بارزانی بۆچی چوو بۆ یەکێتی سۆڤیەت؟

2023-01-11

دیبلۆماتیک

بەپێی گێڕانەوەی بەرپرسانی ئیسرائیل، ئەوانەی کە لەسەروەختی شۆڕشی ئەیلوولدا دیداریان لەگەڵ مەلا مستەفای بارزانیدا کردووە، بارزانی لە یەکێتی سۆڤیەت ماوەیەک کاری قەسابی کردووەو ماوەیەکیش لە ئاشێکدا کاری کردووە.

هەر بەپێی وتەو گێڕانەوەی ئەو ئیسرائیلیانەی لە ساڵانی شۆڕشی ئەیلوودا هاتوونەتە کوردستان، بارزانی خۆی بە تەواوەتی ئەو قسەیەی ڕەتکردووەتەوە کە لە یەکێتی سۆڤیەت کۆلێژی سەربازی تەواو کردبێت و پلەی " ژەنەڕاڵ"ی پێدرابێت.

کتێبی " مۆساد لە عێراق و وڵاتانی دراوسێ ــ داڕمانی ئومێدی ئیسرائیلی و کوردەکان" لە لایەن نووسەرو ڕۆژنامەنووسی بناوبانگی ئیسرائیلی " شلۆمۆ نکدیمون"ەنەوە نووسراوەو " ڕەهەند عەبدولغەفور" وەریگێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی، نووسەرە ئیسرائیلییەکە بە بەڵگەوە سروست و جۆرو میکانیزمەکانی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و شۆڕشی ئەیلوولی خستووەتە ڕوو.

وەک لە کتێبی ڕۆژنامەنووسە ئیسرائیلییەکەدا هاتووە، لەپاش ڕووخانی کۆماری مەهاباد، بارزانی چلوشەش ڕۆژ لە تاران ماوەتەوەو لەو ماوەیەدا لەو بژاردانەی کۆڵیوەتەوە کە خراونەتە بەردەمی، بەوەی خۆی و شوێنکەوتوانی لە خوارووی ڕۆژهەڵاتی ناوچە کوردییەکانی ئێران نیشتەجێ ببن لە نزیک هەمەدان، بەڵام بارزانی بۆی دەرکەوتووە کە ئێرانییەکان دەیانەوێت لەناوی ببەن، بۆیە داوای لە بەریتانییەکان کردووە کە هاوکاری بکەن، حکومەتی بەغداد لەوکاتەدا بەدەرکردنی بڕیاری لە سێدارەدانی بارزانی و پیاوەکانی لە کاتی دەستگیرکردنیادا وەڵامی ئەو داواکارییەی بارزانی داوەتەوە.

" حایم لبکۆڤ" سەرۆکایەتی ئەو وەفدە ئیسرائیلیانەی دەکرد کە ساڵانی نێوان ۱۹٦٦ تا ۱۹۷۳ سەردانی کوردستانیان دەکرد، بارزانی بەوی وتبوو، " ڕووسەکان بۆیان دەرکەوت ئێمە موسڵمانین و باوەڕدارین، موسڵمانیش ناتوانێت شیوعی بێت".

بارزانی شکستیشی هێنا لەوەی کە ڕەزامەندی ئەمەریکا وەدەست بێنێت، بەوەی کە خۆیی و هاوڕێکانی لە خۆ بگرێت.
" جۆرج ئالن" کە لەوکاتەدا باڵوێزی ئەمەریکا بووە لە تاران بە پەیامنێری ڕۆژنامەی " نیۆرک تایمز"ی وتووە کە ئەمەریکا بە گومانێکی قوڵەوە مامەڵەی لەگەڵ یاخیبووە کوردەکان دەکرد، بۆیە ئەوکاتە بارزانی هیچ دەروازەیەکی بۆ ڕزگاربوون شک نەبردووە، جگە لە یەکێتی سۆڤیەت.

هەروەک لە کتێبەکەدا هاتووە، بارزانی خۆیشی بۆ ڕۆژنامەی " نیۆرک تایمز" وتوویەتی، پەنجاو دوو ڕۆژ لە بەرزایی چیاکان ماونەتەوەو سەرەتا بە ئاڕاستەی باکوری ڕۆژئاوا دەستمان پێکرد، بەفری دواهەمین بەهارمان بڕی کە چڕییەکەی لەنێوان دوو مەتر تا چوارمەتردا بوو، لە ڕێگەدا لەگەڵ دوژمنەکانمان جەنگاین و چوارمان لێکوشتن و حەوت بریندارمان لەگەڵ خۆمان هەڵگرت و کاتێکیش چووینە ناو سنوری تورکیاوە، خۆمان لادا لە بەیەکدادان لەگەڵ سوپای تورکیاو لەماوەی نێوان ۱٦ تا ۱٨ی مانگی ٦ی ۱۹٤۷ سنووری یەکێتی سۆڤیەتمان بڕی.

نووسەری کتێبی " مۆساد لە عێراق و وڵاتانی دراوسێ" باسیلەوە کردووە کە مەلا مستەفای بارزانی بە " دەیڤید کرۆن"ی وتووە: لەکاتی تێپەڕاندنی سنووری ئێراندا بەرمیلێک زێڕمان دا بە ئەفسەرێکی ئێرانی تا ڕێگەمان بدات بپەڕینەوە.
" دەیڤید کرۆن" ئەوکەسەی کە بارزانی ئەم قسەیەی بۆ گێڕاوەەوە، لە ماوەی ساڵانی ۱۹٦٥ تا ۱۹٦۹، نوێنەری دەزگای مۆساد بووە لە تاران.

نووسەری کتێبەکە دەڵێت: بارزانی بە " بەدرخان"ی وتبوو مەبەست  " کامەران بەدرخان"ە، لەخاکی سۆڤیەت، بارزانی ماوەیەکی تاڵ و شیرینی ڕابوارد، لە سەرەتادا لایەنگرانی لە سەربازگەیەکی کۆندا نیشتەجێکران و ناچاری ئەنجامدانی چەندین کاریان کردبوون، وەک پاککردنەوەی شەقامەکان و ماڵینی بەفر، ئەمجۆرە مامەڵە تەواو بارزانی توڕەکردبوو". 
لەزاری کامەران بەدرخانەوە، نووسەری کتێبەکە ئەوەشی باسکردووە کە بارزانی وتوویەتی: لە هەموو تەمەنیدا ئەو مامەڵە پڕ سوکایەتییەی سۆڤیەت لەبیر ناکات".

وەک لە کتێبی" مۆساد لە عێراق و وڵاتانی دراوسێ"دا هاتووە، لە ئەنجامی فشاری زۆری بارزانی بۆسەریان، سۆڤیەت ڕازیبووە خولی سەربازی و ڕاهێنان بۆ چەکدارەکانی بارزانی بکاتەوەو ڕاهێنانیان پێبکرێت، بەبێ ئەوەی پلەیان پێبدرێت، هەندێکیشیان ڕاهێنانی ئەکادیمی و زانستیان پێکراوەو دواتر بەسەر شوێنە جیاوازەکانی سۆڤیەتدا بڵاوکراونەتەوەو لەکارگەو دامەزراوە پیشەسازی و کشتوکاڵی و پیشەییەکانیتردا کاریان کردووە.


" حایم لبکۆڤ" سەرۆکایەتی ئەو وەفدە ئیسرائیلیانەی دەکرد کە ساڵانی نێوان ۱۹٦٦ تا ۱۹۷۳ سەردانی کوردستانیان دەکرد، بارزانی بەوی وتبوو، " ڕووسەکان بۆیان دەرکەوت ئێمە موسڵمانین و باوەڕدارین، موسڵمانیش ناتوانێت شیوعی بێت".

وەکو نووسەری کتێبی " مۆساد لە عێراق و وڵاتانی دراوسێ" باسیکردووە، بارزانی لای نوێنەرە ئێسرائیلییەکان ڕەتی کردووەتەوە کە کۆلێژی " برۆنزە"ی تەواو کردبێت و پلەی " ژەنەڕاڵ"ی پێدرابێت، بەڵکو وتوویەتی لەکاتی سەرکردایەتی سوپادا لە کۆماری مەهاباد ئەو پلەیەی وەرگرتووە.


نووسەری کتێبەکە لە " حایم لبکۆڤ"ەوە گێڕاویەتییەوە کاتێک هەندێک لە نزیکەکانی بارزانی بە برازاکەشیەوە بوون بە شیوعی، بارزانی پەیوەندی لەگەڵدا پچڕاندن، نزیکەی هەشتا کەس لە لایەنگرانی بارزانی ژنی تورکمان و مەسیحی و ڕووسییان هێنا، بارزانی بەوە ڕازی نەبوو، بەڵکو زللەیەکی بەهێزیشی لە " عەبدوڵا"ی گەورەی پاسەوانەکانیدا، کاتێک داوای لێکرد ڕێگەی بدات ژنێکی ڕووسی بێنێت.

بەپێی زانیارییەکانی کتێبی" مۆساد لە عێراق و وڵاتانی دراوسێ"دا، کاتێک بارزانی چووەتە ڕووسیا، بۆ بژێویی ژیانی خۆی سەرەتا کاری قەسابی کردووەو پاشان لەکارگەیەکی دروستکردنی ئارددا کاری دەکرد.

" دەیڤید کرۆن" بە نووسەری کتێبەکەی وتووە، گوێم لە بارزانی بوو وتی، زەمەنێکی زۆر لەدوای گەشتنمان بە یەکێتی سۆڤیەت، پاش ئەوەی کە ماوەیەکی زۆر لە ئاشێکی گەنمدا کارم دەکرد، بانگیان کردم و بەشێوەیەکی باشتر مامەڵەیان لەگەڵدا کردم، بە شەمەندەفەر ناردمیان بۆ مۆسکۆ و پاشان بۆ کرملین بۆ قسەکردن لەگەڵ سەرۆکی وڵات ستالین.

وەکو بارزانی بۆ دەیڤید کرۆنی باسکردووە، ستالین بارزانی ناردووە بۆ کۆلێژی سەربازی " برۆنزە"و لەوێ بۆ هەڵسەنگاندنی پرسیاریان لێکردووەو لێیان پرسیوە باکور کامەیەو باشور کامەیەو ئەویش وەڵامی ڕاستی داوەتەوە.

وەکو نووسەری کتێبی " مۆساد لە عێراق و وڵاتانی دراوسێ" باسیکردووە، بارزانی لای نوێنەرە ئێسرائیلییەکان ڕەتی کردووەتەوە کە کۆلێژی " برۆنزە"ی تەواو کردبێت و پلەی " ژەنەڕاڵ"ی پێدرابێت، بەڵکو وتوویەتی لەکاتی سەرکردایەتی سوپادا لە کۆماری مەهاباد ئەو پلەیەی وەرگرتووە.

بارزانی ئەوەی بۆ نوێنەرە ئیسرائیلییەکان لە کوردستان باسکردووە کە پاش مردنی ستالین لە ساڵی ۱۹٥۳ دا، مامەڵەی ئەو سەرکردانەی شوێنی ئەویان گرتووەتەوە لەگەڵیدا باشتر بووە، نووسەری کتێبەکە دەڵێت:" " نیکیتا خرۆشۆف" کە شوێنی ستالینی گرتەوە سوقەیەکی بۆ گرت و خستییە ژێر ڕکێفی خۆیەوەو ناردی بۆ خوێندن لە بواری ئابوری و فێربوونی زمانی ڕووسی.