبی بەعس بەرانبەر كورد ئەنجامیداو هەزاران كەسی لە بیابانەكانی عەرعەرو باشووری عێراقدا بە زیندوویی كرد بە ژێر خۆڵەوەو زیندەبەچاڵیكردن، پڕ پڕە لە چیرۆكی تراژیدی‌و ناخهەژێن، ئەو چیرۆكانەی كە لە دونیادا وێنەیان دەگمەنەو نووسینەوەو گوزارشت لێكردنیان مەحاڵە.



" لە مانگی 1ی ساڵی 1988، بلوسێكی پرتەقاڵیم بۆ عومەری برام كڕی، بلووسەكە یەخە حەوتی بوو، بەو بلوسەوە وێنەیەكی گرت‌و كاتێكیش كە ئەنفالكرا ئەو بلوسەی لەبەردا بوو، بۆیە لەگەڵ بینینی ڕووفاتەكانی گۆڕە بەكۆمەڵەكەی ناوچەی " تەلشیخە"ی بیابانەكانی سەماوەدا، بلووسەكەی بەر عومەری برامم ناسیەوەو زانیم كە ڕووفاتی دایكم‌و دوو خوشكەكەم‌و دوو براكەم لەو گۆڕە بە كۆمەڵەدایە".

ئەحمەد عەلی" كە خەڵكی گوندی " بەكرە شەل"ی ناحیەی سەرقەڵای گەرمیانە، بۆ سۆراخی ڕووفاتی دایك‌و دوو خووشك‌و دوو برا ئەنفالكراوەكەی چاودێری تیمی گۆڕە بەكۆمەڵەكان دەكات‌و كاتێك تیمەكە، وێنەو دیمەنی ئێسك‌و پروسك‌و جلوبەرگی ئەنفالكراوەكانی ناو گۆڕە بەكۆمەڵەكە بڵاودەكەنەوە، ئەو لە بینینی وێنەكانەوە ڕووفاتی " عومەر"ی برای دەناسێتەوەو بۆی دەردەكەوێت كە ڕووفاتی دایك‌و دوو خووشك‌و دوو برا ئەنفالكراوەكەی لەو گۆڕە بەكۆمەڵەدایە.

ئەحمەد عەلی، دانیشتووی گوندی " بەكرە شەل"ی ناوچەی گەرمیان دەڵێت:" لە ئێستا لە مانگی 1ی ساڵی 1998، بلوسێكی پرتەقاڵیم بۆ عومەری برام كڕی، بلووسەكە یەخە حەوتی بوو، بەو بلوسەوە وێنەیەكی گرت‌و كاتێكیش كە ئەنفالكرا ئەو بلوسەی لەبەردا بوو، بۆیە لەگەڵ بینینی ڕووفاتەكانی گۆڕە بەكۆمەڵەكەی ناوچەی " تەلشیخە"ی بیابانەكانی سەماوەدا، بلووسەكەی بەر عومەری برامم ناسیەوەو زانیم كە ڕووفاتی دایكم‌و دوو خوشكەكەم‌و دوو براكەم لەو گۆڕە بە كۆمەڵەدایە".



نزیك بە دوو مانگە، لە ناوچەی " تەلشیخە لە قەزای " سەلمان" لە بیابانەكانی سەماوە، كنەو گەڕان بە شوێن گۆڕی بە كۆمەڵی ئەنفالكراوەكاندا دەستیپێكردووە.

ئەو سێ گۆڕە بەكۆمەڵەی كە لە سنووری " تەلشیخە" لە بیابانەكانی پارێزگای سەماوە دۆزراونەوتەوە، نوێترین ئەو گۆڕە بەكۆمەڵانەن كە ڕووفاتی ئەنفالكراوەكانیان تێدایە، گۆڕە بە كۆمەڵەكە شازدە مەنتر قوڵیەكەیەتی‌و دوو مەترو نیو پانییەكەیەتی.
2025-01-11