بۆچی ئیسرائیل گڕی گرتووە؟

2023-03-28

ئیسرائیل لەسەر ئاگرە
ئیسرائیل دەکوڵێت
ئیسرائیل دەسووتێت
ئیسرائیل گڕی گرتووە
میدیا عەرەبی و جیهانییەکان بەو ئیدیۆم و گوزارشتانە، بارودۆخی ئێستای ئیسرائیل وێنا دەکەن.

چەند ڕۆژێکە، ئیسرائیل بە بارگرژی و خرۆشانێکی ناوخۆییدا تێدەپەڕێت کە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا هاووێنەی نەبووە.

ڕاگەیاندنی پرۆژەی هەمواری دەسەڵاتی دادوەری، لە لایەن حکومەتەکەی ناتانیاهۆوە، شەقامی ئیسرائیلی خرۆشاندو بڕیاری دوورخستنەوەی وەزیری بەرگری لە لایەن ناتانیاهۆی سەرۆک وزیرانەوە، ئاگری لە شەقامی توڕەو ناڕازی بەرداو چەند ڕۆژێکە خۆپیشاندەران حکومەتی ئەو وڵاتەیان گەیاندووەتە سەر لێواری هەرەس.
بەهۆی خۆپیشادانی هەزاران ئیسرائیلییەوە دژی ڕاگەیاندنی چاکسازی دەسەڵاتی دادوەری، دۆخێکی هێندە سەخت ڕووی لەو وڵاتە کردووە کە هەندێک لە چاودێران بە سەرەتای هەرەسهێنانی حکومەتەکەی بنیامین ناتانیاهۆ ناوی دەبەن.

چەند ڕۆژێکە ئیسرائیل بە دۆخێکدا گوزەر دەکات کە " نەفتالی بینیت"ی سەرۆک وەزیرانی پێشوو، بە دۆخی هەرە مەترسیداری دادەنێت و دەشڵێت، ئێستا ئیسرائیل لەژێر مەترسی ڕووخاندایە.

پرۆسەی خوێندن و زانکۆو جموجوڵە بازرگانی و ئابورییەکان و گەشتە ئاسمانییەکان وەستاون و هێماش بۆ سەرهەڵدانی کودەتا لە ئارادایە.
 دۆخەکە لە دەستی پۆلیسی دەرچووەو سوپای ئیسرائیل هێنراوەتە ناو شارەکانەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی خۆپیشاندەران.
 جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا، هۆشداری و نیگەرانی سەبارەت بە هەڵگیرساندنی جەنگی ناوخۆیی بە بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیران گەیاندووەو " ناتانیاهۆ"ش لە دواهەمین لێدوانیدا ڕایگەیاند کە ئێستا ئیسرائیل لەبەڕدەم چوار ڕیانێکی مەترسیداردایە.

لە ساڵی ۱۹٥۳ وە تا ئێستا شەست جار، هەوڵدراوە بۆ هەموارکردنەوەی دەسەڵاتی داوەری لە ئیسرائیل، بەڵام حەفتا ساڵە  نەتوانراوە دەستکاری بکرێت و دواهەمین هەوڵی ناتانیاهۆش بۆ ئەو مەبەستە ئاگری لە ئیسرائیل بەردا.
دوازدە هەفتەیە، خۆپیشاندەرانی ئیسرائیل لەسەر شەقامن و دژی بڕیاری هەمواری دەسەڵاتی دادوەری حکومەتی وڵاتەکەیان هێناوەتە لەرزە.
 بەهۆی ئەوەی کە پشتیوانی لە خۆپیشاندەران کردو داوای ڕاگرتنی پرۆژەی هەمواری دەسەڵاتی دادوەری کرد، بنیامین ناتانیاهۆی سەرۆک وەزیران، " یواف غالانت"ی وەزیری بەرگری ئیسرائیلی لە پۆستەکەی دوورخستەوەو بەو بڕیارە ناتانیاهۆ ئاگری لە خۆپیشاندەران بەرداو وڵاتەکەی خستە لێواری دروستبوونی شەڕی ناوخۆو سەرهەڵدانی کودەتای سەربازییەوە.


 ناتانیاهۆ و حکومەتەکەی دەیانەوێت  بەجۆرێک دەسەڵاتی دادوەری هەموار بکەنەوە کە دەسەڵاتی دادوەری لە نێوان دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجێکردندا دابەشبکرێت و ئۆپۆزیسۆنی وڵاتەکەو خۆپیشاندەرانیش داوای سەربەخۆبوونی دەسەڵاتی دادوەری دەکەن.
توڕەیی شەقام و خۆپیشاندەران، بنیامین ناتانیاهۆی ناچارکرد کە  پرۆژەی هەمواری دەسەڵاتی دادوەری ڕابگرێت و دوای بخات و داوای گەڕانەوەی وەزیری بەرگریشی کرد کە خۆی بڕیاری دەرکردنی دابوو، بەڵام ناتانیاهۆ بەو بڕیارانە نەیتوانی ئاگری شەقام و  توڕەیی جەماوەری خۆپیشاندەر هێور بکاتەوە، چونکە خۆپیشاندەران جگە لە هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری هەمواری دەسەڵاتی دادوەری بە هیچی دیکە ڕازینابن.

پاش بەڵێنی ڕاگرتنی ئەو پرۆژەیەی کە ئاگری لە شەقامی ئەو وڵاتە بەرداو زیاتر لە نیو ملیۆن ئیسرائیلی خرۆشاند، هێشتا دۆخەکە دەکوڵێت و وایکردووە ئیسڕائیل فراوانترین ناڕەزایی بەخۆیەوە ببینێت و بە سەختترین ڕۆژەکانی مێژووی خۆیدا تێبپەڕێت.

 ئاخۆ دۆخەکە دەگاتە ئاستی کودەتاو دروستبوونی شەڕیی ناوخۆیی و هەرەسهێنانی حکومەتەکەی ناتانیاهۆ، وەکو ئاماژەی بۆ دەکرێت، یاخود بە هەڵوشاندنەوەی بڕیاری هەمواری دەسەڵاتی دادوەری و چوونە پای داخوازییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی وڵاتەکەیی و خۆپیشاندەران، ناتانیاهۆ ئاو بەو ئاگرەدا دەکات کە خەریکە ئیسرائیل دەسووتێنێت؟