د.بەرهەم ساڵح،پڕۆژەی‌ كۆنفیدراڵی هەرێمی كوردستان ئاراستەیسیاسیەكانی عێراق دەكات

2023-04-09

دیپلۆماتیك
د.بەرهەم ساڵح،سەرۆك كۆماری پێشووی عێراق پرۆِژەیەك بەناوی گرێبەستێكی سیاسی نوی لە عێراق دەخاتەڕوو،تیایدا پێشنیاری گۆڕینی سیستمی سیاسی وڵات دەكات بۆ سەرۆكایەتی،لەبەرامبەر دانان بە كۆنفیدراڵدا بۆ هەرێمی كوردستان.

د.بەرهەم ساڵح،داوای گرێبەستێكی سیاسی نوێ‌ دەكات لە عێراقدا بە ئامانجی چارەسەری ململانێكانی نێوان دەوڵەت و كۆمەڵگە لە عێراق.

‎ ‎پەسەندكردنی كۆنفیدراڵی بۆ هەرێمی کوردستان دەتوانێت چارەسەرێکی سەرەکی بێت كەزۆرێك لە كێشە هەڵپەسیردراوەكان و كێشە ئابوری و ئەمنیەكان یەكلایی دەكاتەوەو پەیوەندی نێوان هەردوو لایەنی كوردی وعەرەبی ڕێکدەخات لە چوارچێوەی یەك دەوڵەتدا

بە بڕوای بەرهەم ساڵح، كێشەی بنەرەتی دەوڵەتی عێراق لە سەرەتای دامەزراندنییەوە تائێستا نەبونی پەیمانێكی سیاسی تۆكمەیە كە پەیوەندیەكانی نێوانی دەوڵەت و كۆمەڵگە رێك بخات.
بەرهەم ساڵح، هەرچەندە دان بەوەدا دەنێت روخانی رژێمی پێشوو یەكێك بوو لە گەورەترین روداوەكانی عێراق و ناوچەكە و جیهانیش،بەڵام جەخت لەسەر ئەو راستییە دەكات ئەو سیستمە سیاسییەی كە لەدوای 2003 وە دروستبووە سیستمێكی سیاسی شكستخواردووبووە لە دامەزراندنی دەوڵەتێكی دیموكراتی خزمەتگوزار كە لەسەر بنەمای مافی هاوڵاتیبوون دروست بوبێت.
هەروەها جەخت لەوە دەكاتەوە نوخبەی سیاسی عێراق بە شیعە و سونە و كوردەوە شكستیان هێناوە لە دەوڵەتداری و حوكمڕانیەكی باش.

لە چوارچێوەی گفتوگۆكانی هەمواری دەستوردا، داواكاری جدی هەیە بۆ گەڕاندنەوە بۆ سیستمی سەرۆكایەتی

بە بڕوای بەرهەم ساڵح،ئەو پەیمانە سیاسیەی كە عێراقی دوای 2003 ی لەسەر دامەزراوە بریتییە لە دەستووری عێراق،لەسەر بنەمای ترس و باوەڕنەبوون بە یەكتری نوسراوە و لەگەڵ خۆشیدا ئەو ترس و ململانێیەی گواستۆتەوە بۆ ناو پرۆسەی حوكمڕانی،كە یەكێك لە دەرهاویشتەكانی بریتییە لە پشكپشكێنەی تایفی و مەزهەبی و نەتەوەی و گەندەڵی و جیاكاری و دەستگرتن بەسەر دامودەزگاكانی دەوڵەتدا.
بەرهەم ساڵح وەك بەڵگەی خراپی دۆخی حوكمڕانی لە تەواوی عێراقدا ئاماژە بە بونی نارەزایەتی فراوان لەناو شیعە و سونەی عەرەب و فراوانبونی بەرەی ناڕەزایی لە هەرێمی كوردستان بەرامبەر بەدەسەڵات دەكات لە ئەنجامی گەندەڵی و پشكپشكێنەی حیزبی و بونی مەحسوبیەت و مەنسوبیەتەوە.هەروەها ئاماژەی بە بایكۆتی پرۆسەی سیاسی كردووە لە لایەن 50%ی دانیشتوانی عێراقەوە لە كۆتا هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەران،كە بە بڕوای ئە،و پەیامەكانی ئەو بایكۆتە میللییە گەورەن و هەرەشەی جدین لەسەر قەیرانی شەرعیەتی حوكمڕانی لە تەواوی عێراقدا بە هەرێمی كوردستانیشەوە.

‎كەسانێكی زۆر هەن سیستمی سەرۆكایەتی ڕەتدەكەنەوە، بەتایبەتی كورد، لە ترسی گەڕانەوەی ستەمكاری وتاكڕەوەی لە دەسەڵاتی ناوەندا.

بۆ چارەسەری ئەم دۆخە،سەرۆك كۆماری پێشوی عێراق داوای زەرورەتی پەیمانێكی سیاسی نوێ‌ دەكات كە خۆی لە گۆڕینی سیستمی سیاسی وڵاتدا دەبینێتەوە لە رێگەی هەمواری دەستووری عێراقەوە.

سەرۆك كۆماری پێشوی عێراق، ئاماژە بەوە دەكات لە چوارچێوەی گفتوگۆكانی هەمواری دەستوردا، داواكاری جدی هەیە بۆ گەڕاندنەوە بۆ سیستمی سەرۆكایەتی، چونكە هەندێك لەو بڕوایەدان سیستمی پەڕلەمانی هۆكاری قەیرانەكەیە. لەكاتێكدا نەبوونی شارەزایی هۆکارێکی ئاڵۆزی بەڕێوەبردنی سیستمی پەرلەمانیە، بەڵام کێشەکانی عێراق تەنها بە هۆی سیستمی پەرلەمانی نیە. كەسانێكی زۆریش هەن سیستمی سەرۆكایەتی ڕەتدەكەنەوە، بەتایبەتی كورد، لە ترسی گەڕانەوەی ستەمكاری وتاكڕەوەی لە دەسەڵاتی ناوەندا.

‎یەکیک لە چارەسەرەکان ڕێکەوتنە لەسەر سیستمی نیمچە سەرۆكایەتی بە دەسەڵاتی جێبەجێكردنی فراوانەوە


بە بە بڕوای بەرهەم ساڵح، لەناو ئەم بۆچونە جیاوازانەدا گەیشتن بە چارەسەری واقیعی و دۆزینەوەی دەرەچەی كاریگەر لەڕێگەی دیالۆگەوە كارێكی نەكردە نییە، وەك ڕێکەوتن لەسەر سیستمی نیمچە سەرۆكایەتی بە دەسەڵاتی جێبەجێكردنی فراوانەوە لەگەڵ پەڕلەمانێكی بەهێز وكاریگەر كە كەموكوڕیەكانی پڕ بكرێتەوە لەرێگەی دروستكردنی ئەنجومەنێكی ئیتحادیەوە.
لەلایەكی دیكەوە،سەرۆك كۆماری پێشوی عێراق ئاماژە بەوە دەكات لەسەرەتای دامەزراندنی دەوڵەتی عێراقەوە تا ئەمڕۆ، كێشەی پەیوەندی كورد لەگەڵ حكومەتی بەغدا بەردەوامە، ئەمەش یەكێكە لەگەورەترین ئەو ئاڵەنگاریانەی روبەڕوی عێراق بۆتەوە بە درێژایی تەمەنی دەوڵەتە.
لەم بارەیەوە دەڵێت: لەگەڵ ئەوەی كە دەستوری عێراق دانی ناوە بە سیستمی فیدراڵیدا، بەڵام لە سایەی لێكدانەوەی دەستوری ویاسایی ئیداری ناڕۆشندا هەمیشە دۆخەكە شڵەژاو بووە. بەو هۆیەشەوە لەماوەی ڕابردوودا ئەم دۆخە نە فیدراڵی بووە نە كۆنفیدراڵی ونە مەرکەزی، بەڵكو تێكەڵەیەك بووە كە هەموان تیایدا زیانیان بەركەوتووە، دۆسیەكانی ئابوری وخاک ونەوت و ئاسایش وموچە وبەشە خۆراكی خەڵك بەجێهێڵراون بۆ ململانێ وسازشی لایەنەكان.

‎كورد و عەرەب یان رێك دەكەون لەسەر پرۆژەیەكی هاوڵاتیبوونی ڕاستەقینەی تەواو كە گرەنتی مافی هەموانی تێدابێت

بۆیە پێی وایە،لەمڕۆدا، گرێبەستێكی سیاسی نوێ‌ پێویستە، لە نێوان حكومەتی بەغدا وكوردستان بۆ یەكلاكردنەوەی كێشەكان وكۆتایهێنان بەم کێشە بنەڕەتییە.
بەرهەم ساڵح بە راشكاوی دەڵێت" كورد و عەرەب یان رێك دەكەون لەسەر پرۆژەیەكی هاوڵاتیبوونی ڕاستەقینەی تەواو كە گرەنتی مافی هەموانی تێدابێت و باوەڕی بە هاوبەشی فیعلی هەبێت لە حوكمڕانی وڵاتدا، یان مانەوەیانە لە ناو بازنەی ئەم دۆخە شێواوەدا"


لەسەر ئەم بنەمایەش ڕێکەوتن لەسەر چارەسەریکی نوێ و شێوازێكی دیكەی پەیوەندی بە گرنگ دەزانێت كە بریتییە لە چەسپاندنی كۆنفیدراڵی بۆ هەرێمی كوردستان.
لە پرۆژەكەی بەرهەم ساڵحدا نرخی سیستمی سەرۆكایەتی بۆ بەغدا بریتییە لە چەسپاندنی كۆنفیدراڵی بۆ هەرێمی كوردستان.
 و پێشی وایە زۆرێك لە كێشە هەڵپەسیردراوەكانی نێوان هەولێرو بەغدا لە ڕێگەی كۆنفیدراڵیەوە  یەكلایی دەبێتەوە لە چوارچێوەی یەك دەوڵەت و سنوری نێودەوڵەتی دانپێدانراودا.