وردەکاری بردنی دۆلار لە عێراق و هەرێمەوە بۆ دەرەوەی وڵات

2023-01-02

بۆ ڕێگرتن لە بردنە دەرەوەی دۆلار لە عێراقەوە بۆ ئێران و سوریا و وڵاتانی دەوروبەر، ئەمەریکا بانکی فیدراڵی عێراقی ناچارکردووە کار بە سیستەمی "سویفت" بکات، بەڵام ئێران و گروپە نزیکەکان لێی کە لە عێراق کاردەکەن، کۆڵ نادەن، ڕێوشوێنەکانی دەستخستنی دۆلاریان بۆ کڕینی پارەی کاش لە بازاڕەکاندا گۆڕیووە، ئەمەش بەهای دۆلاری بەرانبەر دیناری عێراقی بەرز کردووەتەوە.
سیستەمی "سویفت"، دەستخستنی دۆلاری لە ڕێگەی بانکەکانەوە بۆ ئێران قورسکردووە، بەو پێیەی ڕێگە بە هیچ بانک و بازرگانێک نادرێت پارە بباتە دەرەوە، تا ئەوکاتەی هەژماری بانکی و ناونیشانی ئەو وڵاتە دەداتە بانکی فیدراڵی کە کاڵاو شمەکی لێدەکرێت، دواتر پارەکەی بۆ هەواڵەی ئەو وڵاتە دەکرێت.
ناوەڕاستی مانگی ڕابردوو، بانکی ناوەندی عێراقی، چوار بانکی ئەهلی لە پرۆسەی کڕین و فرۆشتنی دۆلار دوورخستەوە، بە گومانی ئەوەی دۆلاری ئەمەریکییان لە عێراقەوە بردووەتە دەرەوە، بانکەکان بریتی بوون لە (شەرقولئەوسەت، ئاسیا، ئەلئەنساری و قابز).
محەمەد حسێن، شارەزای بواری ئابووری و توێژەر لە ناوەندی عێراقی بۆ شیکارییە ئابوورییەکان، دەڵێت"سیستەمی سویفت و سزادانی چەند بانکێک، تاڕادەیەکی زۆر ڕێگری کردووە لە بردنی دۆلار بۆ ئێران و سوریا و حیوبوڵا."
جەختیشیکردەوە"بەرزبوونەوەی بەهای دۆلار سیاسییە، چونکە ئەو بانک و کەسایەتییانەی پێشتر پارەیان دەبردە دەرەوە، ئێستا لە بازاڕدا پارەی کاش بۆ ئەو وڵاتانە دەکڕن، ئەمەش بووە هۆی گرانبوونی بەهای دۆلار، چونکە خواست لەسەر دۆلار لە خستنەڕوو زیاترە."
مانگی ڕابردوو، بەهای 100 دۆلاری ئەمەریکی لە 146 هەزار دینارەوە بەرزبوویەوە بۆ نزیکەی 160 هەزار دینار، چاودێران هۆکارەکەی بۆ کەمی خستنەبازاڕی دۆلار لەلایەن بانکی فیدراڵی عێراقەوە دەگێڕنەوە، بەشێوەیەک پێشتر لە ڕۆژێکدا، 240 ملیۆن دۆلاری خستبوویەوە بازاڕەوە، بەڵام ئێستا ڕێژەکەی بۆ 50 ملیۆن دۆلار دابەزاندووە.
 بە چەندین ڕێگەی جیاواز و لە بازاڕەکانی عێراق و هەرێمەوە، پارە دەبرێتە ئێران و تورکیا و وڵاتانی تر، بەشێک لەو پارانە لەلایەن بازرگانانەوە و بەشێکی تریان لەلایەن کەسانی دەسترۆیشتووەوە دەبرێن.
عەلی عیساوی، کە بازرگانێکە و ماوەی 30 ساڵە لە بواری دراودا کاردەکات، دەڵێت"بەشێک لە بازرگانەکان بە رێگەی قاچاخی جۆراو جۆر، دۆلار دەبەنە ئێران و تورکیا، لەوێ تمەن و لیرەی پێدەکڕن، دواتر تمەن و لیرەکە دەهێننەوە و لەهەرێم بەگرانتر دەیفرۆشنەوە، تەنانەت بازرگان هەبووە لەم ڕێگەیە ئیفلاسی کردووە و چەندین ملیۆن دۆلاری خوراوە."
ئەو وتیشی"گرفتە گەورەکە ئەوەیە، چەندین کۆمپانیا لە عێراق هەن کە ئیش بۆ وڵاتانی دراوسێ دەکەن، لە ڕێگەی گرێبەستی وەهمییەوە دۆلار بۆ وڵاتانی دراوسێ دەست دەخەن."
 ئەو چوار بانکەی لەلایەن بانکی ناوەندی عێراقەوە سزادراون، کە بریتین لە ( شەرقولئەوسەت، ئاسیا، ئەلئەنساری و قابز) یەک کەس خاوەنییانە و کەسێکی عێراقییە.
ئێران کە دراوەکەی بەهای بەتەواوەتی لەدەستداوە، بەشێوەیەک چوارملیۆن و 250 هەزار تمەن، بەرانبەرە بە 100 دۆلاری ئەمەریکی، ئێستا لەهەمووکات زیاتر پێویستی بە دەستخستنی دۆلارە، بۆ ئەم مەبەستەش پشتی بە عێراق بەستووە.


هۆشیار عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی دارایی لە خولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت"بانکی فیدراڵی ئەمەریکا کاتێک بە دۆلار داهاتی نەوت ڕادەستی بانکی فیدراڵی عێراق دەکات، بارکۆدی دۆلارەکانی لایە، لە ڕێگەی جوڵەی بانکییەوە دەزانێت ئەو دۆلارانە دەڕواتە چی وڵاتێکی تر، ئەمە جگە لەوەی ئەمەریکا هێندە دۆستی لە نێو حکومەتی عێراق دا هەیە، ئاگاداری بردنە دەرەوەی دۆلار بێت."
 وتیشی"ئەمەریکا کێشەی لەگەڵ ئەو پارەیە نییە لە بەرانبەر ئاڵوگۆڕی بازرگانی دەڕواتە دەرەوە، بەڵام پێیوایە زیادەڕۆیی هەیە لە قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و بەشێکی پارەکە سپی دەکرێتەوە."
بەپێی وتەی چاودێرانی ئابووری، ئەو بانک و کۆمپانیا و کەسایەتییانەی کار لە بردنە دەرەوەی دۆلار دەکەن، نزیکن لە حکومەتی عێراق و حیزب و لایەنە عێراقییەکانەوە، بەڵام لە پێناو سزا نەدانیان لەلایەن ئەمەریکاوە، بەناوی خەڵکی ئاساییەوە کاردەکەن.
عەلی حەمە ساڵەح ئەندامی پەرلەمانی کوردستان، چەند ڕێگەیەکی بردنە دەرەوەی دۆلاری لە عێراق و هەرێمەوە بۆ وڵاتانی دراوسێ ئاشکرا کرد، وتی"بەناوی کڕینی کاڵاوە پارە دەبرێتە دەرەوە، بۆ نموونە دەڵێن بە بەهای 50 ملیۆن دۆلار مەوادی کارەباییمان هاوردە کردووە، لە کاتێکدا مەوادەکانیشیان هاوردە نەکردووە و ئەوراقیشییان بۆ کراوە."
بە پێی وتەی عەلی حەمە ساڵەح، بردنە دەرەوەی پارە بۆ تورکیا و دوبەی بە بێ ئەوەلیات ئاسانترە، بەو پارانە لەوێ موڵک دەکڕدرێت، دواتر موڵکەکان دەفرۆشرێنەوە و ئەوەلیات بۆ پارەکان دروست دەکرێت، بەمجۆرەش بردنی پارەکان بۆ وڵاتانی تر ئاسانتر دەبێت.
دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس و لەکاتی چاپکردنی دراوی نوێی عێراق دا، هەر 150 هەزار دیناری عێراقی لەبەرانبەر 100 دۆلاردا بۆ هاوڵاتیان گۆڕدرایەوە، بەڵام دواتر لە ڕێگەی خستنە بازاڕی بڕێکی زۆر دۆلارەوە لەلایەن بانکی ناوەندی عێراق، بەهای دیناری عێراقی بەرزکرایەوە، بەجۆرێک 100 دۆلار یەکسانکرا بە 120 هەزاری عێراقی.
دوای تێپەڕبوونی 20 ساڵ، جارێکی تر بەهای دیناری عێراقی شکاو لە ئێستادا، 100 دۆلار بەرانبەرە بە 153 هەزار دیناری عێراقی، هۆکاری ئەمەش بۆ کەمی خستنەڕووی دۆلار لەلایەن بانکی ناوەندی عێراق و ڕێگرتن لەبردنە دەرەوەی دۆلار دەگێڕدرێتەوە.