بۆچی مستەفا هیجری دژی رەزا پەهلەویە و عەبدوڵای موهتەدی هاوكاری دەكات

2023-02-26

مستەفا هیجری،رێبەری حیزبی دیموكراتی ئێران لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ بی بی سی فارسی رایگەیاند: بەهیچ شێوەیەك ئامادە نیم بەناوی دیموكرات و كوردەوە هاوكاری رەزا پەهلەوی بكەم.

قسەكانی سكرتێری حیزبی دیموكرات دوای ئەوە هات كە لە هەفتەی رابردوودا عەبدوڵای موهتەدی،سكرتێری كۆمەڵەی شۆڕشگێڕی ئێران لە گروپی 8 كەسیدا لەگەڵ رەزا پەهلەوی دەركەوت.


زۆرێك لە كوردانی ئێران پێیان وایە موهتەدی بە دەركەوتنی لە گروپی 8 سەركردەكەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بەسەرۆكایەتی رەزا پەهلەوی خیانەتی كردووە و یەكڕیزی كوردی شیواندووە،بەڵام عەبدوڵای موهتەدی پێیی وایە هاوكاریكردن لەگەڵ ئەو گروپە تەنها رێگەیە بۆئەوەی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مامەڵە لەگەڵ سەركردەكانی كورد و پرسی كورددا بكەن.

10ی ئەم مانگە لە زانكۆی جۆرج تاونی ئەمریكا سمینارێك بۆ 8 كەسایەتی ئێرانی رێكخرا بەناوی ئایندەی بزوتنەوەی دیموكراتی لە ئێران.بەشدارانی ئەم پانێلە پێكهاتببون لە هەریەكە رەزا پەهلەوی،كوڕی شای پێشوی ئێران،شیرین عیبادی،هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی،مەسیح عەلی نەژاد،رۆژنامەنوس و داكۆیكاری مافی مرۆڤ،نازەنین بونیادی،ئەكتەری هۆلیود و خاوەن رەگەزنامەی ئێرانی بەریتانی،حامد ئیسماعیلیون،نزیك لە موجاهیدنی خەڵق،عەلی كەریمی،یاریزانی پێشوی هەڵبژاردەی ئێران،عەبدوڵا موهتەدی،سەرۆكی كۆمەڵەی شۆِڕشگێڕی ئێران،گڵشیفتە فەراهانی،ئەكتەری دیاری ئێران.

زۆر كەس رایان وابوو خواستێك هەیە لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە كە ئەم 8 كەسایەتییە وەكو نوێنەری خەڵكی ئێران بناسێنرێن و ئامادەیان دەكەن بۆ ئەوەی وەكو بەدیلی حكومەتی ئێران پیشان بدرێن.

عەبدوڵا موهتەدی،وەكو تاكە كوردێك لەناو ئەو گروپەدا جێگەیەكی بۆخۆی چڕیوە و پێی وایە ئەمە تاكە دەروازەیە كە لەرێگەیەوە ئەمریكاو ئەوروپا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی مامەڵە لەگەڵ سەركردەكانی كورددا بكەن تەنها لەم ڕێگەیەوە دەتوانن كێشەی كورد لەناو نەخشەی داهاتووی ئێراندا جێگا بكەنەوە.

 

دیارترین كەسایەتی ناو گروپە شازادە رەزا پەهلەوی، كوڕی شای پێشوی ئێران بوو.
بۆ یەكەمجار كوردێك لەناو گروپە 8 كەسیەكەی پەهلەویدا دەركەوت كە بریتی بوو لە عەبدوڵا موهتەدی سەرۆكی كۆمەڵە.


پێشتر رەزا پەهلەوی هاشتاگێكی گەورەی راگەیاند بەناوی "من وەكالەت دەدەمە رەزا شا تا لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەناوی خەڵكی ئێرانەوە لەسەر چارەنوسی وڵات گفتوگۆ بكات"
بەڵام هەڵمەتەكە روبەڕووی شكستێكی قورس بویەوە،چونكە هەموو كەمپینەكە بە قورسایی خۆی تەنها 300 هەزار واژۆی پێ‌ كۆكرایەوە لە كۆی 85 ملیۆن ئێرانی.
هێشتا دروشمی زۆرێك لە خەڵكی ئێران بریتتیە لە رەتكردنەوەی رژێمی ئیسلامی ئێران و شا تەڵەبی پێكەوە.

كوردانی رۆژهەڵات و حیزبەكانیان هێشتا دڕدۆنگن لە نیەتی رەزا پەهلەوی بەرامبەر بەكورد چونكە هێشتا باوەڕی بە میللەتی ئێرانی هەیە و ئامادە نییە دان بنێت بەناسنامەی نەتەوەیی كوردا.
ئەوان دەڵێن،پەهلەوی كە هێشتا هیچی بەدەست نییە و پەناهەندەی وڵاتانە ئامادە نەبێت مافی كورد بسەلمێنێت ئەی سبەی كەچووە دەسەڵات چۆن ئامادە دەبێت بە مافە نەتەوەیەكانی كورد رازی بێت.

نوخبەی رۆشنبیری و سیاسی لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەڵێن،هەنگاوەكەی موهتەدی تاك لایەنە و خۆسەرانەیە و یەكڕیزی كوردی شێواندووە،چونكە بڕیاری یەكگرتووی كورد لە رۆژهەڵات رەتكردنەوەی ویلایەت و سەڵتەنەتە پێكەوە.