مام جەلال بۆ مەسعود بارزانی: بروسکەکانت بۆنی خوێنیان لێدێت

2023-01-14

پاش ئەوەی مەسعود بارزانی سێ بروسکەنامەی توند ئاڕاستەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەکات، مام جەلال بە نامەیەکی توندو ئاگرین وەڵامی مەسعود بارزانی دەداتەوەو پێیدەڵێت، بروسکەکانت بۆنی خوێنیان لێدێت.

 لە ٨ ــ ٦ ــ ۱۹۹۲ داو بە ماوەیەکی کەم پاش یەکەم هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، مەسعود بارزانی سێ بروسکەی یەک لەدوای یەک بۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەنێرێت و لەو بروسکانەدا بارزانی هەڕەشەی ئەوە دەکات کە شەڕ پێفرۆشتنی یەکێتی بە پارتی قبوڵ ناکەن و کاردانەوەیان دەبێت.

لە بروسکەیەکدا کە دەقەکەی لە کتێبی " بروسکەنامە"دا بڵاوکراوەتەوە، مەسعود بارزانی بە مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەڵێت:" پێشمەرگەکانتان لەناوچەی چەمچەماڵ تەعدایەکی زۆریان کردوە لە پێشمەرگەکانی ئێمەو شەڕ دەفرۆشن، تکایە سنورێکی بۆ دابنێن، ئێوە تەحەمولی مەسئولیەتی تەعویز دەکەن".

کتێبی " بروسکەنامە" کە " سەڵاح ڕەشید" ئامادەی کردووە، کۆکراوەی نامەو بروسکەکانی نێوان مام جەلال و مەسعود بارزانی و نەوشیروان مستەفایە لە ساڵی ۱۹۹۰ تا ساڵی ۲۰۰۹.

لە هەمان ڕۆژو هەمان بەرواردا، مەسعود بارزانی توندترو هەڕەشە ئامێزتر لەگەڵ مەکتەبی سیاسی یەکێتی دا دەدوێت و بە بروسەی ژمارە ۷٦۲، پێیان دەڵێت، لەشکری یەکتان خەریکی تەحەشوداتی قواتی خۆیانن، بە سەراحەت پێتان ڕادەگەیەنم، بچوکترین تەحەدا بکرێت لە هێزەکانی ئێمە، لە هەموو شوێنێک دەتەقێتەوەو دەبێت ئێوەش مەسئولیەت هەڵبگرن، چونکە ئەمە شەڕ فرۆشتنەو قبوڵی ناکەین لە هیچ کەسێک تەعدا لە ئێمە بکات.

بە دوای ئەو دوو بروسکەنامەدا، مەسعود بارزانی جارێکی دیکە هەر لە بەرواری ٨ ــ ٦ ــ ۱۹۹۲ دا بروسکە بۆ مەکتەبی سیاسی یەکێتی دەکات و دەڵێت:" دوێنێ شەو بروسکەمان کرد، کە حەدێک بۆ لەشکری یەکتان دابنێن و شتەکە گەورە نەبێت، بەداخەوە وا بڕیارە هیچ نەکراوە، چونکە لەشکری یەکتان بە دڕندانە لە مەدینە شۆڕش هێرشیان کردووەتە سەر بارەگاکانی ئێمە، هەرچی ئەقەومێ، ئێمە مەسئول نین".

مام جەلال  نامەکەی بۆ مەسعود بارزانی بەوە کۆتای پێدێنێت کە پێیدەڵێت:" سەد مەخابن بۆ ئەو جۆرە لەهجەیەی جەنابت کەوا چەندینجارە دووپاتی دەکەنەوە، ئەویش لەناوەخت و لەختوخۆڕایی".

لەپاش ئەو سێ بروسکەیەی مەسعود بارزانی، لە ڕۆژی دواترداو لە بەرواری ۹ ــ ٦ ــ ۱۹۹۲ دا، مام جەلال بە نامەیەکی توند وەڵامی مەسعود بارزانی دەداتەوە.

وەکو لە کتێبی " بروسکەنامە"دا خراوەتە ڕوو، مام جەلال لە پێشەکی نامەکەیدا بە مەسعود بارزانی دەڵێت:" زۆر بەداخەوە بروسکەکانی جەنابتم خوێندەوە کە بۆنی خوێنیان لێدێت، وا چەند جارێکە جەنابت ئەو جۆرە بروسکانە لێدەدەن، لەکاتێکدا ئێوە باش دەزانن کە ئەو جۆرە لەهجەیە چەند زیانبەخشەو هەرگیزاو هەرگیزیش یەکێتی پێ نەتۆقێنراوە.

لە پاش ئەو پێشەکییە، مام جەلال بۆ مەسعود بارزانی دەنووسێت و پێیدەڵێت:" هەموومان ئەنجامی شەڕی براکوژەمان لە یادە، هەق نییە، بە قسەی جاسووس و تاوانبارێکی وەک تەحسین شاوەیس" وا بە توندو تیژی قسە بکەن، ئێوە " سالە خەیات"تان کوشتەوە لەسەر یەک هەڤاڵی خۆتان، کەچی ئێمە دەنگمان نەکرد، ئێوە لەناو چەمچەماڵدا شەش پێشمەرگەی ئێمەو ۳۷ هاووڵاتی بێتاوانتان کوشت و بریندار کردو ئێمە دەنگمان نەکرد، کەچی ئێمە تەحسین شاوەیسی بکوژی شەهید ئارام و مامە ڕیشەمان لەبەر خاتری جەنابت عەفو کرد".

مام جەلال لە نامەکەیدا بۆ مەسعود بارزانی زۆرتری بۆ دەنووسێت و پێیدەڵێت:" ئێوە چۆن دڵتان دێ و چاوتان بەرایی دەدات کەلەسەر قسەی تەحسین شاوەیس ئەو لەهجە ناڕاست و ناڕەوایە بەکاربێنن و هەڕەشەی شەڕی براکوژەی سەرتاسەری بکەیتەوە، ئێمە هەوڵدەدەین پەکی شەڕی براکوژی بخەین، بەڵام ئەوانەی خۆیان بۆ شەڕی یەکێتی ساز دەدەن، هەقە چاوێک بەڕابردوودا بخشێننەوەو دەرس و پەندی پێوویستیشی لێوەربگرن".

مام جەلال  نامەکەی بۆ مەسعود بارزانی بەوە کۆتای پێدێنێت کە پێیدەڵێت:" سەد مەخابن بۆ ئەو جۆرە لەهجەیەی جەنابت کەوا چەندینجارە دووپاتی دەکەنەوە، ئەویش لەناوەخت و لەختوخۆڕایی".