هەڵاتنی مەلا بەختیار لە زیندانی یەکێتی

2023-01-31

دیبلۆماتیک

خولە کەشکۆڵ، یەکێک لە سەرکردەکانی ئاڵای شۆڕش لەسەردەمی شاخدا، چیرۆکی گرتنی سەرکردەکانی ئاڵای شۆڕش لە لایەن یەکێتییەوە دەگێرێتەوەو باسلەوە دەکات کاتێک کە مەلا بەختیار لە زیندان ڕایکردووە بووە بە هەراو تەقەکردن و ئەوکاتەشی دەستگیرکراوەتەوە، دیسان دەستکراوەتەوە بە تەقەکردن.

شێخ عەلی، یان خولە کەشکۆڵ، کە یەکێک لە ئەندامانی مەفرەزە سەرەتاییەکانی یەکێتی و یەکێک لە سەرکردەکانی " ئاڵای شۆڕش"بووە، لە کتێبی " کەشکۆڵی بەسەرهاتم" دا کە بەشێک لە یادەوەری و ژیانی پێشمەرگایەتییەتی لە سەردەمی شاخدا، باسلە گرتنی مەلا بەختیارو سەرکردەکانی ئاڵای شۆڕش لە لایەن یەکێتییەوە دەکات و چیرۆکی ژیانی خۆیی و مەلا بەختیارو پشکۆ نەجمەدین لەناو زینداندا دەگێڕێتەوە.

خولە کەشکۆڵ لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت:" من و مەلا بەختیار لە ڕۆژی ۱۲ ــ ۱۰ ــ ۱۹٨٥ ڕۆشتین بۆ یاخسەمەر بۆلای مام جەلال و سەرکردایەتی کۆمەڵە، دوو ڕۆژ لە خزمەتی مام جەلال و نەوشیروان مستەفاو فەرەیدون عەبدولقادرو ئازاد هەورامی و دلێری سەید مەجیددا بووین، قسەی زۆرمان کردو ڕاوبۆچوونی زۆرمان گۆڕییەوەو پێمان وتن ئێمە کۆمەڵێک کادیرو تێکۆشەری ناو یەکێتی و کۆمەڵەین و بەم سەرکردایەتییەی ئێستای کۆمەڵە قایل نین، ئێمە هاوڕێی ئێوەین، گەر قبوڵمان بکەن وەکو باڵێکی نوێی ناو یەکێتی لەگەڵتان کار ئەکەین، ئەوان وتیان ئێوە چیتان ئەوێ، وتمان ماوەمان بدەن تا لەگەڵ هاوڕێ و هەڤاڵەکانی خۆمان قسە ئەکەین، کوبوونەوەیەک ڕێک ئەخەین و بەرنامەیەک پێشکەش بەئێوە ئەکەین، ئەگەر قبوڵتان نەبوو موناقەشەی دەکەین تا لەسەری ڕێک ئەکەوین، ئەوان وتیان چەند ڕۆژتان ئەوێ، وتمان دوو هەفتە، وتیان مانگێک بۆ ئێوە، پاش ئەوە بەدڵێکی ساف و بەخۆشییەوە گەڕاینەوە".

خولە کەشکۆڵ باسی دەکات کە دوای دوو هەفتە، ڕۆژی ۲ ــ ۱ ــ ۱۹٨٥ هێزێکی زۆریان کۆکردووەتەوەو چونەتە سەر مەلا بەختیارو مامۆستا پشکۆ و هەر ئەو ڕۆژە ئێوارەکەی بەهێزێکەوە لە مالومە ئەویشیان دەستگیر کردووە، " چەند ڕۆژێک بەدەستگیرکراوی لە بارەگای نەوشیروان بووم، پاش چەند ڕۆژێک گواستمیانەوە بۆ زیندانی تایبەتی لە یاخسەمەر لە نزیک بارەگای مامجەلال، زیندانی چی، هەر باسناکرێ سێ هەنگاو درێژو سێ هەنگاو پانی بوو، ئاو و تەوالێتی بۆ ئامادەکرابوو هەروەکو ژوری ئیعدام، من و کاک نەبەز لەوێبووین، شەوێک مامۆستا پشکوشیان بەچاوی بەستراوەوە هێنا بۆلای ئێمه، برایم جەلالیان کردبوویە سەرپەرشتیاری زیندانەکەی ئێمە، سەرکردایەتی کۆمەڵەو بەتایبەت فەرەیدون عەبدولقادر بۆ ئەشکەنجەدانی ڕۆحی و جەسەدی ئێمە، کۆمەڵێک خەڵکی نەخۆشیان کردە پاسەوان و سەجادو بەرپرسی زیندانەکەی ئێمە".

 لە درێژەی گێڕانەوەی چیرۆکی سەرکردەکانی ئاڵای شۆڕش لە زیندانی یەکێتیدا، باسلەوە دەکات کە پاش ماوەیەک لەیەکتر جیایان کردوونەتەوەو ئەویان لە گوندی یاخسەمەر لە نزیک ماڵی فەرەیدون عەبدولقادر زیندانی کردووە، ئەو دەڵێت:" دەرگاو پەنجەرەی زیندانەکە بە بەتانی و کارتۆن داپۆشرابوو تا کەس نەزانێت کەسی لێیە، شەوێک فەرەیدون هاتە لام، وا خۆی نیشان ئەدا کە دڵسۆزی منەو حەز بەم وەزعەی من ناکات، وەکو هاوڕێیەک قسەی دەکرد، بەشی دووەمی قسەکانی بێسەروبەربوو، زۆری پێنەچوو نەوشیروان مستەفا هاتە لام زۆر بەئەدەبەوە قسەی کرد، ئەوان بە ئاشکرا هەڕەشەی کوشتنیان دەکرد".

خولە کەشکۆڵ باسلەو پەشیماننامەیە دەکات کە پێیان واژووکراوەو دەڵێت:" دوای چەند ڕۆژێک مەلا بەختیاریان هێنا بۆلای ئێمە، ڕۆژێک برایم جەلال هات و وتی پلنیۆم گیراوەو هەموو ئەندامانی پلنیۆم ئیمزایان کردووە بۆ لەسێدارەدانتان، بەڵام سەرکردایەتی ڕێگەیەکیتری بۆ داناون، ئەگەر ڕازیبن ناکوژرێن و یارمەتیتان دەدرێت بۆ ئەوەی وڵات بەجێبهێڵن.

وەکو ئەو باسیکردووە برایم جەلال وتوویەتی دەبێت ئێوە بەنووسین واز لە سیاسەت بهێنن و هەرسێکتان ئیمزای بکەن و ئەمەش قسەی سەرکردایەتییە، " وتمان باشە با بیری لێبکەینەوە، ئەو ڕۆشت و دوای گفتوگۆکردن برادەرەکانم ڕای پێچەوانەی منیان هەبوو، پاساویان بۆ ئیمزاکردنی پەشیماننامەکە دەهێنایەوە، ئەوەی برایم جەلال داوای لێکردین من بەدەست و خەتی خۆم سێجار بۆم نووسین، بەڵام ڕازی نەبوون، هەتا نەوشیروان مستەفا وتبووی شێخ عەلی گاڵتەمان پێئەکات، دواتر برایم جەلال خۆی تێکستێکی نووسی و وتی بەدەست و خەتی خۆتان بینووسنەوەو ئیمزای بکەن، من دژی وەستامەوەو مەلا بەختیارو مامۆستا پشکۆ هەمان هەڵوێستی پێشوویان نواند، مەلا بەختیار وتی، ئەمانە ئێستا دەسەڵاتدارن، هەمووشتێکیان لەبەردەستایە لەپارەو لە دەسەڵات، زەمینەیان خۆشکردووە بۆ کوشتنی ئێمە، ئەگەر بمان کوژن، ئەمڕۆ خەڵکێکی زۆر بڕوا ئەکەن، بەڵام دنیا لە ئاڵوگۆڕدایە، سبەینێ ئێمە ئەتوانین هەموو مەسەلەکان بۆ خەڵک ساغ بکەینەوە بۆیە یەکەمجار مەلا بەختیار پەشیماننامەکەی ئیمزا کردووەو دواتر پشکۆ نەجمەدین ئیمزای کردووەو دواتریش ئەو ئیمزای کردووە".

وەکو خولە کەشکۆڵ باسیکردووە، دوای ماوەیەک مەڵەیان باشتر بووە لەگەڵیانداو ڕێگەیانداوە بە کەس و کاریان کە سەردانیان بکەن و لەو ماوەیەشدا لەڕێگەی ڕێکخستنەکانی ئاڵای شۆڕشەوە لەسلێمانی، لەناو هەنگویندا کومەڵێک کلیلیان بۆ  هێناون، ئەو لە بیرەوەرییەکانیدا باسیدەکات لە شەوی ۳۱ ــ ۳ ــ ۱۹٨٦ دا توانیویەتی دەرگاکە بکاتەوەو لەو شەوەوە خۆیان بۆ ڕاکردن ئامادە کردووە، بەڵام دوای ماوەیەک لە یەکتریان جیا کردوونەتەوەو پلانی هەڵاتنەکەیان سەری نەگرتووە.

سەرکردەکەی ئاڵای شۆڕش، لە بیرەوەرییەکانیدا دەیگێڕێتەوە کە لە مانگی چواری ئەوساڵەدا هەرسێکیانیان لەیەکتر جیاکردووەتەوەو ئەو بە مەلا بەختیاری وتووە ئەگەر تا دە ڕۆژیتر تۆ ڕانەکەیت من ڕا ئەکەم، ئەوە بوو مەلا بەختیار ڕایکرد، ئەو شەوەی مەلا بەختیار ڕایکرد بوو بە هەراو تەقەو فڕکان فڕکان، گوێم لێبوو مام جەلال هاواری ئەکرد تەقە مەکەن.


ئەو شەوەی مەلا بەختیار لە زیندان هەڵدێت و ڕادەکات، ئەبوشەهاب دەچێتە ژووری زیندانەکەی خولە کەشکۆڵەوەو بە توڕەییەوە هەواڵی ڕاکردنی مەلا بەختیاری پێڕادەگەیەنێت و فەرمانیش بە پاسەوانی زیندانەکەی دەکات کە دەستی ببەستنەوە، وەکو خۆی باسیدەکات لەپاش ڕۆشتنی ئەبوشەهاب، دکتۆر کەریم کە ئەوکاتە لە سکرتاریەتی مامجەلال بووە بە کۆمەڵێک پرسیاری نوسراوەوە دەچێتە لای و دواتریش " سەلیمی ئەحمەد شوکری" دەرگای ژووری زیندانەکەی دەکاتەوە کە ڕاسپاردەی مەمجەلالی پێیە بۆی و پێیدەڵێت ئەگەر تا سبەینێ مەلا بەختیار نەگیرایەوە ئەوا لەبری ئەو تۆ دەکوژین.

وەکو خولە کەشکۆڵ دەیگێڕێتەوە، کە بەیانی ڕۆژ بووەتەوە بەهۆی دەستگیرکردنەوەی مەلا بەختیارەوە لە هەموو لایەکەوە دەستکراوە بە تەقەکردن.

ئەو دەڵێت:" ئەوەندەم زانی تەقەی دەرگا هات و مەلا بەختیاریان بە پاڵ کرد بە ژوورەکەی مندا، ماوەی مانگێک بارودۆخمان زۆر خراپ بوو، شەوێک بە دۆستەکەمم وت کە پاسەوانی زیندانەکەم بوو، وتم بچۆ هەواڵێکی مەلا بەختیارم بۆ بزانە، هاتەوەو وتی لە مەلا بەختیاریان داوەو دووپشکیش پێوەی داوە، دواتر گوازراینەو بۆ زیندانی سەرەکی شۆڕش لە بەرگەڵوو، لەوێ چونە دەرەوە بۆ ئێمە نەبوو، ساڵێک و حەوت مانگ خۆرمان نەدی، ڕۆژێک یەکی دە دیناریان پێداین و وتیان ئەوە مانگانەی زیندانییەکانە، منیش هەردوو دە دینارییەکەی خۆم و مامۆستا پشکۆم دڕاندو خستمە زەرفێکەوەو وتم بیبەنەوە بۆ نەوشیروان و پێی بڵێن ئێمە پارەمان ناوێ، خۆرمان دەوێ.

خولە کەشکۆڵ کە لە مانگی یەکی ۱۹٨٦ تا ٤ ــ ۳ ــ ۱۹٨٨ لە زیندانی یەکێتیدا بووە، لەبیرەوەرییەکانیدا ئەوە دەگێڕێتەوە کە جارێک لە زینداندا زۆر نەخۆش بووەو بردویانە بۆ نەخۆشانەی بەرگەڵو، لەوێ دکتۆرەکان پێیانووتووە کە پێوویستی بە نەشتەرگەری هەیەو دەبێت بۆ نەشتەرگەرییەکەشی ڕەزامەندی مامجەلال وەربگیرێت، بەڵام وەکو خۆی باسیدەکات مامجەلال ڕەزامەندی نەداوە بۆ ئەوەی نەشتەرگەری بۆ بکەن.

ئەو لە بیرەوەرییەکانیدا " کەشکۆڵی بەسەرهاتم"، دەشڵێت: حکومەتی ئەڵمانیای فیدڕاڵی هەموو ئاسانکارییەکی سەفەرو نیشتەجێبوون و مانەوەی بۆ ئامادەکردبووین بە مەرجێ مامجەلال ڕازیبێت لەسەر ئازادکردنمان، بەڵام ڕازی نەبوو، بۆیە سەرۆکی حکومەتی ئەڵمانیا لەوکاتەدا پێشوازی لە مامجەلال نەکرد".