تیۆری پلانگێڕی و شکستە مێژووییەکانی!

2022-12-19

ڕەوا موسا

پێڕی پلانگێڕی و جەماعەتی هات هاتەکە گەیشتنە ناو وەرزش و تۆپی پێشەوە! ببینن پێشتر چەند پێشبینی تری هەڵەیان کردووە...

تیۆری پلانگێڕی بەم شێوە بەکۆمەڵەی ئێستا دیاردەیەکی نوێن لە جیهاندا و ژەهرێک بوو بۆ یەکەمجار لەلایەن شیوعیەکان و پاشان فاشیستەکانەوە بەسەر مرۆڤایەتیدا ڕژێندرا. وڵاتانی دیکتاتۆری شیوعی پڕۆلیتاریا  و فاشیستی نەتەوەیی بۆ ملکەچکردنی خەڵک و پاراستنی دەسەڵاتی خۆیان پەرەیان بەجۆرێکی ترسناکی ڕاگەیاندن و میدیادا کە لەکۆتاییدا تیۆری پلانگێڕی لێ لەدایک بوو و لەهەناوی ڕاگەیاندنی ساختە و پڕوپاگەندەوە دەرچوو! پڕوپاگەندە و هەواڵی ساختە مێژووێکی دێرینی هەیە بۆ پێش زایین دەگەڕێتەوە بەتایبەتی لەکاتی جەنگدا بەکارهاتووە و ئامرازێکی سەرکەوتووبووە، بەڵام تیۆری پلانگێڕی بەرزترین ئاستی پڕوپاگەندەیە کە لەمێژووی مرۆڤایەتیدا بەم ئاستە فراوانە هاوشێوەی نەبووە! سەرەتا کەمتر گرنگی پێدەدرا چونکە دەسەڵاتداران و بەرە سیاسیەکان باوەڕیان بەوەنەبوو کە خەڵک متمانەیان پێبکات و سیقەبکەن. کەچی دوای ئەو پێشوازییە زۆرەی لەلایەن خەڵکەوە لێی کرا زۆرینەی بەرە و ئاراستە جیاوازە سیاسیەکان کەم تا زۆر بۆ مەرامەکانی خۆیان بەکاریانهێنا و دەستیان بەم کاسبیە حەرامە کرد! 

پێشتر تەنها ئامرازێکی سیاسی بوو بۆ هێشتنەوە یان گرتنە دەستی دەسەڵات بەکاردەهات، بەڵام لەئێستادا سنورەکەی فراوانتربووە و تەنانەت وەرزش و تۆپی پێشی گرتۆتەوە! لێرەدا نامەوێت زۆر درێژەی پێبدەم چونکە هەرچیەک بکەین  لەپۆستێکدا ناتوانین حەقی خۆی بەبابەتەکە بدەین، لێرەدا تەنها هەندەک لەنوێترین فەڵتەکانی لایەنگرانی تیۆری پلانگێریتان بیردەخەمەوە ئینجا خۆتان بڕیاری لەسەربدەن،

بەپێی نوێترین پێشبینی و لێکدانەوەکانی لایەنگرانی تیۆری پلانگێڕی دەبوو ئەم ڕووداوانەی خوارەوە ڕوویاندابا:

1- ئوسامە بن لادن دەستی بەسەر ئەفغانستان و خۆراساندا گرتبا و دەوڵەتێکی سەربازی گەورەی درووستکردبا ئینجا لەوێوە هێرشی کردبایەتە سەر ئێران، چونکە لای زۆرێک لە لایەنگرانی تیۆری پلانگێڕی لە جیهانی ڕۆژهەڵات ئوسامە بن لادن ئەمیری سوپای ئاڵا ڕەشەکەبوو کە دەبوو شەڕی کۆتایی جیهانی بکردبا پێش دەرکەوتنی ئیمامی مەهدی. کەچی لەلایەکی ترەوە لەلای لایەنگرانی هەمان تیۆر لە ڕۆژئاوا ئوسامە بن لادن جاسوسی CIA ی ئەمریکا بووە! واتا لایەنگران هەریەکەیان بەپێی ئاراستە و بیروباوەڕە سیاسیەکەی خۆیان ڕووداوەکانی جیهانیان لەگەڵ سیناریۆکانیان گونجاندووە! 

2- قاعیدە یان تاڵیبان دەبوو ناوچەی پەشتون و بەلوچستانی پاکستانیان کۆنتڕۆڵ کردبا چونکە دەبوو لەناوچەی بۆلانی بەلوچستانەوە سوپاکەیان دەرچووبا بۆ ئەفغانستان و ئێران! 

3- ساڵی 2011 و 2012 سەرجەم وڵاتانی کەنداو و نیمچە دورگەی عەرەبی و مەغریب و سودان دەکەوتن و حکومەتەکانیان دەگۆڕا! وەکو ئامادەکارییەک بۆ دامەزراندنی ئیسڕائیلی گەورە!

4- ساڵی 2014 سوپای سوریای ئازاد دیمەشقی کۆنترۆڵ دەکرد!

5- ساڵی 2016 تورکیا و ڕووسیا دەکەوتنە جەنگێکی گەورەوە و نیمچە دوورگەی کریمیاش گۆڕەپانێکی خوێناویی جەنگەکە بوو! کەوتنە خوارەوەی فڕۆکە ڕووسیەکە و کوشتنی ئەندریۆ کارلۆڤی باڵوێزیش وەکو ئامادەکارییەک بوو بۆ جەنگەکە تا بیانووێک درووست ببێت!

6- ساڵی 2017 لەدوای سەد ساڵ لە ڕێککەوتنامەی سایکس بیکۆ دووبارە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابەشدەکرایەوە و چەندین دەوڵەتی نوێ لەدایک دەبوون لەوانە تەنها لە عێراق چوار دەوڵەتی نوێ درووستدەبوو! 

7- هەر ساڵی 2017 ئیسڕائیلی دووەم درووستدەکرا وەکو دوا ئامادەکاری بۆ دامەزراندنی ئیسڕائیلی گەورە، ئیسڕائیلی دووەم مەبەستیان پێ لە دەوڵەتی کوردستان بوو!

8- ساڵی 2018 جەنگی سێیەمی جیهانی هەڵدەگیرسا لەمانگی چوار دواتر گۆڕدرا بۆ مانگی هەشت و پاشان مانگی دوانزە! 

9- هەر ساڵی 2018 ئابوری چین لەڕووی GDP و بودجەوە پێش ئابوری ئەمریکا دەکەوتەوە! 

10- ساڵی 2019 سوپای تورکیا و سوپای سوریا دەکەوتنە شەڕێکی بەرەیی قورسەوە هەروەها بەشار ئەسەد ئەو وەحشە سوفیانیە بوو کە عێراق و سوریای داگیردەکرد و شەڕی ئیمامی مەهدی دەکرد! 

11- ساڵی 2020 دۆناڵد تڕەمپ بۆ دووەم خول لەسەریەک دەبۆوە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لەکاتێکدا دەبوو پێشتر هیلاری کلینتۆن بووبایەتە سەرۆک ئینجا تڕەمپ لەدوای کلینتۆن دەبووە سەرۆک!

12- دۆنالد ترەمپ دیموکراسی لەناو دەبرد و حوکمی دیکتاتۆری سەربازی بەسەر ئەمریکادا دەسەپاند و جەنگی سێیەمی جیهانی هەڵدەگیرساند!

13- کۆکاکۆلا بڕاندەکەی گۆڕیبا و بیکردبایە بە new coke پاشان دوای هەڵاوسان و هەڵایەکی زۆر بە مەواد و پێکهاتەی هەرزانتر دووبارە کۆکاکۆلای خستبایەتەوە بازاڕ! 

14- ئیمپڕاتۆر نیرۆی ڕۆم کە لەساڵی 68 زایینی خۆی کوشتووە هێشتا لای هەندەک لە لایەنگرانی تیۆری پلانگێڕی زیندووە و ڕۆژێک دەگەڕێتەوە سەر تەخت و حوکمڕانیەکەی! ئەم چەند ساڵە ساڵی گەڕانەوەی بوو بەڵام نەمانبینی.

15- دەبوو سولی مادۆنسێنا چەند ساڵێک بوایە دەوڵەتێکی گەورەی کارتۆنی ئەمریکی لە ئەفریقای باشور درووستکردبا کەچی خۆی لە 2016 لەحوکم نەما و ئەم پێشبینیەش شکستی هێنا!

 


ئەگەر باسی لێکدانەوە و پێشبینیەکانی ئەم جەماحەتە بکەین بە پۆستێک و دووان تەواو نابین، زۆرن لەو شتە سەیر و سەمەرانەی بەبێ بەڵگە باس دەکرێن و پاشان پێشبینی هەڵەی تێدا دەکەن. لەوانە دەڵێن گەردەلولەکەی ئەمریکا لە 2013 تاقیکردنەوەی چەکی گۆڕەڕی کەشوهەوا بووە یاخود ماوەی دوو ساڵە دەڵێن ساڵی 2023 دووبارە دەوڵەتی عوسمانی درووست دەکرێتەوە و تورکیا هەرێمی کوردستان داگیردەکات ئەوەمان پێشتر لە وتارێکی ڤیدیۆییدا بە وردی باس کردووە. لەئێستاشدا هەندەک لەلایەنگرانی تیۆری پلانگێڕی کە هاندەری مێسی نین و ڕقیان لێی دەبێتەوە دەڵێن گوایە جامی جیهانی فرۆشراوە! ئاخر سەیرە چۆن 32 فیدراسیۆنی تۆپی پێی 32 وڵاتی جیهان ڕێک دەکەون لەسەر ئەوەی جامەکە بدەن بە مێسی! هەر فیدراسۆنەو چەند پارەیان وەرگرتووە؟! ئینجا دەستەی سەرپەرشتیاران و دەستەی ناوبژیوانی هەر یارییەک لەچەندین نەتەوەی جیاواز پێکهاتبوون کە هەریەکەیان نوێنەرایەتی فیفا و فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەی خۆیان دەکرد بەجیا ئیدی ئەو گەلەکۆمەکیە چۆن کرا و کێ کردی؟ کێ توانی چەندین وڵاتی دوژمنی سیاسی و دینی و کەلتوری لەسەر شتێک کۆبکاتەوە و ڕێکیانبخات؟! ئەگەر جامێک بفرۆشرێت دەبوو فەڕەنسا بیکڕیبا کە هەزار ئەوەندەی  ئەرجەنتینێکی هەژار و داماو کاریگەری و هەژموونی سیاسی و سەربازی و ئابوری و کەلتوری و دیبلۆماسی هەیە بەسەر ئەورووپا و جیهاندا! ئەرجەنتین ئەگەر بڕیاربێت بتوانێت شتێک بکڕێت ئێستا دوورگەکانی فالکلاندی دەکڕیەوە کە پەڵەیەکی زەبەلاحی شەرمەزاری مێژووییە بەناو چەوانی گەل و خەڵک و وڵاتی ئەرجەنتینەوە کە بەریتانیەکان وەکو گێچەڵ و سوکایەتییەک لێیان داگیرکردوون! لەوەش سەیرتر ئەوەیە بەشەکەی دیکەی لایەنگرانی تیۆری پلانگێڕی چونکە هاندەری مێسین لەم مەسەلەیەدا پشتی براکانیان ناگرن و بێدەنگن....

ئەم سەرکەوتنە زەحمەتەی ئەرجەنتین کە چەندین جار نزیک بوو لەوەی بدۆڕێت و هەر لەسەرەتاوە بەهەڵبژاردەی سعودیا دۆڕا، پاشان بوونی مباپێ بەگۆڵکار و گیرانی دوو پەناڵتی بۆ فەڕەنسا و ئەو ئاستە بەرزەی مێسی بە شەخسی پێشکەشی کرد و چەند گەڕاندنەوەیەکی سوتفەیی و مەحاڵی مارتینیزی گۆڵپارێز لە خولەکەکانی کۆتاییدا تیۆری ئەم جارەشی شکست پێهێنا، بەڵام هەتا سۆشیال میدیا مابێت ئەم قسە هەلیت و پەلیتانە دەمێننەوە و نابڕێن، کاری ئێوەش ئیهمال کردن و پشتگوێ خستنیانە. لەم ژیانە پڕ ئاڵۆزیی و کێشەیەدا بەدوای سەرئێشەی زیاتردا مەگەڕێن و عەزابی دەروونی خۆتان مەدەن...