لەدوای دەرچونی دوو بڕیار لە دادگای ئاسایشی هەولێرەوە لەسەر كەیسەكەی ئەمڕۆ لاهور شێخ جەنگی بێدەنگی شكاندو رایگەیاند لەدوای دەرچونی بڕیاری دادگاو گەڕانەوەی مافە یاسایەكانم،لەمڕۆ بەدواوە هاوسەرۆكی یەكێتیم و دەسەڵاتەكانم وەكو هاوسەرۆك بەكاردەهێنم"
بەم رستەیە ئەمڕۆ لاهور شێخ جەنگی گەڕانەوەی خۆی وەك هاوسەرۆكی یەكێتی راگەیاند،لەكاتێكدا لە كۆبونەوەی رۆژی مەكتەبی سیاسی،لاهور شێخ جەنگی تەنازۆلی لە دەسەڵاتەكانی خۆی وەك هاوسەرۆك كرد بۆ بافڵ تاڵەبانی.بەڵام لەدوای ئەوە بافڵ تاڵەبانی بە فەرمانێك 4 ئەندامی سەركردایەتی حیزبەكەی دەركرد كە یەكێك لەوان لاهور شێخ جەنگی بوو.
ئەوكات بافڵ تاڵەبانی رایگەیاند:دەركراوەكان دەركراون و ملیۆنێك ساڵی دیكەش ناگەڕێنەوە ناو یەكێتی.
دەركردنی لاهور جەنگی و هاوڕێكانی لە یەكێتی و تەنانەت هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ و لابردنی سیستمی هاوسەرۆكی و بڕیاردان لە سیستمی سەرۆكایەتی نەیتوانی كۆتایی بەكێشەی لاهور شێخ جەنگی لەناو یەكێتی بهێنێت و بەبەردەوامی وەك شەبەحێك بەسەر سەری یەكێتییەوە ماوەتەوە.
یەكێتی لەماوەی رابردوودا نەیتوانی تۆمەتی ژەهرخواردكردنەكە لە بەردەم دادگاو رای گشتی لەسەر لاهور شێخ جەنگی بسەلمێنێت،نەشیانتوانی ئەو تاوانانە ساغ بكەنەوە كە لەسەردەمی لاهور شێخ جەنگی و براكانی ئەنجامدران،سەركەوتوش نەبوون لەوچاكسازیانەی بەڵێنیاندا لەدوای سەردەمی لاهور شێخ جەنگی بێتە ئاراوە.
هەر ئەوەش وایكرد لاهور شێخ جەنگی لە ناو رای گشتیدا نەشكێت و سۆزی بەشێكی زۆری قاعیدەی یەكێتی لەگەڵدا بمێنێت،لەكاتێكدا هەموو ئۆرگانەكانە حیزبیەكان لەدەستی لاهور شێخ جەنگی دەرهێنران.
هاوكێشەی ناوخۆیی و عێراقی و ئیقلیمیش لەم روداوەدا رۆڵی خۆی هەبووە،لەكاتێكدا دەرگای بەغداو تاران لەسەر لاهور شێخ جەنگی داخران،دەرگای هەولێر و بەریتانیای لەسەر كرایەوە.
هەر لەبەر ئەوەش لەشەڕی دادگاكاندا لاهور شێخ جەنگی لە هەولێر بڕیاری دادگا لە قازانجی دەرچوو،بەڵام لەبەغدا بە دەست بەتاڵی هاتەوە.
خاڵی بەهێزی لاهور شێخ جەنگی لەم دۆسیەیەدا ئەوەبوو كە وەكو قوربانی خۆی نیشاندا و هاوسۆزی زۆری بۆ پەیدابوو،بەڵام خاڵی لاوازی ئەوەبوو كە لەم دۆسیەیەدا بەتەواوی كەوتە باوەشی پارتییەوە و پارتی بەتەواوی بەهۆی دۆسیەكەی لاهور شێخ جەنگییەوە هاتە ناو دۆخی ناوخۆی یەكێتییەوە.
لەكاتێكدا لە رابردوودا لاهور شێخ جەنگی بەشێكی گەورەی كاریزماكەی لەناو یەكێتی بەهۆی روبەڕوبونەوەی پارتی و تەحەداكردنی پارتی بەدەستهێنابوو،لە ئێستادا بەتەواوەتی دەستی لەگەڵ پارتی تێكەڵاوكردووە بۆ دەستگرتنەوە بەسەر یەكێتی و گەڕانەوە بۆ پێگەكەی وەك هاوسەرۆكی یەكێتی.
لاهور شێخ جەنگی هەرچەندە پێی وابێت لەدەستبردن بۆ هاوكاری پارتی كارێكی پراگماتیكی كردووە،بەڵام پارتی بەئەنقەست خەریكی وێرانكردنی كاریزمای لاهورشێخ جەنگی و شكاندنیەتی وەكو تۆڵەیەك لەوەی رابردوو بەرامبەر پارتی كردویەتی لەلایەك و بەكارهێنانی دژی ماڵی تاڵەبانی لەلایەكی دیكەوە.
بۆ نمونە پارتی بەمەبەست دۆسیەكەی لاهور شێخ جەنگی بردۆتە دادگای ئاسایش،لەكاتێكدا دەیتوانی لەدادگای ئیداری یان دادگای مەدەنی ئەو دۆسیەیەی بۆ یەكلا بكاتەوە.
هەموو كەس دەزانێت نە لە كوردستان و نە لە عێراق دادگا سەربەخۆ نییە و لەژێر هەژمونی سیاسیدایە،بۆیە هەم ئەو بڕیارەی دادگاو كۆمسیۆنی بەغدا لە قازانجی بافڵ تاڵەبانی دای و ئەو بڕیارەش كە لەدادگای هەولێر لە قازانجی لاهور شێخ جەنگی دەرچوو هەر بڕیارێكی سیاسییە و راستیەكەی ئەوەیە ئۆڤەرێكی پارتی بوو بۆ لاهور شێخ جەنگی.
كێشەی گەورەی لاهور شێخ جەنگی ئەوەیە لەسەر پەتێكی هەڵە یاری گەڕانەوە بۆ ناو یەكێتی و پۆستی هاوسەرۆكی دەكات،چونكە ئەوەی لایبردووە بریتییە لە ئێران و هەر ئێرانیش تەنها دەرفەتە بۆ گەڕاندنەوەی.
لاهور شێخ جەنگی دەبێت لە ئێران بەدوای دەرگای گەڕانەوەیدا بگەڕێت نەك هەولێر،تەنانەت ئەگەر دەرگای ئێرانیەكانیشی لەسەر داخرابێت تەنها چانسی ئەوەیە چاوەڕێ بێت تا دەرگاكەی لێدەكەنەوە. ئەگەرنا بە سەد بەیانامەی لەم شێوەیە ناتوانێت بگەڕێتەوە ناو یەكێتی.