ئایا بەگەڕانەوەی  نوری مالیکی ھاوکێشەی ھێز لەبەغدا  گۆڕا؟

2023-02-05

دڵشاد مەجید

ئێستا بڕیاردەری سەرەکی لەبەغدا مالیکیە، مالیکی ھەشت  ساڵ لەدەسەڵات دوورخرایەوە، بەڵکو کار گەیشتە ئەوەی لەھەڵبژاردنی ٢٠١٨ کەمتر لە(5) کورسی بھێنێ. لەبەرامبەر ئەوە باڵانسی ھێزە وەلایئەکان ( پرۆ ئێرانیەکان) و حەشدی شەعبی  وەک ھادی عامری و قەیس خەزعەلی  لەسەر حسابی مالیکی بەرزببێتەوە.
بەڵام  ئەو ھێزانە بوونە مایەی سەر ئێشە بۆئێران ، لەدروستکردنی فەوزای سیاسی و بەکوشتدانی  ( قاسمی سلێمانی و مەھدی ئەبو موھەندیس) . 

ئەمەش بووە ھۆکاری جێ لەقکردنی ھەژمونی ئێران، بەتایبەتی دوای شکستھێنایان لەبەرامبەر  موقتەداو ھاوپەینەمانەکانی. 
جگە لەم ھۆکارانە ھەروەھا بەھۆی ھاوپەیمانی (ھادی عامری و موتەقداسەدر )لە پێکھێنانی حکومەت، دەرئەنجامی ھەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٢١ دیسانەوە گورزێکیتری کوشندەتر  بوو ، لە ڕێگای کەم ھێنانی کورسیەکانی ھێزەکانی سەر بەئێران  لە ھەژمونی ئێران  درایەوە.

تاکە ھێزو کارێکتەر کەببێتە مایەی گەرانەوەی بەلانسی ھەژمونی ئێران لەعێراق ،تەنیا نوری مالیکی بوو. چونکە تەنیا ئەو دەیتوانی ململانێ و ڕقابەریەتی سەدر بکات، بۆیە   بەئەزموونی سیاسی خۆی توانی سێ ھەنگاوی گرنگ بھاوێژێ.

١- یەکەمیان سەرەرای ناکۆکیەکانی ناو ئیتار توانی یەکڕیزی ئیتار بپارێزێ و بھێڵێتەوە ھەر بەو یەکڕیزیەش.

٢- توانی ھاوپەیمانیەکەی سەدرو حەلبوسی و بارزانی  ھەڵبوەشێنێتەوە.

٣-بەپێدانی ئیمتیازات و سازشکردن لەگەل بارزانی بەدانەناوەی بەرھەم ساڵح و ھێشتنەوەی حەلبوسی لەپۆستیەکەی توانی ھەردوولایان پەلکێشی ناو ھاوپەیمانیەکەی  بکات.

ئەم سێ ھەنگاوەی مالیکی دەرفەتێکی گرنگ بوو بۆ ئێران کە بتوانی  دیسانەوە ھەژمونی خۆی   لەڕێگای ( وەلائیەکان) کەھاوپەیمانی مالیکین ،لەناو سیاسەتی عێراق  جێگیر بکاتەوە.بەڵکو ئێران یارمەتی مالیکیشدا لەو ھەنگاوانە،  وەک ئەوەی گوشاری لەپارتی کرد کەبچێتە ناو ئەو ھاوپەیمانە، ھەروەھا ھیچ ڕێگریەکی لە دەستبەکاربوونی  سێبەرەکەی مالیکی ( محمد شیاع سودانی) نەکرد بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران.

بۆچی دەڵێن سودانی سێبەری مالیکیە؟

ئەگەر سەیری ھەنگاوەکانی سودانی بکەین و لەگەل  ھەنگاوەکانی عادل عبدالمھدی بەراوردی بکەین. دەردەکەوێ کە سودانی پەیرەوی سیاسەتی مالیکی دەکات، بەڵام عادل عبدالمھدی پەیرەوی سیاسەتی ھێز وەلاییەکانی دەکرد. چۆن؟

جووڵەکانی سودانی ھەمان جووڵەکانی عادل عبدالمھدیە. بەڵام لەیەک خاڵ جیاوازن.
عادل عبدالمھدی سەردانی ئێران ، سعودیە، ئەلمانیا و فەرەنسای کرد، لەجیاتی سەردانی ئەمریکا بکات سەردانی چینی کرد.
بەڵام سودانی ھەمان سەردانەکانی عادلی کرد، بەڵام لەجیاتی چین دەچێتە ئەمریکا.
ئەم ھەڵسوکەوتەی سودانی ھاوتەریبە لەگەل  ھەڵسوکەوتی مالیکی ، مالیکی ٨ ساڵ لەدەسەڵات بوو سەردانی چینی نەکرد. لەبەرئەوەی خودی مالیکی رێکەوتنی ستراتیجی لەگەل  ئەمریکا مۆرکردووە. بۆیە چاک دەزانێ  مەرحەباکردنی چین، واتە ھارکردنی ئەمریکایە.

مالیکی لەسەرەوە و بەلێدوانەکانی وادەردەخا لەسودانی ڕازی نیە، بۆئەوەی بەھانەیەک نەداتە دەست نەیارەکانی، بەلام لەژێرەوە ھەماھەنگ و رێنیشاندەری سودانیە.

لێرە پرسیارێک دێتە پێشەوە؟ باشە بۆ ئەمریکا کێشەی دۆلاری بۆ حکومەتەکەی  سودانی دروست کرد؟

سودانی لە نێوان رۆژانی ٧-٩ ی مانگی ١٢ ی ساڵی پار، چوو بۆ سعودیە و بەشداری لوتکەی ھاوبەشی سعودی- چینی كرد. یەکسەر ئەمریکا کێشەی دۆلار و رەوشی ئابووری عێراقی  تێکدا.
کاتێک سودانی بە لێدوانەکانی بۆ کەناڵی ( ئەڵمانی) ئەمریکەکانی دڵنیا کردەوە کەچین لەدەرەوەی سیاسەتی  حکومەتەکەیەتی،  لەجیاتی چین ڕوو لەئەوروپا دەکات، لەدواپەیوەندیشی بە (بایدن )ئەوەی دووپاتکردووە. ئەمریکا نەرمی نواند و  گوشارەکانی خاو کردوە سەبارەت بە دۆلار .

واتە مالیکی فاکتەری تەوازنە لەنێوان بەرژەوەندیەکانی ئەمریکا و ئێران  لەعێراق، وەڵامی ئەو پرسیارەش لەنووسینەکانی داھاتوو دەدەینەوە..!!