خوێندنی باڵا لە ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکادا

2023-03-26

د. ناجیح سەمین

لەناوەرۆکی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاوە
ئەوەی کە تایبەت بێت بە دامەزراوەی خوێندی باڵا، بە خاترانەیەکی زۆرەوە، ئەوە هاتووە کە دانانی سەرۆک و ڕاگرەکان و بەشێک لە پۆستەکانی خوارتر، بەشێوەیەکی گشتی، بۆ ئەوانەی کە نزیک و هاوسۆزن لەگەڵ یەکێتی و پارتی ئاسانترە، ئەم دێڕە بەسە بۆ ئەوەی هەندێك پاشەکی بۆ بچنین!؟

من باوەڕم وانیە ئەوە حیزب بێت بەتەنها هاتبێتە ناو زانکۆو تەراتێن بکات، و بە ئارەزوی خۆی پۆست هەڵگرەکان دابنێت، بەڵکو ئەوە منم دەستی حیزب دەگرم و کەمی توانای زانستی و کاڕگێری خۆمی لە ژێردا حەشار دەدەم. بەو هۆیەوە بەشێک لە ئیمتیازاتە تایبەتەکانی خۆم دەچڕم. لەم بارەیەوە دکتۆر دلاوەر لە کتێبی " نیشتیمان سازی و سیستەمی فەرمانڕوایەتی خۆماڵی لەهەرێمی کوردستان" دەڵێت: ئەو کاندیدانەی بۆ پۆستە باڵاکان هەوڵدەدەن لە یەکەم هەنگاودا پەنا بۆ بەرپرسە حیزبی و خاوەن نفوزەکان دەبەن، و هەوڵی ڕازیکردنی چەقەکانی لوتکەو کەمێک خوارتردەدەن. ئەوانیش لە دوای تێپەڕبوونی کاندیدەکە بە فلتەری حیزب و دەزگاکانی ئاسایش، لە ڕوانگەی بەرژەوەندی خۆیان و تۆڕەکانیانەوە بڕیار لەسەر گونجاوی کاندیدەکە دەدەن.
 واتە بەبێ ڕەچاوکردنی لێهاتووی و ئەزموونی پێشڕەوێتی کاندیدەکە، دوا بڕیاری دامەزراندن لە سەر بنەمای وەلائی کاندید و تۆڕو چەقەکانی بەرژەوەندی دەدەن، خۆ میکانیزمی پڕکردنەوەی پۆستە سەرکردەییەکان لە هەموو پۆستەکانی تر ئاڵۆزتر و نادروسترە، بە هۆیەوە چانسی دامەزاراندنی خەڵکی شیاو لە شوێنی شیاو کەمترە. 

لەو سۆنگەیەوە، من لەو باوەڕدام کەسێکی بە مانا ئەکادیمیست، دلسۆز بۆ کارو پیشەکەی وادەکات حیزب بە شوێنی دا بگەڕێت و لە هەرشوێنک کاربکات، توانای هەیە جێدەستی خزمەتکردنی بە باشی بنەخشێنێت.ئەمانە ئێستا لە دامەزراوەکانی خوێندنی باڵادا لە سوڕی متبووندان یان متکراون، چونکە دەزانن ژینگەی کاری ئێستای خوێندی باڵا و دامەزاراوەکانی ئەوەندە ناشیرینکراوە کە زەحمەتە بتوانن تێیدا کاربکەن، هەنێکجار بە جۆڕێک لە شەرمهێنەری دەبینن لەناو سیستەمێکی وادا کاربکەن.
 دەرئەنجام یان هەڵدێن یان بێدەنگن. بەپێچەوانەوە، ئەوانەی وانیشان دەدەن کە ئەزموونی حیزبی درێژییان هەیەو، و لای حیزبەکەی واخۆی نمایش دەکات کە ماف و توانای هەیە بۆ وەرگرتنی پۆستێکی دیاریکراو، وەلائی بۆ حیزب و نیشتیمان لەوان زیاترە. بەڵام، لە بنەڕەتدا، ئەوانە خەڵکانێکی  مەسلەکی (سوننەتیی)  و مشەخۆرن و بۆ بەرژەوەندی تایبەت، خۆیان بە حیزبی دەسەڵاتدارەوە هەڵدەواسن. هەرلەم جۆرانە، هەیانە پێشتر لە حیزب و گروپی تر بووە، عەقیدەو باوەڕی خۆی لەسەر هەڵچنیەوە، بەڵام بەپێێ باردۆخ و زەمان وەک ئەمیمبا (مشەخۆر) خۆی گۆڕیوە و بەشێوەکی تر ڕووی بۆ نان دەرە نوێیەکەی سوڕاندووە. دوای جێگیربوونی لە پۆستەکەیدا ئاستی لاوازی خۆی دەردەکەوێت و دەزانێت توانای دەستپێشخەری و نوێبونەوە و بەرەو پێشچوونی دەزگاکەی نیە، بۆیە خەڵکانی لاوازتر لە خۆی کۆدەکاتەوەو هەوڵیش دەدات لاوازی خۆی لەڕێگەی ئەوانەوە بشارێتەوە. 
لە دەرئەنجامی ئەوەی سەرەوەدا، سەبارەت بە ئەرکی زانکۆ وەک ناوەندێکی توێژینەوەو بەرهەمهێنانی مەعریفە، نوسەری فنلندی -کرستینا کۆڤینیون- لە کتێبی کوردەکان و نەتەوەیەکی جینۆسایدکراو لە لاپەڕە ٣٧ دەڵێت:  "بیرۆکەی تویژینەوەی زانستی لە زانکۆکانی کوردستان دوورە لە تێگەشتنی خەڵک بەگشتی و مامۆستای زانکۆش بەتایبەتی. بەشێکی زۆری تویژینەوە لە زانکۆکانی کوردستاندا کە دەکرێت بەزۆری تێزی دکتۆرایە ئەمەش نەک بۆ پێشخستنی دامەزراوەکان و کۆمەلگا بەڵکو دەرفەرتێکە بۆ زیاتر بەدەستهێنانە کەسیەکان و بەرزکردەنەوەی پلەو پایەی کۆمەڵایەتی و داراییەکانی توێژەر. ئەو زیاتر دەڵێت: "کاتێک داتاو زانیاریم بۆ کتێبەکە کۆدەکردوە پێیان ووتم، "تۆ خۆت دکتۆرات هەیە ئیتر چ پێویست دەکات بەشوێن زانیاری و داتاو کردنی تویژینەوەی نوێ دا بگەڕێت".
خوێنەری بەڕێزنمونەی ناشیرینیەکان زۆر زۆرە، بۆیە منیش زۆر بەکورتی وپوختی دەڵێم:
ئەوەی کە ئێستا لە ناو دەستگاکانی خوێندی باڵادایە حیزب نییە، چونکە دواجار حیزبی ڕەسەن کۆمەڵێک بنەمای گشتی هەیە، تا رادەیەک یان لانی کەم، هەوڵی بەدەستهێنانی هەندێکی دەدات، بەڵکو تۆڕیکی بەرژەوەندی بەیەکەوە گرێدراوە کە دەستی بەسەرکۆی جومگە هەستیارەکانی ئەم دەستگایەدا گرتووە. هەرکەسێکیش لە دەرەوەی ئەم تۆڕەبێت، با زۆر لێهاتوش بێت، هەر بەنەیارو لادەر ئەژمار دەکرێت. ئەم تۆڕە زانکۆ وەک ناوەندێکی بازرگانی سەیری دەکات،  نەوەک وەک ناوەندێکی بەرهەمهێنانی مەعریفە. کە تیایدا هەوڵی بەدەستهێنانی بەرژەوەندیە کەسیەکانیان دەدەن و لە نەبوونی دەستگای چاودێری حکومی و حیزبی راستەقینەدا تەڕاتێن دەکەن. یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەم تۆرە مشەخۆرانە ئەوەیە کە خۆیان زۆر بە دڵسۆز غەم خۆر دەزانن. بەڵام کاتێک زۆریان بۆ دێت، لە پەنهانیدا، بەقەد باڵای خۆیان بە  حیزبی دەسەڵاتداردا دێنە خوارەوەو و هاوسۆزی زۆر لەگەڵ کەسانی دەرەوەی تۆڕەکەی خۆیان دەردەبڕن، بەشێوەیەک جاری وایە گومانت بۆ دروست دەبێت. یەکێک لەو فاکتەرانەی کە هەر حیزبێک توشی دۆڕان دەکات هەلهەلەی ئەمانەیە، ئەمانە زۆر جار دەبنە پەردەیەکی ئاسنین لە نێوان خەڵکی ئاسای و لوتکەی هەرەمی حیزب، تا ئەو کاتەی حیزب دواهەناسەی دەدات نایەڵن دەنگی حەق ڕەسەن بگات پێییان. 
     
ئەو ئەکادیمست و مامۆستایانەش کە لە دەرەوەی ئەم تۆڕەن، یان لانی کەم سەر بە حیزبی قائید نین،  تا ئێستا نەیان توانیوە وابەستەی یەک ببن، و جۆڕێک لە هێزی فشار دروست بکەن. واتە بە کەمی و بە دەگمەن توانیویانە بەرگری لە بەرژوەندی گشتی بکەن، تەنانەت هەنێک جار بۆ مافە سەرەتاییەکانی خودی خۆشیان غەم ساردو کەمتەرخەم بوون. 
 بەو هیوایەی ئەم راپۆرتانە پەیامێکی راچڵەکین بێت بۆیان.