گەشتی چارەسەری ئایەتوڵا سیستانی

ئەو پیاوەی بە نەمانی درزێكی گەورە دەخاتە سەر عێراق
2023-02-09

کارۆ کاوە

لە ١ ی ٦ ی ٢٠٠١، پشكنین بۆ دڵی ئایەتوڵا سەید عەلی سیستانی ئەنجامدرا لە شاری نەجەف، پاش دەرچوونی ئەنجامەكان، پزیشكی پسپۆڕ بە ئایەتوڵا سیستانی دەڵێت پێویستت بە نەشتەرگەری قەستەرەی دڵ هەیە.

ڕاستەوخۆ پزیشكی تایبەتی ئایەتوڵا سیستانی د.مەجید موستەفا لە بەغدا ئاگاداركرایەوە، د.مەجید پێی وتن كە پێویستە دووبارە پشكنینەكەی بۆ بكرێتەوە لە بەغدا.

ڕۆژی ٥ ی ٦ ی ٢٠٠١ لەژێر چاودێری چڕی دەزگای هەواڵگیری ڕژێمی بەعسدا، ئایەتوڵا سیستانیان گواستەوە بۆ بەغدا، لەپاش دووبارە پشكنینەوەی دەركەوت كە سەماحەتی سەید پێویستی بە نەشتەرگەری نیە و چەند چارەسەرێكی پزیشكیان بۆ نووسی.

سەرهەڵدانی نەخۆشی:

كاتژمێر ١١ ی شەوی ڕۆژی هەینی بەرواری ٩ ی ٧ ی ٢٠٠٤، سەید محەمەد ڕەزا سیستانی (كوڕی ئایەتوڵا سیستانی) لە نەجەفەوە پەیوەندی بە حامد خەفاف (وەكیلی سەید سیستانی) لە لوبنان دەكات و پێی دەڵێت: سەماحەتی سەید هەموو ٣ مانگ جارێك پشكنینی پزیشكی هەیە لەلایەن پزیشكی تایبەتی خۆیەوە (د.مەجید موستەفا)، لە كۆتا پشكنینی سەید-دا هەندێك شت لە خوێنبەرەكانی دەركەوتون، بۆ ئەمەش د.مەجید ڕاوێژی بە چەند پزیشكێكی دیكەی پسپۆڕ لە بەغدا كردووە و پێیان ڕاگەیاندووە كە پێویستی بە چاودێری و لێكۆڵینەوەی زیاترە، بۆ ئەم مەبەستەش د.مەجید دەیەوێت پشكنینەكان و ڕاپۆرتی پزیشكەكان بنێرێت بۆ دەرەوەی عێراق بۆ وەرگرتنی ڕاوێژ دەربارەی دۆخی سەماحەتی سەید. لەبەر ئەمە تۆ پێت باشە ڕەوانەی لەندەنی بكات؟

حامد خەفاف هیوای لەشساغی بۆ ئایەتوڵا سیستانی دەخوازێت و دەڵێت: ئەمە ئاسانە و دەكرێت، بەڵام دەتوانم سەرەتا ئەم بابەتە بخەمە بەردەست پزیشكە گەورەكانی لوبنان.

پەیوەندییەكە كۆتاییهات و مێشكی حامد خەخاف كەوتە بەر شاڵاوی بیركردنەوە، بەوەی سەماحەتی سەید نەخۆشێكی ئاسایی نیەو ژینگەی دەوروپشتی گونجاو نیە بۆی، هەروەها عێراق لە ئێستادا (٢٠٠٤) لە خراپترین دۆخی پێداویستی پزیشكیدایە و دۆخی ئەمنیشی ناسەقامگیرە بەمەش گواستنەوەی سەید كارێكی قورس دەبێت.


سەرچاوە: 

الرحلة العلاجية لسماحة السيد السيستاني و ازمة النجف - حامد الخفاف