بەبیانوی تەماتە و شوتیەوە ئێران دۆلارەكانی عێراق دەبات

2023-01-28

بەپێی تازەترین بەدواداچون دەركەوتووە بەشێكی زۆری بردنی دۆلارەكانی عێراق لەژێر ناوی هاوردەی ساختەدایە بۆ تەماتە و شوتی.
كەناڵی ئەلحوڕە،لە راپۆرتێكدا بڵاویكردۆتەوە،ساڵانە 10 – 15 ملیار دۆلار لە عێراقەوە دەنێردرێت بۆ ئێران.
بەبڕوای شارەزایان دۆلاری عێراق لە سێ‌ ڕێگەوە ئاودیوی ئێران دەوكرێت.

شارەزایەكی ئابوری بە كەناڵە ئەمریكیەكەی وتووە: عێراق لە ساڵێكدا بە بەهای 4.25 ملیار دۆلار تەماتە و 1.78 ملیار دۆلار شوتی لە ئێران كڕدراوە.
بە بڕوای ئەو شارەزا ئابورییە ئەو ژمارانە لەبارەی هاوردەكردنی تەماتە و شوتییەوە حەقیقی نین و وەهمین و وەسڵی ساختەیان بۆ دروستكراوە لە دەروازەكانەوە.
بەبڕوای ئەو شارەزا ئابورییە ئەو بڕە پارەیەی كە لە ساڵێكدا لە عێراقەوە بۆ كڕینی تەماتە و شوتی ئێرانی رۆشتووە.بەشی كیشوەرێك دەكات نەك تەنها وڵاتێك.
جیەمال كۆچەر ئەندامی لیژنەی دارایی پەڕلەمانی عێراق دەڵێت
لە عێراقەوە بە سێ‌ ڕێگە دۆلار ئاو دیو دەكرێت

 


یەكەمیان لەرێگەی بانكەكانەوەیە،كە دۆلار حەواڵەی ئێران دەكەن،بە هۆی ئەو وەسڵە ساختانەی كە بەشێوەی وەهمی و قەبە قەبارەی هاوردەكردنی كاڵاكانی تێدا نوسراوە.
دوەمیان لەڕێگەی دوكانەكانی حەواڵەوەیە كە بەبێ‌ چاودێری حەواڵەی دۆلار بۆ دەرەوەی عێراق ئەنجام دەدەن.
رێگەی سێمیش وەك ئەو پەڕلەمانتارە باسی دەكات بریتتیە لە بردنە دەرەوەی دۆلاری كاش لە ڕێگەی دەروازەكانەوە،بەتایبەتی ئەو دەروازانەی كە كۆنتڕۆڵیان لەژێر دەستی حیزبەكاندایە.

هەرچەندە عێراق ناچارە بۆ دانەڕوخانی بەهای دراوەكەی،كۆمەڵێك ریوشوێنی توند بگرێتە بەر لە شێوەی كەمكردنەوەی خستنەڕووی دۆلار و سزادانی ئەو بانكانەی بە ناردنە دەرەوەی دۆلار بۆ دەرەوەی وڵات تۆمەتبار كراون،لەگەڵ كاركردن بە سیستمی ئەلكترۆنی پارەدانی فاتورەی بازرگانان.

بە بڕوای جەمال كۆچەر،ئەو هەنگاوانەی حكومەتی عێراق گرتویەتییە بەر سودی دەبێت بۆ كەمكردنەوەی بردنە دەرەوەی دۆلار،بەڵام ناتوانێت بنەبڕی دیاردەكە بكات،چونكە ئێران لەناو جومگە هەستیارەكانی عێراقدا نفوزی هەیە و بە ئاسانی دەتوانێت خۆی لە كۆت و بەندەكان بدزێتەوە