موکەڕەم تاڵەبانی: کە شیوعیش بووم، نوێژم دەکردو ڕۆژویشم دەگرت
دیداری: گروپی گوڵنار



ـــ کاتی خۆی کە شیوعی و وەزیریش بووم، هیچکات دەستبەرداری نوێژ و ڕۆژووی خۆم نەبووم و حەجم کردووە.

ــ جارێک تاریق عەزیزی جێگری سەدام حسێن لە کۆبوونەوەیەکدا بە سەدامی گوت: سەییدی! ئەمە ئیخوانی ناو شیوعییەکانە و هەموو تەعامول و بیرکردنەوەیەکی ئیخوانیانەیە و نوێژ و ڕۆژوویش ئەنجام دەدات، بەڵام بە هەڵە ڕێیکەوتووەتە ناو شیوعییەتەوە.

ــ عادل موڕاد نازناوی (ئاشبەتاڵ)ی لە شۆڕشی ئەیلوول نا و هیچ پەیوەندییەکی بە منەوە نییە.

ــ برایم ئەحمەد هیچ پەیوەندییەکی بە گۆڤاری گەلاوێژەوە نەمابوو، حیزبی هیوا گۆڤارەکەی دەردەکرد و عەلی کەمالیش پارەکەی دابیندەکرد.

ـ ئینگلیزەکان پێیانگوتین: مەلا مستەفا پیاوی شیوعییەکانە و پەیوەندیی لەگەڵ شیوعییەکاندا دروستکردووە، ئێمە بڕیارمانداوە سەرى پان بکەینەوە، چۆن دەهێڵین بەرەی پشتگیریی بۆ بکرێتەوە.

ــ  ڕەفیق حیلمی لە هەموومان پاکتر بوو، بۆیە کردمانە سەرۆکی کۆمەڵەی دارکەر.

ــ یەکەمجار شێخ مەحموودی حەفیدم لە داریکەلی بینی و وازی لە شۆڕشەکانی هێنابوو.

ـــ حیزبی ژێکاف لە مهاباد، هەر حیزبی هیوا بناخەی دامەزراندنەکەی دانا.

ــ  پێشنیاری ڕەفیق حیلمی بوو، کە ناوی کۆمەڵەکەمان لە (دارکەر)ـەوە گۆڕی بۆ حیزبی (هیوا).

ــ حیزبی هیوا، حیزبی شۆڕش نەبوو! هەر حیزبێکی ئاسایی بوو، وەکو ئەم حیزبە بۆرژوازییانەى کە ئەمڕۆ هەن.


سەد و دوو ساڵ تەمەنیەتی، سەدەیەکە، ئاگادارى ورد و درشتی ڕووداوە سیاسیی و سەربازییەکانى عێراقە، بەشێکی زۆرى تەمەنی وەک کاربەدەستێکی باڵای ڕژێمی بەعس لە بەغدا بەسەربردووە، پیریی، نەیتوانیوە جوانی و ناسکییەکەى بەرێ و بە پێیەکانى خۆی هات دەرگاى بۆ کردینەوە.

ئەو لە بارەى مێژووی چەپ و دانوسەندنەکانى نێوان کورد و عێراق و سیفەتی دیارى بەشێک لە سەرکردە کورد و عێراقییەکانەوە، زۆر شارەزایە و شت گەلێک دەگێڕێتەوە، کە خوێنەرى ئێمە و تەنانەت سیاسییەکانیشمان دەرکیان پێ نەکردووە و نەیانزانیوە.

 د. موکەڕەم تاڵەبانی، لەم دیدارەى " گرووپی گوڵنار"دا تیشک دەخاتە سەر خەبات و مێژووی چەپ، کورد، ئەزموون و مێژووی خۆى وەک کەسایەتییەکی چەپی ناو ڕژێمی بەعس و زۆر شتی دیکەیش.

گوڵنار: ئەگەر بە کورتە، تیشکێک بخەیتە سەر ژیان و کەسێتیی خۆت و بنەماڵەکەت، سوپاست دەکەین.

تاڵەبانی: من: (موکەڕەم شێخ جەمال شێخ موحەممەد عەلی شێخ عەبدوڕەحمان)، واتە بە چوار پشت دەگەمەوە سەر شێخ عەبدوڕەحمانی خالص. مام جەلالیش بە چوار پشت دەچێتەوە سەر شێخ عەبدولغەفوور، کە شێخ عەبدولغەفوریش برای شیخ عەبدوڕەحمانە (شێخ ڕەزای تاڵەبانی لە بارەى مامە غەفوورییەوە دەڵێت: چایەکەى مامە غەفوورم زەردە وەک میزی نەخۆش). بنەماڵەى تاڵەبانی هەموویان نەوەى شێخ ئەحمەدی تاڵەبانیین. شێخ ئەحمەد دە کوڕی هەبوون، ئەوانەیان کە لە بیرم بن: (شێخ عەبدوڕەحمان، شێخ عەبدولغەفوور، شێخ عەبدولکەریم، شێخ ساڵح، شێخ عەبدولقادر)، هەندێکیان لە قۆرەتووی خانەقین بڵاوبوونەتەوە و هەندێکیشیان لە ناوەندی قەزاى کەرکووکدا ژیاون. مامە غەفووریشم چووەتە شارى کۆیە. یەکێکی تر لە مامەکانم زویر بووە و بە تۆراوی چووەتە شارى ڕومادی، ماوەیەک پێش ئێستا بەشێک لە نەوەکانیان لە ڕومادییەوە هاتن و گوتیان: ئێمە نەوەى شێخ عەبدولقادرین. دەیانگوت: ئێمە خۆمان بە عەرەب زانیوە، بەڵام خەڵکە شارەزا و قەدیمەکە گوتوویانە: نەخێر، ئێوە عائیلەیەکی کوردن و دەچنەوە سەر تاڵەبانییەکان.


گوڵنار: ئایا ئێوە بە تەنها شێخن، یا ساداتیشن؟ مەبەستم ئەوەیە ئێوە سەییدن؟

تاڵەبانی: من لە ژیانمدا دووجار شێخ مەحموودی مەلیکم دیتووە، چونکە کچێکی ئامۆزاى من، خێزانی شیخ باباعەلی کوڕی شێخ مەحموود بوو، چونکە هەر جارێک دەچووە بەغدا یا لە گەڕانەوەیدا، سەرێکی لە مامم دەدا. یەکێک لە مامەکانم ناوی شێخ قادری سیامەنسوورییە، جارێک لە جارەکان شێخ مەحموود گوتی بە مامم: "شێخ قادر! من زۆر لە بن و بنچینە و ڕەچەڵەکی تاڵەبانییەکان کۆڵیومەتەوە، بۆم دەرکەوتووە لە ئەسڵەدا سەییدن"! شێخ قادری سیامەنسوورییش گوتی: "یا شێخ گیان! خۆمان عەیبمان کەم نیە، ڕجا دەکەم ئەم عەیبەیشمان پێوە مەنێ".

گوڵنار: باست لە شێخ مەحموودی حەفید کرد، کەسایەتییەکی چۆنی هەبوو؟

تاڵەبانی: کەسایەتییەکی ڕاست و درووست و بێ پێچوپەنا بوو، مرۆڤێک بوو لەسەر مەبدەئی خۆی بوو، باوەڕی بە هەر شتێک هەبووایە، بۆی تێدەکۆشا. من لە داریکەلی بینیم، واتە لە سەردەمی دەسەڵات و مەلیکایەتییەکەیدا نەمدیتبوو. کۆتا شەڕ کە کردی، لە پێناو کەرکووکدا بوو، لە ناوچەى تاڵەبانییەکانیش کردی، ئەو شەڕە ناسرابوو بە شەڕی (ئاوباریک). شێخ پێش شەڕەکە وای بڵاوکردبووەوە کە ئینگلیز ڕەزامەندە بەم شەڕە، بۆیە داوایکردبوو کە هەمەوەند و یەک دوو عەشیرەتی تر پێشڕەوی بکەن بۆ کەرکووک، کەریم بەگ و داود بەگیش لە جافەکان هاتبوون، خۆیشی نزیکەى ٧٠٠ – ٨٠٠ سەربازی پڕچەککراوی لەگەڵدا بوون. پیاوماقووڵانی عەشایەر پاشتر کە زانییان ئینگلیز ئاگاداری ئەم شەڕە نیە و ڕەزامەند نیە لەسەری، بەشدارییان لە شەڕەکە نەکرد و پشتی شێخیان نەگرت و بە تەنها مایەوە، لە کاردانەوەى ئەمەدا، حکومەتیش سوپا و هێزێکی زۆرى هێنایە سەریان و بە فڕۆکە بۆردومانکران، ناوچەى تاڵەبانییەکانیان بە تەواوەتی خاپوور کرد و داود بەگ و کەریم بەگی جافیش ئینسیحابیان کرد و گەڕانەوە، چونکە بێ ڕەزامەندیی ئینگلیز نەیاندەتوانی بەشداری بکەن! ئەمە ساڵی ١٩٣١ بوو، من قوتابی قۆناغی سەرەتایی بووم، پاشتر شێخ چووە بەغدا، لە سەردەمی جووڵانەوەکەى ڕەشید عالی گەیلانی لە ڕێی کفریەوە گەڕایەوە بۆ داریکەلی. 




گوڵنار: دەستپێکی کارى سیاسی و ڕێکخراوەیی جەنابتان لە کەیەوە دەستپێدەکات؟ وەک ئاگادارین جەنابتان یەکەم ئەزموونی کارکردنتان کۆمەڵەى (دارکەران) بووە، دەکرێ لەو بارەیەوە قسەمان بۆ بکەیت؟

تاڵەبانی: ئەوە لە ساڵی ١٩٣٧دا بوو، ئەو کاتە مەلیک غازی دەسەڵاتداری عێراق بوو، ژمارەیەکی زۆر لە نەتەوەییە توندڕەوەکانی سوریا و لوبنان و فەلەستین هاتبوونە عێراق، وەک مامۆستا لە قوتابخانەکاندا دامەزرێنرابوون، بانگەشەیان بۆ یەکێتیی عەرەبی دەکرد و گیانی نەتەوەچێتییان بڵاودەکردەوە، زۆریش توندڕۆ بوون بەرامبەر بە گەلانی ترى ناعەرەب! ئێمەیش ئەوکاتە لە کەرکووک بووین و لە قۆناغی خوێندنی ناوەندیدا بووین. ئەوکاتە لە کوردستاندا خوێندنگەى ئامادەیی نەبوو، ئەو خوێندکارانەى لە ناوەندی دەردەچوون، دەبوو بچنە شارەکانى تر بۆ درێژەدان بە خوێندنی ئامادەیی. لە کەرکووکیش خوێندنگەیەکی ئامادەیی هەبوو، دەرچووانى ناوەندی لە سلێمانی و هەولێر و شوێنەکانى ترەوە، دەهاتنە ئەو ئامادەییە لە کەرکووک. ئەو عەرەبە هاتووانەى میسر و فەلەستین و سوریا و لوبنان، پرۆژەى یەکێتیی ئەڵمانیایان کردبووە ئامانجی کاری خۆیان، کە لەلایەن (پسمارک)ـەوە جێبەجێکراوە، عەرەبیش دەتوانێت هەمان ئەزموون جێبەجێ بکات. ئەوان عێراقیان بە پڕووسیا شوبهاندبوو، مەلیک غازییشیان بە پسمارک شوبهاندبوو، کە دەتوانێت یەکێتیی یا هلال الخصیب بکات لە عێراق و لوبنان و سوریادا و ببنە یەک دەوڵەت. بۆ ئەو مەبەستە کۆمەڵەى (خەڵوزفرۆشەکان)یان دامەزراند. ئێمەیش لە کاردانەوەى ئەو ئیشەى ئەواندا بووین و هەمیشەش لەگەڵیاندا کێشەمان هەبوو. ئێمەش وەک کوردەکان ڕۆژێک کۆبووینەوە، کە ژمارەمان پێنج کەس بووین، بە ئەمانەتیشەوە دەیڵێم: بە دەستپێشخەریی یونس ڕەئوف (دڵداری شاعیر)ـەوە بوو کە کۆببینەوە! ئەو پێنج کەسە بریتیبوون لە: (یونس ڕەئوف (دڵدار)، کاکە حەمەى خانەقا، بورهانی حامید بەگ، جەلال قادر، موکەڕەم تاڵەبانی). دانیشتین و شەنوکەوی باسەکەمان کرد و چی بکرێ بۆ کورد و کوردیش کۆمەڵە و ڕێکخراوی تایبەت بە خۆى هەبێت، لەو کاتەدا مەسەلەى یەکێتیی ئیتالیا هات بە خەیاڵماندا.

 ئێمەیش بیرمان لەوەکردەوە کە کۆمەڵەیەک دابنیێین بەناوى کۆمەڵەى (دارکەر)ەوە. بنکەى بڵاوبوونەوە و دامەزراندنی کۆمەڵەکەیشمان شارى کەرکووک بوو. لە پشووی نیوەى ساڵدا، هەرکەسەى کە چووەوە ناوچەى خۆى، لقی کۆمەڵەکەى دامەزراند و بە خەڵکی دەناساند، وەک: هەولێر، سلێمانی، ڕەواندز، کفری. پاشتر بە جۆرێک گەورە و بەرفراوان بوو، کە لە تواناى ئیدارەدان و هەڵسووڕانی ئێمەدا نەبوو، چونکە ئێمە خوێندکار بووین و لە تواناماندا نەبوو بگەڕێین بەسەر لقەکاندا و ئاراستەیان بکەین. تاقیکردنەوەى بەکەلۆریی هەموو ناوەندییەکانى کوردستان، لە کەرکووک ئەنجامدەدرا، پاش تاقیکردنەوەکان بڕیارمان دا کۆنفرانسێکی حیزبیی کۆمەڵە ببەستین، وە لەو کۆنفرانسەدا بڕیار لە بارەى کۆمەڵەکەمانەوە بدەین. لە باخچەى (ئومورەبیعەین) لە کەرکووک کۆنفرانسەکەمان ڕێکخست، شەست کەس ئامادە بوون، چەند کەسێکیان خستە بەر لێکۆڵینەوەوە، لەوانە: ئەمین زەکی بەگ، تۆفیق وەهبی، جەمال بابان، مەعروف جاوک، ڕەفیق حیلمی. لەبەر ئەوەى ڕەفیق حیلمی لە هەموویان نزیکتر بوو لێمانەوە، تا ساڵێک لەوەوپێشیش بەڕێوەبەری ئامادەیی کەرکووک بووبوو، پاشتریش بووبووە موفەتیش لە وەزارەتی مەعالیم، دواى ئەوە ڕەفیق حیلمی لە ناحیەى سیاسییەوە لە هەموو ئەوانی تر پاکتر بوو، بۆیە کۆمەڵەکە فیکریان چووە سەر ڕەفیق حیلمی. بۆ ئەو مەبەستە کۆمەڵە هەریەک لە کاکە حەمەی خانەقا و یونس ڕەئوفیان نارد بۆ بەغدا بۆ لاى، چونکە ئەو کاتە لە وەزارەتی مەعالیم بوو. ئەوانیش پێشنیار و داواکەرییەکەیان پێ ڕاگەیاندبوو، ئەویش بە خۆشحاڵییەوە قەبووڵی کردبوو، ئەویش کە هاتە ناو کۆمەڵەکەوە، پێشنیاری کرد کە ئەم کۆمەڵەیە ناوی لێ بنرێت (هیوا). چونکە کاتی خۆى لە ئەستەنبوڵ کە کۆمەڵەى (هێڤی) دامەزراوە، خودی ڕەفیق حیلمی یەکێکبووە لە دامەزرێنەرانی ئەو کۆمەڵەیە. ئێمەیش قەبووڵمان کرد.


پاشتر حیزبی هیوا توانی دوو شۆڕش بکات، یەکێکیان لە ساڵی ١٩٤٣ کە مەلا موستەفای بارزانی لە سلێمانی دەستبەسەر بوو، ڕەفیق حیلمییش وەک موفەتیشی پەروەردەى ناوچەى کوردستان گواسترابووەوە بۆ سلێمانی، پەیوەندیی لەگەڵ مەلا مستەفا و شێخ لەتیفی حەفیددا خۆش بوو، توانیبووی لە ڕێگەى شێخ لەتیفەوە مەلا مستەفا لە زیندان ڕزگار بکەن و لە ڕێگەى مەریوانەوە لەگەڵ هەندێ لە بارزانییەکاندا بیانباتەوە بۆ ناوچەى بارزان. 

ئینگلیزەکانیش دەیانەویست لە ناوچەى بارزاندا هێمنییەک هەبێت، ئەڵمانەکان گەیشتبوونە ناوچەى نزیک سنووری سۆڤییەت. بۆیە دەترسان لە ڕێگەى کوردستانی ئێرانەوە بێنە عێراقەوە، بۆیە ئامانجی ئینگلیز ئەوە بوو کە ئەو ناوچەیە ئارام بێت و سەرقاڵی ڕاهێنان بن بە هێزەکانى عێراق. کاتێک هەندێ شەڕ لێرەولەوێ هەڵگیرسا، حکومەت داوای کرد لە مەلا مستەفا کە بێتە پێشەوە و ڕێککەوتنی لەگەڵدا بکات. پێش ئەوەی مەلا مستەفاش بگەڕێتەوە، شێخ ئەحمەدی بارزان کە لە ساڵی ١٩٣١ەوە گواسترابوونەوە بۆ ناوچەکانى خوارووی عێراق، گەڕاندبوونیانەوە بۆ بارزان. مەلا مستەفاش چووە بەغدا و لەگەڵ (وەصی عەبدولئیلا) کۆبوونەوەیان کرد و لەسەر هەندێ چاکسازیی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی ڕێککەوتن.

شۆڕشی دووەمی حیزبی هیوا ساڵی ١٩٤٥ بوو، حکومەت ئیثارەى ئەوەی کرد، لەو کاتەدا سۆڤییەتەکان هاتنە ئێرانەوە، ئەمریکا و بەریتانیا ئێرانیان داگیرکرد، قازیی موحەممەد پەیوەندیی بە مەلا مستەفاوە کردبوو، مەلا مستەفایش پەیوەندیی لەگەڵیاندا بەست. حیزبی هیوا زابتێکی بەناوى (میرحاج ئەحمەد) نارد بۆ سابڵاغ و ئورمیە، لەوێ لقی حیزبی هیواى بەناوی (ژێکاف) کردەوە، پاشتر قازیی موحەممەد (ژێکاف)ی کردە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران. کە شەڕەکە لێرە هەڵگیرسا، ئینگلیزەکان زانییان مەلا مستەفا پەیوەندیی لەگەڵ قازیی موحەممەد و سۆڤییەتدا هەیە، بە هەموو هێزێکیانەوە دایان لە شۆڕش، حیزبی هیوایش نەیتوانی هیچ یارمەتییەکیان بدات، ئەوە بووە هۆى زەعیفبوون و پووکانەوەى حیزبی هیوا. ئیتر مەلا مستەفا و ئەوانیش کشانەوە بۆ ئێران و مەلا مستەفاش لەوێ پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقی دامەزراند.

گوڵنار: حیزبی هیوا بۆ هەڵوەشایەوە؟ 

تاڵەبانی: کە ساڵی ١٩٤٥ لە کوردستاندا شۆڕش هەڵگیرسا، حیزبی هیوا هیچ ڕۆڵێکی نەبوو و نەیتوانی هیچیش بکات. بەشێک لە زابتەکان پەیوەندییان بە شۆڕشەوە کردبوو، کە پاشتر لە سێدارەدران. حیزبی هیوا، حیزبی شۆڕش نەبوو! هەر حیزبێکی ئاسایی بوو، وەکو ئەم حیزبە بۆرژوازییانەى کە ئەمڕۆ هەن. ئێمە زۆرمان هەوڵ لەگەڵ ڕەفیق حیلمی دا کە پشتگیریی شۆڕش بکات، تەنانەت مەلا مستەفا نامەیەکی بۆ ڕەفیق حیلمی ناردبوو، داوای کردبوو بە خۆپیشاندان، بە ئیزرابات، بە ڕێگا داخستن و ناردنی یاداشت بۆ سەرەوە و بۆ دەوڵەتە گەورەکان، پشتگیریی شۆڕش بکەن، کەچی ڕەفیق حیلمی هیچی نەکرد و هیچی پێ نەکرا. پێش ئەوەیش کە شۆڕش دەستپێبکات، موساوەیەک کرابوو لەنێوان سەرۆکی هیوا (ڕەفیق حیلمی) لەلایەک و ماجید مستەفا کە وەزیر بوو لە حکومەت لەلایەکی ترەوە، لەسەر ئەوە ڕێککەوتبوون کە حکومەت ڕێگە بکاتەوە بۆ ڕەفیق حیلمی بۆ وەزارەت و ئەویش ڕێگە بکاتەوە بۆ جێگری سەرۆکی حیزب! ئێمەش بەوەمان زانی و ئەو کردەوەیەیمان فەزح کرد و دژی وەستاینەوە، کە نزیکەى پازدە کەس بووین، ڕەفیق حیلمییش دەستپێشخەری کرد و لیژنەیەکی لە ڕاسترەوەکان پێکهێنا، ئەنجامى لیژنەکە فەزحکردن و دەرکردنی ئێمە بوو، نەک ڕەفیق حیلمی! فەسڵکردنەکەشیان هەر شتێکی ڕواڵەتی بوو، چونکە پەیوەندیی ئێمە بە جەماوەر و خوارەوەى حیزب بەهێزتر بوو لە پەیوەندیی ڕەفیق حیلمی بەو جەماوەرەوە.

 بەڵام تێکچوون و هەڵوەشانەوەکەى حیزبی هیوا زیاتر پەیوەندیی بەوەوە بوو کە حیزبی هیوا نەیتوانی هیچ بکات و لە ئاست تموحی خەڵکدا نەبوو، حیزبی شۆڕش نەبوو. داوایان کرد بەرەیەکی تر لە ناوچەى کفری و خانەقین بکرێتەوە دژ بە حکومەت، بۆ ئەوەى فشار لەسەر ناوچەى بارزان کەم و سووک بکەینەوە، حیزبی هیوا تەنانەت ئەوەیشی پێ نەکرا. کە داواکرا بەرەیەک بۆ دژایەتی حکومەت لە کفری و خانەقین بکرێتەوە، حیزبی هیوا کۆبوونەوەیەکی لە ماڵی کەریم بەگی جاف کرد، کەریم بەگی جاف و داود بەگ چوون پرسیان بە (کۆڕنەللاین) حاکمی ئەو کاتەى بەریتانیا کرد و ڕاوێژیان پێ کرد بۆ دروستکردنی ئەو بەرەیە، ئەوانیش گوتبوویان: ئەوە باسی  چی دەکەن؟ مەلا مستەفا پیاوی شیوعییەکانە و پەیوەندیی لەگەڵ شیوعییەکاندا دروستکردووە، ئێمە بڕیارمانداوە سەرى پان بکەینەوە، ئێستا چۆن دەهێڵین بەرەى پشتگیریی بۆ دروستبکرێ؟! فەرموون بڕۆنەوە ماڵی خۆتان! ئەوانەى کە ئاراستەى حیزبیان بەدەست بوو، هەندێ کاریان کرد کە پێچەوانەى ویست و خواستی خەڵک بوو، بۆ نمونە هەندێ شوێن و ناوەندی حکومەتیان دایە بەر دەستڕێژی گوللە و حکومەتیان لە خۆیان ورووژاند. مەلا مستەفاى بارزانی داوایکرد ڕێگە و سنوورەکان دابخەن، خۆپیشاندان بکەن، نەیارێتی لەگەڵ دەوڵەتدا بکەن، بەڵام حیزبی هیوا هیچ لەمانەى پێ نەکرا. دواتر بەیانێکیان بە ناوى ڕەفیق حیلمیەوە دەرکرد و وایان دەربڕیبوو کە مەلا مستەفا یەکێکە لە پیاو و ئەندامانى ئێمە و داواى لە سوپا کردبوو کە جەنگ نەکات و داواکارییەکانى کورد بدات، کەچی دواتر ئێمەیان لەسەر ئەو بەیاننامەیە گرت. نامەکە بە دەستنووسی کاکە حەمەی خانەقا نووسرابوو و هەر لە ماڵی ئەوانیشدا گیرا! جەوهەر دزەیی و کانەبی دزەیی بڵاویان کردبووەوە و بەدەستی ئەوانەوە گیرابوو. ئێمە لەو کاتەدا پەیوەندیمان بە حیزبی هیواوە نەمابوو، کەچی من و عەبدولقادر قەززاز و عەلائەدین سەججادی و جەلیل هۆشیاریشیان لە کاردانەوەى ئەو بەیاننامەیەدا گرت. بڕیاریشیان دابوو کە حوکمی سێدارەمان بەسەردا بسەپێنن. بەرەنجامی ئەو لیژنەیەى کە لە دژمان پێکهێنرا، دەستگیرکردنی ئێمە بوو، ئەوانەى کە لە بیرم مابن: (کاکە حەمەى خانەقا، کاک نەبی، جەوهەری عەزیز ئاغای دزەیی، عەلائەدین سەججادی، جەلیل هۆشیار، عەبدولقادر قەززاز، من). تۆمەتی ئەوەشیان دایە پاڵمان کە ئێوە سوپا و سەربازتان هانداوە بۆ تەمەڕود، سزاکەشتان لەسێدارەدانە. 
هەریەکەشمانیان لە مەرکەزێک و زیندانێک دەستگیرکردبوو، واتە پێکەوە نەبووین. شێخ مەسعوود بامەڕنی لەگەڵ وەزیری ناوخۆدا (مستەفا عومەری) کە خاڵۆزا و پوورزا بوون، شێخ مەسعوود رۆژی هەینی دەچێتە ماڵ مستەفا عومەری، یەک دوو وەزیرى حکومەتیشی لێ دەبن، ئەویش لە مستەفا عومەرى دەپرسێت: ئەو گەنجە کوردانەتان گرتوون، خەیاڵتان چیە لە بارەیانەوە و دەتانەوێ چییان لێ بکەن؟ ئەویش دەڵێت: وەڵا حوکمی لەسێدارەیان بۆ دەردەچێنین، بەڵام لەسێدارەیان نادەین! ساڵێک لە زینداندا دایاندەڕزێنین، پاشتر سزاکە بە هەتاهەتایی دەگۆڕین. ئەویش هەواڵەکە بە شێخ ئیحسانی برام دەدات و دەڵێت: ناوی من مەهێنە، بەڵام دڵتانخۆش بێت، لەسێدارەیان نادەن. 

ئاغاکانی دزەیی بۆ سەردانی کا نەبی و جەوهەر ئاغا هاتن، کەسوکارى منیش هاتن، کاکە حەمەی سەید ئەحمەدی خانەقا کەسوکارى هاتن، بەڵام نەیانهێشتبوو کەسوکارى من بمبینن، ئەوەی کە لەسەر من هاتە جواب و بەرگری لێ کردم، شێخ وەهاب تاڵەبانی بوو، شێخ وەهاب ئەو کاتە نائیب بوو، پەیوەندییشی لەگەڵ بنەماڵەى مەلەکییەتدا خۆشبوو، کە هاتبوو بۆ دیدەنیم، پێیان گوتبوو: مستەفا عومەری ڕێگە نادا بیانبینیت، ئەویش گوتبووی: مستەفا عومەری گووی خوارد، من ئێستا دەچم بۆ لاى (وەصی عەبدولئیلا). ڕۆشتبوو و داوای دیدارى ناوبراوی کردبوو، دواتر گوتبووی: باشە مستەفا عومەری چ کارەیە لەم حکومەتەدا؟ ئەى نازانێ دووان لەو دەستگیرکراوانە کوڕی سەرۆکعەشیرەتەکانى دزەیین؟

 یەکێکی تریان کوڕی سەید ئەحمەدی خانەقایە، کە کەسایەتییەکی دیار و هەڵکەوتووە، یەکێکی تریان کوڕی شێخ جەمالی تاڵەبانییە، کە باوکی یەکێک لە ڕوئەسای عەشایەری کوردە، عەبدولقادر قەززاز ئامۆزاى سەعید قەززاز و خوشکەزاى عەلی کەمالە. عەلائەدین سەججادی مەلایەکی گەورە و پێشنوێژی مزگەوتە، ئاخر لەسێدارەدانى ئەمانە چ سوودێکی بۆ حکومەت هەیە؟ دەزانی بە لەسێدارەدانیان چ فەوزا و گلەییەک ڕوو لە حکومەت دەکات؟ وەصییش قەناعەتی کردبوو بە قسەکانى. ئێمەیان چەندجارێک برد بۆ دادگا، جارێک لە جارەکان گوتیان: یەڵا خۆتان بگۆڕن بۆ دادگا، کەچی لە ڕێگا بە پێچەوانەى چاوەڕوانیی ئێمەوە، بردیانین بۆ وەزارەتی داد، ئەو کاتە جەلال بابان وەزیری داد بوو، ئێمەیان کردە ژوورەوە و لەوکاتەدا جەلال بابان پیاسەى دەکرد، دواتر گوتی: "بیستوومە پێنج کەس لە ئێوە تەلەبەى حقووقن، ئێستا سیاسەت بۆ ئێمە واز لێ بێنن و خەریکی خوێندنەکەتان بن، کە تەخەڕوجتان کرد، ئیتر کەیفی خۆتانە چی دەکەن! یەڵا هەرکەسە و بۆ ماڵی خۆی" ئیتر ئێمەیان ئازادکرد. مەبەستم ئەوەیە حیزبی هیوا نەک هەر هیچی نەکرد، بەڵکە دژی ئێمەش وەستایەوە. چونکە ئەو کاتە حیزبی هیوا جەماوەرێکی زۆرى لەگەڵدا بوو. ئێمە بەرەیەکی ترمان کردەوە لە ناوچەى کفری و خانەقین، ئەویش بە تەگبیر و ڕاوێژی شێخ عەتاى برام و شێخ موحەممەد نەجیب شێخ وەهابی تاڵەبانی و سەرۆکی عەشیرەتی شەرەفبەیانی (ناوەکەیم لە بیر نەماوە)، ئەوانە ڕۆیشتن هەرچی مەرکەز و خاڵی سەربازیی حکومەت هەبوو، دایانە بەر دەستڕێژی گوللە. حکومەت وەزعی لەو کاتەدا باشنەبوو، بەڵام کوردەکانیش هیچ پشتوپەنایەکیان نەبوو، لە کاردانەوەى ئەمەدا دووهەزار دینار وەک سزا سەپێنرا بەسەر خەڵکی کفری و دووهەزار دیناری تریش سەپێنرا بەسەر خەڵکی خانەقیندا. لە پاشدا شۆڕش شکستی هێنا و حکومەتیش لێبوردنی گشتی دەرکرد بۆ ئەوانە.  


گوڵنار: دەگوترێت ڕەفیق حیلمی پارەى حیزبی خواردووە، ئەمە تا چەند دروستە؟

تاڵەبانی: نەوەڵا دروست نیە، ڕەفیق حیلمی پارەى حیزبی نەخواردووە، لەو بوارەشەوە پیاوێکی زۆر پاک بوو. ڕەفیق حیلمی پارەى حیزبی دەنارد بۆ هاوکاری و پشتگیریی شۆڕشی کورد، لەناو ئەندامانى باڵا و جەماوەری حیزبدا نەیدەوێرا بڵێ: من ئەم پارەیەم بۆ پشتیوانیی شۆڕشی کورد ناردووە، لەوەچێ خەڵک لەوەوە گومانى بۆ دروستبووبێت کە پارەى حیزبی خواردووە! هۆکارى نەگوتنەکەشی تاکڕەوێتی نەبوو لە حیزبدا، بەڵکو لە حکومەت دەترسا، گەر پێی بزانن لێپرسینەوەى لێ بکەن، چۆن پارە بۆ شۆڕشێک دەنێری کە دژی حکومەت وەستاوەتەوە؟!


گوڵنار: وەک دەزانین عەلائەدین سەججادییش یەکێکبووە لە ئەندامانى حیزبی هیوا، پێمانخۆشە لە بارەى کەسایەتیی ئەوەوە قسەمان بۆ بکەیت؟

تاڵەبانی: ئەو زیاتر شەخسیاتێکی ئەدەبی بوو، پەیوەندیی ئەویش بە حیزبەوە، زیاتر پەیوەندییەکی ئەدەبی بوو، وە ئەو لە گۆڤارى گەلاوێژ ئیشی دەکرد، چونکە حیزبی هیوا بوو کە گۆڤاری گەلاوێژی دەردەکرد و ئاگای لە دەرچوونی هەبوو. ئەو کاتە مامۆستا برایم ئەحمەد حاکم بوو، پەیوەندییەکی واى بە گۆڤارەکەوە نەمابوو، عەلى کەمال لە ڕووی پارەوە تەمویلی دەکرد و حیزبی هیواش لە ڕێگەى عەلائەدین سەججادییەوە ئیشرافی دەکرد لەسەر دەرکردنی.


گوڵنار: جەنابتان کەى چوونە ناو حیزبی شیوعییەوە؟


تاڵەبانی: من ساڵی ١٩٤٥ بوومە شیوعی، پێش ئەوە لە حیزبی هیوا بووم، دواى ماوەیەک حیزبی هیوا تێکچوو و هەڵوەشایەوە، دواى حیزبی هیوا، پەیوەندیم بە حیزبی شیوعییەوە کرد و بوومە ئەندام. بەشێک لە چەپ و شیوعییەکان، ئەوکاتیش لە حیزبی هیوا بوون، واتە ئەوە نەبوو کە حیزبی هیوا هەمووی نەتەوەیی بووبێتن و خاڵی بووبێت لە چەپ و شیوعی. وەک: جەمال حەیدەری و نافیع .... و ڕەشید عەبدولقادر. بەڵام زیاتر حیزبێکی نەتەوەیی بوو وەک لەوەی چەپ و شیوعی بێت، سەرۆکعەشیرەکان و سەرۆکی عەشایەر و زابتە گەورەکانى تێدا بوون، مەلای تێدا بوون.

گوڵنار: ئایا ئەو کاتە چەپ چ پێگە و ڕۆڵێکی لە کوردستاندا هەبوو؟

تاڵەبانی: بەڵێ ئەو کاتەش چەپ هەبوو لە کوردستاندا، ئەو کاتەى کە حکومەت بڕیاری دابوو دژی کورد و ناوچەى بارزان بجووڵێتەوە، ئەوە بوو مەلا مستەفا و بەشێک لە سەربازەکان، شتێکیان پێکهێنابوو بە ناوى (لیژنەى ئازادیی کوردستان)، ئەو کاتەش خەڵکی دەیزانی کە ئەم لیژنەیە پەیوەندیی لەگەڵ قازیی موحەممەد و سۆڤییەتەکاندا هەیە. ئەو حیزبەى کە قازیی موحەممەد دایمەزراند لەسەر بناغەى حیزبی (ژێکاف) دامەزرا، ئێ حیزبی ژێکافیش هەر حیزبی هیوا دایمەزراندبوو لە مهاباد. ئەو کاتە میرحاج ئەحمەد ڕۆشتە ئەوێ و لەگەڵیان دانیشت و کۆمەڵەى ژێکافیان دامەزراند. کە پاشتر ژێکاف بووە پارتی دیموکراتی کوردستانی ئێران، مەلا مستەفاش لە بەرامبەردا پارتی دیموکراتی کوردستانى عێراقی دامەزراند. بۆیە باسی ئەوەم کرد، ئەو بەشەى دواتر ئاراستەیەکی چەپی هەبوو، حکومەتیش بۆی لێیدان، دەیگوت: ئەمانە پەیوەندییان بە سۆڤییەتەوە هەیە.
 
گوڵنار: بە حوکمی ئەوەی جەنابتان زۆربەى کاتەکانی تەمەنتان لە حیزبی شیوعیدا بەسەربردووە، دەپرسین: بۆچی شیوعییەکان دژی خەباتی نەتەوەیی بوون؟ بۆچی هیچ هاوکارییەکی مەلا مستەفایان نەکرد لە شۆڕشەکەیدا؟


تاڵەبانی: چونکە شیوعییەت باوەڕی بە حیزبی هیوا نەبوو، خودی فەهد لە ڕۆژنامەى (قاعیدة) وتارێکی نووسی، نووسیبووی: میللەتی کورد پێویستی بە حیزبی عەمەلە نەک پێویستی بە حیزبی ئەمەل بێت (واتە هیوا). ئاماژەى بەوە دابوو کە هەزارەها گەنج تەجمید و سڕکراون و ناهێڵن جووڵەیەک بکەن. چونکە دەبێ ئەمانە ڕێ بە حورڕیەتی دیموکراتی بدەن، چونکە ئەگەر وا نەبێ، کورد نازانێ دەیەوێ لەگەڵ عێراق بمێنێتەوە یا جیا ببێتەوە. بۆ شۆڕشی ئەیلوولیش لە ١٩٦١، بیست پارێزەری شیوعی یاداشتێکیان پێشکەش بە عەبدولکەریم قاسم کرد، داوای وەستاندنی شەڕیان کرد و داوایانکردبوو کە ئەم کێشەیە بە ئاشتی چارەسەر بکرێت. لەناویاندا یەکیان کورد بوو، ئەوانی تر هەموویان عەرەب بوون، ئەو کوردەش ناوی (عومەر حەوێزی) بوو، عەبدولکەریم قاسم ئیحالەى مەحکەمەی کردن، گوتیان: دەرچن و جنێو بدەن بە مەلا مستەفا، ئەوسا بڕۆنەوە ماڵ خۆتان، بەڵام ئەگەر جنێو نەدەن، ئەوا یەکی پێنج ساڵ زیندانیتان بۆ دەبڕدرێتەوە. قەسەم بەخوا لەناو هەموویاندا تەنها (عومەر حەوێزی)ی کورد! جنێوی دا بە مەلا مستەفا، هەموو ئەوانی تریان گرتن و پێنج ساڵ حوکمدران! کەچی دواى تێپەڕبوونی دوو مانگ بەسەر سزاکەیاندا، عەبدولکەریم قاسم لێبوردنی بۆ دەرکردن و ئازاد بوون. دوای ئەوە نزیکەى ٢٠ هەزار واژۆ لەسەر مەزبەتەیەک کرا بۆ ڕاگرتنی شەڕ و چارەسەرى کێشەکان بە ئاشتی، ئەویش هەر حیزبی شیوعی کردی و ئاراستەى عەبدولکەریم قاسمیان کرد.  



گوڵنار: چۆن بوو چوویتە ناو حیزبی شیوعییەوە؟ ئایا بنەماڵەکەتان، بنەماڵەیەکی ئایینیی بوو؟

تاڵەبانی: حیزبی شیوعی دژی ئایین کاری نەدەکرد، دواى ئەوە منیش لە بنەماڵەیەکی ئایینیی نەبووم. باوکیشم لە ناوچەکەى خۆیدا زیاتر کەسایەتییەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیی هەبوو کە گوندێک بوو ٢٣ کیلۆمەتر لە خواروو و باشووری کفرییەوە بوو. وە هیچ پەیوەندییەکیشمان بە تەکیەى تاڵەبانییەوە نەبوو. بەڵام پاشتر کە چوومە بەغدا، پەیوەندیم بە تەکیەوە هەبوو.

گوڵنار: دکتۆر لە بەرامبەرمانەوە وێنەیەکی جەنابت هەیە بە جلوبەرگی (ئیحرام)ەوە و وا دیارە سەفەری حەج یا عەمرەت کردووە، ئەوە تەنها سەردان و عەمرەیەکی سیاسیی و دەوڵەتی بوو، یا قەناعەتت پێی بووە؟

تاڵەبانی: ئەو وێنەیە ساڵانی حەفتاکانە، نا بە هەموو قەناعەتێکمەوە ئەو ئەرکە ئایینییەم بەجێهێناوە، کاتی خۆیشی کە شیوعییش و وەزیریش بووم، هیچکات دەستبەرداری نوێژ و ڕۆژووی خۆم نەبووم! جارێک تاریق عەزیزی جێگری سەدام حسێن لە کۆبوونەوەیەکدا بە سەدامی گوت: سەییدی! ئەمە ئیخوانی ناو شیوعییەکانە و هەموو تەعامول و بیرکردنەوەیەکی ئیخوانیانەیە و نوێژ و ڕۆژووش ئەنجام دەدات، بەڵام بە هەڵە ڕێیکەوتووەتە ناو شیوعییەتەوە. 

گوڵنار: لەبارەى مەلا عەبدوڕەحمانی خالصی باپیرتەوە چی دەڵێیت؟

تاڵەبانی: شێخ عەبدوڕەحمانی خالص لەگەڵ ئێوەى هەورامی بە گشتی و مەولەوی تاوگۆزیدا بەتایبەت عیلاقەى زۆر خۆش بووە و لەگەڵ مەولەوی، سەردانی یەکتریان کردووە. جارێک خالص و چەند مەلایەک موناقەشەیان دەبێت لەسەر شتێکی شەرعی، لەوکاتەدا خەبەر دەدەنە شێخ عەبدوڕەحمان و دەڵێن: مەولەوی تەشریفی هێنا، ئەمیش خێرا دەچێت بە پیرییەوە و دەبینێت مەولەوی (فەرەنجی - کوڵەباڵ)ێکی لەبەردایە، جووتێ کڵاشی قوڕاوییشی لە پێدان و جەمەدانیێک بەسەریەوە. مەلاکانیش سەرسوڕماو دەبن کە بۆچی شێخ عەبدوڕەحمان بە تاڵوکە و بە پەلە دەچێت بە پیر ئەم پیاوە شرۆڵەیەوە؟! مەلاکان دەست دەکەنەوە بە موناقەشە شەرعییەکەى خۆیان و سەیرى ئەم پیاوە ڕووتەڵەیە دەکەن و بەلایانەوە لادێیی و نەخوێندەوارە! ئەمیش دەم دەکاتەوە و دەفەرمووێت: ئەگەر یارمەتی هەبێت، دەمەوێ منیش قسەیەک لەو مەسەلە شەرعییەدا بکەم. ئەمانیش ڕێی پێ دەدەن و بە جۆرێک لە گاڵتەکردنەوە گوێی بۆ دەگرن، کە دەم دەکاتەوە، دەبینن ئەویش عالمێکی گەورە و فازڵە و قسەکانى لە هی هەموو ئەوانی تر کاریگەرتر و زانستیترن. ئیتر شێخ عەبدوڕەحمانیش دەیناسێنێت و پێیان دەڵێت: ئەمە مەلا عەبدوڕەحیمی مەولەوی، زانا و شاعیرى هەڵکەوتووی وڵاتی کوردەوارییە! 

گوڵنار: تا چەند ڕاستە کە کە گوایە جەنابتان نازناوى (ئاشبەتاڵ)تان لە نسکۆى شۆڕشی ئەیلوول ناوە؟

تاڵەبانی: بە پێچەوانەوە، عادل موراد خەریکی ئەو بانگەشەو ناوزڕاندنە بوو، وە هەر دەیگوت: عائیلەى ئاشبەتاڵ. جارێک لەو جارانەى کە من نێوەندگیریم دەکرد لە نێوان شۆڕشی کوردی و حکومەتی بەعسدا، هاتم بۆ کوردستان، کۆبوونەوەى مەکتەب سیاسییان هەبوو، نزیکەى ٢٠ کەس ئامادە بوون لە بارەگای مەکتەب سیاسییان، زۆریشم پێ ناخۆشبوو کە بە کۆتایی شۆڕشی ئەیلوولیان دەگوت: ئاشبەتاڵ. مام جەلال دانیشتبوو، گوتم: کامتان عادل موڕادن؟ کەسێک هەستایەوە و گوتی: "من عادل موڕادم" منیش گوتم: وەرە لەلای منەوە دانیشە. کە هات، گوتم: باشە تۆ بەردەوام ئەم وشەى ئاشبەتاڵ، ئاشبەتاڵە لەسەر زمانتە، مەلا مستەفا هەر ئاشبەتاڵی هەبووە؟ ئەى نیو سەدە بڕنەولەشان بە شاخەکانەوە بۆ کورد و کوردستان دەسووڕایەوە، تۆ لە کام کۆڵاندا هەڵماتێنت دەکرد؟ عەیب ناکەی لە خۆت، قسە و ناو و ناتۆرەى وا بڵاودەکەیتەوە؟! مام جەلال قسەکەى منی پێ خۆش بوو، تەنانەت گوتی: کاک موکەڕەم! ڕەخنە لە من دەگرن، گوایە جارێک لەگەڵ کاک مەسعوود چووین بۆ شوێنێک، من کاک مەسعوودم پێشی خۆم خستووە! منیش گوتم: جا ئەوە فەزیلە و گەورەییە، نەک نەقس و کەمی. تۆ پێشکەوی یا ئەو پێشکەوێ، تۆ هەر مام جەلالی و ئەویش هەر کاک مەسعوودە. 
هەر بۆ پێکەنینی مەجلیس، بەسەرهاتێکم گێڕایەوە، گوتم: لە مەلای مەشهوورەیان پرسی: مەلا! مرۆڤ لە پێش جەنازەوە بڕوا باشترە یا لە دوای جەنازەوە؟ مەلای مەشهوورەش گوتی: هەر لە ناو تابووتەکەدا نەبێت، ئیتر فەرق ناکا لە کوێوە ڕێ دەکات! من پێمناخۆشبوو کە تەواوی مێژووی سەرکردەیەک، مرۆڤێک لە ڕووداوێکدا کە ناچار بووە، کورت بکرێتەوە، ئەگەر ئەوە ناوی ئاشبەتاڵ بێت، ئەوا شێخ مەحموودى حەفیدیش سێ جار ئاشبەتاڵی کردووە. چەندجار کە شکستی هێناوە، گوتوویەتی: موڵکەکانم بدەنەوە و دەچم لە ماڵی خۆمدا دادەنیشم و هیچیش ناکەم. بەڵام ئایا شێخ مەحموود هەر ئەوەی هەیە؟ دەبێ مرۆڤ، یا میللەتەکەى هەر ئەوە ببینن، یا دەبێ نیو سەدە خەبات و تێکۆشانی ئەو پیاوە لەبەرچاو بگیردرێت؟! 
دواتر بە عادل موڕادم گوت: بنەماڵەى ئاشبەتاڵ (کە جەنابت زۆرت پێخۆشە وایان پێ بڵێین) بە قەدەر هەموو کوردستانی باشوور خەباتیان کردووە و قوربانییان داوە بۆ کورد، هەر لە شێخ عەبدوسسەلامی بارزانییەوە کە لە سێدارەدرا، تا شێخ ئەحمەد و تا مەلا مستەفا، کە چەندانجار زیندانیکران و نەفیکران و دەربەدەرکران و ماڵیان تاڵانکرا. تەنانەت ساڵانی چلەکان، مەلا مستەفا بوو شۆڕشی کرد و تەنانەت ئێمەى حیزبی هیوایش نەمانتوانی هاوکاریی بکەین، چونکە ئێمە حیزبی شۆڕش نەبووین!



گوڵنار: با لە باسی نسکۆى شۆڕشی ئەیلوولەوە، بچین بۆ سەربەخۆنەبوونی کورد، لە کاتێکدا شۆڕشی ئەیلوول درێژترین ماوەى شۆڕشەکانى کورد بووە و تا ڕادەیەکی زۆریش سوپای بەرامبەرى بە چۆکدا هێناوە، یا زۆرجار گورزی لێ وەشاندووە، هەروەها ڕێککەوتننامەکانى ١٩٦٤ – ١٩٦٦ – ١٩٧٠ گەورەترین دەستکەوتبوون کە ئەم شۆڕشە بەدەستیهێنان، پشتگیریی ئێران و ئەمریکا و ئیسرائیلیش، ئەگەرچی بۆ بەرژەوەندیی ئەو دەوڵەتانە بووە، بەڵام ئەمە تا ڕادەیەک گرنگیی ئەو شۆڕشە دەگەیەنێت، بۆچی کورد لەگەڵ ئەو هەموو شۆڕشانەیدا، سەربەخۆنەبوو، کیانێکی سەربەخۆى بۆ دروستنەکرا؟

تاڵەبانی: تا ساڵی ١٩٦١ هەرچی شۆڕشی کورد هەبووە، پشتی بە هێزی عەشایەر بەستووە، هەموو شۆڕشێک هێزە سەرەکییەکەی بریتی بووە لە هێزی جوتیار و کرێکار، بەڵام نەک سەرۆکعەشیرەتەکان، چونکە حکومەت پێشوەختە هاوکاریی سەرۆکعەشیرەتەکەى کردووە و هەندێ شتی پێداوە، لە کاتی شۆڕشی دژە حکومەتدا، لە بەرژەوەندیی حکومەتدا پاشەکشەى کردووە و دژی شۆڕشی میللەتەکەى وەستاوەتەوە! وە ئەمە بووەتە هۆى پەرتەوازەبوونی ڕیزەکانى شۆڕش. بەڵام لە ساڵی ١٩٦١دا گۆڕانکارییەکی بنچینەیی ڕووی دا، شۆڕش پێشمەرگەى خۆى دامەزراند و لەگەڵ ئەوەشدا عەشایەر و خەڵکی ئاساییش سوێندخواری مەلا مستەفا بوون، بەڵام کە شۆڕش دەستیپێکرد، هیچیان پێ نەکرا و زۆرینەشیان پشتیان تێکرد و چوون و بوونە سەرۆکجاش لە دژی شۆڕش!
2025-01-25