دادگای فیدراڵی،ئەو چەقۆیەی پارتی دەمەكەی تیژكرد،لە كۆتایدا خۆی و كوردیشی بڕی

2023-01-29

هەموان كۆكن لەسەر ئەوەی كە دادگای فیدراڵی بووە بە چەقۆیەكی تیژ دژی هەرێمی كوردستان،بەڵام لەوانەیە كەس نەزانێت ئەم چەقۆیە كاتی خۆی پارتی خۆی دەمەزەردی كردووە.

ئایا بەلاتەوە سەیر دەبێت ئەگەر بزانیت دادگای فیدراڵی لە بنەرەتەوە پارتی دیموكراتی كوردستان بە ئۆكەی خودی بارزانی،بەشداری كاراو سەرەكی بووە لە دروستكردنی دادگای فیدراڵیدا.

 

بەپێی دەستوری عێراق،هەموو ئەو یاسایانەی رەهەندی نیشتیمانیان هەیە،پێویستیان بە دوو لەسەر سێی دەنگی پەڕلەمان هەیە،ئەمەش مانای ئەوەیە مەحاڵە هیچ یاسایەك لە پەڕلەمانی عێراق بەبێ‌ كورد تێپەڕێنرێت كە رەهەندی نیشتیمانی هەبێت.

یاسای دادگای فیدراڵی،یەكێك بوو لەو یاسایانەی كە رەهەندی نیشتیمانی هەبوو،بەو پێیەش پێویستی بە دەنگی 245 ئەندامی پەڕلەمان هەبوو.هەر لەبەر ئەوەش لە خولەكانی پێشودا نەتوانراوە دەنگی لەسەر بدرێت.

بەڵام لە ساڵی 2021 بە رێكەوتنی نێوان سەدر و بارزانی و حەلبوسی، لە رێگەی دەستەی سەرۆكایەتی پەڕلەمانەوە كە پێكهاتبوون لە محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەڕلەمان و حسن الكعبي جێگری یەكەم و بەشیرحەداد جێگری دووەمی سەرۆكی پەڕلەمان بڕیاری دروستكردنی دادگای فیدراڵی دراو بۆ ئەو مەبەستەش فێڵێكی یاساییان دۆزیەوە،كە بریتی بوو لە هەموار كردنەوەی یاسای ژمارە 3 ی ساڵی 2005 لەسەردەمی ئیدراەی راگوزرەدا.

هەرگیز مێژوو ئەوە لەبیر ناكات، پارتی بەدەستی خۆی چەقۆیەكی تیژی بۆسەر ملی كورد تیژكردووە و ئەو چاڵەی كە ئێستای پارتی و كوردیشی تێكەوتووە كاتی خۆی پارتی و حەلبوسی و سەدر پێكەوە هەڵیان كەندووە.

هۆشیار عەبدوڵا،ئەندامی خولی پێشوی پەڕلەمانی كوردستان دەڵێت،كوتلە كوردیەكان لە پەڕلەمان دژی تێپەڕاندنی هەمواری یاسای دادگای فیدراڵی بوون بە دەنگی زۆرینە،بەڵام لەو سەروبەندەدا محەمەد حەلبوسی سەرۆكی پەڕلەمان، سەردانی مەسعود بارزانی كرد،هێشتا لە لۆفەكانی سەری رەش نەهاتبووە خوارەوە، كاتی كۆبونەوەی پەڕلەمانی دیاریكرد بۆ تێپەڕاندنی یاساكە،بەو پێیەی ئۆكەی بارزانی لەسەر تێپەڕاندنی یاساكە وەرگرتبوو.

تەنانەت هەردوو پەڕلەمانتار د.یوسف محەمەد سادق و د.بەهار مەحمود،ئەندامانی خولی پێشوی پەڕلەمانی عێراق لەو سەروبەندەدا بەیانامەیەكیان بڵاوكردەوە و رایانگەیاند كە تێپەڕاندنی یاسای دادگای فیدراڵی بە دەنگی زۆرینەی پەڕلەمان هەڵەیەكی گەورەیە و پێچەوانەی بەندی دووەمی مادەی 92 ی دەستوری عێراقە،كە دەڵێت دەنگدان بۆ یاسای دادگای فیدراڵی بە دەنگی دوو لەسەر سێی دەنگی پەڕلەمان دەبێت.

بە بەهانەی ئەوەی هەموار كردنەوەی یاسا پێویستی بە دوو لەسەر سێی دەنگی پەڕلەمان نییە و تەنها بە زۆرینە تێدەپەڕێت.بەو هۆیەشەوە لە دانیشتنی پەڕلەمانی عێراق لە رۆژی 18-3-2021 یاساكە بە دەنگی 204 ئەندامی پەڕلەمان هەموار كرایەوە و دادوەرەكانی دادگاكەش بە ڕێكەوتن لە نێوان لایەنە سیاسیەكان دابەشكرا.

لەو سەروەختەدا پارتی دیموكراتی كوردستان دەنگی بە یاساكەدا و كەمپینی دەنگ كۆكردنەوەشی بۆ ئەنجامدا بەو پێیەی پارتی و حەلبوسی و سەدر پێكەوە وەكو چۆن یاساكەیان هەموار كردووە كاریگەریان لەسەر دانانی دادوەرەكانی دادگاكەش دەبوو. بەپێی ئەو رێكەوتنەش حەلبوسی 2 ئەندام و پارتی دوو ئەندام و سەدر دوو ئەندامی بەردەكەوت،بەڵام دواتر لەژێر فشاری یەكێتیدا دادوەرێكی یەكێتی بۆ دادگاكە زیاد كراو دادوەرەكەی دووەم لە پشكی پارتی كرایە ئەندامی یەدەگی دادگاكە.

 

 

تەنانەت بۆ ئەوەی دەسەڵاتی سەرۆك كۆمار بەسەر دادوەرەكاندا نەشكێت، لە دەقی هەموار كراوی یاساكەدا هاتووە ئەگەر سەرۆك كۆمار ئامادەنەبوو بە هەر هۆكارێك سوێندی یاسایی دادوەرەكان وەربگرێت،ئەوا لە بەردەم سەرۆكی پەڕلەماندا سوێندی یاسایی دەخۆن و مەرسوومی دەستبەكاربونیان بۆ دەردەچێت.

پارتی لە تێپەڕاندنی ئەم یاسایەدا دوو مەبەستی سەرەكی هەبووە،خاڵی یەكەم پەیوەندی بە بەرژەوەندی حیزبیەوە هەبوە و پێی وابووە لەو رێگەی بونە زۆرینەی هاوپەیمانی پارتی و سەدر و حەلبوسی لە دادگاكەدا دەتوانێت كۆنتڕۆڵی بڕیارەكانی دادگاكە بكات.خاڵی دوەمیش بۆ لێدان بووە لە سەرۆك كۆمار د.بەرهەم ساڵح كە كاریگەری و دەسەڵاتی بەسەر دادوەرەكانی دادگاكەدا نەبێت.

بارزانی سەد لەسەد راست دەكات دادگاكە لە دادگای سەورەی حیزبی بەعس دەچێت،بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە دوو دادوەرەكەی پارتی و دادوەرەكەی یەكێتی چی دەكەن لە مەحكەمەی سەورەی حیزبی بەعسدا؟

 

پارتی و یەكێتی لە پێناوی بەرژەوەندی حیزبی خۆیان و مسۆگەركردنی پشكی خۆیان لە دادگاكەدا چاویان لە هەمووشتێك نوقان.


دادگاكە لە 9 دادوەری سەرەكی و 4 دادوەری یەدەگ پێكهاتووە،لەو ژمارەیە پارتی ئەندامێكی كارا و ئەندامێكی یەدەگی بەركەوت و یەكیتیش ئەندامێكی كارا،پارتی پێی وابوو خۆی و هاوپەیمانەكانی بەتواوی كۆنتڕۆڵی دادگاكەیان كردووە،بەو پێیەی حەلبوسی دوو دادوەر و سەدریش دوو دادوەری بەركەتبوو.

هەرگیز مێژوو ئەوە لەبیر ناكات، پارتی بەدەستی خۆی چەقۆیەكی تیژی بۆسەر ملی كورد تیژكردووە و ئەو چاڵەی كە ئێستای پارتی و كوردیشی تێكەوتووە كاتی خۆی پارتی و حەلبوسی و سەدر پێكەوە هەڵیان كەندووە.

 

بۆیە بارزانی بەر لەوەی گلەیی لە دادگاكە بكات دەبێت لۆمەی خۆی و حیزبەكەی بكات لەپێناوی چیدا چووە ناو رێكەوتنی دروستكردنی دادگای فیدراڵیەوە.

 

بارزانی سەد لەسەد راست دەكات دادگاكە لە دادگای سەورەی حیزبی بەعس دەچێت،بەڵام پرسیارەكە ئەوەیە دوو دادوەرەكەی پارتی و دادوەرەكەی یەكێتی چی دەكەن لە مەحكەمەی سەورەی حیزبی بەعسدا؟