ئەو دادگاییەی ڕێڕەوی مێژووی گۆڕی

128 ساڵ بەسەر دادگایی ئەلفرێد دریڤوس تێپەڕی
2023-01-05

ڕەوا موسا

لەڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا و لەساڵی 1895 دادگای سەربازی فەڕەنسا  بەتۆمەتی سیخوڕی کردن بۆ ئەڵمانیا حوکمی زیندانی هەتاهەتایی و دوورخستنەوەی بۆ دوورگەی شەیتان لە کەناراوەکانی ئەمریکای لاتین بۆ کاپتین ئەلفرێد دریڤوسی ئەفسەری هێزی تۆپخانەی سوپای فەڕەنسا دەرکرد. هەموو بەڵگەکان بێ تاوانی ئەلفرێد دریڤوسیان دەسەلماند و لەجیاتی ئەو تاوانباری ڕاستەقینە لیوایەکی تری فەڕەنسی بوو بەناوی " فێردیناند ئیستەرهازی" بەڵام چونکە ئەلفرێد بە ڕەچەڵەک جولەکە بوو بۆیە دادگا چاوی لە ڕاستییەکان داخست و ناعەدالەتییەکی گەورەیان ئەنجامدا...

 ئەوەی ڕێڕەوی مێژووی گۆڕی ئەوەبوو لەو ڕۆژەدا بەڕێککەوت سیاسەتمەدار و بیرمەندی گەورەی جولەکە "سیۆدۆر هێرزڵ" لە دادگاییەکە ئامادەبوو، کە پێشتر بە توندی دەوڵەتی بۆ جولەکە ڕەتدەکردەوە و پشتیوانی ئەو سیاسەتەی دەکرد کە جولەکەکانی جیهان لەناو وڵاتاندا خۆیان بتوێننەوە تا لەکێشە بەدووربن، بەڵام کاتێک بینی کەسایەتییەکی وەک ئەلفرێد لە گەنجییەوە خزمەتی سەربازی فەڕەنسا دەکات و شەڕ لەپێناو گەلی فەڕەنسادا دەکات بەڵام زۆر بەئاسانی کردیانە قوربانی خانەدانێکی فەڕەنسی و تۆمەتی درۆیان بۆ هەڵبەست، هەموو ئەمانەش لەبەر ئەوەی خوێنی جولەکەی تێدابوو ئیدی خزمەت و قوربانیدانەکەیان لەبەرچاو نەگرت و بەفیڕۆیاندا! لەو ڕۆژە بەدواوە بیرکردنەوەی سیۆدۆر هێرزڵ گۆڕا و لەخۆی هەڵگەڕایەوە و دەستی کرد بە دژایەتیکردنی بیرکردنەوەکانی ڕابردوو! هەستی بەوەکرد هەتا جولەکە نەبێتە خاوەنی دەوڵەتی خۆی هەمیشە چەوساوە و ستەمدیدە دەبن و بەچاوی سوک سەیردەکرێن، ئەگەرچی دەیان ساڵیش نەپساوە خزمەتی دەوڵەتێک بکەیت هێشتا لای ئەوان بێگانە دەبیت و بە هاوڵاتی پلە دوو هەژماردەکرێیت! بۆیە سیستەمێکی نوێی سیاسی بۆ جولەکە درووستکرد کە پێیدەگووترا "زایۆنیزم" کۆنگرەی گەلی جولەکەی بۆ دامەزراند و ساڵانە کۆنفڕاسی گەورەی ڕێکدەخست بۆ هەموو زانا و بیرمەندانی جولەکە تا ستراتیژێکیان درووستکرد بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی جولەکە....

 دواجار ستراتیژەکەی سیۆدۆر هێرزڵ دامەزراندنی دەوڵەتی ئیسڕائیلی لێ کەوتەوە!...

ئەگەر نەهاتبا و سیۆدۆر هێرزڵ بە ڕێککەوت ئەم دادگاییەی بەچاوەکانی خۆی نەدیتبا ئەوا هەرگیز شتێک نەدەبوو بەناوی زایۆنیزم، بۆیە ئەم دادگاییە بەیەکێک لەو ڕووداوانە دادەنرێت کە ڕێڕەوی مێژووی گۆڕی. هەموو جولەکەیەک لە بەڵا و نەگبەتی بێ دەوڵەتی و خزمەتکردنی بێگانە تێگەیشتن بەڵام هێشتا بەشێکی زۆری گەلی کورد لەناو ئەم زۆلکاوەدا پشتە مەلە دەکات!.