سەردانەکەی مەکگرۆک ئاگری لەعێراق بەردا !

ـــ  بۆچی نێچرڤان بارزانی لەتورکیا و سودانی لە پاریسە ؟! چی دەگوزەرێت ؟ ـــ دوێنێ لە پاریس چی گوزەرا و بڕیاری دادگای پاریس و دادگای فیدڕاڵی چی پەیوەندیەکیان پێکەوە ھەبوو !
2023-01-31


ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە ھەر یەکە لە محمد شەیاع سودانی و نێچیرڤان بارزانی بەدوو ئەجێندا و دوو سەردانی بەپەلەی پێشتر ڕانەگەیەندراو گەیشتنە پاریس و ئەنقەرە و لەگەل ماکرۆن و ئەردۆغان  کۆبونەوە،ھەردوکیان پرسی دادگاییەکەی پاریس لەسەر فرۆشی نەوتی کوردستان پەل کێشی کردوون،زانیاریەکان دەڵێن بڕیارەکانی دادگا فەرەنسیەکە و دادگا عێراقیەکە پێشھاتی تری بەدوادا دێت و نەوت و غازی کوردستان ھەر لەنێوخۆدا ناکۆکی و لەگەڵ بەغداد بارگرژی دروست نەکردوە بەڵکو ئێستا بوەتە خاڵی ناکۆکی نێوان زلھێزەکانی دونیا و ھەر یەکە لە ئەمریکا و ڕوسیا و ئێران و تورکیا و فەرەنسا لەگۆشەی بەرژەوەندیەکانیان دەست بۆ کەیسەکە دەبەن و بەو ھۆیەشەوە نێوانی کورد و شیعەکان و حکومەتە نوێیەکەیان ئاڵۆزاوە .

ئەوەی لەپشتی پەردەوە لەژوری کۆبونەوەکان دەگوزەرێت ئەوەیە کە غازە سروشتیەکەی ھەرێم خەریکە ڕوسیا و ئەمریکا ، ئێران و تورکیا پێکدەدات و نێوخۆی عێراق و ھەرێمیشی کوڵاندوە و نێو ماڵی کوردیشی خستۆتە سەر ئاگر،ھەر ھێزو حزبەی دابەش بون بەسەر بەرەیەک و وڵاتێک نازانرێت بڕیارە یەک لەدوا یەکەکانی دادگاکانی پاریس  و عێراقیش ئاراستەی ڕوداوەکان ڕوەو کوێ دەگۆڕن و خۆر لەکێ ھەڵدێنن و لەکێشی دەکەنە شەوە زەنگ !

دوو ھەفتە پێش ئێستا وەفدێکی ئەمریکیەکان بەپەلە خۆیان گەیاندە ھەولێر و بەغداد و ئەو ئەجێندایەی پێیان بوو دایانە کورد و عێراقیەکان و پێیان گوتن وزە و غازی سروشتی کوردستان ھێڵی سوری کۆشکی سپیەو بەزاندنییشی باجی قورسی لەسەرە، بەدەر لە ھۆشداریەکانیش بونی عاموس ھۆگستین بەرپرسی دۆسیەی وزە لە كۆشكی سپی لە وەفدەكەی ئەمریكادا بۆ هەولێر و بەغدا ،ڕوس و ئێرانیەکانی نیگەران كردووە و ھاواریان لێ ھەستا .

لەدوای ئەو سەردانە ئێرانی و ڕوسەکان بەشێوەی خێرا کەوتنە خۆیان لە دادگای فیدڕاڵیەوە یەكەمین گورز و هۆشداریان دایە دوای ئەویش جوڵاندنی جارێکی تری کەیسە دوازدە ساڵیەکەی دادگاکەی پاریس بوو لەسەر فرۆشتنی نەوتی كوردستان لەلایەن توركیاوە.

 


دیپلۆماتیک زانیویەتی گوشارەکانی عێراق و ئێرانیەکان ھەر بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕالی بە بڕینی ٢٠٠ ملیاری مانگانەی هەرێم ناوستێت، سێ‌ دۆسیەی ھەستیارتر لەسەر مێزەکەی ئەو پیاوەیە کە بوەتە مۆتەکەی کورد و حکومەتەکەی، یەکیان سکاڵایەکە لەسەر سەرۆکی حکومەتی ھەرێم لەسەر بڕین و پاشەکەوت کردنی موچەی فەرمانبەرانی لەمانگی ئازاری ٢٠١٤ و دۆسیەی دوەمیشیان پەیوەندی ھەیە بە نایاسایی بونی درێژكردنەوەی تەمەنی پەڕلەمان و حکومەتی ھەرێم بەھۆی درێژکرنەوەی تەمەنیان بۆ ساڵێک ھەر بۆیە ھەرێم کەوتوەتە خۆی و دەیەوێت بەزووی ھەڵبژاردن ئەنجام بدرێت و خۆی لەو پرس و باسە ھەستیارە قوتار بکات .

دۆخەکە ئاڵۆز و ھەستیارە و ھەردوو بەرە فشار دەکەن و پشتی لایەنی دڵخوازی خۆیان دەگرن،بەپێی زانیاریەکانی دیپلۆماتیک سەرەتای ھەفتەی داھاتوو وەفدێکی تایبەتی ڕوسەکان و وەزارەتی وزە و دەرەوە دەگەنە ھەرێم و پەیامی کرملین دەگەیەنن و کۆتایی ھەفتەش وەفدێکی تایبەتی ئێرانیەکان دێن و ھۆشداری خۆیان لەو بارەیەوە دەدەن .

سەرەڕای فشار و ھۆشداری و مەترسیەکان ھێشتا نێو ماڵی کوردی بەپەرتەوازەیی ماوە و ھێزەکان ھەر یەکەیان لە گۆشەیەکەوە سەرقاڵی ململانێكانیانن.

بەپێی سەرچاوە هەواڵیەكان دادگای پاریس دۆسیە قورسەكەی لە بەرژەوەندی عێراق و دژی توركیا یەكلا كردۆتەوە و بەپێی حوكمەكانی ئەو دادگایەش عێراق داوای قەرەبوی 26 ملیار دۆلاری لە توركیا كردووە،لە بەرامبەر دەستبردن بۆ فرۆشتنی نەوتی هەرێم.

بۆ وەرگرتنی ئەو پارەیەش دوور نییە حكومەتی عێراق دەستبەسەر پارەی فرۆشی نەوتی هەرێمدا نەگرێت لە بانكە جیهانیەكان.