بڕیارەکەی دادگای فیدرالی چ کاریگەریەکی لەسەر مووچە دەبێت؟

2023-01-25

ئومێد مەحمود

بۆ یەکەم جار خاڵی (ج) ی بڕگەی سێیەمی ماددەی (٩) یاسای بودجەی ساڵی (٢٠١٧) حکومەتی هەرێمی پابەند کردووە مووچەی فەرمانبەران بدات، لەو بەشە بودجەیەی لە یاساکەدا بۆ ئەم مەبەستە تەرخان کراوە، لە یاسای بودجەی ساڵی (٢٠١٩) مامەڵەیەکی جیاواز لەگەڵ پرسی مووچەی فەرمانبەران کراوە، بە جۆرێک حکومەتی ناوەندی پابەند کردووە، بەردەوام بێت، لە خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەگەر حکومەتی هەرێمیش پابەند نەبوو بە ڕادەستکردنی بڕی نەوتی بڕیار لەسەردراو و داهاتی نانەوتی بەپێی یاسای کارگێڕی دارایی، جارێکی تر و لە یاسای بودجەی ساڵی (٢٠٢١) حکومەتی هەرێم پابەند دەکات مووچەی فەرمانبەران بدات.

لە ساڵی (٢٠١٧) لە داوای ژمارە (١٤٦)  دادگای فیدرالی بڕیاریداوە بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم پرسێکی پەیوەست بە حکومەتی هەرێمی کوردستانە و تەنیا لە دەسەڵاتی حکومەتی هەرێم دایە بڕیاری لەبارەوە بدات، ئەوەی جێگەی سەرنجە بڕگەی چوارەمی ماددەی (١١) یاسای بودجەی ساڵی (٢٠٢١) کە حکومەتی هەرێم پابەند دەکات مووچەی فەرمانبەران بدات، دوای ئەم بڕیارە دەرچووە، بەڵام لە بێ ئاگایدا بووبێت یان نەزانی حکومەتی هەرێم تانەی لەم بڕگەی یاساکە نەداوە، بەسەریدا تێپەڕبووە.

دوای ئەوەی لە یاساکانی بودجەی ساڵەکانی (٢٠١٧ – ٢٠٢١) بە ڕوونی ئاماژە بۆ پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکرێت، هەر دوو حکومەت واتە حکومەتی ناوەندی و حکومەتی هەرێم پابەند دەکرێن مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بدەن، بەڵام ئەوەی گرفت بۆ ئەم بابەتە دروست دەکات بەستنەوەی ئەم پرسەیە بە ڕادەستکردنی بڕی نەوتی بڕیار لەسەردراو لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بە بەغداد، لەگەڵ داهاتی نانەوتی، بە مانایەکی تر لەبەر ئەوەی حکومەتی هەرێم بڕی نەوتی بڕیارلەسەردراو  و داهاتی نانەوتی ڕادەستی حکومەتی ناوەندی ناکات، حکومەتی ناوەندیش ئامادە نابێت پشکی هەرێم لەناویدا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بنێرێت.
لەدوای ساڵی (٢٠٢١)ەوە حکومەتی هەرێم لەم پرسەدا کار لەسەر ستراتیژێکی تایبەت دەکات، ئەم ستراتیژە لە هەنگاوی یەکەمدا بریتیە لە جیاکردنەوەی پرسی مووچەی فەرمانبەران لە بابەتی ڕادەستکردنی نەوت لەلایەن هەرێمەوە، دوای ئەوەی ئەم هەنگاوەی ستراتیژەکە سەرکەوتوو دەبێت، لە هەنگاوی دووەمدا پرسی مووچەی فەرمانبەران بە تەواوی لە یاسای بودجە جیابکرێتەوە، ئامانج لە گرتنەبەری ئەم ستراتیژە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە ئەوە بوو، حکومەتی هەرێم بەو باوەڕە گەیشتبوو، نەکردەیە نەوت ڕادەستی حکومەتی ناوەندی بکات، لەبەر ئەوەی لە یاسای بودجەدا ئەم پرسە پەیوەست کرابوو بە مووچەی فەرمانبەرانەوە، بەم هۆیە حکومەتی هەرێم تووشی لۆمەیەکی زۆر دەبوو، حکومەتی هەرێم لەلایەک بۆئەوەی خۆی لەم لۆمەیە دەربازبکات و لەلایەکی تر خۆی لە ڕادەستکردنی نەوت بە حکومەتی ناوەندنی بدزێتەوە، هات و پەنای بۆ ئەم ستراتیژە برد.
لەم چوارچێوەیەدا و دەتوانین بڵێن حکومەتی هەرێم تاڕادەیەک سەرکەوتوو بوو لە جێبەجێکردنی هەنگاوی یەکەم و دووەمی ستراتیژەکەی، چونکە لەگەڵ ئەوەی حکومەتی هەرێم هیچ بڕە نەوتێکی ڕادەستی حکومەتی ناوەندی نەکرد، بەڵام حکومەتی ناوەندی بە بڕیاری ژمارە (٨) ساڵی (٢٠٢٢) و بڕیاری ژمارە (٤٠١) ساڵی (٢٠٢١) و بڕیاری ژمارە (٣٣٥) ساڵی (٢٠٢١) و بڕیاری ژمارە (٢٥٧) ی ساڵی (٢٠٢١) و بڕیاری ژمارە (٢٢٦) ساڵی (٢٠٢١) و بڕیاری ژمارە (١٩٤) ی ساڵی (٢٠٢١) بڕێک پارەی بە مەبەستی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم ناردووە.

هەر لە سەرەتاوە لایەنە سیاسیەکانی عیراق ئاگاداری ئەم ستراتیژەی حکومەتی هەرێم بوون و بە هەنگاوێکی مەترسیداریان دەزانی، بەم هۆیە هەر زوو کەوتنە خۆیان و کۆمەڵێک هەنگاوی دژبەرانەیان نا، یەکێک لەم هەنگاوانە تۆمارکردنی داوایەک بوو لە دادگای فیدرالی دژی ئەو بڕیارانەی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق لەم چوارچێوەیە دەری کردبوون، دوای چەند جار دواخستن، ئەمڕۆ داگای فیدرالی هەموو ئەو بڕیارانەی هەڵوەشاندوە کە تایبەت بوون بە ناردنی بڕە پارەیەک لەلایەک حکومەتی ناوەندی بۆ حکومەتی هەرێم، جا بۆ هەر مەبەستێک بێت، بۆیە دەتوانین بڵێن ئەم بڕیارەی ئەمڕۆی دادگای فیدرالی ئامانج لێی هەڵوەشاندنەوەی ستراتیژی حکومەتی هەرێمە.

 

 

ئەم بڕیارە کۆمەڵێک لێکەوتەی دەبێت لەوانە: لەمەودوا وەزارەتی دارایی حکومەتی ناوەندی دەستکراوە نابێت لە دابینکردنی هیچ  بڕە پارەیەک بۆ هەرێم جا بۆ هەر مەبەستێک بێت، ئەمەش بە پشتبەستن بە حوکمەکانی ماددەی (١٤) یاسای ژمارە (٦) ساڵی (٢٠١٩) یاسای کارگێڕی دارایی کە وەزیری دارایی پابەند کردووە لایەنی کەمی (٢٠%) رەسیدی دارایی بپارێزێت، نابێت هەژماری پێشو بۆ هیچ مەبەستێک خەرج بکات، جگە لەو مەبەستانەی لە یاسای بوجەدا ئاماژەیان بۆ کراوە، لێکەوتەیەکی تر ئەوە دەبێت بابەتی چارەسەرکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم جارێکی تر دەگەڕێتەوە بۆ یاسای بودجە و لە دەرەوەی ئەو ڕێکارانەی کە لە یاسای بودجەدا بۆ چارەسەرکردنی ئەم پرسە ئاماژەیان بۆ دەکرێت، هیچ ڕێکارێکی تر بۆ چارەسەکردنی ئەم پرسە سودی نابێت.

ئەم بڕیارەی ئەمڕۆی دادگای فیدرالی بەدەرنیە لە کەموکوڕی، چەند کەموکوڕییەکی تێدایە لەوانە: بەشێک لەو بڕیارانەی ئەنجومەنی وەزیران دەری کردوون بە مەبەستی تەرخانکردنی پارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، لەو سەردەمە بووە کە حکومەتەکە کاربەڕێکەر بووە، بەڵام دادگاکە لە بڕیارەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەو پرسە نەکردووە، لەلایەکی تر ئەم بڕیارەی ئەمڕۆی دادگای فیدرالی پێچەوانەی بڕیارێکی تری دادگایەکە کە بە ژمارە (١٤٦) لە ساڵی (٢٠١٧) دەری کردووە، ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، پرسی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم پرسێکی ناوخۆیی هەرێمی کوردستانە و پێویستە لە چوارچێوەی دەسەڵاتەکانی حکومەتی هەرێم چارەسەر بکرێت، لەلایەکی تر دادگاکە بەپێی بڕگەی یەکەمی ماددەی (٩٣) دەستوری عیراق ئەو یاسا و ئەنزیمانە هەڵدەوەشێنێتەوە کە پێچەوانەی دەستورن، لەگەڵ ئەوەی ئاماژە بۆ بڕیارە کارگێڕییەکان ناکات، لەم بڕیارەی ئەمڕۆی دادگای فیدرالی بەڕوونی ئاماژەی بۆ ئەوە نەکردووە کە ئەم بڕیارانەی ئەنجومەنی وەزیران پێچەوانەی کامە ماددەی دەستورن.

لەلایەکی تر پێشوتر لە چەندین بریاردا دادگاکە ڕەتی کردۆتەوە بڕیار لەسەر ئەو داوایانە بدات کە ناوەڕۆکەکەیان تانەدان بووە لە بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیران بەو پاساوەی ئەو بڕیارانە کارگێڕین و یاسا ڕێوشوێنی تانەدانی لەم بڕیارانە دیاری کردووە، لە نمونەی ئەم بڕیارانە: (٧٤/فیدرالی/٢٠١٩، ١٦/فیدرالی/٢٠١٩ ، ٢١٩/فیدرالی/٢٠١٨ ، ٢٢٠/فیدرالی/٢٠١٨ ، ٢٢١/فیدرالی/٢٠١٨ ، ٢٢٢/فیدرالی/٢٠١٨ ، ١٨٨/فیدرالی/٢٠١٨ ، ١٤٨/فیدرالی/٢٠١٨ ، ١٦٥/فیدرالی/٢٠١٨ ، ٤٠/فیدرالی/٢٠١٨ ، ٣٧/فیدرالی/٢٠١٨ ، ٣٨/فیدرالی/٢٠١٧ ، ٣٣/فیدرالی/٢٠١٥ ، ٥٧/فیدرالی/٢٠٠٩ ، ٤١/فیدرالی/٢٠٠٩