فوئاد سدیق، راوێژكار لە وەزارەتی كارو كاروباری كۆمەڵایەتی كە ماوەی چوار مانگە خانەنشین بووە
ئاوازێكی پڕ لە ماتەمینی بۆ ئەو وەزارەتەی بەدەست وەزیرو بریكارەكەی خوێنی كەمئەندام و بێ دەرامەت و نەگبەتەكانی ئەم هەرێمەی لێ دەچۆڕێت.
لە چیرۆکی گەورەی هەر نەتەوەیەکدا، بەتایبەت نەتەوەیەکی برینداری وەک کورد کە لەپێناو بوون و ناسنامەدا خوێنی داوە، هەندێک دامەزراوە هەن کە لە ئەرکی سادەی کارگێڕی تێدەپەڕن؛ ئەوان دەبنە ویژدانی زیندووی کۆمەڵگە و پێوەری ئەخلاقیی گەشتە مێژووییەکەی. وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، لە هەرێمی کوردستاندا، دەبوو ببێتە دڵی پڕ لە سۆزی ئەم نیشتمانە؛ ئەو شوێنەی کە تێیدا مرۆڤدۆستی، هاوخەمی و دادپەروەریی کۆمەڵایەتی دەگاتە لوتکە و ماندوویەتیی شەهید و ئەنفالکراوان بە خزمەت دەسڕێتەوە.
بەڵام کاتێک ئەم دڵە نەخۆش دەکەوێت و ئەم ئاوێنەیە دەشکێت یان پڕ لە شوخت دەبێت ، چیتر وێنەیەکی سادە ناگێڕێتەوە. پارچە شکاوەکانی ئاوێنەکە ، هەر یەکەیان گۆشەیەک لە تراژیدیایەکی قووڵترمان نیشان دەدەن؛ وێنەی شێواوی کۆمەڵگەیەکی بریندار و نیشتمانێکی هیلاک. تا زیاتر لەم پارچە شکاوە ورد بیتەوە، قووڵایی برین و تاریکیی خیانەت زیاتر دەبینیت.
لە ڕوانگەیەکی کۆمەڵناسانەوە، ئەم وەزارەتە نوێنەرایەتی "تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی" (Social Safety Net) دەکات. ئەم تۆڕە، دوا قەڵای ئومێدە بۆ ئەو هاونیشتمانیانەی کە بەهۆی هەژاری، نەخۆشی، کەمئەندامی یان هەر قەیرانێکی دیکەوە لە لێواری ژیانەوە دەکەونە خوارەوە. کاتێک ئەم تۆڕە لاواز دەبێت یان بە ئەنقەست دەپچڕێنرێت، دیاردەی کوشندەی "نامۆبوون" (Anomie) وەک ژەهر بە لەشی کۆمەڵگەدا بڵاودەبێتەوە. خەڵکی هەست دەکەن هیچ یاسا و ڕێسایەکی ئەخلاقی و کۆمەڵایەتی بۆ پاراستنیان بوونی نییە. هیوا لە دڵیاندا دەمرێت و بڕوایان بە خودی چەمکی "نیشتمان" و "حکومەت" نامێنێت.
ئەوەی ئەمڕۆ لەم وەزارەتەدا ڕوودەدات، تەنها گەندەڵی و خراپ بەڕێوەبردن نییە، بەڵکو پووکانەوەی ئەم چەترە کۆمەڵایەتییەیە. کاتێک بڕیارەکان لەسەر بنەمای میزاج و بەرژەوەندیی شەخسی دەردەچن نەک لەسەر بنەمای پێداویستیی ڕاستەقینەی هاووڵاتی، کاتێک سامانی گشتی کە دەبێت شیفای برینی هەژارێک بێت، دەبێتە کەرەستەی خۆشگوزەرانیی بەرپرسێک، ئەوا ئێمە لەبەردەم هەڵوەشانەوەی پەیمانێکی کۆمەڵایەتیداین. پەرتەوازەیی و بێسەروبەریی نیشانەی نەمانی ئەو ڕۆحە کۆمەڵایەتییەیە کە دامەزراوەکان پێکەوە دەبەستێتەوە و ئامانجێکی باڵایان پێ دەبەخشێت.
کاتێک دەسەڵات لە دەستی تاکێکدا کۆدەبێتەوە کە خاوەنی کەسایەتییەکی "تاکڕەو و میزاجی"یە،(پێیدەڵێن جەنابی وەزیر!) دەرئەنجامە دەروونییەکانی کارەساتبار دەبن. دەروونناسیی دەسەڵات پێماندەڵێت دەسەڵاتی بێسنوور مرۆڤ لە واقیع دادەبڕێت. وەزیرێک کە بڕیارەکانی لە هەڵچوونی چركەساتی و ویستی شەخسییەوە سەرچاوە بگرن، ناتوانێت لە ئازاری کەمئەندامێک، لە چاوەڕوانیی بێوەژنێک، یان لە بێهیوایی گەنجێکی بێکار(كە دڵی پڕە لە هیوا) تێبگات. ئەو لە بورجێکی عاجدا دەژی و خەڵکی تەنها وەک ژمارە یان ئامراز بۆ مانەوەی خۆی دەبینێت. لەلایەکی دیکەوە، بوونی "بریکارێکی وەزیری نەزان، (تازە زمانی گاگۆلكە دەكات و ناتوانێ لە ئازارەكانی ئەم وەزارەتە تێبگات!!) ئەم تراژیدیایە قووڵتر دەکاتەوە. نەزانی و تێنەگەیشتن لێرەدا تەنها بە مانای کەمیی زانیاری نییە،بەڵكو ئەقڵی بچووك بەڕێوەی دەبات. بەڵکو بە مانای نەبوونی توانای تێگەیشتن لە فەلسەفەی کاری کۆمەڵایەتی و ئەرکی دامەزراوەکەیە. ئەمانە(تاکڕەوی و نەزانی و ئەقڵی بچووك) تێکەڵەیەکی کوشندە پێکدەهێنن کە ژینگەی وەزارەتەکەی تەواو ژەهراوی دەكات، وەك ژەهراوییان كردووە. فەرمانبەران لەبری داهێنان و خزمەتکردن، دەکەونە گەمارۆی دەروونییەوە؛ یان دەبێت ملکەچ و بێدەنگ بن، یان پەراوێز دەخرێن.
قوربانیی سەرەکی ئەم دۆخە، لاوازترین و شکۆمەندترین چینی کۆمەڵگەیە. ئەوان دووجار ئازار دەچێژن: جارێک بەدەست قەدەری خۆیانەوە (هەژاری، نەخۆشی، کەمئەندامی) و جارێکیش بەدەست سیستەمێکی بێ سیستەمەوە کە دەبوو فریادڕەسیان بێت و لەناو ئەم هەموو مەینەتییەی ژیان رزگاریان بكات. . ئەمە هەستێکی قووڵی بێچارەیی و تەسلیمبوون (Learned Helplessness) لە ناخیاندا دروستدەکات.
وتنی ئەوەی کە "وەزارەتەکە کەوتۆتە دەست قەدەرەوە" ڕستەیەکی پڕ لە ئازارە، بەڵام لە ڕووی فەلسەفییەوە مەترسیدارە. کاتێک شکست و کارەساتەکان دەخەینە ئەستۆی "قەدەر"، لە ڕاستیدا ئێمە دان بەوەدا دەنێین کە مرۆڤەکان (بەرپرسان و تەنانەت کۆمەڵگەش) هیچ دەسەڵات و ئیرادەیەکیان نییە و لە بەرپرسیارێتی هەڵدێن. ئەمە پاساوێکە بۆ بێدەنگی و دەستەوەستانی. قەدەری ڕاستەقینەی ئەم وەزارەتە لە ڕۆژی یەکەمی دامەزراندنییەوە نووسرابووەوە کە دەبێت پەناگەی ئومێد بێت. بەڵام، ئەوەی ئەمڕۆ ڕوودەدات "قەدەر" نییە، بەڵکو دەرئەنجامی زنجیرەیەک هەڵبژاردنی مرۆیی هەڵەیە: هەڵبژاردنی کەسی نەشیاو، هەڵبژاردنی بێدەنگی لە ئاست گەندەڵی،هەڵبژاردنی بەرژەوەندیی تەسکی حیزبی و شەخسی بەسەر بەرژەوەندیی گشتی و ویژدانی مرۆڤایەتیدا. هەڵلووشینی سامانی ئەم وەزارەتە، دزینی نانی سەر سکی برسییەک و دەرمانی دەستی نەخۆشێکە؛ ئەمە تاوانێکی ئەخلاقییە کە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت.
قەیرانی وەزارەتی کار، تەنها قەیرانێکی کارگێڕی نییە، بەڵکو قەیرانێکی قووڵی ڕۆحی و ئەخلاقیی مرۆیی و نیشتمانییە. چارەسەر تەنها بە گۆڕینی وەزیر و بریکارێک ناکرێت، هەرچەندە ئەمە هەنگاوێکی زۆر بەپەلە و پێویستە. بەڵام چارەسەری ڕیشەیی پێویستی بە بەئاگاهاتنەوەی ویژدانی گشتی هەیە؛ ویژدانێک کە بزانێت ئەم وەزارەتە دڵی سیستەمە کۆمەڵایەتییەکەیە. ئێستا ئەم دڵە بە ئاستەم لێدەدات، لەسەرەمەرگدایە، کەواتە حاڵی جەستەی کۆمەڵایەتی دەبێ چۆن بێت؟ پێویستە جارێکی تر فەلسەفەی بوونی ئەم دامەزراوەیە دابڕێژینەوە؛ لەسەر بنەمای دادپەروەری، شەفافیەت و مرۆڤسالاری. ئەگینا، ئەو برینە قووڵەی لە جەستەی لاوازترین چینەکانی کۆمەڵگەدایە، ڕۆژێک دێت و دەبێتە ژانێکی کوشندە بۆ هەموومان.
فریدریک نیچە هۆشداریمان پێدەدات: "ئەوەی شەڕ لەگەڵ دڕندەكان - ئەهریمەنەکان - دەکات، دەبێت ئاگادار بێت نەوەک خۆی ببێتە ئەهریمەن. ئەگەر زۆر چاو لە قووڵایی (Abyss) بکەیت، قووڵاییەکانیش چاوت تێدەبڕنەوە. من چاوم لەم وەزارەتە بڕی و ئێستا هەستدەکەم ئەویش چاوی لە من بڕیوەتەوە و هەڕەشەی قووتدانم لێدەکات.
تا نەهاتمە ئەم وەزارەتە، نەمدەزانی پارە چەند شیرینەو گەندەڵی چەند ئاسانە. ئەم ڕستەیە تەنها دانپێدانانێکی سادە نییە، بەڵکو شاهیدییەكی زەقە لەسەر پرۆسەیەکی دەروونیی ترسناک، پرۆسەی ئاساییکردنەوەی تاوان لە سایکۆلۆژیای دەسەڵاتی ڕەهادا، مرۆڤ وردە وردە لە بەها ئەخلاقییەکانی خۆی دادەماڵرێت. "شیرینیی پارە" لێرەدا تەنها چێژی ماددی نییە، بەڵکو چێژی ئەو هەستەیە کە تۆ لە سەرووی یاساوەیت. "فەرمانێکی نهێنی" دەبێتە گۆچانی جادوویی، کە دەتوانێت سەدان ملیۆن دینار لەبەرچاو بشارێتەوە. ئاسانیی گەندەڵی لەوەدایە کە سیستەمەکە خۆی دەبێتە ئامراز. کاتێک وەزیرێک دەتوانێت بە لیژنەیەکی کارتۆنی، پەردە بەسەر گەورەترین دزیدا دابکێشێت و تاوانباران "ساغلەم" دەربچن، ئیتر خودی چەمکی تاوان و سزا پووچدەبێتەوە. لێرەدا گەندەڵی لە کردەیەکی شەخسییەوە دەگۆڕێت بۆ فەلسەفەیەکی کارگێڕی. مرۆڤەکان نامێنن، دەبنە ئامراز؛ ئامرازێک بۆ واژۆکردن، بۆ شاردنەوە و بۆ شەرعیەتدان بە ناشەرعییەت.
کاتێک وەزیرێک بەرامبەر دەستەی دەستپاکی دەوەستێتەوە و نووسراوەکانیان لای خۆی گل دەداتەوەو بێدەنگی هەڵدەبژێرێت و وەڵامیان ناداتەوە!!، ئەمە چیتر گەندەڵییەکی کارگێڕی نییە، بەڵکو کودەتایەکی فەلسەفییە بەسەر بنەماکانی دەوڵەتدا. دەستەی دەستپاکی، بە هەموو کەموکوڕییەکانییەوە، هێمای چاودێری و لێپرسینەوەیە؛ هێمای ئەوەیە کە هیچ کەسێک لە سەرووی یاساوە نییە. کاتێک ئەم هێمایە دەشکێنرێت، پەیامەکە ڕوونە: "من خۆم یاسام. من خۆم دەوڵەتم." ئەمە ترۆپکی "خۆبەزلزانین" (Hubris)ە؛ ئەو لەخۆباییبوونە کوشندەیەی کە لە تراژیدیا یۆنانییەکاندا پاڵەوانەکانی بەرەو هەڵدێر دەبرد. ژوورەکەی دەبێتە گۆڕستانێکی بێدەنگی بەڵگەنامەکان؛ هەر نووسراوێکی گلدراوە، نوکتەیەکی تاڵە بە ڕووی دادپەروەریدا و شیوەنێکە بۆ ڕۆحی سیستەمێکی مردوو.
هانا ئارێنت، لە کتێبەکەیدا باسی لە "بەناڵێتیی شەڕ" (The Banality of Evil) دەکرد؛ کە گەورەترین تاوانەکان لەلایەن مرۆڤی ئاساییەوە ئەنجام دەدرێن نەك ئەهریمەنەكان. چونكە كەسانێكی گوناه دەستخۆشی لە وەزیری ئەهریمەن دەكەن. گەندەڵییەکانی ئەم وەزارەتە نموونەی زیندووی ئەم دیاردەیەن. لێخۆشبوون لە غەرامەی کۆمپانیا زەبەلاحەکان، گزییکردن لە تەندەرەکانی چاکسازیی گەوران و دەرکردنی ئەو هەموو نووسراوە نهێنییە، هەمووی لە چوارچێوەی "ڕێکارە کارگێڕییەکاندا" ئەنجام دەدرێن. تاوانبارەکان لێرەدا ڕەنگە قاتیان لەبەردابێت و بۆنی گرانبەها بەکاربهێنن. ئەوان بە زمانی یاسا قسە دەکەن، بەڵام ناوەڕۆکی کارەکانیان دزینی قووتی هەژارێک و خنکاندنی هیواکانی کەمئەندامێکە. وێرانکارییەکە لێرەدایە: گەندەڵی نامرۆڤانەترین کارەکان بە مرۆڤانەترین شێوە ئەنجام دەدات.
ئەوەی ئەم وەزارەتەی وێران کردووە، تەنها دزینی پارە نییە، بەڵکو کوشتنی "واتا"یە. کاتێک دامەزراوەیەک کە بۆ "کاروباری کۆمەڵایەتی" دامەزراوە، دەبێتە مەیدانی دژە-کۆمەڵایەتیترین کردارەکان، ئیتر هەموو شتێک بەهای خۆی لەدەستدەدات. پرسیاری سەرەکی ئەوە نییە کە چەند پارە دزراوە، بەڵکو ئەوەیە کە چەند ڕۆح لەم پرۆسەیەدا ون بوون و چەند ویژدان لەم بازاڕە رەشەدا کڕین و فرۆشتنیان پێوە کراوە. ئەم وەزارەتە بووەتە تاقیگەیەک بۆ نیشاندانی ئەوەی کە مرۆڤ چەندە بە ئاسانی دەتوانێت لە بەرزترین ئاستی مرۆڤدۆستییەوە (خزمەتی هەژاران) دابەزێت بۆ نزمترین ئاستی دڕندەیی (دزینی قووتی هەژاران). تراژیدیای ڕاستەقینە لێرەدایە، لەم گۆڕانە بێدەنگ و ترسناکەدا.
کاتێک هێماکان دەبنە کەرەستەی تاڵان و خامەی نهێنی دەبێتە نووسینگەیەك بۆ سڕینەوەی ئەخلاق. ئاخر بۆچی وەزیرێک کە ئەرکی دابینکردنی "کاروباری کۆمەڵایەتی"یە، پێویستی بە "هۆبەی خامەی نهێنی" هەبێت؟ ئەمە پارادۆکسێکی کوشندەیە. کاری کۆمەڵایەتی لەسەر بنەمای شەفافیەت و ئاشکرایی بونیادنراوە. نهێنی، لەم چوارچێوەیەدا، دژەواتای بوونە. "خامەی نهێنی" لێرەدا ئامرازێک نییە بۆ نووسین، بەڵکو ئامرازێکە بۆ سڕینەوە؛ سڕینەوەی شوێنپێی گەندەڵی، سڕینەوەی بەڵگە و لە هەمووی ترسناکتر، سڕینەوەی بەرپرسیارێتییە. ئەم هۆبەیە، لە ڕووی دەروونییەوە، ژووری دانپێدانانی بێدەنگی تاوانە؛ دامەزراندنی سیستەمێکی تاریكە لەناو دڵی سیستەمە ڕووناکییەکەدا.
کاتێک وەزیر چوار ئۆتۆمبێل لە دەوری خۆی کۆدەکاتەوەو یەکێکیان تەسلیمی کوڕەکەی دەکات بۆ زانکۆ، ئەمە تەنها بەفیڕۆدانی سامان نییە، بەڵکو وەزیر لە ناوەرۆكە ئاسمانییەكەی دادەماڵێنێت و دەیكات بە بتێكی زەمینی بۆ ئەو دەسەڵاتەی كە بە خۆی بەخشیوە!. ئەو گرێبەستەی ڕۆحی دەسەڵاتدار بە ڕۆحی گەلەوە دەبەستێتەوە، لێرەدا دەبێتە کاغەزێکی سووتاو کە خۆڵەمێشەکەی بەسەر کەرامەتی گشتیدا دەبارێت. كاتێك لەم دیمەنە دەڕوانی، وەزیر وەک کارەکتەرێک دەردەکەوێت کە تووشی "برسێتییەکی میتافیزیکی" بووە. بۆشایی ڕۆحیی ئەو ئەوەندە قووڵە، قەت پڕ نابێتەوە. ئەمە هەر گەندەڵی نییە، بەڵکو گەیشتنە بە لووتکەی پووکانەوەی مرۆیی. سویجی ئەو ئۆتۆمبێلەی لە گیرفانی کوڕەکەیدایە، کلیلی دەرگای زانکۆ نییە، بەڵکو کلیلی ئەو گۆڕستانەیە کە خەونی هەزاران گەنجی تێدا نێژراوە. بێگومان ئەم کردارە، کفرکردنە بە مرۆڤبوون خۆی. کاتێک خزمەتکار دەبێتە جەللادو ڕێکخراوی مرۆیی دەبێتە قووتی لاشخۆر، کۆمەڵگە بەرەو "نامۆبوونێکی گەورە" هەنگاو دەنێت. هاووڵاتی لە یاسا نامۆ دەبێت، لە دەوڵەت نامۆ دەبێت، لە هیوا نامۆ دەبێت. ئاخر ئەو ئۆتۆمبێلە تەنها ئاسن و تایە نییە. دەنگی بزوێنەرەکەی، نووزەی ویژدانێکی لەسەرەمەرگدایە. ڕەنگە ڕەشەکەی، ڕەنگی ئەو چارەنووسەیە کە بۆمان دەنووسرێتەوە. بریقەکەی، بریسکەی فرمێسکی ئەو باوکەیە کە لەبەر بێکاری، شەرم لە چاوی منداڵەکانی دەکات و ئەو فرمێسکە لەسەر بۆنیدی ئۆتۆمبێلەکەدا ڕەنگیداوەتەوە. هۆڕنەکەشی... نا، ئیتر پێکەنین نییە، بەڵکو ئەو بێدەنگییە ترسناکەیە کە لە دوای هەر قاقایەکی شەیتانەوە دێت؛ بێدەنگییەک کە بە زمانی حاڵ دەڵێت: من بوونم هەیە، چونکە ئێوە نرختان نییە. ئارامیی من لەسەر حیسابی ئازاری ئێوەیە. ئەو ئۆتۆمبێلە، کە بە پارەی باجی هەژارترین کەسی ئەم کۆمەڵگەیە کڕدراوە تا ببێتە ئامرازی خزمەتی ئەوان، پەیامێکی ڕوون دەگەیەنێت: "موڵکی گشتی بووەتە موڵکی تایبەتی من. پێداویستیی بنەماڵەی من لە سەرووی مافی ئێوەی گشتییەوەیە." لێرەدا، سنووری نێوان "خزمەتکار" و "گەورە" دەسڕدرێتەوە. وەزیر لە خزمەتکاری گەلەوە دەبێتە ئاغایەک کە سامانی گشتی وەک میراتی باوکی سەیر دەکات. ئەو ئۆتۆمبێلە دەبێتە تابووتێکی گەڕۆک کە لاشەی متمانەی هاووڵاتیی تێدایەو بە شەقامەکانی شاردا دەیسوڕێنێتەوە، وەک گاڵتەجاڕییەک بەبەر چاوی هەموومان.وەزیر هێشتا بەم (4) ئۆتۆمبێلە دڵی ئاو ناخواتەوە، نووسراو بۆ مانگی سوور دەكات كە سێ ئۆتۆمبێلی پێبدەن، ئەمە ریسوابوونێكی بێ قەیدو شەرتی وەزیرو وەزارەتەكەیە.
وەزارەتی کار، وەزارەتی بەرگری نییە تا فەرمانەکانی "نهێنی و تایبەت و زۆر بە پەلە" بن. بەکارهێنانی ئەم دەستەواژانە، بەکارهێنانی "زمانی حاڵەتی نائاسایی"یە بۆ کاروباری ئاسایی؛ فێڵێکی دەروونییە بۆ ترساندنی فەرمانبەرو بێدەنگکردنی هەر پرسیارێک. بەڵام ترسناکترینیان دەستەواژەی "بەدەر لە ڕێنماییەکان"ە. ئەمە تەنها لە کاتی داگیرکاری و هەڕەشەی وجودیدا ڕەوایەتی پەیدا دەکات، ئەو كاتانەی وڵات دەكەوێتە بەر مەترسی داگیركردنی دوژمنانەوە.
ئەی وەزیری گەندەڵ!، فەرمانی (بەدەر لە رێنماییەكان)ت بۆچی دەركردووە.خۆت باش دەیزانی بەکارهێنانی ئەمجۆرە دەستەواژەیە لە دۆخێکی ئاساییدا، مانای ڕاگەیاندنی کودەتایەکی بێدەنگە بەسەر یاسادا. وەزیر بەم ڕستەیە خۆی دەکاتە سەروەری ڕەها؛ ئەو بە کۆمەڵگە دەڵێت: من خۆم یاسام ، من خۆم رێنماییم، هەر خۆشم چاودێری جێبەجێكردنی دەكەم!!.
کۆی ئەم بێباکیانە، رێساكانی پووکانەوەیە. رێسایەك کە هەموو وشەیەکی (ئۆتۆمبێل، نووسراو، فەرمان) واتایەکی پێچەوانەی وەرگرتووە. خزمەت بووەتە تاڵانی، شەفافیەت بووەتە نهێنی و، یاسا بووەتە کەرەستەی دەستی تاکەکەسێک. ئەمە ڕۆحی فەرمانبەری ڕاستگۆ وێران دەکات. ئەو فێری بێدەنگی، دووڕوویی و بێهیوایی دەبێت. ئەمە برینێکی ئەخلاقیی قووڵە (Moral Injury) کە چارەسەری نییە. بۆ هەژار و کەمئەندام و لێقەوماوانیش، ئەمە گورزی کۆتاییە. کاتێک دەبینن دوا پەناگەی ئومێدیان بووەتە شانۆی گاڵتەجاڕیی وەزیر و بریکارەکەی، ئیتر بڕوایان بە هیچ نامێنێت. پرسیاری کۆتایی ئەوە نییە کە وەزیر بۆچی ئەم کارانە دەکات، بەڵکو ئەوەیە: کاتێک ویژدانی تاکەکەسێک دەمرێت و ویژدانی کۆمەڵگەیەکیش لە خەوێکی قووڵدا دەبێت، ئایا ئیتر "قەدەر" ناوێکی تر نییە بۆ ئەو هەڵبژاردنەی کە هەموومان کردوومانە، ئەویش هەڵبژاردنی بێدەنگییە؟
بێگومان هەر تراژیدیایەک پێویستی بە پەردەی کۆتایی هەیە؛ ئەو ساتەی کە پاڵەوانەکان شانۆکە بەجێدەهێڵن و بینەران لەگەڵ دەرئەنجامی کردارەکانیان تەنها دەمێننەوە. کاتێک وەزیر کورسییەکەی بەجێدەهێڵێت، ئەوە کۆتایی چیرۆکەکە نییە، بەڵکو سەرەتای خوێندنەوەی میراتێکی ڕەشە: میراتی کاولکاری و بۆنی ئەو ڕۆحانەی کە لە ڕێگادا وشک بوون و مردن.
دوای ڕۆیشتنی وەزیر، وەزارەت نامێنێت؛ ئەوەی دەمێنێتەوە، تەنها شوێنەوارێکی بیناسازییە. ڕۆحی دامەزراوەکە کێشراوە. وەزیرێک کە لەسەر بنەمای "من"ی تاکڕەو ژیاوە، "ڕۆحێکی وشکهەڵگەڕاو" لە دوای خۆی جێدەهێڵێت. ئەم ڕۆحە، فەلسەفەی پووچگەراییە (Nihilism) کە لەناو دەروونی فەرمانبەراندا چاندوویەتی. ئەوان فێری ئەوە بوون کە ڕاستگۆیی سزا دەدرێت، دڵسۆزی پەراوێز دەخرێت و گەندەڵی پاداشت دەکرێت. ئەو بێهیواییەی کە لە سەردەمی وەزیری گەندەڵدا باڵی بەسەر وەزارەتدا کێشابوو، دەبێتە "شێرپەنجەی بێدەنگ" کە لەناو جەستەی دامەزراوەکەدا گەشە دەکات. وەزیری نوێ، ئەگەر فریشتەش بێت، دەبێت سەرەتا ئەم تەرمە بۆگەنە بنێژێت پێش ئەوەی بتوانێت تۆوی ژیان بچێنێت.
"بۆنی تەرمی مردووەکان شار دەتەنێتەوە." ئەمە تەنها وێناکردنێکی شاعیرانە نییە. بۆنی گەندەڵی، وەک گازی ژەهراوی، لە چوارچێوەی دیوارەکانی وەزارەت دەرناچێت. ئەو بێمتمانەییەی کە لەوێ چەکەرەی کردووە، بەناو کۆمەڵگەدا بڵاودەبێتەوەو کاولکارییەکە لە ئیدارییەوە دەکات بە کۆمەڵایەتی و ئەخلاقی.
وەزیر دەڕوات، بێگومان بە سامانێکی زۆرەوە. وادەزانێت براوە بووە، بەڵام لە ڕاستیدا گەورەترین دۆڕاوی ئەم یارییەیە. سایکۆلۆژیا پێمان دەڵێت کە ویژدان، کاتێک دەکوژرێت، دەبێتە تارماییەک کە هەرگیز واز لە خاوەنەکەی ناهێنێت. سامانی دزراو دەبێتە قەفەزێکی زێڕین کە تێیدا زیندانی کراوە. دەتوانێت هەموو شتێک بکڕێت، جگە لە ئارامیی ناوەوە. "تا دەمرێت، هەر درۆ دەنووسێتەوە و 'من من من'ێکی بەتاڵ دووبارە دەکاتەوە. ئەمە میکانیزمێکی بەرگریی دەروونییە. "من"ـی گەورەکراو، هەوڵێکە بۆ داپۆشینی ئەو بۆشاییە گەورەیەی کە لە ناخیدا دروست بووە. ژیانی دەبێتە شانۆگەرییەکی بێکۆتا کە تێیدا ئەکتەری سەرەکی و تەنها بینەریش هەر خۆیەتی.
ئەوانەی لەبەرامبەر وەزیردا وەستانەوە، ئەوانەی پەراوێز خران و وەزیر وەك دوژمنی سەرەكی سەیری دەكردن، راستە لەو ساتەدا لە رێگای خامەی نهێنی و تەلەفۆنی بەردەوامی بۆ سەرووی خۆی، ئەو دڵسۆزانە سەرنەكەوتوو دادەنران،بەڵام فەلسەفەی مێژوو فێرمان دەکات کە ڕاستی، وەک ڕووبار، ڕەنگە بۆ ماوەیەک رێگری لێبکەیت، بەڵام لە کۆتاییدا وەك تاڤگە دەڕژێتە ناو دەریاوە. سەرکەوتنی ڕاستەقینەی پەراوێزخراوەكان و نەیارانی وەزیر لەوەدایە کە "ویژدان"ـیان ئاسوودەیە. ئەوان کاتێک لە ئاوێنەیەكدا سەیری خۆیان دەكەن، مرۆڤێک دەبینن نەک تاوانبارێک. ئەمە گەورەترین سامانە کە هیچ وەزیرێکی گەندەڵ ناتوانێت بیدزێت. کاتێک تۆمارەکانی مێژوو دەنووسرێنەوە، ناوی وەزیر لە سەرەوەی لاپەڕە ڕەشەکاندا دەبێت، بەڵام ناوی ئەو پەراوێزخراوانە بە پیتی زێڕین دەنووسرێتەوە، وەک نموونەی بەرگری لە شەرەفی نیشتمان و کەرامەتی داماوەکانی ئەم کوردستانە.
لەکۆتاییدا، کاتێک تۆزی جەنگەکە دەنیشێتەوە، تەنها یەک شت دەمێنێتەوە: ڕاستی. چیرۆکی وەزارەتێکی کاولکراو، وەزیرێکی خاوەن ویژدانێکی مردوو،بریكارێكی جاهیل و نەزان لە مردوو مردووتر، ئەو کەسانەی کە لەناو تاریکییدا مۆمێکیان داگیرساند. وانەی کۆتایی ئەوەیە: ڕەنگە بتوانیت دامەزراوەکان وێران بکەن، بەڵام هەرگیز ناتوانن چرپەی ویژدان بۆ هەمیشە کپ بکەن. ئەو چرپەیە لەناو کەلاوەکانیشدا هەر دەمێنێتەوە و گەواهی لەسەر هەموو شتێک دەدەن.
هەموو ژیانێک، لە کۆتاییدا، بە کردەیەک یان بڕیارێک کورتدەکرێتەوە کە دەبێتە پوختەی بوونی. بۆ من، ئەو ساتە، ساتی خانەنشینبوون بوو؛ ساتی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ دوا تاقیکردنەوەی فەلسەفیدا: ئایا ڕێگە بدەم کۆتایی چیرۆکی خزمەتم بە قەڵەمێکی ژەنگاوی بنووسرێتەوە، یان دوا دێڕی ئەم چیڕۆكەم(كە دەیان داستانی لەخۆی گرتبوو) بە مەرەکەبی شکۆی خۆم بنووسم؟ من دووەمیانم هەڵبژارد.
من ئامادە نەبووم وەزیرێکی گەندەڵ سوپاسم بکات. ئەم ڕستەیە تەنها بڕیارێکی سادە نییە، بەڵکو کردەیەکی قووڵی دەروونناسانەیە بۆ پاراستنی "یەکپارچەیی خود" (Integrity of the Self). ڕێزلێنان، کاتێک لەلایەن کەسێکەوە پێشکەش دەکرێت کە ڕێزی لێناگریت، دەبێتە "ژەهری هێمایی". قبوڵکردنی، واتە داننان بە شەرعیەتی ئەو دەسەڵاتە گەندەڵە؛ واتە تۆش دەبیتە بەشێک لەو شانۆگەرییە درۆیینەی کە بۆ سپیکردنەوەی ڕووی ڕەشی ستەمکاری ساز کراوە. هەستمدەکرد ئەگەر ئەو خەڵاتە وەربگرم، شکۆم نامێنێت. چونکە "شکۆ" (Dignity) لە ناوەوەی مرۆڤەوە سەرچاوە دەگرێت، نەک لە قەڵغانێکی بریقەدارەوە. قبوڵکردنی، وەک ئەوە وابوو دان بەوەدا بنێم کە زیاتر لە ٣٠ ساڵ خزمەتی من و چەند ساڵێکی گەندەڵی ئەو، لەسەر یەک تەرازوو کێشیان یەکسانە. ئەمە خۆکوشتنێکی مەعنەوی بوو کە ئامادە نەبووم ئەنجامی بدەم. ڕەتکردنەوەکە، هاوارێکی بێدەنگی ڕۆحم بوو کە دەیگوت: من جیاوازم. چیرۆکی من و تۆ هەرگیز یەک نییە.
لە ڕوانگەی کۆمەڵناسییەوە، من بە ڕەتکردنەوەی ئەم ڕێوڕەسمە، لە ڕاستیدا مەیدانی شەرەف م گواستەوە. "سوپاس و پێزانینی من لەناو منداڵە ڕەش و ڕووتی گەڕەکە هەژارنشینەکان و منداڵانی بێسەرپەرشتاندایە. من کۆمەڵگەی ڕاستەقینەم لە چاوی ئەو منداڵانەدا دەبینی، نەک لە چاوی ئەو وەزیرو دەستوپێوەندانەی کە لە بورجە عاجییەکانیاندا لە ئازاری خەڵک بێئاگا بوون. شانازیی من ئەو پێکەنینە بوو کە لەسەر لێوی منداڵێکی بێناز بێ سەرپەرشت دەمچاند. ئەمانە ئەو میدالیایانەن کە لەسەر سنگی ویژدانم هەڵیان دەواسم و هیچ دەسەڵاتێک ناتوانێت بیانبەخشێت یان لێیان بسەنێتەوە.
کردەی من، دەنگدانەوەی هەڵوێستی ئەو ڕۆحە مەزنانەیە کە لە مێژوودا ڕەتیان کردەوە ملکەچی دەسەڵاتی ستەمکار بن. ژان پۆل سارتەر لە ساڵی ١٩٦٤ خەڵاتی نۆبڵی ڕەتکردەوەو گوتی: "نووسەرێک نابێت ڕێگە بدات خۆی بکرێتە دامەزراوە." شێخ ڕەزای تاڵەبانیش، دیاریی دەسەڵاتداری ڕەتکردەوە تا قەڵەمە تیژەکەی ئازاد بێت. ئەم هەڵوێستانە یەک پەیامیان هەیە ئەویش ئەوەیە: شەرەفی مرۆڤ کاڵا نییە تا کڕین و فرۆشتنی پێوە بکرێت.
ئێستا کە لە ماڵەوە دانیشتووم، هەست بە ئارامییەکی بێوێنە دەکەم.دەیان بەڵگەی گەندەڵی كۆكراوەشم لایە. من لە وەزارەتێکی کاولکراو خانەنشین بووم، بەڵام شانشینێکی ئاوەدانی ویژدانم لەگەڵ خۆمدا هێناوەتەوە. من هیچ بڕوانامەیەکی ڕێزلێنانی درۆینەم لەسەر دیوار هەڵنەواسیوە، بەڵام وێنەی پێکەنینی ئەو منداڵانە لەناو دڵمدا هەڵواسراون.
من وای تێگەیشتووم، چیرۆکی هەر مرۆڤێک لەسەر ئەو شتانە هەڵناسەنگێنرێت کە کۆی کردووەتەوە، بەڵکو لەسەر ئەو شتانەی کە ڕەتی کردووەتەوە. من سامانم کۆنەکردەوە، بەڵام شکۆم پاراست. من پۆستم بەدەست نەهێنا، بەڵام ویژدانم نەدۆڕاند. من چیرۆکەکەم نەهێشت بە قەڵەمی ئەو بنووسرێتەوە. کتێبەکەم بە دەستی خۆم داخست و لەسەر دوا لاپەڕەی، تەنها چەند وشەیەکم نووسی: شکۆ، ئەخلاق، نیشتمانپەروەری، ئازایەتی و ئازادی.
2025-07-10