پەیوەندییە نهێنیەكانی نێوان پارتی و بزوتنەوەی گۆِڕان ئاشكرا دەبێت

"پاشکۆبوونی گۆڕانیان بەرامبەر بە هەندێ پۆست و پارەی مانگانە کڕیبوو"
2023-01-09

پەڕلەمانتارێكی پێشوی گۆڕان پەردە لەسەر پەیوەندییە نهێنیەكانی نێوان بزوتنەوەی گۆڕان و پارتی لادەدات و دەڵێت"بۆم دەرکەوت ئەمە بەشێک بوو لەو سەفقەیەی لەپێش هەڵبژاردنەکانی کوردستان لەنێوان هەردوولادا دەستیپێکردبوو و پاشکۆبوونی (گۆڕان)یان بەرامبەر بە هەندێ پۆست و پارەی مانگانە کڕیبوو..
كاوە موحەمەد،پەڕلەمانتاری پێشوی گۆڕان،لە كتیبێكدا بەناوی(کورسییەک لەتەختەی مێژوو.. ئەودیوی ڕوداوەکانی ساڵانی پەرلەمانتاریم) كە بریتیی لە لە یاداشتەكانی رۆژانەی خۆی لە چوارساڵی پەڕلەماندا لە 2018-2022  ئاماژە بەوە دەكات، لەسەروبەندی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماردا لە ساڵی 2018 رێكخەری گشتی پێی وتین بگەڕێنەوە بەغدا و دەنگ بە فوئاد حسێن بدەن چونكە لەگەڵ پارتی رێكەوتنمان كردووە.
ئەو پەڕلەمانتارە دەڵێت: پارتی بە پارەو پۆست سەرانی گۆڕانیان رازیكردبوو،لەبەرامبەر دەنگدانی پەڕلەمانتارەكانیان بە فوئاد حسێن دژی د.بەرهەم
سەرەتای چیرۆكەكە بەوە دەستپێدەكات نیوەڕۆی رۆژی (٢٠١٨/١٠/١) لەژوورەکەی (رێکخەری گشتی) لەگردی زەرگەتە و بە ئامادەبوونی (عومەری سەید عەلی، م.جەمال محەمەد، شۆڕش حاجی، حەمەتۆفیق رەحیم، د.رەئوف عوسمان و مستەفا سەید قادر) و لەفراکسیۆنیش (د.یوسف محەمەد، د.بەهار مەحمود، د.غالب محەمەد و کاوە محەمەد) کۆبووینەوە کە لەسەر داوای (خانەی راپەڕاندن) بوو، (هۆشیار عەبدوڵڵا) نەهاتبوو، بەڵام (مستەفا سەید قادر) وتی؛ رای (هۆشیار) لای منە و ئەو رازییە..

كاوە موحەد دەڵێت"ڕێکخەری گشتی پێی وتین، بگەڕێنەوە بەغدا، بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماریش خۆتان دەزانن لەماوەکانی رابردودا یەکێتی‌و د.بەرهەم چۆن مامەڵەیان لەگەڵ کردوین‌و جێگەی متمانە نین"، ده‌شڵێت:"ڕێكخه‌ر پێی وتین، پارتی داوایان لێکردوین دەنگ بەکاندیدەکەیان بدەین، ئێمە ئەوان بە باشتر دەزانین‌و پێمان باشە دەنگ بە(د.فوئاد حسێن) بدەن".

 من وتم؛ جارێ بایکۆتەکەمان بۆ دانیشتنەکانی پەرلەمان هەڵە بوو، بە بێ راوێژی ئێمە بڕیارتان لێ دا و زەرەرمان کرد، ئێستاش کە باسی بێ بەڵێنی یەکێتی دەکەن، پارتی-ش بە هەمانشێوە بوو، ئەوکاتەی (کاک نەوشیروان) لەژیاندا بوو، سەرۆکی پەرلەمان و (٢٤) کورسی و (٥) وەزارەتمان هەبوو، بەڵێنەکانیان جێبەجێ نەکرد، ئێستا کە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانمان بۆتە نیوە، خێرە پێتانوایە دەبنە خاوەنی بەڵێنی خۆیان ؟! 
لە كۆبونەوەكەدا ووتم" پارتی دەیەوێ ئێمەش وەک یەکێتی ببینە پاشکۆیان، نەک خاوەنی پرەنسیپەکانی خۆمان، بۆیە من لەگەڵ ئەوە نیم دەنگ بە هیچیان بدەین و دەنگی سپی بخەینە سندوقەوە، پاشان (د.غالب) وتی؛ من لەگەڵ بایکۆتم، بەڵام بە بڕیاری بزووتنەوەکەوە پابەند دەبم ، پاشان (د.بەهار) وتی؛ منیش هاوڕای (کاوە)م، بەڵام پابەندم بە بڕیاری (گۆڕان)ەوە، (د.یوسف)یش وتی؛ من وەک رای شەخسی خۆم لەگەڵ دەنگدان بە هیچیان نیم، بەڵام پابەند دەبم بە بڕیاری بزووتنەوەکەوە، روویان لەمن کرد کە رای کۆتایی خۆم بڵێم، لە(مستەفا سەید قادر)م پرسی؛ پارتی ئامادەن چیمان بۆ بکەن ؟ وتی؛ وتوویانە بۆ هەموو شتێک ئامادەین، وتم؛ پێمباشە  داوایان لێ بکەن کە رازی بن سیستمی سیاسی بکرێت بە پەرلەمانی، بۆئەوەی سبەی بە رووسوورییەوە بچینەوە بەردەم خەڵکەکەی خۆمان کە بەرامبەر پرسێکی مەبدەئی ئەوەمان کردووە، نەک بۆ پۆست و پارە، وتی؛ رەنگە ئێستا کاتی ئەوە نەبێ، وتم بۆ کاتی نیە، دەکرێ لەرێککەوتنێکی نووسراودا ئەو دێرە جێگیر بکرێت، وتی؛ باشە پێیان دەڵێین..
هەروەها وتی؛ بەڵێنی ئەوەشیان پێ داوین کە بەشێک لەدەنگەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-مان بۆ بگەڕێننەوە و ژمارەی کورسییەکانمان زیادبکات !، وتم مادام هەموو هاوڕێیان پابەند دەبن بە بڕیاری بزووتنەوەکەوە، منیش لەریز دەرناچم و پابەند دەب. 


لەکۆی ئەو دانیشتنە بۆم دەرکەوت کە پارتی تەنها بەڵێنی زارەکیان پێ داون و ئەمەش بەشێک بوو لەو سەفقەیەی لەپێش هەڵبژاردنەکانی کوردستان لەنێوان هەردوولادا دەستیپێکردبوو و پاشکۆبوونی (گۆڕان)یان بەرامبەر بە هەندێ پۆست و پارەی مانگانە کڕیبوو..
دواتر بە (مستەفا سەید قادر)یان وت؛ بڕۆ مشوری تەیارەکەیان بۆ بخۆ.
د.غالب پێی وتم كە ئەو نایەت بۆیە 4 پەڕلەمانتارەكەی دیكە بڕیارماندا بڕۆین.
لەفڕۆکەخانە هەر چوارمان (د.یوسف، د.بەهار، هۆشیار و کاوە) قەلەق بووین بۆ تەیارەکە کە پێ دەچێت پارتی دابینی کردبێت نەک (د.دەرباز)، کە سەرکەوتین لەیەکێک لەستافی فڕۆکەکەم پرسی؛ ئەم فڕۆکە تایبەتە هی کێیە و لەکوێ-وە هاتووە ؟ وتی؛ هی کۆمپانیایە، لەیەکێک لە (مچیفەکان)م پرسی کە کچێکی بێگانە بوو، وتی؛ لەهەولێرەوە هاتووین..ئیتر زانیمان کە پارتی فڕۆکەکەی دابینکردووە، لەوساتەدا هەستم بە شەرمەزارییەکی زۆر کرد کە تاکە رووداوێکە لەژیانی سیاسیمدا بە هەڵە و پەڵەیەکی گەورەی ببینم.
بڕیاربوو دانیشتنەکەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار سەعات (٨)ی ئەمشەو بکرێت، بەڵام نصاب تەواو نەببوو و بۆ رۆژی دواتر دواخرا، بۆیە بڕیارماندا لەفڕۆکەخانەی بەغداوە یەکسەر بچینە شوقەکەی من لەناوچەی سەوز..
سەرلەبەیانیی رۆژی دواتر (٢/١٠/٢٠١٨)، هەر لەشوقەکەی من کۆبووینەوە و وتم؛ ئەم سەرکردانەی گۆڕان شکستیانهێناوە، با ئێمەش نەکەن بە بەشێک لەو شکستەی خۆیان، هەریەکە و بە هەڵوێستەکانمان سەرمایەیەکی رەمزیمان پێکهێناوە، بەمشێوەیەیەی کە ئەوان دەیانەوێت، لەدەستی دەدەین، بۆ بزووتنەوەکە و خۆشمان زۆر خراپ دەکەوێتەوە، (هۆشیار) وتی؛ با بچین بۆ پەرلەمان و لەوێ کۆنگرەیەکی رۆژنامەنووسی رێکخەین و بڵێین؛ سەرپشک کراوین کە دەنگ بە کێ دەدەین، ئیتر هەر وامانکرد و لەکۆنگرە رۆژنامەنووسییەکە (من و هۆشیار) قسەمانکرد و دواتریش هەر پێنجمان دەنگمان بە هیچیان نەدا وکاغەزی سپیمان خستە سندوقەوە