گفتوگۆی بەرەی کوردستانی و سەددام لەپاش ڕاپەڕینی ساڵی 1991

2023-03-21

دیبلۆماتیک

کەمتر لە مانگێک لە پاش ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 جارێکی دیکە ڕژێمی بەعس گەڕایەوە کوردستان و کۆڕەوی گەورەی خەڵکی کوردستان ڕوویدا.

 لە پاش کۆڕەو، " بەرەی کوردستانی" کە حەوت هێزی سیاسی ئەودەمەی کوردستانی لە خۆگرتبوو، بڕیاری گفتوگۆ بە ئامانجی ڕێکەوتن لەگەڵ ڕژێمی بەعسدا دەدەن.

لە گەڕی یەکەمی گفتوگۆی بەرەی کوردستانی و ڕژێمی بەعسدا، لە ۱۳ ــ ٤ ــ ۱۹۹۱، وەفدێک بەسەرۆکایەتی جەلال تاڵەبانی و ئەندامێتی ڕەسووڵ مامەند، سکرتێری ئەوکاتەی حیزبی سۆسیالست و نێچیرڤان بارزانی و ئازاد بەرواری لە پارتی و  فەرەیدون عەبدولقادرو سامی عەبدولڕەحمان کە ئەوکاتە سکرتێری پارتی گەل بوو، دەچنە بەغدادو لەگەڵ سەددام حسێنی سەرۆککۆماری عێراقدا گفتوگۆ دەکەن.

خولی یەکەمی گفتوگۆ بە سەرۆکایەتی جەلال تاڵەبانی،  ئەنجامێکی ئەوتۆی لێناکەوێتەوەو لە گەڕی دووەمی گفتوگۆی نێوان بەرەی کوردستانی و حکومەتی عێراقیدا، مەسعود بارزانی بە سەرکردایەتی وەفدێک کە لە " نەوشیروان مستەفاو فواد مەعسوم و کۆسرەت ڕەسووڵ و دکتۆر مەحمود عوسمان و ڕەسووڵ مامەندو جەوهەر نامیق و نوری شاوەیس و سامی عەبدولڕەحمان" پێکدێت، لە ۷ ــ ٥ ــ ۱۹۹۱ بۆ گفتوگۆ دەچنە بەغدادو تا ۱۷ ــ ٦ ــ ۱۹۹۱ لە بەغداد دەمێننەوە.

محەمەدی حاجی مەحمود لە بەرگی سێیەمی کتێبی " ڕۆژژمێری پێشمەرگەیەک"دا، سەبارەت بە گفتوگۆی نێوان بەرەی کوردستانی و ڕژێمی بەعس دەڵێت:" یەکێتی دژی گفتوگۆ بوو، کاک مەسعود دووپاتی لەسەر گفتوگۆ دەکردەوەو دەیووت پێشمەرگە شەڕ ناکات و زۆرباسی زەلیلی خۆیی و پێشمەرگەی دەکرد".

محەمەدی حاجی مەحمود دەربارەی جەختکردنەوەی مەسعود بارزانی لەسەر درێژەدان بە گفتوگۆو ڕێکەوتن لەگەڵ سەددام و حکومەتی عێراقی، لە بەرگی سێیەمی بیرەوەرییەکانیدا نووسیویەتی:" کاک مەسعود وتی، من جارێکیتر بە ئاوارەیی ڕووناکەمەوە ئێران، ئەوەندە ئیهانەکراوم هەرگیز ناچمەوە ئێران، میللەتەکەش ئاوارە ناکەین، هەموو شتێک قبوڵ بکەین لە ئاوارەیی باشترە".

دەربارەی گەڕی دووەمی، گفتوگۆی نێوان بەرەی کوردستانی و حکومەتی عێراقی کە مەسعود بارزانی سەرۆکایەتی وەفدی کوردی کردووە، محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت:" گیانمان دەرچوو تا کاک مەسعودمان لە ڕاژانەوە هێنایەوە بۆ کوردستان، بەڵام دوایی چوو لە بەغداد لێی دانیشت و بە هەموو شتێک ڕازی بوو، ئەگەر فریای نەکەوتینایە هەموو شتێکی مۆر دەکرد".

لە دوای بە بنبەست گەشتنی گفتوگۆی نێوان بەرەی کوردستانی و حکومەتی عێراقی، لە ۱ ــ ۱۰ ــ ۱۹۹۱، ڕژێمی بەعس بڕیاری کشانەوەی دام و دەزگاکانی لە کوردستان دەدات.

وەکو محەمەدی حاجی مەحمود لە بەرگی سێیەمی بیرەوەرییەکانیدا باسیکردووە، هەموو هێزەکان و هەموو لایەک کشانەوەی دام و دەزگاکانی حکومەتی عێراقییان لە کوردستان بەکارێکی خراپ دەزانی، تەنها مام جەلال وتی، ئەگەر لێی بزانین و بتوانین ئەمە دەبێتە بنەمای کیانێک بۆ کورد.

سەبارەت بە بۆچوونی پارتی و مەسعود بارزانی، دەربارەی کشانەوەی دام و دەزگاکانی حکومەتی عێراق لەکوردستان، محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت:" پارتی و کاک مەسعود زۆر نیگەران بوون و چەندین بروسکەیان بۆ عەلی حەسەن مەجید کردبوو کە بڕیاری وا مەدەن و ئەوە بۆ هەردوولا خراپەو بگەڕێنەوە بۆ کوردستان".

محەمەدی حاجی مەحمود باسی لەوەشکردووە کە مەسعود بارزانی لەوکاتەدا زۆر هەوڵیداوە تا دام و دەزگاکانی حکومەتی عێراق بگەڕێنەوە بۆ کوردستان و دەشڵێت:" داوایشی لە حسێن کامیل کرد، بەڵام حکومەتی عێراقی بڕیاری کشانەوەیان دابوو لە کوردستان.