ئەزهەر سوپاسی بەرشەلۆنە دەکات

2023-02-10

شارەوانی شاری بەرشەلۆنەی ئیسپانی، پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەڵپەساردو داەمەزراوەی ئەزهەریش سوپاسی شارەوانی بەرشەلۆنە دەکات لەسەر ئەو هەڵوێستەیان.

شارەوانی شاری بەرشلۆنە بڕیاریدا هەموو پەیوەندیەکان لەگەڵ ئیسرائیل هەڵپەسێرێت و ئەو پەیوەندییانەی نێوانیان کۆتایی پێبێنێت کە چارەکە سەدەیەکە لەنێواندا گرێ دراوە.

سەرۆکی شارەوانی بەرشلۆنە " ئادا کۆلاو" ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردوو هەڵپەساردنی هەموو پەیوەندییە دامەزراوەییەکانی لەگەڵ ئیسرائیلیدا ڕاگەیاندو وتی، بەهۆی تاوانی ڕەگەزپەرستی بەرانبەر فەلەستینییەکان و پێشێلکارییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل پەیوەندیەکانمان لەگەڵ ئیسرائیلدا ڕادەگرین.

سەرۆکی شارەوانی بەرشەلۆنە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی: داوام لە زیاتر لە 100 ڕێکخراو و زیاتر لە 4000 هاووڵاتی کردووە کە بەرگری لەمافە مرۆییەکانی فەلەستینیەکان بکەن و وەک سەرۆک شارەوانیش بەنامەیەک بنیامین نەتانیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیلم ئاگادار کردووەتەوە.
هاوکات چالاکوانانی پارتە چەپەکانی هەرێمی کەتەلۆنیاو و بزوتنەوەی بایکۆت و جیاکاری و سزاکان سەرکەوتوو بوون لە کۆکردنەوەی 5000 واژۆی هاووڵاتی بەرشلۆنەو لە سکاڵاو پەیامێکدا داوای هەڵوەشاندنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان بەرشەلۆنە و تەلئەبیبیان کرد.

ڕێکەوتنی دووانەیی نێوان شارەوانییەکانی بەرشلۆنە و تەلئەبیب لە ساڵی 1998دا واژۆ کراوەو بەپێی ڕۆژنامەی "بەدیع ئەحرەنوت" ی ئیسرائیلی، گرنگی ڕێکەوتنەکە لە بواری " بەهێزکردنی هاوکاری هاوبەشی نێوان هەردوو شارەکە لە بوارە جۆراوجۆرەکانی پەیوەندیدار بە کۆمەڵگەی نیشتەجێبوونی مەدەنی و بەتایبەت لەبواری گەشتیاری و ئابووریدا بووە بەتایبەتی کە بەرشەلۆنە بە یەکێک لە شوێنە گەشتیارییە گرنگەکان لای ئیسرائیلی دادەنرێت.

پێشتریش پەرلەمانی هەرێمی کەتەلۆنیای ئیسپانی لە مانگی حوزەیرانی 2022دا بڕیارێکی دەرکرد و دانی بەوەدا نا کە ئیسرائیل تاوانی ڕەگەزپەرستی دژ بە گەلی فەلەستین ئەنجام دەدات.

شێخ ئەحمەد تەییب، سەرۆکی ئەزهەر، لە بەیاننامەیەکدا هەڵپەساردنی پەیوەندییەکانی بەرشلۆنەی لەگەڵ ئیسرائیلدا ستایش کردو  ئاماژە بەوەدا کە ئەو بڕیارە دەتوانێت بەشداری بکات لە توانادارکردنی گەلی فەلەستین بۆ گەڕاندنەوەی خاکە داگیرکراوەکانیان و ناسینی سەروەری تەواوی دەوڵەتی فەڵەستین.