نەوشیروان مستەفا بۆ مام جەلال: منداڵەکانم وا فێرکردووە تۆیان لە من خۆشتر بوێ

2023-01-24

لە نامەیەکدا بۆ مام جەلال، لەگەڵ ئەوەدا کە وازهێنانی خۆی لە یەکێتی ڕادەگەیەنێت، هاوکات بە مام جەلال دەڵێت، من مناڵەکانی خۆمم فێرکردوە کە تۆیان لە من خۆشتربووێت.

لە ۲٥ ــ ٨ ــ ۲۰۰۰ دا، سەبارەت بە پێکهێنانی کۆمیتەیەک بۆ بەستنی کۆنگرەی دووی یەکێتی، نەوشیروان مستەفا نامەیەک بۆ مام جەلال دەنێرێت و لە نامەکەدا ڕەخنە لە پێکهاتەی ئەو کۆمیتەیە دەگرێت و پێکهاتەی کۆمیتەکە باش و ڕاست نازانێت.

لە ٤ ــ ۱۱ ــ ۲۰۰۰ دا، مام جەلال بەنامەیەک وەڵامی نەوشیروان مستەفا دەداتەوەو سەرباری ئەوەی ستایشێکی زۆری دەکات، هاوکات ڕەخنەی توندیشی لێدەگرێت.

لەسەرەتای نامەکەیدا بۆ نەوشیروان مستەفا کە لە کتێبی " بروسکەنامە"دا بڵاوکراوەتەوە، مام جەلال بە نەوشیروان مستەفا دەڵێت:" لەوەتەی تۆم ناسیوە، من تۆم خۆشوویستووەو هیوای زۆرم پێت بووەو لە تۆران و خۆدوورخستنەوەکانیشتدا هەمیشە توند دەستم بە برایەتی تۆوە گرتووە".

پاش پێشەکییەکی دۆستانەو پڕ لە پیاهەڵدان، مام جەلال لە نامەکەیدا دەکەوێتە ڕەخنەو گلەیی لە نەوشیروان مستەفاو بۆی دەنووسێت:" وەنەبێ بێئاگاش بووبم لە بیروبۆچوونەکانت، یان قسەکانی ناحەزانەت بەرانبەر بەخۆم، هەر لەپێش کۆنگرەوە هەوڵی سەرەکیتان ئەوەبوو مام جەلال تەجمید بکەن و کۆنترۆڵی بکەن".

لەبەشێکی دیکەی نامەکەیدا بۆ نەوشیروان مستەفا، مام جەلال بۆی دەنووسێت:" خۆشت دەزانی، بەهۆی توندوتیژی خۆت لەگەڵ هەڤاڵان و هەندێ تەسریحاتی نامەسئولانەت لەدژی هەولێرو کەرکوک، چ جەوێکی ناحەزانەت بەرانبەر بە خۆت دروستبوو، زۆر لە هەڤاڵان خوا خوایان بوو هەر لە لەندەن بیت، هەندێک جار تەسریحاتی وات دەدا کە تۆ سەربەخۆیت و یەکێتی نیت، دەبوو بە جەژن لە هەندێک لەسەرەوە بگرە تا ناوکادرانیش".

مام جەلال لە نامەکەیدا زۆرتر بۆ نەوشیروان مستەفا دەنووسێت و پێیدەڵێت:" هەر لە منەوە کە پلاری لە لاوە تێدەگریت، تاسەر کۆسرەت و جەبارو ملازم عومەرو ئەرسەلان و برایانی ئاڵای شۆڕش و هەندێک کۆنە سۆسیالست، لەسەر کێ قسەت نەکردووە".

دوو ڕۆژ پاش ئەو نامەیەی مام جەلال، لە ڕۆژی ٦ ــ ۱۱ ــ ۲۰۰۰ دا، نەوشیروان مستەفا بە نامەیەک وەڵامی مام جەلال دەداتەوەو لەسەرەتای نامەکەیدا پێی دەڵێت، دڵنیام ئەو لوتفەی لەگەڵ من نواندووتە لەگەڵ کەسێکی کەت نەکردووە، من بەم بۆنەیەوە هەتا مردن خۆم بە منەتبارو قەرزار ئەزانم.

لەدوای پێشەکییەکە، نەوشیروان مستەفا بە پێنج خاڵ وەڵامی نامەکەی مام جەلال دەداتەوەو لە خاڵی سێیەمی نامەکەیدا بۆ مام جەلال دەڵێت:" هەرچییەکت بیستووەتەوەو هەرچییەکیان بۆ گێڕاویتەوە، پاکانە کردن بۆ خۆم بە ڕەوا نابینم، باوەڕ بە چەندی ئەکەیت ئەوە خۆت بڕیاری ئەدەی، بەڵام حەز ئەکەم ئەوە بزانیت من مناڵەکانی خۆم وا فێرکردووە تۆیان لەمن خۆشتر بوێ".

لە خاڵی دواتری وەڵامەکەیدا بۆ مام جەلال، نەوشیروان مستەفا نووسیوویەتی:" یەکێ لەو ڕاستیانەی تازە بەم نامەیە بۆم ڕوون بۆتەوە، ئەوەیە قەت نەم ئەزانی کە من لەناو سەرکردەو کادرو ئەندامانی یەکێتی دا، بەتایبەت هەولێری و کەرکوکی و بادینی، ئەوەندە چارەگران و نەویستراو و ناحەزم سو حەزیان بە بوون و مانەوەم نەبووە لەناو یەکێتی دا، بۆمن ئەمە لە لایەکەوە ئازاری ویژدانم ئەدا، چونکە بە ناهەقیی ئەزانم بەرانبەر بە خۆم و لە لایەکیترەوە پرسیارێکی گرنگی لە لا دروست کردوم کە بۆچی من لەناو ڕێکخراوێکدا بمێنمەوە کەبەشی زۆری کادرەکانی بەو جۆرە سەیری من بکەن و من هەڵبسەنگێنن، بۆیە بەم نامەیە وازهێنانی خۆم لە ئەندامێتی یەکێتی و  پچڕاندنی هەموو جۆرە ئیلتزاماتێکی ڕێکخراوەیی و سیاسی خۆم لەگەڵی ڕائەگەیەنم".