زانیاری نەبیستراو لەسەر ناردنە دەرەوەی دۆلار لەرێگەی 5 كۆمپانیای وەهمیەوە لە كوردستان

دیپلۆماتیك چیرۆكی بردنە دەرەوەی دەیان ملیۆن دۆلار لەڕێگەی 5 كۆمپانیای وەهمیەوە لە كوردستان ئاشكرا دەكات بانكی شەرقولئەوسەت لە سلێمانی چیكردووە و چۆن توانیویەتی لەرێگەی ساختەوە دەیان ملیار دۆلار لە عێراقەوە بباتە دەروە.
2023-01-22

بەپێی بەڵگەنامەكان كە لەبەردەستی هەواڵگری عێراق و دەزگای ئاسایشی نیشتیمانیدایە.بانكی شەرقولئەوسەت لەرێگەی لقی بانكەكەوە لە شاری سلێمانی هەستاوە بە كردنەوەی حساب بانكی بۆ پێنج كەس و پارەی خستۆتە سەر هەژمارەكەیان لەبەرامبەر ئەوەدا مانگانە برێك پارەی پێداون.

بەپێی بەڵگەنامەكان بانكەكە ناسنامە و بەڵگەنامەی فەرمی ئەو كەسانەی بەكارهێناوە بۆ دروستكردنی 5 كۆمپانیای بازرگانی.

بەناوەكانی
 هدایا المستقبل بەناوی بێستون حەمە خەسرەو
الژوق الگیب بەناوی نەوزاد ئەنوەر عەزیز
سعادە الحیاە بەناوی شاهۆ حەمە خەسرەو
وادی البلاد بەناوی ئارام قادر مستەفا
چباب الابیچ بەناوی ئەنیس جەمیل ئەحمەد

بەپێی بەڵگەنامەكانی بەردەست دەزگای ئاسایشی نیشتیمانی عێراق بانكەكە بە بێ‌ ئاگاداری ئەو كەسانە كۆمپانیای بەناوەوە دروستكردون و وەكالەتی گشتی هەموو ئەو كۆمپانیایانەی گواستۆتەوە بۆ سەر چەند پارێزەرێك تا بۆ رایكردنی كارەكان پێویستیان پێیان نەبێت.

بەناوی ئەم كۆمپانیایانەوە بازرگانی و هاوردەكردن كراوە بە شێوەیەكی وەهمی لە دەروازەی باشماخەوە،گوایە ئەم كەسانە بە بەهای دەیان ملیۆن دۆلار كاڵا دەهێننە عێراق و بۆ ئەو مەبەستەش رەسمی گومرگی و وەسڵی كڕینی كاڵاكانیان هاوپێچ كردووە و ناردویانە بۆ بانكی مەركەزی عێراق تالەو رێگەیەوە بەشێوەی ئەلكترۆنی حەواڵەی داراییان بۆ بكرێت بۆ چەند بانكێك لە دەرەوەی وڵات.

ئەم دۆسیەیە یەكێكە لەو بابەتانەی بەهۆیەوە ئەمریكا سزای بانكەكانی عێراقی لەسەر داوە بریتتیە لە ناردنە دەرەوەی دۆلار بە مەنەفێستی گومرگی ساختەوە.

ئەو هاوڵاتیانەی كۆمپانیاكانیان بەناوەوە دروستكراوە دەڵێن،دوای ئەوەی كۆبونی خۆراكیان بڕاوە بەبەهانەی ئەوەی بازرگان و ملیۆنێرن،ئینجا زانیویانە كۆمپانیایان بەناوەوە دروستكراوە و بەبەهای ملیۆنان دۆلار هاوردەیان كردووە و باجی گومرگیان هاتۆتە سەر.
بەو هۆیەوە لە پۆلیس سكاڵایان تۆماركردووە لەسەر بانكەكە و لە ئێستادا دۆسیەكەیان لە دادگای هەشتی لێكۆڵینەوەی سلێمانییە.

ئەو دووكەسەی كە وەك تۆمەتبار لەم كەیسەدا ناویان دێت هەریەك لە عومەر سوبحان عەبدوڵا بەرێوەبەری لقی باكوری بانكی شەرقولئەوسەت و رەنج عەبدولقادرە كە راوێژكاری دارایی بانكەكە بووە.

لەم كەیسەدا جگە لەم كەسانە چەندین فەرمانبەر ی بانك و گومرگ  و پارێزەریش تێوەدەگلێن.