مەسعود بارزانی: ئێرانییەکان وتیان مام جەلال درەنگ هات، بەڵام زۆر چاک هات

2023-02-18

دیبلۆماتیک

مەسعود بارزانی، لەبارەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و یەکێتییەوە باسلەوە دەکات کە پیوەندییەکانی نێوان ئێران و مام جەلال زۆر تایبەت بوون و ئێرانییەکان زۆر بەباشی سروشتی یەکێتییان دەناسی.


لە لاپەڕە ۲٤۳ی بەرگی چوارەمی کتێبی " بارزانی و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد"دا، مەسعود بارزانی لە بارەی پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و مام جەلالەوە دەڵێت:" پەیوەندییەکانی نێوان جەلال تاڵەبانی و ئێران بەهێزو تایبەت بوون، تەنانەت سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان جەلال تاڵەبانی و ئێران، جارێکیان کاک ڕەسووڵ مامەند بۆی گێڕامەوەو وتی:" جارێک سەبارەت بە هۆی گرنگیدانی لە ڕادەبەدەری ئێران بە جەلال تاڵەبانی لە بەرپرسانی ئێرانم پرسی، هۆی چییە گرنگی و بایەخی زۆرو گەورە بە جەلال تاڵەبانی دەدەن؟ لە وڵامدا وتیان:" اقا دیر امد، ولی خوب امد"، واتە بەڕێزیان درەنگ هات، بەڵام زۆر چالاک هات.

 

 

مەسعود بارزانی لە بەرگی چوارەمی کتێبەکەیدا دەشڵێت، ئێرانییەکان زۆر بەباشی سروشت وجۆری دنیابینی یەکێتیان دەناسی، لەگەڵ ئەوەشدا ئامادە بوون هەموو هاوکارییەکیان بکەن و بەکاریان بهێنن.

مەسعود بارزانی، درێژە دەدات بە باسی پەیوەندیی نێوان ئێران و یەکێتی و لەو میانەیەدا چیرۆکێکی تەنز ئامێز دەگێڕێتەوەو دەڵێت:" یەکێکی ئێرانی بۆی باسکردم کە لەدوای شۆڕشی ئێران، شاندێکی یەکێتی سەردانی ئایەتوڵڵا مونتەزەری، جێگری ڕابەری شۆڕشی ئیسلامییان کردبوو، مونتەزەری قسەی بۆ کردبوون  هانی دابوون بۆ خزمەتکردنی ئیسلام و شۆڕشی ئیسلامی، بۆی گێڕامەوە کە دوای کۆبوونەوەکە شاندی یەکێتی گەرم بووبوون و حەماس بووبوون، لەکاتی خواحافیزییان لە مونتەزەری، عومەر دەبابە پڕ بە گەرووی هاواری کردبوو " واعتصموا بحبل اللە جمیعا و لاتهزموا" ئەوە لەبری ئەوەی بڵێت" و اعتصموا بحبل الله جمیعا و لا تفرقوا".

وەکو مەسعود بارزانی لە لاپەڕەی دواتری کتێبەکەیدا لە زاری بەرپرسە ئێرانییەکەوە باسیکردووە لەدوای ئەوەی کە شاندی یەکێتی مونتەزەرییان بەجێهێشتووە، مونتەزەری بە پێکەنینەوە وتبووی لە وەڕا بزانن ئەمانە چین، ئایەتی قورئان بە هەڵە دەڵێن و فەرقی نێوان " تفرقوا" و " تهزموا" نازانن.