ئێران و نۆستالۆژیا، کورد و کوڕەکەی حەمەڕەزا شا

2023-01-24

پێشڕەو محەمەد

لەبەرئەوەی مێژووی ئەم سەد و پەنجا ساڵەی ئێران لەسەر داروپەردووی وەهم «ئێرانی یۆنانبەزێن، جاڕنامەی مافەکانی مرۆڤی کۆرشی کەبیر، ڕۆژانی زێڕینی ئیمپراتۆریەت، نەتەوەی ئاریایی، ئێرانشهەریی (لەسەر مۆدێلی دەوڵەت-شاری یۆنانیی)، و هتد» دامەزراوە، هەرگیز ناتوانێت ڕوو لە داهاتوو بکات، هەمیشە ئاوڕ لە دواوە دەداتەوە. هەموو ئەو نەتەوانەی قووڵ خۆیان بە تاسەی گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، نۆستالژیاوە هەڵدەواسن، هەرگیز ناتوانن بیر لە ئاسۆکانی نەتەوەیەکی دیموکراتیی بۆ داهاتوو بکەنەوە، چونکە هەمیشە پێیانوایە شتێک هەیە لە ڕابردوودا دەبێت ڕزگار بکرێت و لە ڕۆژگاری ئەمڕۆدا دووبارە بکرێتەوە. بەبێ ئەم ڕزگارییە، شکۆی نەتەوەیی و ئیمپراتۆریی ڕوونادات. وەک فەیلەسوفی ئەمریکیی، فریدریک جیمسن باسی دەکات، نۆستالژیا هەمیشە هەوڵێکە بۆ ڕەوایەتیدان بە بیر و نەزمی کۆنەپارێز لە داهاتوودا لەژێر ناوی گەڕانەوە بۆ ڕابردوو. بێگومان ئەوەی ئێرانییەکان دەیانەوێت لە ڕابردوودا ڕزگاری بکەن، دیموکراسیی، پێکەوەژیان، مافەکانی مرۆڤ، سەروەری گەلان، ئازادیی ژنان، نەتەوەکان و هتد نییە، بەڵکو فۆرمێکی ستەمکاریی دیکەیە و دووبارەکردنەوەیەتی لە ڕۆژگاری مۆدێرندا. هەر ئەوەی تا ڕۆژگاری ئەمڕۆ ئێرانییەکان جگە لە کوڕەکەی شا، کە هەر خۆیان ڕاویان نا، بیریان لە هیچ ئەڵتەرناتیڤێکی دیموکراسیی نەکردووەتەوە، ئەوە پشتڕاست دەکاتەوە، کە هەمیشە خەریکی ڕۆمانتیزەکردنی ڕابردوویەکی ستەمکاریی و دووبارەکردنەوەین لە ئێستای سەردەمی مۆدێرندا.

مێژوو سەلماندی، بەخواکردنی بینینی نۆستالژیانە بۆ ڕابردوو و هێنانەوەی بۆ داهاتوو، کارەساتێکی مرۆیی خوڵقاند، مێژووی مرۆڤ لە پێنج ملیۆن ساڵەوە شتی وەهای بەخۆوە نەبینیبوو. ئەمەشە وا دەکات، کورد هەم ئەڵتەرناتیڤی زۆر بێت، هەمیش ڕووی لە داهاتوو بێت. 

کورد و داهاتوو:
کورد بەپێچەوانەوە، لەبەرئەوەی هیچ ئیمپراتۆرییەتێکی نییە، بەهەشتی لەدەستچووی نییە، ڕۆژانی زێڕینی ڕابردووی نییە لە داهاتوودا شکۆی پێبەخشێت، ناچارە بیر لە داهاتوو بکاتەوە، ئەم نەبوونی شکۆی ئیمپراتۆریەتەش نەک خاڵێکی نەرێنیی نییە بۆ کورد، بگرە زۆریش ئەرێنیی و پێشکەوتووخوازانەیە. کورد لە کۆمۆنیست و جووەکانی سەدەی بیست دەچێت. لە ئەڵمانیای کۆماری ڤایماردا ١٩١٩-١٩٣٣، جووەکان و کۆمۆنیستەکان، زۆرجار لیبراڵ و سۆسیال دیموکراتەکانیش، هەمیشە ڕوویان لە داهاتوو بوو فۆرمەکانی دیموکراسیی و پێکەوەژیان فراوان بکەن، بەڵام ڕاستڕەو و کۆنزەرڤاتیڤەکان، هەمیشە ڕوویان لە ڕابردوو بوو. شکۆیان بە جەنگەکانی ناو دارستانی هۆزە ژەرمەنییەکان دژی ئیمپراتۆری ڕۆمانی، بە هەبوونی ئیمپراتۆری یەکەمی نەتەوەی ئەڵمانیی، هەندێکجار بەکەمێک خۆبەدوورگرییەوە، بە ئیمپراتۆری دووەم لە ١٨٧١دا و هەروەها شکۆیان بە هەر شتێک دەبەخشی، سەر بە ڕابردوو بێت. ئەوان دەیانگوت «بوونێکی ڕەسەن هەیە لە مێژووی کۆندا دەبێت ڕزگار بکرێت و دووبارە بکرێتەوە». مێژوو سەلماندی، بەخواکردنی بینینی نۆستالژیانە بۆ ڕابردوو و هێنانەوەی بۆ داهاتوو، کارەساتێکی مرۆیی خوڵقاند، مێژووی مرۆڤ لە پێنج ملیۆن ساڵەوە شتی وەهای بەخۆوە نەبینیبوو. ئەمەشە وا دەکات، کورد هەم ئەڵتەرناتیڤی زۆر بێت، هەمیش ڕووی لە داهاتوو بێت. 

 

 

کورد و کوڕەکەی حەمەڕەزا شا:
ئێستا دوای ئەو هەموو ئەزموونە مێژووییە، ئێرانییەکان دەگەڕێنەوە لای کوڕەکەی حەمەڕەزا شا و بەیعەتدانەوە پێی، کە هەر خۆیان ڕاوەدوویان نا. باشە کورد چی بکات؟ کورد لە وەهمدا دەژیت پێیوابێت کوڕەکەی شاش نەبێت هەر ئێرانییەکی دیکە بێت، مافی کورد دەپارێزێت. گەورەترین هەڵەی کورد ئەوە بوو دەیگوت بەبێ هێڵی سوور و مەرج دەچێتە هاوپەیمانییەکانەوە. کورد کە بڕبڕەی پشتی شۆڕش و پێشکەوتووخوازترین و ڕادیکاڵترین هێزی شۆڕشگێڕیی بوو و هەیە، دەبوو لە سەرەتاوە مەرجی قورس بۆ هەر پەیوەندییەک دابنێت. جینۆساید، لەگەشەخستن، ئاوارەکردن، لەسێدارەدان، دابەزاندنی بۆ مرۆڤی نمرەدوو، بێ بەهاکردن، گرتن و کۆڵبەرنشینکردن، هەموویان مەرجی قورسی کوردن. لەسەرووی هەموویەوە: دانپیانان. هەر سیاسەتمەدارێکی ئێرانیی لە دۆخی شۆڕشگێڕییدا وەک بوونێکی سەربەخۆ دانی بەکورددا نەنا، بێگومان لەسەقامگیربوونی دەسەڵاتیدا، سەرکوت و جینۆسایدی دەکات. بۆ مەگەر خومەینی هێندە مێژوویەکی دوورە؟ هەر سیاسەتمەدارێک «یەکپارچەیی خاکی ئێران»ی کردە مەرجی دانیشتن، بزانن ئەو یەکپارچەییە بە لەناوبردن، سەرکوتکردن و تواندنەوە و خزمەتکارکردنی تۆ بۆ ئەم یەکپارچەییە دێت.

باشترە کورد تەرکیز بکاتە سەر فۆرمی ئەڵتەرناتیڤی دیموکراتیی و پێشکەوتووخواز بۆ داهاتوو، بۆ ئەوەی ئێرانییەکانیش سەیری بکەن و بیر لە فۆرمی دیکە بکەنەوە.


کەمپینەکەی کوڕەکەی حەمەڕەزا شا:

پێموایە کورد پێویست ناکات خۆی ماندوو بکات جێگرەوە بۆ ئێرانییەکان پەیدا بکات، نەتەوەیەکی ئێرانیی هێشتا نەگەیشتووە بە باوەڕهێنان بە پرەنسیپی دیموکراتیی، بە تۆ لە شەو و ڕۆژێکدا ناکرێت بە دیموکرات، مەگەر بە جادوو بکرێت. هەر کەسێکی دیکەش بێت کوڕەکەی حەمەڕەزا شا نەبێت، هەمان سیاسەت دووبارە دەکاتەوە، چونکە نەتەوەکە لەسەر پاراستنی یەکپارچەیی و نۆستالژیا دامەزراوە، باشترە کورد تەرکیز بکاتە سەر فۆرمی ئەڵتەرناتیڤی دیموکراتیی و پێشکەوتووخواز بۆ داهاتوو، بۆ ئەوەی ئێرانییەکانیش سەیری بکەن و بیر لە فۆرمی دیکە بکەنەوە. بەبڕوای من کورد خۆی بەم «بەیعەتدانە بە شازادە» ماندوو نەکات، هەوڵبدات لێنەگەڕێ سیاسەتمەدارەکانی بەیعەتی پێ بدەن.