دوا نامەی نەوشیروان مستەفا بۆ مام جەلال

2022-12-24

لە دوایین نامەیدا بۆ مام جەلال، نەوشیروان بۆ تاڵەبانی دەنووسێت کە جیاوازییەکی گەورە هەیە لە ئاستی ژیان و دەستکەوت و ئیمتیازاتی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و وەزیرەکان و ئەندام پەرلەمان لەچاو نزمی ئاستی ژیانی هاووڵاتییاندا.

ئەو نامەیە کە لە بەرواری ٦ ــ ٤ ــ ۲۰۰٦ نەوشیروان مستەفا بۆ مام جەلالی نووسیوەو دەقەکەی لە کتێبی " بروسکەنامە"دا بڵاوکراوەتەوە، گلەیی ئەوەی لێدەکات کە مام جەلال هیچ گۆڕانکارییەکی نەکردووە بەسەر ئەو کارە سیاسییانەی کە ئەوان تێبینی و گلەییان لێی هەبووە.

کتێبی " بروسکەنامە"، نامەو بروسکەی نێوان مام جەلال و مەسعود بارزانی و نەوشیروان مستەفایە، لە ساڵی ۱۹۹۰ تا ۲۰۰۹،  وەکو لە ناوەرۆکی نامەکانی ناو کتێبەکەوە دەبینرێت، لە زۆربەی ئەو نامانەی کە نەوشیروان مستەفا ئاڕاستەی مام جەلالی کردووە، نامەی گلەیی و گازندەو ڕەخنە بووە.

لەو دوا نامەیەدا کە بۆی نووسیوە، نەوشیروان مستەفا بە مام جەلال دەڵێت: هەندێک کاربەدەست لە حکومەت و یەکێتیدا کە پێشتر نەدارو هەژار بوون، لەپڕ دەوڵەمەند بوون، بەبێ ئەوەی هیچ دەستگایەک هیچ لێکۆڵینەوەیەکی لەگەڵدا کردبن، یان لە کەسێکیانی پرسیبێتەوە.

نەوشیروان مستەفا، لە نامەکەیدا بۆ مام جەلال، ئەوەشی پێدەڵێت کە داهات و دەرامەتی حکومەت و حیزب لە تاریکی تەواودایە کەس نازانێ چەندەو چۆن سەرف ئەکرێ و بەکێ ئەدرێ، گرێبەستی چەند ملیۆنی چۆن بەم و بەو ئەبەخشرێ؟

نەوشیروان مستەفا نامەکەی بۆ مام جەلال بەوە دەستپێدەکات کە ئەو و چەند ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی لە ۱٥ ــ ۱۰ ــ ۲۰۰٤دا یاداشتێکیان پێشکەش بە سکرتێری گشتی کردووەو بەڕوونی و دیاریکراوی هەلومەرجی ناوخۆی یەکێتیان باسکردووەو لەپاش چەندین گفتوگۆش لەگەڵ سکرتێری گشتی گەشتوونەتە تێگەشتن بۆ ئەوەی چاکسازی لەیەکێتی و حکومەتدا بکرێت و سکرتێری گشتیش خۆی سەرکردایەتی پرۆسەی چاکسازی بکات.

لەپاش پێشەکی نامەکەی، نەوشیروان مستەفا دەڵێت: پاش ئەوەی من بە دڵێکی پڕ لە هیواوە دوای ساڵانێ دابڕان لە مەکتەبی سیاسی بە گەرمی کەوتمەوە کارو بەشداری کۆڕو کۆبوونەوەکانم کرد، کەچی پاش ماوەیەک بۆم دەرکەوت لە باتی ئەوەی خەریکی جێبەجێکردنی ناوەرۆکی نامەکەبن و پرۆسەکە بە هەنگاوی ڕێکوپێک لە هەموو بوارە حیزبی و حکومەتییەکاندا بۆ پێشەوە بچێ، لەشوێنی خۆیدا چەقیوە.

لەنامەکەیدا بۆ مام جەلال، ئاماژە بەوە دەدات کە ناڕەزایی لەناو کۆمەڵانی خەڵکدا، لە پێشەوەیان لەناو ڕیزەکانی یەکێتی دا بەجۆرێکی کوشندە تەنیوەتەوەو نەوشیروان مستەفا نووسیویەتی، خەڵک و ئەندامانی یەکێتی بە ئاشکرا دژی ئەم دیاردانە دەدوێن:

ـــ جیاوازییەکی گەورە هەیە لەبەرزی ئاستی ژیان و دەستکەوت و ئیمتیازاتی ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و وەزیرەکان و ئەندامانی پەرلەمان، لەچاو نزمی ئاستی ژیانی کادرەکانی یەکێتی و هاووڵاتیاندا.

ــ هەندێک کەسی کاربەدەست لە حکومەت و یەکێتیدا، کەپێشتر نەدارو هەژار بوون، لەپڕ دەوڵەمەند بوون، بێ ئەوەی هیچ دەزگایەک، هیچ لێکۆڵینەوەیەکی لەگەڵ کردبن، یا لە کەسێکیانی پرسیبێتەوە.

ــ خۆخۆیی، خزمایەتی، واسیتە، مەحسبوبیەتی حیزبی و دەستگەری، بوونەتە هۆی سەرەکی دامەزراندن لە وەزیفە بەرزەکانداو لە دابەشکردنی پارەو زەوی نیشتەجێبوون و کشتوکاڵ و ئۆتۆمبێل و لە سەفەری دەرەوەدا.

پاش ئەوە ڕەخنە لە خودی تاڵەبانی دەگرێت و پێیدەڵێت: سکرتێری گشتی ئەوەندەی بواری هەبووبێ دەستی خستووەتە ناو هەموو کارەکانی یەکێتی و حکومەتەوەو گەشتوومەتە ئەو باوەڕەی کە سکرتێری گشتی و زۆرینەی هەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی، تەنها بۆ هێمنکردنەوەی ناڕەزایی و دەمکوتکردنی خەڵک باسی چاکسازی ئەکەن.

 

لە کۆتایی نامەکەیدا، نەوشیروان مستەفا بۆ مام جەلال دەنووسێت: من بەم نامەیە ئاگادارتان دەکەم کە ئیتر لەکۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی و هیچ چالاکییەکتاندا بەشدار نابم و ئۆباڵی سیاسی هیچ بڕیارێکتان و هەنگاوێکتان هەڵناگرم، لەمڕۆژە بەدواوە نە خۆم بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی و نە خۆم بە هاوبەش ئەزانم لەکارو بڕیارەکانی داهاتووتاندا".

لەپاش پازدە ڕۆژو لە ۲۱ ــ ٤ ــ ۲۰۰٦ دا، مام جەلال وەڵامی نامەکەی نەوشیروان مستەفا دەداتەوەو بۆی دەنووسێت: زۆرم حەز دەکرد هاتبایت بۆ کۆبوونەوەکە، تاکو پێکەوە دوو بە دوو، هەم بە کۆمەڵ مەسەلەکانمان باس کردبا، بەڵام وا دیارە تۆ باکی ئەوەت بوو لەگەڵ مڵم جەلال تێک نەگیرێیت، کەچی سەیرەکە ئەمەیە کە من زۆربەی پێشنیارەکانی تۆم بەلاوە پەسەندە".

لە بەشێکی دیکەی وەڵام نامەکەیدا، مام جەلال بۆ نەوشیروان مستەفای نووسیوە:" ئەوەی ڕاستی بێت تۆ لەخۆم زۆر نزیک دەبینم کە لەزۆر بۆچوون و هەڵسەنگاندندا وەک یەکین، ئەوەی من لێی ڕازی نیم و نامەوێت لێت بشارمەوە، ئەمەیە کە تۆ لە پاشملە لەسەر هەموومان بە دەرەجەی جیا جیا قسە دەکەیت، هەرچەندە بەڵێنیش دەدەیت کەوا نەکەیت، لێت ناشارمەوە، ئەمە هۆیەکە لە هۆکایەکانیتر کە نامەوێ لە هەموو یان چەندین ڕەئی و بۆچووندا هاو ڕەئیت بم، جگە لەوەش ڕەخنەکانت لە یەکێتی بەگشتی ڕەوان، بەڵام زۆر توندوشێوەی دەربڕینیان ناڕەوان.

لە کۆتایی نامەکەیدا بۆ نەوشیروان مستەفا، مام جەلال بەو دەڵێت:" هەرچۆنێک بێت، حەز دەکەم بزانیت من لە خۆشەویستی و پێزانینی جوامێری و دلێری خۆت بەولاوە، چیترم لە دڵدا نییە بەرانبەر تۆ، پڕ بە دڵ ئارەزوش دەکەم بچینەوە دۆخی جاری جاران".