دیپلۆماتیک ووردەکاری و نھێنی نامەکانی لاھوری شێخ جەنگی بڵاودەکاتەوە

ــ  حەوت نامەکەی لاھوری شێخ جەنگی چی تێدابوو ؟     ــ  چی بە بەرپرسانی یەکێتی و حکومەت گوتووە ؟
2023-02-28

لەدواین پەرەسەندنەکانی دۆخی نێوخۆیی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بە تایبەت لە پرسی دووبارە سەرھەڵدانەوەی گرفت و ئاریشەکانی نێوان ھەردوو جەمسەرەکە بافڵ تاڵەبانی و لاھوری شێخ جەنگی پرسی حەوت نامەی تایبەتی لالەزار بۆ سەرکردەکانی یەکێتی و حکومەت و پەرلەمان ھەیە و دیپلۆماتیک نھێنی و ووردەکاریەکانیان بڵاودەکاتەوە .

لەسەرو بەندی جوڵە نوێیەکانی لالەزار پێش بڵاوکردنەوەی بەیاننامەکەی لاھور شێخ جەنگی و تۆمارە ڤیدیۆییەکەی کە تێیدا جارێکی تر وەکو ھاوسەرۆکی یەکێتی خۆی ناساند و دۆخی ھەستیاری یەکێتی خستە ئەستۆی ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسی و داوای ھەڵوێستی لێکردن، چەند نامەیەکی تایبەتی بۆ چوار سةرکردەی دیاری یەکێتی و سێ سەرۆکایەتیەکەی ھەرێمی کوردستان نوسی .

سەرەتا لاھور شێخ جەنگی سێ نامەی تایبەتی بە واژوو ناوی خۆی وەکو ھاوسەرۆکی یەکێتی ناردوە بۆ سەرۆکایەتی ھەرێم و سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و تێیدا لةسةر بنةماى بڕیارەکانی دادگای ئاسایشی ھەولێر داوای لێکردون بەشێوەی فەرمی مامەڵە لەگەڵ بڕیارەکەی دادگا بکەن و بۆ لەمەودوا وەکو ھاوسەرۆکی شەرعی و ھەڵبژێردراوی کۆنگرەی یەکێتی مامەڵەی لەگەڵ بکەن و بە فەرمی واژووکانی بخوێننەوە و بڕیارەکانی دادگا نا دیدە نەگرن .

دیپلۆماتیک لە ڕێگای سەرچاوەیەکی تایبەت زانیویەتی لالەزار نامەکانیان لە ڕێگای پۆستی ئەلکترۆنی و بەئیمەیل و دواتر لە ڕێگای کەسێکەوە ناردوە بۆ ھەر سێ سەرۆکایەتیەکە .

دواتر لاھور شێخ جەنگی چوار نامەی تایبەتى بۆ چەند سەرکردەیەکی یەکێتی ناردوە کە بەلای ئەوە کاریگەرن و دەتوانن لەو دۆخە ھەستیارەدا قسەی یەکلا کەرەوەیان ھەبێت.

 

 

نامەکان بۆ ھەر یەکە لە دکتۆر بەرھەم ساڵح و شاڵاو کۆسرەت ڕەسول و مەلا بەختیار و حاکم قادر بوون لەگەل ئەوەی ھێندێک زانیاری دەڵێن نامەیەکی بۆ کەسی پێنجەم محمود سەنگاویش ناردوە بەڵام تا ئێستا ئەمەیان پشت ڕاست نەکراوەتەوە .


دیپلۆماتیک زانیویەتی لاھور شێخ جەنگی لە نامەکانیدا بۆ سەرکردەکانی یەکێتی باسی دۆخی نێوخۆیی یەکێتی بۆ کردون و جگە لە ڕونکردنەوەی ئەو دۆخە و بڕیارەکانی دادگا داوای ھەڵوێستی لێکردون و ھەستیاری دۆخەکەی خستوەتە ئەستۆیان و داوای لێکردون کاریگەریان ھەبێت لەو دۆخە نێوخۆییەدا .

ئەوەی دیپلۆماتیک بەدواداچونی بۆ کردوە و زانیویەتی تا ئێستا ئەو سەرکردانة بەشێوەی فەرمی وەڵامیان نەداوەتەوە و نازانرێت و چۆن و کەی وەلامی دەدەنەوە .

لاھور شێخ جەنگی پێی وایە مەلا بەختیار توڕە و نیگەرانەو و جوڵە و لێدوانەکانی ئەم دواییەشی شاھێدی ئەوەبون و حاکم قادری ھاوەڵیشی لە ئەنجومەنی باڵا بەھەمان شێوە نیگەرانی توندیان لەبەرامبەر فەرامۆش کردنی ڕۆلَ و کاریگەریان ھەیە .

جگە لەوەی لە بارەی دکتۆر بەرھەم ساڵح و شاڵاو کۆسرەت ڕەسول وا بیر دەکاتەوە کە کاریگەرن و دەتوانن کێشەکانی نێو یەکێتی یەکلایی بکەنەوە یان قسەیەکی جدیان ھەبێت و بە ڕۆڵی خۆیان ھەستن .