کورد لە یاداشتەکانی وەزیری دەرەوەی پێشوی ئەمریکا مایک پۆمپێیۆدا

ئەوەی نەتزانیوە لەبارەی کورد و ئەمریکا و تورکیا!
2023-01-28

کەمال چۆمانی:کوردستان تایمز

دەبێ چی رویدابێ کاتێک سەرۆکی پێشوی ئەمریکا دۆناڵد ترامپ جێگرەکەی مایک پێنس و وەزیری دەرەوە مایک پۆمپێیۆ دەنێرێتە لای ئەردۆغان تا چەندان سەعات کۆبونەوە بکەن؟ دەبێ بۆچی پۆمپێیۆ هەوڵی دابێ دەرگای کۆبونەوەکەی ئەردۆغان و مایک پێنس بشکێنێ؟ دەبێ چی رویدابێ کاتێک لە توڕەیی سەرۆکی دەزگای هەواڵگریی تورکیا هاکان فیدان و قسەکەری ئەردۆغان لە ژوری رۆزفێڵتی کۆشکی سپی لە واشنتن لە توڕەیییاندا کۆبونەوە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بەجێدەهێڵن؟ دەبێ سەرکردەکانی کورد چۆن لە سەربەخۆیی و سەروەریی عێراق بڕوانن؟ دەبێ کوشتنی قاسم سولەیمانی چۆن بڕیاری لێ درابێ؟

 

ئەی چی دەبێ ئەگەر هەمو ئەمانەی سەرەوە پەیوەست بن بە کوردەوە؟

وەزیری دەرەوەی پێشوی ئەمریکا مایک پۆمپێیۆ وەک خۆئامادەکردنێک بۆ خۆپاڵاوتن بۆ سەرۆکایەتیی ئەمریکا لە ٢٠٢٤، هەفتەی رابردو یاداشتەکانی لە کتێبێکی ٤٦٤ لاپەڕەییدا بە ناوی  `هەرگیز واز لە ئینجێکیش مەهێنە؛ شەڕکردن بۆ ئەمریکایەک کە خۆشمدەوێ` بڵاوکردەوە. پۆمپێیۆ کەسایەتییەکی سیاسی و هەواڵگری و دیپلۆمات و بزنسمانی ناسراوی ئەمریکیییە، سەرکردەیەکی ناسراوی کۆمارییەکانە. ئەو لە ساڵی ٢٠١٧ تا ٢٠١٨ بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی ئەمریکا بو لەژێر سەرۆکایەتیی دۆناڵد ترامپ. دواتریش لە ساڵی ٢٠١٨ تا ٢٠٢١ بو بە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا؛ یەکەم کەسە لە ئەمریکا ئەو دو پۆستە گرنگەی بەڕێوەبردبێ.

پۆمپێیۆ لە کاتێکدا بەڕێوەبەری سی.ئای.ئێی و وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بو کە کورد لە عێراق و تورکیا و سوریادا لە هەمو ساتێکی دیکەی مێژوی خۆیدا هەم لەسەر ئاستی ناوخۆی تورکیا، سوریا، و عێراق و هەمیش لەسەر ئاستی ناوچەکە و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، تەنانەت لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، کاریگەرییەکەی گەییشتە لوتکە بە هۆی شەڕی داعش بونە بەشێک هاوپەیمانێتیی بۆ لەناوبردنی داعش، هەم بە هۆی ئەو روداوانەی لەدوای شەڕی داعش رویاندا لە وێنەی داگیرکارییەکانی تورکیا لە رۆژئاڤای کوردستان، هەروەها بە هۆی نەوت و گازیشەوە، بو بە رۆژەڤی سیاسەت لە ناوچەکە و دونیا. تورکیا بە زانیاریی و سەرنجەکانی پۆمپێیۆ دەربارەی تورکیا توڕە بوە. وەزیری دەرەوەی تورکیا مەولود چاوشۆغلۆ دژ بە یاداشتەکان گوتی: «ئەوەی ئەو دەربارەی تورکیا دەیڵێت، هەڵەزانیارییە. دیبلۆماسییانە قسەدەکەم. دەتوانی بڵێی درۆی رونن.» لە بارەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و سەرکردەکانی عەرەب، دیسان زانیاریی سەرنجڕاکێشی تێدان، بەتایبەت پەیوەست بە نزیکبونەوەی وڵات و سەرکردەکانی عەرەب لەگەڵ ئیسرائیل.

بەرهەم ساڵح لە ناوەندە رۆژئاواییەکان زۆر ناسراوە. سەرکردەیەکی لێهاتوی کوردی عێراقە، ئەو وریا [بە خۆپارێزییەوە] بو، بەڵام هەمیشە رون بو دەربارەی ئەوەی گونجاو بو و ئەوەی پڕ مەترسی بو. عادل عەبدولمەهدی، بە پێچەوانەوە، ئامرازێکی ئێرانی بو، هیچ حەزێکی لە ریسکی سیاسیی نەبو تا سەرمایەگوزاریی سیاسیی پێوە بکا. کاتم لەگەڵیدا نزیک بو وەک ئەو دیدارانەم لەگەڵ ئێرانییە راستەقینەکاندا.

لە زۆر روداودا کورد چەقی بابەتەکان و ململانێکانی ئەمریکایە لەگەڵ تورکیا، عێراق، و سوریا، کەمتر ئێران چونکە ململانێی ئەمریکا و ئێران کەمتر پەیوەستە بە کوردەوە. کورد بە رادەیەک کاریگەر بوە بەسەر سیاسەتەکانی ئەمریکادا پۆمپێیۆ و جێگری سەرۆکی ئەمریکا لە واشنتۆنەوە بەرەو ئەنقەرە دەفڕن تا بتوانن رێ لە ئەردۆغان بگرن بۆ هێرشەکانی بۆ سەر رۆژئاڤا، بە رادەیەک پۆمپێیۆ هەستدەکات لە دانیشتنی نێوان مایک پێنس و ئەردۆغاندا ژیانی مایک پێنس لەوانەیە لە مەترسیدا بێ و بۆیە بە هەڕەشەوە دەچێتە ناو کۆبونەکەوە.

لێرەدا هەوڵدەدەم چەند وتە و روداوێک کە باسی کورد و تا رادەیەک ناوچەکەیان تێدایە، بەتایبەت کوشتنی قاسم سولەیمانی، وەربگێڕمە سەر کوردی.

#لاپەڕە ٧٩

یەکەم ناوهێنانی کورد لە لاپەڕە ٧٩یە [ئەو کتێبەی من بۆ ئەو خوێندنەوەیە پشتم پێ بەستوە ئیبوکە و لاپەڕەکانی بونەتە ٨٤٥ چونکە بەپێی قەبارەی کاتی خوێندنەوە ئیبوک لاپەڕەکان دەگۆڕێ]. لێرەدا باسی داعش و هەوڵەکانە بۆ لەناوبردنی داعش لە عێراق و سوریا و پشتیوانیکردنی سەربازی و هەواڵگری بۆ هێزەکانی شەڕکەر دژ بە داعش لەڕێی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ شکاندنی داعش. ئەو رەخنە لە ئیدارەی ئۆباما دەگرێ کە «درەنگ خەبەریان بوەوە» لە مەترسیی داعش و کاتێکش خەبەریان بوەوە «هێندەیان نەکرد» بۆ وەستاندنی داعش تا ئیدارەی ترامپ. پۆمپێیۆ دەنوسێ:

«لە کاتێکدا ویلایەتە یەکگرتوەکان بەردەوام بو بۆ ئامادەکاریی هەواڵگری، سەربازی، و راهێنان و پشتیوانیی ئاسمانیی، شەڕڤانە کوردییەکان لە هێڵی پێشەوە شەڕیان دەکرد بۆ بەرگریکردن لە ماڵەکانیان. بەم جۆرە، بەردەوام بوین لە تێکشکاندنی دوژمنەکانمان لەگەڵ هاوپەیمانەکانمان. وەرچەرخانێکی خێرا لە شکستەوە قەرەبوی کردینەوە.»

 #لاپەڕە ٢٨٩

پۆمپێیۆ باسی سەردانێکی کتوپڕی دەکات بۆ عێراق. لە وەسفی سەردانەکەدا وەک بڵێی کەسێک فیلمێکی ئاکشنی ئەمریکیت بۆ دەگێڕێتەوە بە رادەیەک پێشمەرجیی ئاساییشی گیراونەتەبەر چونکە ئەو سەردانی وڵاتێکی کردوە کە «زۆر کەس دەیانەوێ بیکوژن» و «ساروخ بگرنە ئەو فڕۆکەیەی کە لەسەری نوسراوە ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا.» هەروەها وڵاتێک تێیدا «بەرپرسانی ئێرانی بە کەیفی خۆیان تێیدا دەسوڕێنەوە. ئەوەش هەمو شتێکت پێ دەڵێت کە بزانی دەربارەی کێ بەرپرسە.»

دوای گەییشتنی، پۆمپێیۆ خۆی دەگۆڕێ بە جلوبەرگی گولەنەبڕ و بەرەو ناوەڕاستی بەغداد بەڕێدەکەوێت بۆ دیداری سەرۆک کۆماری پێشوی عێراق بەرهەم ساڵح و سەرۆک وەزیرانی پێشوی عێراق عادل عەبدولمەهدی. لەبارەی ئەو دو کەسایەتییەوە دەنوسێ:

«بەرهەم ساڵح لە ناوەندە رۆژئاواییەکان زۆر ناسراوە. سەرکردەیەکی لێهاتوی کوردی عێراقە، ئەو وریا [بە خۆپارێزییەوە] بو، بەڵام هەمیشە رون بو دەربارەی ئەوەی گونجاو بو و ئەوەی پڕ مەترسی بو. عادل عەبدولمەهدی، بە پێچەوانەوە، ئامرازێکی ئێرانی بو، هیچ حەزێکی لە ریسکی سیاسیی نەبو تا سەرمایەگوزاریی سیاسیی پێوە بکا. کاتم لەگەڵیدا نزیک بو وەک ئەو دیدارانەم لەگەڵ ئێرانییە راستەقینەکاندا.»

پۆمپێیۆ دەڵێ قاسم سولەیمانی زۆری دەزانی بەڵام، کەمی دەزانی لەبارەی درۆنێکی MQ-9 Reaperی ئەمریکی کە هەمو جوڵەکانی لەسەرەوەڕا هەڵدەگرت. هەر کە تڕومبێلەکەی سولەیمانی فڕۆکەخانەی بەغدادی بەجێهێشت و هاتە سەر جادە، موشەکی Hellfire [ئاگری دۆزەخ] بە هاوارەوە بارینە خوارەوە. هێزی ئەمریکی، تەکنەلۆژیای ئەمریکی، و عەدالەتی ئەمریکی خۆیان بە تڕومبێلەکەیدا دا. چاوترساندنی ئەمریکی لێیدا، و چیتر سولەیمانی هەرگیز هیچ کەسێک ئازار نادات.

پۆمپێیۆ بیری بەرهەم ساڵح و عادل عەبدولمەهدی دەخاتەوە کە ئازاردانی سەربازە ئەمریکییەکان و کێشە دروستکردن بۆ ئەمریکا وا دەکات ئەمریکا لە عێراق بکشێتەوە، شتێک کە کەسیان نەیدەویست، هەروەها هەر روداوێک دژ بە ئەمریکا لە عێراق ئەوا راستەوخۆش ئێران بە بەرپرسیار دەزانن. پۆمپێیۆ ئاماژە بەوە دەکات کە عادل عەبدولمەهدی لەو دیدارەدا ئاماژەی خراپی بەجێهێشتن. هەروەک بینیشمان دواتر خۆپیشاندانەکان کابینەکەی عەبدولمەهدییان ناچارکرد دەستلەکاربکێشێتەوە.

#لاپەڕە ٢٨٧

بەشێکی زۆر تەرخانکراوە بۆ کوشتنی سەرۆکی سوپای قودس قاسم سولەیمانی و «تامکردنی تۆڵەی ئەمریکی لەلایەن قاسم سولەیمانی»یەوە. پۆمپێیۆ باس لەوە دەکات کە چۆن قاسم سولەیمانی تەنگی بە ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی هەڵچنیبو، بەڵام لە کوشتنی ئەمریکییەکانەوە ئارامیی ئەمریکا دەگاتە لوتکە و پۆمپێیۆ قەناعەت بە ترامپ دەکات کە بڕیاری کوشتنی قاسم سولەیمانی بدەن. ئەمەش بێ کاریگەریی نەبوە لەسەر ژیانی کە تا ئێستاش ناتوانێ بێ بۆدیگاردی نهێنی سەردانی شوێنە گشتییەکان بکات، تەنانەت منداڵەکانیشی و ئەمەش کۆی ژیان و شێوەی ژیانی گۆڕیوە.

ئەمریکا بۆ چاوترساندنی نەیارەکانی، سیاسەتێکی هەیە پێی دەگوترێ Deterrence Policy، واتا سیاسەتی چاوترساندن. بەڵام ئەو دەڵێ ئەمریکا خەریک بو ئەو سیاسەتەی بەرامبەر ئێران بێ کاریگەریی دەبو، بۆیە بڕیاری کوشتنی قاسم بڕیارێکی کاریگەر بوە بۆ گێڕانەوەی شکۆی ئەمریکا و سەقامگیریش بۆ ناوچەکە لەگەڵ ئەوەشدا کە مەترسی و دەرەنجامەکانی کوشتنێکی وایان زانیوە.

هەر لەو بەشەدا کە باسی کوشتنی قاسم سولەیمانی دەکات، باسی سەردانێکی خۆیی و مایک پێنس دەکات بۆ تورکیا بۆ راگرتنی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر رۆژئاڤای کوردستان لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٩. ئەو سەردانە دەبێ چ پەیوەندییەکی بە کوشتنی قاسم سولەیمانییەوە هەبوبێ؟

ئەو دەنوسێ:

«لە گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیدا، سەرۆکی تورکیا رەجەب تەییب ئەردۆغان قەناعەتی بە سەرۆک ترامپ هێنا بۆ لابردنی هێزەکانی ئەمریکا لەسەر سنوری تورکیا-سوریا نەوەکو ببنە قوربانیی پێشکەوتنی هێزەکانی تورکیا بۆ دەرکردنی کوردەکان کە شەڕی داعشیان دەکرد.»

«سەرۆک من، جێگری سەرۆک پێنس، و راوێژکاری ئاساییشی نیشتیمانی ئۆبرینی وەک تیمێک نارد بۆ ئیستانبول بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی هەرێمی ململانێ [واتا هەرێمی شەڕ و پێکدادان لە سوریا]. ئەمە کردەیەکی باڵانس راگرتن بو. ئامانجی ئێمە ئەوە بو سەربازە ئەمریکییەکان نەکەونە مەترسییەوە بەڵام بێئەوەییش تەسلیم بین بە هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر ئەو هێزە کوردییانەی کە سەری رمەکە بون لەدژی داعش. ئێمە لە هەرو بەرەی چەپ و راستەوە تۆمەتبارکراین بە پشتگوێخستنی کوردەکان. ئەمە راست نەبو، بەڵام ئێرانییەکان ئەوەیان وەک کشانەوە تەرجومە کرد. ئەوان هەڵە بون بەڵام گۆش بوبون.»

واتا، ئێرانییەکان وا ئەو روداوانەی سوریایان لێکدایەوە کە ئەوە کشانەوەی ئەمریکایە لە ناوچەکەدا، بۆیە قاسم سولەیمانی زیاتر کەوتە جوڵە، ئەمریکاش سیاسەتی چاوترساندنەکەی بۆ ئاستی هەرەباڵا و مەترسیدار خستەگەڕ. لەو ماوەیەدا ئەمریکا هێزی ئاسمانی بەکارهێنا بۆ لێدانی هێزە میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە سوریا و عێراق، دواتریش هێرشی رۆکێتی میلیشیاکان و کوشتنی کارمەندێکی ئەمریکی لە کەرکوک بەدوداهات.

بۆیە پۆمپێیۆ ئاماژە بەوە دەکات کە ئەو روداوانە وای کرد هێزی ئەمریکا باشتر نیشانبدرێ. ئەو دەنوسێ:

«ئێمە پێویستە ئەو دەرفەتە بەکاربێنین کە بیری سەرکردەکانی ئێرانی بخەینەوە کە هەر هێرشێک لەلایەن ئەوانەوە، یان لەلایەن هێزە پرۆکسییەکانیانەوە لەژێر هەر ناسنامەیەک، کە ئەمریکی و هاوپەیمانەکانمان ئازار بدا، یان  زیان بە بەرژەوەندییەکانمان بگەیەنێت، وەڵامدەدرێنەوە بە وەڵامێکی چارەنوسسازی ئەمریکی.»

پۆمپێیۆ لە ٢٧ی دیسێمبەری ٢٠١٩ بەرەو مارلاگۆ دەفڕێ بە هاوڕێیەتی ئیسپەر و میڵی بۆ دیدار لەگەڵ ترامپ بۆ بڕیاری کوشتنی قاسم سولەیمانی کاتێک دەزانن لە لوبنانەوە بەرەو عێراق دەفڕێ.

روداوی کوشتنەکەی قاسم سولەیمانی هەر لە فیلمێکی ئاکشن دەچێ لە دورایی شەش هەزار مایلەوە بڕیار لە کوشتنی سەرکردەیەکی ئێرانی دەدرێ کە لەڕی تەکنەلۆژیای ئەمریکییەوە پێ-بە-پێ هەنگاوەکانی هەڵدەگرن هەر کە لە ناوچەکانی شەڕ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دەجوڵێتەوە و دەچێتە دیمەشق و دواتریش لەڕێی فڕۆکەیەکەوە بەرەو بەغداد.

پۆمپێیۆ دەڵێ قاسم سولەیمانی زۆری دەزانی بەڵام:

«کەمی دەزانی لەبارەی درۆنێکی MQ-9 Reaperی ئەمریکی کە هەمو جوڵەکانی لەسەرەوەڕا هەڵدەگرت. هەر کە تڕومبێلەکەی سولەیمانی فڕۆکەخانەی بەغدادی بەجێهێشت و هاتە سەر جادە، موشەکی Hellfire [ئاگری دۆزەخ] بە هاوارەوە بارینە خوارەوە. هێزی ئەمریکی، تەکنەلۆژیای ئەمریکی، و عەدالەتی ئەمریکی خۆیان بە تڕومبێلەکەیدا دا. چاوترساندنی ئەمریکی لێیدا، و چیتر سولەیمانی هەرگیز هیچ کەسێک ئازار نادات.»

#لاپەڕە ٦١١

پۆمپێیۆ باسی مانۆرە نوێیەکانی ئەمریکا دەکات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. کورد وەک هێزێکی دۆست دەبینێ.

ئەو دەنوسێ:

«من هاوپەیمانی باشترم هەبون لە هەندێک ئەندامانی کۆنگرێس لە سپاردەی دروستکردنی عێراقێکی زیاتر سەربەخۆ و سەروەردا. سەرۆک بەرهەم ساڵحی عێراق یەکێک بو لەوانە. و هەروەها بارزانییەکانیش لە باکوری کورد [ی عێراق] باش بون. سەرکردایەتیکردنی کوردەکان لەناو عێراق شتێکی پڕ ئالنگارییە. کوردەکان لەژێر هەڕەشەی بەردەوامی ئێراندان، بەڵام ئەو ئیشەی ئەوان لەگەڵ ئێمەیان کرد، نایاب بو. هەندێک شەڕڤان و هاوڕێی باشتر هەن بۆ ئەمریکا. بێگومان، هیچ شتێک لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئاسان نییە. لە کۆتاییدا، ئێمە بەردەوام بوین لە لەدەستدانی زەمین بۆ ئێران لە ناوخۆی عێراق، و تا ئەمڕۆش ئەو شەڕی ئازادی و سەربەخۆیییە بۆ خەڵکی عێراق بەردەوامە.»

لێرەدا رون نیشانیدەدات کە هەم سیاسەتی ئەمریکا بۆ سەربەخۆی و سەروەریی عێراقە، بەرهەم ساڵح زۆر بەباشی لەوە تێگەییشتوە بۆیە سەرەڕای دۆستایەتییەکەی لەگەڵ ئێران، هەمو هەولێکیشی داوە بۆ بەدیهێنانی ویستی ئەمریکییەکان بۆ عێراقێکی سەربەخۆ و سەروەر، هەروەک چۆن دیارە بارزانییەکانیش لە دیداریان لەگەڵ پۆمپێیۆ شتێکی جیاوازیان نەگوتوە.

#لاپەڕە ٦١٤

پۆمپێیۆ ئەوە روندەکاتەوە کە هەر لە سەرەتاوە ئیدارەی ترامپ «ستراتیجێکی بەهێزی وەگەڕخەر» یان سەبارەت بە تورکیا نەبوە. رەخنەی ئەوە لە ئەردۆغان دەگرێ کە لە ٢٠١٦ەوە «کۆدێتا» رویدا ئەردۆغان بو بە «ئیسلامیی تاکڕەوی تەواو.» پۆمپێیۆ چەندان سەعاتی لەگەڵ ئیبراهیم کالین و هاکانفیدان بەسەربردوە بۆ گفتوگۆکردنی کێشەکان، هەروەها ئەردۆغان بەبەردەوامی تەلەفۆنی لەگەل ترامپ دەکرد و گلەیی ئەوەیان دەکرد کە «زۆر پشتیوانیی کورد دەکەن و رەتیش دەکەنەوە کە فەتحوڵا گولەن بگێڕدرێتەوە تورکیا.» پۆمپێیۆ رەخنە لە ئۆباما دەگرێ کە لاوازیی ئیدارەکەی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وای کرد ئەردۆغان بەهێز بێ و بتوانێ بەو جۆرە مامەڵە بکا هەروەک چۆن «کشانەوەی ئەمریکا لە عێراق وای کرد داعش سەرهەڵبدا و دەرگایەکیشی کردەوە بۆ هەژمونی ئێران، تا دوایی.»

 

#لاپەڕە ٦١٥

بۆ ئەمریکا و ئیدارەی نوێی ئەمریکا بە سەرۆکایەتیی ترامپ، وەک پۆمپێیۆ رونیدەکاتەوە، گرنگترین پرسی بەپەلەی ئەوکات لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، سەرهەڵدانی داعش بو.

پۆمپێیۆ بۆ روبەڕوبونەوەی داعش و لەناوبردنی، هەروەها بۆ ئەوەی داعش نەگاتە ئەوروپا و ئەمریکا و ئیسرائیل، دو بژاردەیان هەبو. لە ناوخۆیاند گفتوگۆ دەکەن، واتا سوپا و وەزارەتی دەرەوە و وەزارەتی بەرگری و هەواڵگری و کۆشکی سپی، بژاردەی یەکەم لەگەڵ هێزە کوردییەکان ناسراو بە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک یان بژاردەی دوەم کە تورکەکان خستیانە بەردەمی ئەمریکا کە خۆیان لەگەڵ هاوپەیمانیی ناتۆ کارەکە ئەنجامبدەن.

پۆمپێیۆ بەو جۆرە بژاردەکان هەڵدەسەنگێنێ:

«ماکماستەر و من هەردوکمان بەگومانەوە پلانی تورکیامان بینی، چونکە پلانەکەیان بەخراپی وەک سڕینیەوەی نەژادیی کوردەکان بو. ئەردۆغان ئەو دەرفەتەی بەکاردەهێنا بۆ ئەوەی خەونی لەمێژینەی خۆی بۆ لەناوبردنی گەلی کورد لە تەواوی سوریا بەدەستبێنێ بە پشتیوانیی ئەمریکا. ئەردۆغان و هاکان فیدان چەندبارە تەلەفۆنیان بۆ دەکردم کە جەختیان دەکردەوە کە چۆن پەکەکە -هێزێک لەناو لیستی تیرۆری ئەمریکا دایە- جیاواز نییە لە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک. ئەوان دەیانگوت ئەگەر پشتیوانیی ئەمریکا بۆ هێزەکانی سوریای دیموکراتیک بەردەوام بێ، ئەوا پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئەمریکا تێکدەچن.»

ئەو هەروەها باسی بەدگومانیی ماتیس و دەنفۆردیش دەکات کە پێیانوابو تورکیا نەیدەتوانی شەڕی داعش بکا. تورکیا رێی دەگرت کە ماتیس ئەو هێزە ببینێ تورکیا بۆ شەڕی داعشی ئامادەکردبو، کاتێکیش بینی، هیچ جێی هیوا نەبوە. دواتر ئەوان پلانێکی ستراتیجی ئامادە دەکەن بۆ کارکردن لەگەڵ هێزەکانی سوریای دیموکراتیک چونکە نیشانیانداوە کە چەندە کاریگەرن، بەمەش سەرۆک ترامپ رازیدەبێ.

وەک خۆی ئاشکرایدەکات، دوای قبوڵکردنی پرۆژەکە لەلایەن سەرۆک ترامپەوە، کاتی راگەیاندنی پلانەکە هاتبو بە تورکیا، «ئەو شتەی تورکیا نەیدەویست بیبیستێت ئێستا بە دیپلۆماسییانە دەبێ پێیان رابگەیەنم.» دواتر ئیبراهیم کالین و هاکان دیدارێکیان لەگەڵ پۆمپێیۆ و ماکماستەر دەبێ لە ژوری رۆزڤێڵت لە کۆشکی سپی.

پۆمپێیۆ دەڵێ:

«پێمان گوتن کە ئێمە بەردەوام دەبین لە پشتیوانیکردنی تورکیا بۆ شەڕکردنی پەکەکە، بەڵام بۆ لەناوبردنی داعش لەگەڵ کوردەکانی سوریا کاردەکەین. هەرگیز توڕەیی وا خێرا بتەقێتەوە لە ژورێکدا نەمبینیوە. کالین و فیدان تەقینەوە و ئینجا بەخێرایی بەجێیانهێشت. شتێکی باش نەبو بۆ پەیوەندییەکانمان، بەڵام ویلایەتە یەکگرتوەکان بڕیارە راستەکەی دابو کە کێ هاوپەیمان بێ لەگێلیدا بۆ تێکشکاندنی خەلافەت. ئەو کۆنسێپتە هەمو شتێکی جیاواز کرد. لە سەرەتای ٢٠١٩، سوریا و عێراق لە ئاڵای رەشی پاوانخوازیی ئیسلامیستی رزگاریان بو. لەجیاتی رێگا ترادیشناڵەکە بگرینە بەر بۆ هاوپەیمانیکردن لەگەڵ سوپایەکی نیشتیمانی، ئێمە لەگەڵ کوردەکان رۆییشتین، و ئەمریکییەکانیش قازانجیان کرد.»

 

#لاپەڕە ٦٥١

روداوەکان پەیوەست بە کورد و ناوچەکەوە زۆرن، بەڵام وا هەستەدەکەم بابەتەکە زۆر درێژ بۆتەوە. من دامنابو ١٠٠٠ وشە بنوسم کەچی وا نزیکبۆتەوە لە ٢٠٠٠ وشە، بۆیە پرسەکان کورتتر دەکەمەوە.

هەر پەیوەست بە داعشەوە، کێشەیەک دەکەوێتە نێوان وەزارەتی دەرەوە و بەرگری و کۆشکی سپییەوە. ترامپ بڕیاردەدات لە سوریا بکشێتەوە بێ پرسکردن بەو کەسانەی بەرپرسی ئەو فایلە بون. وەزیری بەرگری بڕیاردەدات بە هۆی «خیانەتکردن لە کوردەکانەوە» دەستلەکاربکێشێتەوە. بەڵام پۆمپێیۆ دەڵێ:

«سەرۆک ترامپ لە ١٩ی دیسێمبەری ٢٠١٨ تویتێکی کرد کە ئەمریکا لە سوریا دەکشێتەوە. ماتیس تۆمەتباریکرد بە خیانەتکردن لە هاوپەیمانە کوردەکانمان، کە راست نەبو، و ماتیس زو دەستیلەکارکێشایەوە. دواجار سەرۆک پەشیمان بویەوە و دو هەزار سەربازی لە باکور و رۆژهەڵاتی سوریا بەجێهێشت، بۆ هۆکارێکی باش. تا ئەمڕۆش، گروپی بچوکی داعش ماون و پەرشوبڵاوبەنەتەوە بە تەواوی باکور و رۆژهەڵاتی سوریادا. تازە جارێکی تر ناتوانن ببنەوە هێزێکی دیکەی جیهادیستی کاریگەر.»

#لاپەڕەکانی ٦٥٢ و ٦٥٣

دوای ئەوەی تورکیا بێهیوا دەبێ لەوەی ئەمریکا لە پشتیوانیکردنی بوەستێ، تورکیا هەمو سنورەکان دەبەزێنێت و بڕیاری هێرشدەدات بۆ سەر باکور و رۆژهەڵاتی سوریا. وەک پۆمپێیۆ دەڵێ کە بێجیاوازیکردن لەنێوان ئەو کوردانەی هەڕەشەن بۆ تورکیا و ئەوانەی هەڕەشە نین، تورکیا خۆی ئامادەکرد بۆ «قەتڵوعامێکی سەرتاسەری کوردەکان لە باکوری سوریا.»

ئەمە وا دەکات ترامپ پۆمپێیۆ و جێگرەکەی مایک پێنس بنێرێ بۆ گەیاندنی پەیامی ئەمریکا بە ئەردۆغان و تورکیا کە ئەمە «قبوڵکراو نییە.»

ئەمە سەیرترین دانیشتنی دیبلۆماسییانەیە و بەو جۆرە باسیدەکات:

«گەشتەکە ئالنگارییەک بو. کاتێک گەییشتینە کۆشکەکەی ئەردۆغان، ئەو داوایکرد کە دیدارێکی یەک-بە-یەکی لەگەڵ جێگری سەرۆک پێنس دەوێ بۆ `چەند دەقیقەیەکی کەم.` دوای نیو سەعاتێک، بە خانەخوێکانم گوت کە پێویستە جێگری سەرۆک مایک پێنس ببینم. هیچ ئاماژەیک نەبو. دوای رۆییشتنی بیست دەقیقەی تر، من ئیرادەم گرت. بێ مۆڵەت، بە هۆڵەکەدا چومە خوارەوە و هەوڵمدا دەرگاکە پاڵدەم تا بیکەمەوە کە ژوری ئەردۆغان بو و لەگەڵ مایک پێنس تێیدا دانیشتبو. داخرابو. ئینجا بە هاوتاکەم گوت کە ئێمە دەرگاکە دەشکێنین بۆ ئەوەی بچینە ژورەوە -من نیگەران بوم کە لەوانەیە مایک پێنس روبەڕوی هەمان دۆخ بوبێتەوە کە من ناچارکرام ڤیدیۆیەکی سێ سەعاتی تەماشابکەم لەبارەی کۆدێتاکەی ٢٠١٦ لە یەکەم سەردانم بۆ تورکیا وەک بەڕێوەبەری سی.ئای.ئێی لە ٢٠١٧. ڤیدیۆکە ئەوەندە درێژ و بێزارکەر بو کە من وەک نەخۆشییەکی دەرونیی دامنا. ئێمە پێویستیش بو تەواوی مەسەلەکان لە کاتی خۆیدا باسبکەین کە وای پێویست دەکرد هەمو گروپەکە لە کۆبونەوەکە بن.»

دواتر رێیان دەدرێت و هەموان لەگەڵ ئەردۆغان دادەنیشن.

پۆمپێیۆ دەڵێ:

«چەند سەعاتێک دانیشتین و گەیشتینە رێککەوتنێک. ئەردۆغان رازیبو ئاگربەست رابگەیەنێت. رێیدا هێزە ئەمریکییەکان و وڵاتییان لەسەر سنوری تورکیا بکشێنەوە. تورکیا هەرێمی زیاتری کەوتە بن دەست کە لەژێر کۆنترۆڵی ئێمەدا بو. هاوبەشە کوردەکان بەبەردەوامی لە پەیوەندییدا بون لەگەڵ بەدرێژایی دیدارەکان و بەدودڵی و نیگەرانییەوە گەییشتنە ئەنجام کە دەتوانن لەگەڵ ئەو `ئاگر بەست`ەدا ژیان بکەن. باشترین ساتمان نەبو، بەتایبەت کە روسییەکان کە لەوانەیە سود لەوە ببینن، بەڵام هەمو لایەنەکان تێگەییشتن کە سنوری هێزیان چەندە لەو دۆخەدا.»

«دانوستانەکانمان ئێمەی بۆ دۆخێکی چاوڕاکێش برد. لە ساتێکدا، لەسەر مێزەکە نەخشەکانمان بڵاوکردبوەوە، و ئاماژەمان بەو شوێنانە دەدا کە هێزە ئەمریکییەکان تێیدا جێگیر بوبون. ئەردۆغان پرسیاریکرد کە ئێمە دڵنیاین لە شوێنەکانمان. کاتێک دڵنیاییمان دا، چاوێکی لە تیمەکەی کرد بە نیگایەکەوە کە دەڵێ `ئێوە درۆتان لەگەڵم کرد.` تیمەکەی داوای پشویەکی کورتیان کرد.»

لەمەدا پۆمپێیۆ وانەیەک وەردەگرێ:

«لەوەدا وانەیەک هەیە؛ سەرکردە عەسکەرییەکان کە لەژێر سەرکردایەتیی دیکتاتۆرەکان خزمەت دەکەن زۆربەی جار راستییەکان لە سەرکردەکانیان دەشارنەوە. من دڵنیام پوتین هەمان ئەنجامی من بەدەستدەهێنێت بە روناکی خستنە سەر ئەو بەرخۆدانە بێوێنەیەی ئۆکرانییەکان.»