ڕاپەڕین لە نامەکانی مام جەلال و مەسعود بارزانی و نەوشیروان مستەفادا

2023-03-07

سالار مەحمود


بۆ خۆ سازدان بۆ ئەنجامدانی ڕاپەڕین و تا ڕۆژانی دوای ڕاپەڕین و ڕوودانی کۆڕەوەگەورەکەی خەڵکی کوردستان، هەریەکە لە مام جەلال و مەسعود بارزانی و نەوشیروان مستەفا چەندان نامەو بروسکە بۆ یەکدی دەنێرن.


لە ۱۷ ــ ۱۲ ــ ۱۹۹۰ دا، مەسعود بارزانی نامەیەک بۆ نەوشیروان مستەفا دەنێرێت کە وەڵامی ئەو نەخشەو پرۆژەیەیە کە نەوشیروان مستەفا بۆ ئەنجامدانی ڕاپەڕین کێشاویەتی.

مەسعود بارزانی لە نامەکەیدا بۆ نەوشیروان مستەفا دەنووسێت:" پرۆژەکەم خۆێندەوە زۆر بە دیقەت، دەستتان خۆشبێت، بەڕاستی پرۆژەیەکی چاکە، ئێمەش لە مێژە پرۆژەیەکمان هەبوو، بەڵام ئەوەی جەنابت بە منتدا زۆر باشترە، بۆیە ئەوە دەکەینە پرۆژەی ئەساسی".

بارزانی لە نامەکەیدا داواش دەکات کە پرۆژەکەی نەوشیروان مستەفا ببێتە پلانی هاوبەشی پارتی و یەکێتی و دەبێت پێکیشەوە جێبەجێی بکەن.

هەر بەپێی ناوەرۆکی ئەو نامەیەی کە لە کتێبی " بروسکەنامە"دا بڵاوکراوەتەوە، مەسعود بارزانی داواش لە نەوشیروان مستەفا دەکات کە سەرکردایەتییەکی هاوبەش لە پارتی و یەکێتی دروست بکرێت و چوار مەرکەزی قیادیش بۆ شارەکانی سلێمانی  هەولێرو دهۆک و کەرکوک دابنرێت.

لە ۲۳ ــ ۱۲ ــ ۱۹۹۰ دا، لە وەڵامی نامەیەکی نەوشیروان مستەفادا کە دیارە سەبارەت بە ئەنجامدانی ڕاپەڕین بۆی نووسیوە، سەرباری باسکردنی پێگەو دۆزی کورد لە دنیای دەرەوە، مام جەلال لە ئەوروپاوە  بۆ نەوشیروان مستەفا دەنووسێت و  دەڵێت:" زۆرم پێباشە کە ئێوە نەخشەی باشتان داناوە بۆ ئەو ڕۆژەو ئەوکاتە، بەڵام تکام وایە حسابێک بۆ هاتنەوەی منیش بکەن لە بادینانەوە، واتە هەندێک هێزو توانای هەڤاڵان و دۆستان بۆ ئەو ڕۆژە تەرخان بکەن".

کتێبی " بروسکەنامە" نامەو بروسکەی نێوان مام جەلال، مەسعود بارزانی نەوشیروان مستەفایە لە نێوان ساڵانی ۱۹۹۰ تا ۲۰۰۹، کتێبەکە لە لایەن " سەڵاح ڕەشید"ەوە ئامادە کراوە.

بەپێی ئەو نامەو بروسکانەی لە کتێبی " بروسکەنامە"دا بڵاوکراوەتەوە، لە ساڵی ۱۹۹۱دا، ئەو سێ کارەکتەرە سیاسییە زۆرترین نامەو بروسکەیان بۆ یەکدی ناردووەو نامەو بروسکەکانیش تایبەت بوون بە ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی ۱۹۹۱.

لە ٦ ــ ۱ ــ ۱۹۹۱، مەسعود بارزانی نامەیەک بۆ نەوشیروان مستەفا دەنێرێت و بۆی دەنووسێت:" ئەوا بەرنامەی پیلانی هاوبەش، ئەوەی بە ئێمە مەربوتە بۆتان دەنێرین، ئەوەی لایمن رۆر گڕنگە، پیشانی دۆست  دوژمن بدەین لەو ڕۆژەدا کە پارتی و یەکێتی یەک ڕۆحن لە دوو جسمی جیاوازداو کەسێک بە خەیاڵیش جورئەتی ئەوەی نەبێ، بیر لەوە بکاتەوە کە مەشاکیل دروست بکات.

دوو ڕۆژ پاشترو لە ٨ ــ ۱ ــ ۱۹۹۱ دا، نەوشیروان مستەفا وەڵامی نامەکەی مەسعود بارزانی دەداتەوەو دەڵێت:" زۆر سوپاسی ئەو هەموو لوتف و بڕوایەی جەنابت دەکەین، بێگومان ئێمە لە برا گەورەی خۆمان هەر ئەوە چاوەڕێ دەکەین، لەگەڵ هەڤاڵان قسەمان کردووە، لەسەر هەموو قۆڵەکان ڕێک کەوتین کە چۆن پێکەوە کاربکەین، هەروەها دەزگای بێتەلەکامان یەکخست بۆ ئەوەی لەوکاتەدا هەموو ئاگاداری یەکتری بن"

لە ۱۲ ــ ۱ ــ ۱۹۹۱ دا، مام جەلال لە سوریاوە، نامەیەک بۆ نەوشیروان مستەفا دەنووسێت و لەسەرەتای نامەکەیدا دەڵێت:" وا ڕۆژەکانی چارەنووسساز نزیک دەبنەوە، ئەمجارەیان یان هەرە یان وەرە، گەر سەدووام بڕوا ئەوا دەرگای خێرو خۆشی و دیموکراسیمان لێدەکرێتەوە، دیارە من ویست و ئارەزو و بۆچوونم لەگەڵ نەمان و ڕوخانیەتی، بەڵام دەبێ حسابێکیش بۆ مانەوەی بکەین، ڕەنگە ئەوسا گفتوگۆ قبوڵ بکات و لێتان بێتە پێش".

مام جەلال، لەنامەکەیدا بۆ نەوشیروان مستەفا، ئەوەی پێدەڵێت کە پێوویستە  بیروهۆشمان بۆ ڕاپەڕینی شار، بەیارمەتی پێشمەرگەی دەرەوە تەرخان بکەین و پێوویستیشە ئاگامان لە شیعارەکانیش بێت بۆ پەزەکان زەرەریان نەبێت، پێوویستە لەگەڵ خزمان هاوکاری تەواو بکەین".

مام جەلال لە سووریاوە داوا لە نەوشیروان مستەفا دەکات کە لەکاتی ڕاپەڕیندا پێوویستە لەگەڵ پارتیدا هاوکاری باش بکەن و ڕەفتاریشیان لەگەڵ خەڵکیدا باش بێت و ڕێگەش بە ڕاو ڕووتی پێشمەرگە نەدەن".

دوو ڕۆژ دوای نووسینی ئەو نامەیە، لە ۱٤ ــ ۱ ی ئەو ساڵەدا، مام جەلال نامەیەکی کورت بۆ نەوشیروان مستەفا دەنێرێت و پێیدەڵێت، هەوڵ بدەن پەیوەندی بە جاشەکانەوە بکەن بۆ ڕۆژی خۆی.

نەوشیروان مستەفا لە ۱٦ ــ ۱ ــ ۱۹۹۱ دا لە " قاسمه ڕەش"ەوە نامەیەک بۆ مەسعود بارزانی دەنێرێت و سەبارەت بە دابەشکردنی بەرپرسەکان ئاگاداری دەکاتەوەو پێیدەڵێت:" چاوێکمان بە دابەشکردنی هەڤاڵانی بەرپرسدا خشاندووەتەوە، کاک فەرەیدون بۆ قۆڵی سلێمانی و کاک عومەر بۆ قۆڵی کەرکوک و کاک کۆسرەت بۆ قۆڵی هەولێرو کاک نازم بۆ قۆڵی دهۆک و بەندەش لە خزمەتی جەنابتا دەبم".

نەوشیروان مستەفا، مەسعود بارزانیش لەوە ئاگادار دەکاتەوە کە ڕووداوەکان بەرەو شەڕ ئەچن و وەکو ئەو بۆ بارزانی نووسیوە، لە سوریاش بۆ مام جەلالیان دووبارە کردوەتەوە کە لە سەددام دەدەن.

لەنامەکەیدا بۆ مەسعود بارزانی، نەوشیروان مستەفا پێیدەڵێت:" لەگەڵ کاک ڕەسوڵ قسەمان کردووە، برادەران لە ڕەئی ئەو ئاگادارتان دەکەن، جارێ ڕەنگە ئامادە نەبن بۆ هاوکاری و تەگەرە دێننە بەر، لەگەڵ حەرەکەی ئیسلامیش قسەمان کردووە، ئەوان ئامادەن بۆ هاوکاری".


لە ۲۱ ــ ۱ ــ ۱۹۹۱ دا، مام جەلال لە سوریاوە، دەربارەی خۆسازدان بۆ ڕاپەڕین نامەیەک بۆ نەوشیروان مستەفا دەنێرێت و دەڵێت، بەلای منەوە دەبێ لێبوردنی گشتی دەرکەین و جاش و سەربازو جەیشی شەعبی بانگکەینەوە بۆ ڕیزەکانی شۆڕش و خەڵک"

هەر لەو نامەیەدا بۆ نەوشیروان مستەفا، مام جەلال پێیدەڵێت:" غەرب زور سڵ دەکاتەوە لە ئیسلامییەکان و لە ئێرانیش.


دیسان لە ۲۷ ــ ۱ ــ ۱۹۹۱دا، مام جەلال بروسکەیەک بۆ مەسعود بارزانی و نەوشیروان مستەفا دەنێرێت و داوایان لێدەکات ئەگەر ڕاپەڕین کرا، پارتی و یەکێتی لەکەس قبوڵ نەکەن بە کەیفی خۆی ڕەفتار بکات و چی دەیانەوێ بیکەن بێگوێدانە بڕیارەکان و سیاسەتەکانی بەرەی کوردستانی.

لە بروسکەکەیدا بۆ ئەوان، پێشیان دەڵێت، پێموانییە سامی عەبدولڕەحمان و دکتۆر مەحمود هەقیان هەبێ چی بکەن بەناوی خۆیانەوە.
لە ۷ ــ ۲ ــ ۱۹۹۱، نەوشیروان مستەفا بروسکەیەک بۆ مام جەلال دەنێرێت و دەڵێت:" ئەمان پێنج مانگە هیچ پارەیەکیان پێنەداوین " مەبەستی ئێرانە" ئازوقەشیان پێنەداوین، گوایە نایانەوێ زەرەر لە حیادییەکەیان بکەوێ، مەسرفمان زیادی کردووە بەهۆی کۆکردنەوەی هێزەکان و زۆرکردنی مەفرەزەکانی ناوەوە".

نەوشیروان مستەفا بە مام جەلالیش دەڵێت کە بۆ کاتی چوونەوە نە پارەمان هەیە نە ئازوقە، باوەڕناکەم ئەمان هیچمان بدەنێ، وەزعی خەڵکی ناوەوەش زۆر خراپە، معاش نادرێ، بانقەکان پارەیان تێدا نەماوە، شت زۆر گران بووە، تکایە هیممەت بکەن بۆ پەیداکردنی پارە بۆ ماوەی سێ مانگی داهاتوو.

هەشت ڕۆژ بەر لە دەستپێکردنی ڕاپەڕین، گومان و دڕدۆنگی و ناکۆکی نێوان پارتی یەکێتی سەر هەڵدەدات و لە ۲۷ ــ ۲ ــ ۱۹۹۱، بروسکەیەکی نیگەرانی ئامێز لە مەسعود بارزانییەوە ئاڕاستەی نەوشیروان مستەفا دەکرێت و بارزانی پێیدەڵێت:" ئیتفاقمان وابوو کە هەموو تەحەروکات هاوبەش و بە ئاگاداری یەکتری بێ، بەپێی ئەو بەرنامەی دانرابوو لێرە، وەک بیستوومە بۆ هەولێریش هێزتان ناردووە، ئێمە لەم تەحەروکاتە ئاگادار نەکراوین و ناگونجێ لەگەڵ ئیتفاقمان، لەم کاتەدا هەر تەحروکێکی یەک لایەنە لە بەرژەوەندی دا نییە.

هەر هەمان ڕۆژ نەوشیروان مستەفا وەڵامی بروسکەکەی مەسعود بارزانی دەداتەوەو دەڵێت:" هێزە سەرەکییەکانی ئێمە هەر لە شوێنەکانی خۆمانین و ئەوانەی نێردراونەتە خوارێ بەشێکن لە هێزی تایبەتی بۆ کۆکردنەوەی زانیاری و پەیوەندی و ئەوە ئیمتدادی ختتەی کۆنی ئێمەیە.

دواتر نەوشیروان مستەفا پێیشیدەڵێت، ئێمە بەداخەوەین لە زۆربەی لقەکان، کادرو پێشمەرگەکانی ئێوە خەریکی کاروباری خۆیانن و وەکو ڕێکەوتبووین ئەبو هیچ نەبێ مەسئولەکان پێکەوە بن.
شەوی ٦ لەسەر ۷ی ۳ی ۱۹۹۱، مەسعود بارزانی دەگاتە قاسمەڕەش بۆلای نەوشیروان مستەفاو لەوێ لەگەڵ سەرکردایەتی " بەرەی کوردستانی" کۆ دەبنەوەو وەکو لەبروسکەی مەسعود بارزانیدا بۆ مامجەلال هاتووە، کۆبوونەوەیەکی پڕ لە برایەتیان ئەنجامداوەو بڕیاڕیانداوە کە هەموو هەنگاوەکانیان بەرەیی بن.

مەسعود بارزانی مام جەلالیشی لەوە ئاگادارکردووەتەوە کە هێزێکی زۆری پێشمەرگەکان گەشتوونەتە ناو جەماوەر.


مولازم عومەر عەبدوڵا، لە ۹ ــ ۳ ــ ۱۹۹۱، بەنامەیەک مەسعود بارزانی و نەوشیروان مستەفا ئاگادار دەکاتەوە کە لەیەکەم ڕۆژی ڕاپەڕینی شاری سلێمانیدا معمەلی جگەرەکەو بەنزینخانەو دائیرەی تهربیەو حەسیب ساڵح تاڵانکراون و سوتێنراون، ئەوراقی دائیرەکان سوتێنڕاوەو بەشێکیش لە خەستەخانەکان تاڵانکراوە.

هەر هەمان ڕۆژ، مولازم عومەر، بروسکەیەکیتر ئاڕاستەی مەسعود بارزانی و نەوشیروان مستەفا دەکات و ئاگاداریان دەکاتەوە لەوەی کە هەموو مەکتەبەکانیان سووتاندووە، ئەو داوایان لێدەکات کە بە زوو زوو بە ئیزاعە بڵاوی بکەنەوە کە بەدوای ناوی ئەوانەدا دەگەڕێن کە قوتابخانەو خەستەخانەو کارگەکان دەسوتێنن.

لە ۱٥ ــ ۳ ــ ۱۹۹۱ دا، نەوشیروان مستەفا بروسکەیەک بۆ مام جەلال دەنێرێت و داوای لێدەکات کە هەرچی زووە بگەڕێتەوە بۆ کوردستان و پێیشیدەڵێت کە ئەمشەو زەماوەندی ئازادی کەرکوک دەستپێدەکات و هیواش دەخوازێت کە زۆر نەخایەنێ و بیکەن بە عاسمەی ئیقلیمی کوردستان.

نەوشیروان مستەفا لە بروسکەکەیدا مام جەلال لەوە ئاگادار دەکاتەوە کە ژیانی خەڵک زۆر خراپە بۆ خواردن و سووتەمەنی و پارە.
بیست ڕۆژ لە پاش دەستپێکردنی ڕاپەڕین و نەمانی دەسەڵات و جەیشی ڕژێمی بەعس لە شارەکانی کوردستان، ڕژێمی بەعس دەست بەهێرش دەکاتەوە بۆ سەر شارەکانی هەرێمی کوردستان.

لە ۲٨ ــ ۳ ــ ۱۹۹۱، مولازم عومەر بروسکەیەک بۆ نەوشیروان مستەفا دەنێرێت و باسی بارودۆخی ناو شاری هەولێری بۆ دەکات و لە گرتنی " پردێ" ئاگاداری دەکاتەوەو پێیشیڕادەگەیەنێت کە ئەوان هێشتا لەناو شاردا بوون دەبابەی دوژمن گەشتوەتە لای نەخۆشخانەی سەددام.

مولازم عومەر بە نەوشیروان مستەفاش دەڵێت کە حەسەن کوێستانی تەنها پازدە پێشمەرگەی لەبەردەستدا بووە بۆ پارێزگاریکردن، ئەو نیگەرانیش دەردەبڕێت لەوەی کە ئەو هێزەی بڕیار بووە بگەنە لایان کەس نەچووە.

هەمان ڕۆژ حەسەن کوێستانی بروسکەیەک ئاڕاستەی نەوشیروان مستەفا دەکات و پێیڕادەگەیەنێت و دەڵێت:" هێزەکەمان شەڕ ناکات، زیاتر لە ۳۰۰ پێشمەرگە لە زنجیرەی کانی دومەڵان دانراوە، شار بەدەست دوژمنەوەیە پێشمەرگە لە هەموو قۆڵەکانەوە شکاوەو پێشمەرگە شەڕکەرەکان دەیانن و هەڵاتوەکان سەدانن".

دیسان لە هەمان ڕۆژدا مولازم عومەر بروسکە بۆ مەسعود بارزانی و نەوشیروان مستەفا دەکات و پێیان دەڵێت ئەمشەو چل چەکدار لە هەولێرەوە هاتبوون وتیان هەزار جەکدارین، تا بەرە بەیان هەموویان دەگەن، بەڵام بەیانی چل کەسەکەش خۆیان ون کرد.

ڕۆژی دواتر، مولازم عومەر بروسکە بۆ نەوشیروان مستەفاو مەسعود بارزانی دەکات و ئاگاداریان دەکاتەوە لەوەی کە هێزی دوژمن لە بەرەوپێشچووندایە بەرەو جادەی سلێمانی و ڕۆحیەتی بەرگری زۆر کزە، تەنها هێزێکی شەق و شڕی پارتی و یەکێتی لێیەو ئەوانیش تەقەمەنییان نەماوە.

هەمان ئەو ڕۆژەی مولازم عومەر بروسکەکەیان بۆ دەنێرێت، کۆسرەت ڕەسووڵیش، بروسکەیەک بۆ نەوشیروان مستەفا دەنێرێت و پێیڕادەگەیەنێت کە محاوەلەی گرتنەوەی " پردێ"یان کردووە بەڵام سەرکەوتوو نەبوون و هەموو هێزەکەش ئەوانیان جێهێشتووەو تەنها بیست پێشمەرگە لە بەردەم دوژمندا ماون.

کۆسرەت ڕەسووڵ لە بروسکەکەیدا، داوای ناردنی هێز لە نەوشیروان مستەفا دەکات و پێیشیدەڵێت:" کەس تەعاون ناکات، گەر وابێت منیش خۆم ئەدەم بە کوشت، ئەوکاتەش کەس کازندە نەکات".