مەسرور بارزانی هەڕەشەكانی دەكات بە كردار؟

وەڵامی یەكێتی چی دەبێت
2023-03-18

کێشەکانی پارتی و یەکێتی لە حکومەت، بەرەو لێکترازان و دۆخێکی خراپتر دەڕوات، ئەوەش دوای ئەوەی مەسرور بارزانی، هەڕەشەی پڕکردنەوەی شوێنی وەزیرەکانی یەکێتی لە حکومەت دەکات.
لەکاتێکدا لە هەفتەی رابردوودا، دەنگوباسی گەڕانەوەی تیمی یەکێتی بۆ حکومەت گەرم بوو، بەتایبەت کە نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم، بە روونی لە دوو موناسەبەی جیاوازدا داوای گەڕانەوەی تیمی یەکێتی بۆ حکومەت کرد، پێشتریش مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت بە نوسراوی فەرمی لەرێگای سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانەوە داوای لێکردن بگەڕێنەوە.
وەڵامی تیمی یەکێتی بۆ نوسراوەکەی مەسروربارزانی توند بوو، هەم رەتکردنەوەی گەڕانەوە و هەم دەلێن، کە هیچ کام لە نیگەرانیەکانیان نەرەویوەتەوە و وەڵامی داواکارییەکانیان نەدراوەتەوە.
بە بینینی وەڵامەکەی یەکێتی، مەسرور بارزانی زۆر توڕە دەبێت، هەڕەشەی ئەوە دەکات لە یەکێتی، کە تەنها ئەم مانگە لەسەریان دەوەستێت و شوێنی وەزیرەکانی یەکێتی پڕدەکاتەوە.
هێشتا دیار نیە، مەسرور بارزانی ئەم کارە دەکات یان تەنها هەڕەشەیە، هێشتا دیار نیە مەسرور بارزانی چؤن ئەو کارە دەکات؟ لەکاتێکدا دانانی وەزیر پێویستی بە متمانەی پەرلەمانە، دەتوانێت دانیشتنی پەرلەمان ساز بکات و بە زۆرینەی دەنگی پەرلەمانتارانی حیزبەکەی و پێکهاتەکان، ئەو کارە بکات.
پرسیاری گرنگ و جەوهەری تر ئەوەیە ئەگەر مەسرور بارزانی ئەو هەنگاوە بنێت، یەکێتی چی دەکات؟
هێشتا هیچ بەرپرسێکی یەکێتی وەڵامی ئەو پرسیارەی نەداوەتەوە، بەڵام ئەو هەنگاوەی مەسرور بارزانی، هێج بژاردەیەک لەبەردەم یەکێتیدا ناهێڵێتەوە جگە لە کشانەوە لە حکومەت.
بێگومان کشانەوەی یەکێتی لە حکومەت وەک کشانەوەی هیچ لایەنێکی دیکە نیە، یەکێتی بەهۆی نفوسی دەسەڵاتی لە سلێمانی، کشانەوەی مانی جیاکردنەوەی ماڵ دێت لە پارتی و گەڕانەوەی کوردستان دەبێت بۆ سەردەمی دوو ئیدارەیی.
پێشتر لەم بارەیەوە بافڵ تاڵەبانی لە یادی راپەڕیندا لە رانیە هۆشداری دایە پارتی، ئەگەر کێشەکان چارەسەر نەکەن، خۆیان زەرەر دەکەن، بەڵام نەی وت یەکێتی چی دەکات کە پارتی زەرەر دەکات.
پرسیارەکە ئەوەیە یەکێتی دەتوانێت دوو ئیدارەیی رابگەیەنێت؟ چۆن زۆنی سلێمانی ئیدارە دەدات بەتایبەت لەروی داراییەوە، کە زۆرینەی داهاتی فرۆشتنی نەوت کە سەرچاوەی یەکەمی داهاتە لە کوردستان، لە زۆنی پارتی و ئیدارەی هەولێرە.
یەکێتی بۆ ئەمە تەنها دەتوانێت، لەگەڵ بەغدا رێک بکەوێت، پرسیارەکە ئەوەیە بەغدا تاچەند ئامادەیە بۆ ئەوە؟ 
یەکێتی بۆ ئەوە دەبێت شیعەکان و بەتایبەت چوارچێوەی هەماهەنگی رازی بکات، چەکێکی بەهێزیان هەیە کە ئێرانیەکانن، کە بێگومان ئێران دەستبەرداری یەکێتی و زۆنی سلێمانی نابێت بەبەرچاوییەوە بکەوێت، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت ئێرانیەکان ئەگەر کار بگاتە دوو ئیدارەیی بە قورسی لە بەغدا کار بۆ ئەوە بکەن کە بەغدا مامەڵە لەگەڵ سلێمانی بکات و بەشە بودجەی خۆی بۆ بنێرێت.
بافڵ تاڵەبانی، بە رونی لە چەندین دیداری جیاوازدا دەڵێت، کە یەکێتی دوو ئیدارەیی ناوێت، بەڵام هەنگاوەکانی مەسرور بارزانی، بژاردەی دیکە بۆ یەکێتی ناهێڵێتەوە.
پرسیارەکە ئەوەیە، یەکێتی دەتوانێت دوو ئیدارەیی بگەڕێنێتەوە؟ رۆڵی لایەنەکانی دیکە بەتایبەت کە زۆرینەیان نفوسیان لە سلێمانیە چی دەبێت؟ وەڵامەکە ئەوەیە ئێمە لە کوردستانین، لێرە هیز حکوم دەکات نەک مەنتق و نفوسی هەڵبژاردن، بۆیە پێناچێت لایەنەکان شتێکی ئەوتۆیان لەدەست بێت.
لەم نێوەندەدا کێ زەرەر ئەکات؟ بێگومان هەرێمی کوردستان زەبرێکی کوشندەی بەر ئەکەوێت، بگەڕێتەوە بۆ سەردەمی دوو ئیدارەیی و جارێکی تر باشوری کوردستان ببێتەوە بە دوو پارچەوە، بێگومان راستە لە واقیعدا هەرێمەکە بە تەواوەتی یەکی نەگرتۆتەوە، بەڵام بە شکڵیش بێت، هەرێمێکە.
زەرەر مەندی دووەم پێش یەکێتی وەک حیزب پارتی و خودی مەسرور بارزانی دەبن، کە هەموو کەس دەزانێت ئێستا حەکمی یەکەمی کوردستان پارتی و ئەو حکومەتەیە کە مەسرور بارزانی سەرۆکایەتی دەکات، بەو پێەیەی حکومەتێک دەبێت بە دوو لەتەوە، کە پارتی حاکمیەتی، ئەوە جگە لەوەی بۆ مێژوو باجی کەرتبونی هەرێمەکە، ئەگەر دوو ئیدارەیی روو بداتەوە، بەشێکی گەورەی بەرپرسارێتیەکە دەکەوێت سەر مەسرور بارزانی، بەوپێیەی لەسەردەمی دەسەڵاتی ئەودا ئەوە روی داوە.
پرسیارەکە ئەوەیە مەسرور بارزانی بۆ وادەکات؟ ئایا بەراستی دەیەوێت یەکێتی ئەو کارە بکات؟ یان پێیوایە یەکێتی هێزی ئەوەی نیە دوو ئیدارەیی دروست بکاتەوە و ناتوانێت سنورەکەی خۆی بژێنێت و ئیدارە بدات و بەناچاری دەبێت، بچنە ژێر باری فشارەکانی ئەوەوە، قسەی تازەی مەسرور بارزانیش لە ئەلمۆنیتەر ئەوەیە کە یەکێتی ئەو هەموو فشارانە دەکات بۆ ئەوەی دۆسیەی کوشتنی هاوکار جاف دیزە بە دەرخۆنە بکرێت، بەڵام بەرپرسانی یەکێتیش پێیانوایە بەشێکی گەورەی ئەو فشارانەی مەسرور بارزانی بۆ هێنانە ژێرباری یەکێتیە کە رازی بێت بەوەی دۆسیەی غاز وەک ئەوەی پارتی دەیەوێت، رادەست بکات.
هەرچۆنێک بێت، ئەگەری ئەوەی مەسرور بارزانی هەڕەشەکەی بکات بە کردار و یەکێتی دوو ئیدارەیی دروست بکاتەوە کەمە، بەڵام ئەگەر ئەوە روو بدات، باشوری کوردستان، ٢٠ ساڵ دەگەڕێتەوە دواوە.