درۆنی ئێرانی لە جەنگی ڕوسیا و ئۆکرانیا حەشر دەكات؟

 ئۆکرانیەکان ھەڕەشەی ھێرش بۆ سەر تاران دەکەن 
2023-01-02

درۆنە ئێرانیەکان لەجەنگی نێوان ڕووسیا ئۆکرانیا ھەرایەکی گەورەیان ناوەتەوە و کێشەکانی نێوان ئەوروپا روسیایان ھێندەی تر قوڵ کردوەتەوە بە تایبەت کە لە شەش بەرەی جیاوازەوە ٤٠٠ درۆنی شەھابی ئێرانی خاکی ئۆکرانیەکان ئەکێڵن

ئەم پرسە ئەمریکی و ئەوروپیەکانی تەواو نیگەران کردوە و لەماوەی دوو مانگدا شەش سەرکردەی باڵای سوپای پاسدارانیان خستوەتە لیستی رەش و دوو کۆمپانیای گەورەی ئێرانیشیان بلۆک کردوە .

ئۆکرانیەکان دەڵێن درۆنە ئێرانیەکان ئاراستەی شەڕەکەیان لە قازانجی رووسیا گۆریوە بە تایبەت کە ئەو جۆرە درۆنە خۆ کوژە و ھیچ جۆرە رادارێکیش نایخوێنێتەوە تا دەتەقێتەوە و تواناشی ھەیە بچێتە ھەموو جێگایک و قوڵای خاکی ئۆکرانیا و لەماوەی چەند مانگی رابردوشدا ھەستیارترین دامەزراوەكانی ئۆكرانیایان كردۆتە ئامانج.

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا نکۆلینکۆ لە کۆنفراسێکی ڕۆژنامەوانیدا سوپای پاسدارانی تۆمەتبار کرد بەکوشتنی خەڵکی سڤیلی ئۆکرانی و ھەرەشەی ھێرش کردنە سەر تارانیشی کرد  ئەگەر سوپای پاسداران نەوەستن لە بەرھەمھێنان و پێدانی درۆن بەسوپای روسیا .

لەم دواییانەدا درۆنە تورکی و ئێرانیەکان ئاراستەی جەنگی روسیاو ئۆكرانیایان لە بەرژەوەندی خۆیان یەکلایی کردوەتەوە و ئێستا جەنگەکە لە رووکاردا بوەتە جەنگی درۆنی نێوان ئێران تورکیا و ھەردوو لا بە تووندی سەرقالی بەرھەمھێنانی درۆنی زیاترن بۆ ھەردوو بەرەی جەنگەکە.

تورکیا درۆنی بەیرەقدار بەرھەم دەھێنێت و بەروسیا و ئۆکرانیاشی دەفرۆشێت و لەبەرەی جەنگ ھەیە دوو بەیرەقدار روو بەرووی یەک دەبنەوە بە تایبەت ئەم حالەتە چەند جارێک لە خێرسۆن بەدیکرا بەلام دواتر روسیا کاتێک ئێرانیەکان درۆنی شەھابیان بەرھەم ھێنا کۆتاییان بەکڕینی بەیرەقدار ھێنا و بە شەھاب جارێکی تر گەرانەوە بەرەی جەنگەکەو پێشرەوی کردن .

حوسێن ئەمیر عبداللھیان وەزیری دەرەوەی ئێران دواجار دانی نا بەوەی ئەوان ھاوکاری ھاوپەیمانە روسەکەیان دەکەن بە پێدانی درۆن و گوتیشی تا ئێستا ٤٠٠ درۆنمان رادەستی روسەکان کردوە لە بەرنامەمان ھەیە ٢٠٠٠ دانەیان رادەست بکەین و شارەزایانی سوپای روسیش لەسەر بەکارھێنانی رابھێنین بۆ ئەوەی پێویست نەبێت شارەزایانی ئێرانی بگەنە کێف و خێرسۆن .

 

درۆنە تورکی و ئێرانیەکان بە پێشکەوتوترین تەکنۆلۆجیای نوێی سەربازی دروست کراون و گرفتەکە ئەوەیە تەنانەت ئەوروپا و ئەمریکا و روسیا و سینیش خاوەنی ئەو درۆنانە نین و بەھۆی پێشکەوتوییان نازانن چۆن مامەڵەی لەگەڵدا بکەن و ھیچ دژە درۆنێکیش کاریان تێ ناکات و ناتوانێت رایان بگرێت و ئەوانیش تا ھەستیارترین خاڵی سەربازی دەچن و لە قوڵترین خاڵدا ئامانجی خۆیان دەپێکن ،

ھەرچەندە ماوەی مانگێکە ئەمریکا لە خێرسۆن دژی درۆنە ئێرانیەکان جۆرە موشەکێکی دژە درۆنیان داوەتە ئۆکرانیەکان بەلام بەپێی زانیاریەکان دژە درۆنەکە بەڕێژەی ٤ لە ١٠ـی درۆنەکان دەدۆزێتەوە و ئەو رێژەیە بۆ بەیرەقدار کەمتریشە .

لە ئێستادا بەھۆی کاریگەری درۆنە تورکی و ئێرانیەکان جەنگی نێوان روسیا ئۆکرانیا زیاتر بوەتە جەنگێکی ئاسمانی و ھێرشی کتوپر و کورت و خێرا و جەنگی سەرباز و زەووی کەمتر بوە و وەکو سەربازانی ئۆکرانی دەڵێن دەبێت چاوەرێی ھاتنی لە پڕی درۆنە خۆ کوژەکان بن .

لەماوەی رابردوودا روسیا ستراتیژی شەڕەكەی لە ئۆكرانیا گۆڕیوە و بە درۆنی ئێرانی هێرشدەكاتە سەر دامكەزراوەكانی ژێرخانی ئابوری ئۆكرانیا وەك وێستگەكانی بەرهەمهێنانی غاز و كارەبا و دامەزراوە سەربازیە گەورەكان.

تەنانەت درۆنەكانی ئێران نەك تەنها لەسەر ئۆكرانیا بەڵكو مەترسی لەسەر تەواوی ئەورپاش دروستكردووە و ئەوروپیەكان پێیان وایە دوور نییە لە داهاتودا درۆنی ئێرانی بگاتە سەر ئاسمانی وڵاتەكانی ئەوانیش ئەگەر رێگری لێ‌ نەكرێت.
پارتی ویەکێتی، بە کێشەکانی ٢٠٢٢ وە پێ دەنێنە ٢٠٢٣
باڵی هەڵۆکان لەناو هەردوو حیزبدا زاڵن بەسەر باڵی کۆترەکاندا
لەنێوان هەردوو حیزبدا گرەوی گەورە لەسەر سلێمانی دەکرێت
لەسەر کێشەکانی هەرێم یەکلانەبونەوە و کەرکوکیشی هاتە سەر.

کۆتا مانگەکانی ساڵی ٢٠٢٢، بە جارێک پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی لە گرێژنە دەرچوو، کار گەیشتە ئەوەی قوباد تاڵەبانی بایکۆتی حکومەت بکات و بە ئێستاشەوە نەگەڕاوەتەوە و دواتر تیمی یەکێتیشی لە کۆبونەوەکان کشاندەوە، هەر ئەوەندەش نا، جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆکی هەرێم، ئەوەی نەوترا وتی لەسەر پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی و وتی، هیچ کات هێندە خراپ نەبوە، مەگەر لەسەردەمی شەڕی ناوخۆ.

لە کۆتا رۆژەکانی ساڵی ٢٠٢٢ بە رازی بون بە گۆڕانکارییەکانی هەردوو حیزب لە حکومەت و لێدوانە باشەکانی بەرپرسانی هەردوو حیزب و کەمپەینی ئاشتەوایی کەناڵەکەی مەسرور بارزانی، هیوای ئەوەی دروست کرد، کە لەگەڵ دەستپێکردنی ساڵی نوێ، هەردوو حیزب دابنیشن و کێشەکانیان چارەسەر بکەن، بەڵام لەپڕ کێشەکان گەورە کرانەوە.

ئاماژەکان روونن، دیارە باڵی هەڵۆکان، ئەوانەی خوازیارن کێشەکان چارەسەر نەبن و لەگەڵ ماڵجیایی و توندکردنەوەی کێشەکاندان، هێشتا لەناو هەردوو حیزبدا دەسەڵاتیان زۆرە.

لەناو یەکێتیدا باڵی هەڵۆکان، پێیانوایە نابێت هیچ نەرمی بەرامبەر پارتی بنوێنرێت، چونکە پارتی هیچ سنورێکی نەهێشتۆتەوە و ئەوەی لەدەستی هاتوە بەرامبەر یەکێتی درێخی نەکردوە، لەدوای ٨ ی تەموزیشەوە، بەتەواوەتی دەستوەردان دەکات لە کێشەکانی یەکێتی و پەیوەندییەکانی لەگەڵ لاهور شێخ جەنگی ئاسایی کردۆتەوە، هێز بۆ خەڵکی سنوری دەسەڵاتی یەکیتی دروست دەکات، دۆسیە یاساییەکانی دژی ماڵی تاڵەبانی دەباتە هەولێر، ئەوە سەرەڕای سزادانی سلێمانی.

بە هەمانشێوەش لەناو پارتیدا باڵی هەڵۆکان، پێیانوایە دۆسیەی هاوکار جاف، بابەتێک نیە بۆ گفتوگۆ، هەرچی روو بدات، نابێت پارتی لەسەر ئەو دۆسیەیە سازش بکات، چونکە دەست براوە بۆ ئارامی هەولێر، هەر ئەوەندەش نا، باڵی هەڵۆکانی ناو پارتی پێیانوایە، پارتی بەرامبەر بافڵ تاڵەبانی تا ئێستا زۆر نەرمی نواندوە، لەکاتێکدا بافڵ تاڵەبانی درێخی نەکردوە و هەرچی بۆ کراوە و بە دەمیدا هاتوە، بە پارتی وتوە.

بە پێچەوانەوە، لەناو هەردوو حیزبدا، باڵی کۆترەکان، پێیانوایە کێشەکان لە حەجمی خۆی زیاتر گەورە کراون، پێویستە لەپێناو پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستاندا، جگە لە گفتوگۆ و دانوستان بیر لە هیچ رێگایەکی دیکە نەکرێتەوە.
هەرچۆنێک بێت، لەم کاتەدا، کە پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر باشە و داهاتی ناوخۆ زیادیکردوە و خەڵکی کوردستان ئومێدیان هەیە ساڵێکی باش بەڕێ بکەن، ئا لەم کاتەدا، کەس نەبۆتە مەترسی بۆسەر هەرێمەکە و خەڵک پارتی و یەکێتی نەبێت، لانی کەم چەند مانگێکە دۆخی دەرونی خەڵکیان بە کێشەکانی خۆیانەوە تێکداوە و رۆژ بە رۆژ خەڵک زیاتر بێ ئومێد تر دەکەن، ئێستاش کە ئومێدێکی چارەسەر هەبوو تا چەند رۆژێک پێش ئێستا هەردوولا دیسان کێشەکان گەورە دەکەنەوە.
شەوی رابردوو، کە خەڵک لە ئاهەنگ گێڕان بوو، سەیری کەناڵەکانی هەردولات بکردایە تێدەگەیشتی چ باسە، هەردولا دەیان ویست بڵێن، سنوری ئێمە ئارامە و ئەولا وانیە، هەردولا شەڕیان بوو لەسەر سلێمانی، یەکێتی وا پیشانی دەدا شامی شەریفە و پارتیش وا پیشانی دەدا، ئەفغانستان و شاری روداوە ناخۆش و کارەساتەکانە.
لە ٤٨ کاتژمێری رابردوشدا، لەسەر ئەو کەرکوکەی لە ١٦ ئۆکتۆبەر، کورد لە دەستی دا، هەردوو حیزب و بەرپرسەکانیان، کارێکیان بە یەک کردوە، با بە دەواری شڕی نەکردوە.
چاوەڕێ بن، بزانین لە ٢٠٢٣ چی روو دەدات، باڵی هەڵۆکان سەر دەکەون یان باڵی کۆترەکان؟