ناوچەی ئارام لە یارییەکی نوێی ترسناکدا!

بۆچی ڕووسیا دەیەوێت پارێزگاری لەمانەوەی ئەردۆگان بکات؟ 
2023-01-02

ڕەوا موسا


لە مانگی شەشی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری تورکیا بەڕێوەدەچێت، بەپێی ڕاپرسییەکان ئەمجارە ناو و ناوبانگی ئەردۆغان لە مەترسییەکی جددی دایە و ئەگەری زۆری هەیە لە هەڵبژاردنی ئەمجارەدا شکست بهێنێت و سەرکەوتوونەبێت. بەتایبەتی ئەگەر هەڵبژاردنەکە بچێتە خولی دووەمەوە ڕەنگە تەواوی ئۆپۆزسیۆنی تورکیا لەسەر ئەوە ڕێکبکەون دەنگ بەو ڕکابەرەی ئەردۆگان بدەن کە لەگەڵیدا دەچێتە خولی دووەمەوە، پێدەچێت ئەویش بەربژێری پارتی جەهەپە بێت و لەلایەن پارتەکانی تری ئۆپۆزسیۆنەوە بەتایبەت "هەدەپە و ئیێ پارتی" پشتیوانی لێ بکرێت، هاوشێوەی سیناریۆی هەڵبژاردنی ڕابردووی شارەوانی ئەستەمبوڵ کە ئەکرەم ئیمامئۆغلۆی کاندیدی جەهەپە لەلایەن هەردووک پارتی هەدەپە و ئیێ پارتییەوە پشتیوانی لێکرا لەدژی بینالی یڵدرمی کاندیدی ئاکپارتی، بەمەش جەهەپە بۆ یەکەمین جار لەدوای نزیکەی 40 ساڵ لە کودەتاکەی ساڵی 1980 توانی سەرۆکی شارەوانی ئەستەمبوڵ بەدەستبهێنێتەوە و گورزێکی گەورەی لەهەژموونی ئاکپارتیدا لە بەهێزترین شاری سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی تورکیا! 

ترس لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی کۆماری داهاتوو بە هەر چوار پەلی ئەردۆگانی هێناوەتە جموجۆڵی دیبلۆماسییەوە لەگەڵ وڵاتانی جیهان تا لەڕێگەیەوە پێگەی جەماوەری خۆی لە ناوخۆ بپارێزێت. یەکێک لە هەرە گەورەترین کێشەکانی خەڵکی تورکیاش ئاوارەکانی سوریان کە دۆخی ئابوری و گوزەرانی خەڵکیان زۆر قورس کردووە، نزیکەی 3.5 ملیۆن ئاوارەی سوری لەتورکیادا هەن کە خەڵک پێیان وایە هۆکاری یەکەمی بەرزبوونەوەی کرێی خانوو و خواردن و ڕسوابوونی ئیش و کارن لەتورکیادا. بۆئەوەی ئەردۆگان کێرفی جەماوەریی خۆی بەرزبکاتەوە یەکەم هەنگاو چاوی لێبێت ناردنەوەی ئاوارەکانی سوریایە بۆ وڵاتەکەیان. بۆ ئەمەش دەمێکە چاوی لە لەناوچەی ئارامە و تەکیدمان لێکردۆتەوە کە دەستبەرداری نەبووە، چونکە لەگەڵیدا پێگەی سیاسی کوردیش لاواز دەکات لە سوریا. ڕەجەب تەیب ئەردۆگان ناوچەی ئارامی دەوێت بە ڕێگای دیبلۆماسی بێت یان ڕێگای سەربازی، بۆیە لە ماوەی داهاتووی نزیکدا جموجۆڵێکی زۆری سیاسی و دیبلۆماسی تورکیا دەبینین لەگەڵ ڕووسیادا بۆ جێبەجێکردنی ئەجێنداکەی...

 ئەگەرچی بەشار ئەسەد بەهیچ شێوەیەک حەزناکات هاوکاری ئەردۆگان بکات بۆمانەوەی لەدەسەڵات، بەڵام لەژێر گوشاری ڕووسیادا ناچارە مامەڵە لەگەڵ تورکیا بکات، چونکە هەرگیز لە بەرژەوەندی ڕووسیانییە ئاکپارتی لەدەسەڵات نەمێنێت. بەدیلی ئاکپارتی بریتییە لە جەهەپە و هەدەپە و ئیێ پارتی کە هەرسێکیان لایەنگری یەکێتی ئەورووپان "Pro-european" ئایدۆلۆژیا و کارکردنیان ڕۆژئاواییانەیە پاڵپشتی سیاسەتی چوونە ناو یەکێتی ئەورووپا و جێبەجێکردنی ئەرکەکانی ناتۆ دەکەن، لەکاتێکدا ئاکپارتی سیاسەتێکی مامناوەند لەنێوانی ڕووسیا و ناتۆ جێبەجێ دەکات و بەرژەوەندییەکانی خۆی لە دەستپێشخەرییە هەنوکەییەکان دەبینێت نەک چوونە ناو  ستراتیژێکی سیستەمیانە. ئەم سیاسەتەش چەندین کاری لەبەرژەوەندی ڕووسیادا کۆتایی هات، بۆنموونە  ئاکپارتی دەستپێشخەری کرد بۆ ڕێککەوتننامەی هەناردەی گەنمی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا، کاتێکیش ئەورووپا سزای بلۆکی بازرگانی بەسەر ڕووسیادا سەپاند ئەردۆگان ڕازی نەبوو گەرووی بۆسفۆرۆس و دەردانێل بەڕووی کەشتییە بازرگانییەکانی ڕووسیا دابخات، هەروەها بەپێچەوانەی هەموو عورف و نەریتەکانی ناتۆ سیستەمی بەرگری S400ی لە ڕووسیا کڕیووە بەمەش بووە یەکەم وڵاتی ئەندامی ناتۆ کە چەکی قوڕس لە ڕووسیا بکڕێت. بۆیە بەهەموو مانایەکی جیۆپۆلەتیکی مانەوەی ئاکپارتی لەدەسەڵات بۆ ڕووسیا پێویستییەکی گرنگە بۆئەوەی لە ململانێکانی بەرامبەر ڕۆژئاوا هاوکار و کارئاسانی بێت، ئەگەرچی لەهەندێک بابەتیشدا ململانێی توندی لەگەڵ هەیە بەڵام هەرچۆنێک بێت بەهۆی نەبوونی بەدیلەوە ناچارە هاوکاری مانەوەی ئاکپارتی بێت لەدەسەڵات....

 

ئەو هاوکارییەش کە باسی دەکەین بە دەرەجە یەک ڕازی بوونیانە بەگەڕاندنەوەی ئاوارە سورییەکان لە تورکیاوە بۆ باکوری سوریا واتا دەقیق بۆ ناوچەی ئارام! چ بەئاشتی بێت یان بەشەڕ ئاکپارتی پێویستی بە سەرکەوتنی ئەم پڕۆژەیە هەیە و ڕووسیاش بەرامبەر ئێران هەموو هەوڵی خۆی دەدات پڕۆژەکە بەئاشتی بەڕێوەبچێت ئەگینا لەکۆتاییدا گڵۆپی سەوز بۆ ئۆپەراسیۆنی سەربازی تورکیا هەڵدەکات بەتایبەتی لەناوچەی مەنبج و تەل ڕەفعەت. کارتێکی تری ڕووسیاش کە دەمێکە بە تورکیای بەخشیووە ڕاگرتنی هێرشی سوپای سوریا و میلیشیاکانی ئێرانە بۆسەر پارێزگای ئیدلیب، پارێزگای ئیدلیب دوایین قەڵای پتەوی ئۆپۆزسیۆنی ڕاستەقینەی سوریایە بەرامبەر دیمەشق، ئەوی تر کە ماوەتەوە لە ئەلباب و سەرێ کانی و گردەسپی ئۆپۆزسیۆنی ساختەن بەشێوەیەکی جوزئی لەژێر کاریگەری تورکیادان. ئەگەرچی ئیدلیب لەژێر دەسەڵاتی " هیئات تەحریر الشام"دایە کە هێزێکی سەربەخۆیە لەماوەی ڕابردوودا چەندین جار تەحەدای هەژموونی هێزەکانی تری هاوپەیمانی تورکیای کردووە، لەدوایین تەحەدادا دەستیان بەسەر شاری عەفریندا گرت، ترسی ئاکپارتی لە لەناوچوونی "هیئات تحریر الشام"نییە ئەگەر هاوسەنگی هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانیش تێکبدات چونکە متمانەی تەواوی بە هاوپەیمانەکانی خۆی نییە لەئەگەری سەرکەوتنی تەواوەتیان و زاڵبوونیان بەسەر گۆڕەپانەکەدا پشتی لێ بکەن، ترسەکەی ئاکپارتی لەوەدایە هێرشی سوپای سوریا بۆسەر ئیدلیب ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی ئاوارەبوونی سێ ملیۆن ئاوارەی تری سوری بۆناو تورکیا و بەیەکجاری ئابوری وڵاتەکە دەشڵەقێنن و ئاسایشی کۆمەڵایەتی تێکدەدەن بەمەش لەنزیکترین هەڵبژاردنی دوای گرتنی ئیدلیب لەلایەن سوریاوە شتێک نامێنێت بەناوی ئاکپارتی لەدەسەڵات! ڕووسیا هەرگیز نایەوێت گوشارێکی وا توند لە تورکیا بکرێت چونکە ئاکپارتی ناڕاستەوخۆ  یارمەتیدەری بووە لە ململانێکانی دژی ئەورووپا.


لەمەودواش جموجۆڵی دیبلۆماسی چڕ و پڕ دەکەوێتە نێوانی تورکیا و ڕووسیا و سوریاوە تا کارتە بەهێزەکەی ناوچەی ئارام وەکو دیارییەکی گرانبەها لە ڕووسیا وەربگرێت و زامنی مانەوەی خۆیان بکەن لەهەڵبژاردنی داهاتووی مانگی شەش. باسی ئەمجارەمان لەسەر ناوچەی ئارام چڕکردەوە بەهۆی ئەوەی کاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر بەرژەوەندییە جیۆپۆلەتیکییەکانی گەلی کورد درووستدەکات لە ناوچەکەدا بەهۆی ئەوەی دیموگرافیای هەرێمەکە بەتەواوی دەگۆڕێت و لەو کاتە بەدواوە  شتێک نامێنێت بەناوی ڕۆژئاوای کوردستان و عەرەب دەبێتە زۆرینەی ڕەها!