هەوڵی كوشتنی ئەحمەد رازی  لەلایەن پێشمەرگەوە،خەوە یان خەیاڵ

بۆچی پێشمەرگە دەیویست ئەحمەد رازی بكوژێت
2023-01-25

هەڵدانەوەی نهێنیەكی شۆرش لەلایەن عەبدولرەزاق شەریفەوە بەس بوو بۆ گڕدان لە سۆشیال میدیا.

عەبدولرەزاق شەریف،نوسەر و پێشمەرگەی دێرین دوێنێ‌ وتارێكی بڵاوكردەوە و هەموانی توشی شۆك كرد

رەزاق شەریف،بۆیەكەمجار ئاشكرای كرد لە كۆتایی هەشتاكاندا وەكو شۆرش لە شاخ بڕیاریانداوە یاریزانی بەناوبانگی عێراق، ئەحمەد رازی، بكوژن.

عه‌بدولڕه‌زاق شه‌ریف دەڵێت:بیرمان لەوە دەكردەوە كە چالاكیەك ئەنجام بدەین لە سەرتاسەری عێراق دەنگدانەوەی گەورەی هەبێت
یەکێک لە پێشنیازەکانی هاوڕێیەکی رێکخستنی سلێمانی ئەوەبو کە ئەحمەد رازی بکوژین

 وتیان کچی پیاوێکی ناوداری شاری سلێمانی دەستگیرانێتی و هەمو هەفتەیەک و لەرۆژانی پشو لەبەغداوە دێتە دیدەنی و لەو ماڵە دەمێنێتەوە .

رەزاق شەریف دەڵێت: من کاتی خۆی  کە لەبەغدا دەمخوێند، چیرۆکی خۆشەویستی ئەحمەد رازی و ئەو کچە کوردەم بیستبو، بۆیە یەکسەر بڕوام بە قسەکانی ئەو هاوڕێیە هێنا، وتم باشترین چالاکیە کە لەسەرتاسەری عێراقدا دەنگ ئەداتەوە.


بەپێی گێڕانەوەكانی عەبدولرەزاق شەریف،دوای ئەنفالەکان ، قادری حاجی عەلی كە لێپرسراوی یەکەمی مەڵبەندی یەک، لیستی ناوی چەند خۆفرۆش و خائینێکی بە کاک سوهاد خانەقینی فەرماندەمان دابو، بۆ ئەوەی بە بەسزای گەل و شۆڕشیان بگەیەنین.

بەڵام لەبەرئەوەی ئەو كەسانە زۆریان سەرۆک جاش و ئامر مەفرەزەی تەواری بون و كوشتنیان کارێکی سەخت بووە،بڕیاریان داوە لەبری ئەوان ئەحمەد رازی بكوژن كە بۆ دیداری كچە دۆستەكەی دەهاتە سلێمانی.

 

 

بەپێی گێڕانەوەكانی عەبدولڕەزاق، دوو شەوی پشوی هەفتە لەگەڕەکی رزگاری بۆی دانیشتوون، بەڵام قەدەر وابوو بەنسیبی سزاکە نەبوو.

بڵاوبونەوەی ئەم وتارە بەخێرایی گڕی لە سۆشیال میدیا بەرداو بۆ یەكەمجار هەوڵی شۆڕشی كوردی بۆ تیرۆركردنی ئەحمەد رازی لە هەموو جێگایەك بڵاوبویەوە.
بۆ زۆرێك لە خەڵكی ئەو زانیارییە شۆكهێنەر بوو،چونكە ئەحمەد رازی تەنها یاریزانێكی خۆشەویست و بەناوبانگی ئەو وەختەی عێراق بووە و سەرباز و ئەمن و قوەخاسەی بەعس نەبوو،تا خوێنی حەڵاڵ بكرێت. زۆرینەی كاردانەوەكان بەو ئاراستەیە بوو كە ئەوە كارێكی هەڵە و دەستبردن بووە بۆ تیرۆر و تۆقاندنی خەڵكی مەدەنی تەنها لە پێناو ئەوەی چالاكیەكە دەنگدانەوەیەكی گەورەی هەبێت.

دوای بڵاوكردنەوەی ئەو زانیارییە هەندێك پێیان وابوو كە ئەو قسانە خەیاڵ و وەهمە و راست نییە،هەندێكیش وەك دانان بەتاوانەكانی ناو شۆرش سەیریان كرد و نوسیویانە دەبێت چەند ئەحمەد رازی دیكە كوژرابن تەنها بۆ ئەوەی شۆڕشەكە دەنگدانەوەی گەورەی هەبێت.

جەلال شێخ كەریم،بریكاری پێشوی وەزارەتی ناوخۆ كۆێنتی لەسەر گێڕانەوەكەی عەبدولرەزاق داوە و نوسیویەتی،ئەو شتانە هیچی راست نین و بە خەیاڵی خۆی دروستی كردوون.

بەڵام عەبدولرەزاق شەریف دەڵێت ئەوەی باسم كردووە حەقیقەتی مێژوییە و ئەو فەرماندەیەی ناوم هێناوە لەژیاندا ماوە.

عەبدولرەزاق شەریف لە كرۆكی نوسینەكەیدا دەیەوێت بڵێت: ئەو ئەو عێراقەی ئێمە دەمانەویست بیكوژین،كەچی ئێستا لە شەقامەكانی هەولێر و سلێمانیدا خەڵك ئاڵاكەی بەرز دەكاتەوە و بۆی هەڵدەپەڕێت.