تارمایی هێرشی هەڵگەڕاوەی ئۆکرانیا!

ئەو ئۆپەراسیۆنەی هەردووک دەوڵەتی ڕووسیا و ئۆکرانیا لێی دەترسن!
2023-04-24

ڕەوا موسا

دەوڵەتی ئۆکرانیا زۆری کێشاوە بۆ دەستپێکردنی هێرشی هەڵگەڕاوەی دووەم( هێرشی هەڵگەڕاوەی یەکەم گرتنەوەی خێرسۆن بوو). هەرچەندە بەرپرسانی ئۆکرانیا متمانەی سەد لە سەدیان بە سەرکەوتنی ئۆپەراسیۆنی هەڵگەڕاوەنییە، بەڵام گەیشتوونەتە ئەو باوەڕی بەشێوەیەکی کوشندە پێویستیان بە سەرکەوتنێکی تری هەڵگەڕاوە هەیە تاوەکو هەتا ساڵێکی تریش زامنی بەردەوامی هاوکارییە گەورەکانی ناتۆ بکەن. 

ناتۆ بەتایبەتی ئەمریکا سیاسەتێکی کۆنکرێتییان سەبارەت بە دیاریکردنی کارەکتەرە سەربازی و سیاسییەکان هەیە بۆ ناردنی هاوکاری، هەر کارەکتەرێک بیەوێت لە جەنگێکدا هاوکاری لە ئەمریکا وەربگرێت دەبێت سەرەتا خۆی بسەلمێنێت کە شایەنی ئەم هاوکارییەیە. هێزەکانی یەپەگە سەرەتا لە چەندین شەڕدا داعشیان تێکشکاند ئینجا ئەمریکا ئەوانی بەسەر هێزەکانی تری سوپای سوریای ئازاد هەڵبژارد. هەروەها ئەمریکا کۆریای باشوری هەڵبژارد، بەڵام دوای نۆزدە ساڵ دەستبەرداری ڤێتنامی باشور بوو هەروەک چۆن دوای نزیکەی 20  ساڵیش دەستبەرداری حکومەتی کابول بوو.

 دووبارە لەبەر ئەوەبوو هێزەکانی کۆریای باشور زیاتر خۆیان لە شەڕەکاندا دەسەلماند بەبەراورد بە هێزەکانی ڤێتنامی باشور و لە کابولیش بێئومێد بوو. لەناو ئەمریکادا دەنگێکی بەرز هەیە دژایەتی بە فیڕۆدانی پارەی خەڵکی ئەمریکا دەکات لەو پلانە ستراتیژییانەی کە بە شکستخواردوو ناوی دەبەن. نموونەی ئەم سیاسەتە زۆرە و ئێرە شوێنی باسکردنی نییە، هەر لە جەنگی ئۆکرانیاشدا سەرەتا ئەمریکا وا بڵاوی کردەوە لەماوەی سێ ڕۆژدا کیڤ دەکەوێت، کاتێکیش نەکەوت لێشاوی هاوکارییەکان دەستیپێکرد ئەوکاتەش گەیشتە لوتکە کە ئۆکرانیا لە هێرشی هەڵگەڕاوەی خێرسۆن سەرکەوت! بڕیاری ناردنی فیشەک و دژە تانک و تۆپخانە لەدوای شکستی ڕووسیا لە کیڤ درا، سەرجەم بڕیارەکانی ناردنی سیستەمە بەرگرییە ئاسمانیەکان و تانک و زرێپۆشە قورسەکان لەدوای سەرکەوتنی گرتنەوەی خێرسۆن درا.

ئۆکرانیا پێویستی بە سەرکەوتنێکی ترە، بەڵام باجێکی زۆریشی دەوێت. لەئیستادا کە وەرزی قوڕ و لیتە دەستیپێکردووە قورسە بۆ جوڵەیەکی لەم شێوەیە، کۆتایی وەرزی بەهار و تا مانگی یانزە کاتێکی گونجاوە. دژە هێرش لەناو جوگرافیایەکی فراوان و هێڵێکی درێژی وەکو جەنگی ئۆکرانیا کە نزیکەی هەزار کیلۆمەترە پێویستی بە سوپایەک هەیە خاوەنی خێراییەکی زۆربێت، لە جەنگی وڵاتێکی خاوەن سوپای پێشکەوتووی وەکو ڕووسیاش خێرایی زۆر پێویستی بە زرێپۆشی قورسە بە پاڵپشتی تانکەکان.  

ئەوە سوریا نییە بە پیکاب هەڵبکوتی، ئۆکرانیاش لەو هێڵە فراوانەدا کەمی هێناوە لە زرێپۆشی نایاب بۆ هێرشی خێرا. نزیکەی 100 زرێپۆشی برادلی و 37 کۆگاری ئەمریکی و 40 ماردەری ئەڵمانی بە ئۆکرانیا دراون لەگەڵ 88 تانکی پێشکەوتووی جالنجەر 2 و لیۆپارد 2 و ئەبرامز، 212 تانکی تریش لە ژێر رێکارەکانی ناردنیاندان بۆ ئۆکرانیا لە هەمان جۆرەکانی سەرەوە. تانکەکان بڕەکانیان گونجاوە بەڵام جارێ نەگەیشتوون، بەس زرێپۆشەکان بەشی پێویست نین بۆ گواستنەوەی ژمارەی سەربازی گونجاو بۆ دژە هێرشێکی گەورە بۆیە ئەگەر ئۆکرانیا سەرکەوتنێکی گەورەی دەوێت دەبێت زیاتر چاوەڕێ بکات.

 

 زۆر قسە کراوە لەسەر شوێنی دژە هێرشەکە و بێگومان قسەی زیاتریش دەبیستین، بەڵام ئەوەی دەیخوێنمەوە ئەوەیە کە دژە هێرش لە چەند بەرەیەکی جیاواز دەکرێت تا سەرنجی سوپای ڕووسیا پەرت بکەن بەسەر بەرە فراوانەکاندا، سوپا سەرەکییەکەی ئۆکرانیاش دەکرێت لە باشوری ژاپەڕۆژیا کۆببنەوە تاوەکو بتوانن بە هێڵێکی تیرەیی خەتی بەرگری ڕووسیا کەرت بکەن. لە باشوری ژاپەڕۆژیاش ئەگەر بەرەو خەتی مالیپول و بێردیانسک بڕۆن یان زۆر بە خراپی دەشکێن یان بە زیانێکی زۆرەوە سەرکەوتوودەبن واتا تووشی سەرکەوتنی پێریک دەبن، ئەمەش ئەو جۆرە سەرکەوتنە سەربازییەیە کە زیانەکانی ئەوەندە زۆرن جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ شکستدا نابێت. سەرچاوەی ناونانی ئەم سەرکەوتنەش دەگەڕێتەوە بۆ پایرەسی پاشای شانشینی ئیپرەسی یۆنانی، کاتێک لە یەکێک لە سەرکەوتنەکانی دژی ڕۆم ئەوەندە زیانی بەرکەوت بە نائومێدییەوە گووتی " سەرکەوتنێکی ترمان بەسە تاوەکو بەیەکجاری لەناوبچین!". بەڵام خۆ ئەگەر بێتو سوپای سەرەکی ئۆکرانیا بەرەو کوڕەی گەرمی و ئەتۆمی ژاپەڕۆژیا و شاری مێلیتۆپۆل بڕۆن بژاردەیەکی زۆر گونجاو و باشترە، یەکەم چونکە ڕووبار و زۆنگاوی کەمتری لێیە کە ئۆکرانیا ناتوانێ زۆر بەباشی پردی دەستکرد بۆ سوپاکەی بەکاربهێنێت لەکاتی پێشڕەویدا، هەر ئەمەش هۆکارێکی گرنگی وەستانی پێشڕەوییەکانی سوپای ئۆکرانیا بوو لە خێرسۆن کاتێک سوپای ڕووسیا کەوتبوونە شپرزەییەکی گەورەوە، دووەمیش کوڕەی گەرمی و ئەتۆمی ژاپەڕۆژیا و شاری مێلیتۆپۆل ئەو شوێنانەن کە هەرگیز ڕووسیا نایانەوێت لەدەستی بدەن. یەکێک لە شانازییە گەورەکانی سوپای ڕووسیا گرتنی ئەم کوڕەی ئەتۆمەیە بە لەدەستدانی یەکێک لە خاڵەکانی هەستکردن بە سەرکەوتن لەدەستدەدات، هەروەها بەرەی لوهانسک و دۆنێتسک لە بەرەی خێرسۆن و کریمیا دادەبرێنێت کە ناوچەی جێگیربوونی دوو بەشی گەورەی سوپای ڕووسیان و هاوکاری و خەتی پەیوەندی و لۆجیستیان زیانێکی گەورەی پێدەکەوێت و هەنگاوێکی گەورەدەبێت بەرەو کریمیا. 

لێدان لەو دوو شوێنەی کە باسمان کرد تەرکیز لەسەر بەرەکانی تری هێرشی ڕووسیا و ڤاگنەر کەمتر دەکاتەوە. لەبەر ئەوەی سوپای ئۆکرانیاش بەهۆی کەمی زرێپۆشی قورسەوە سوپایەکی خاوەن جوڵەی خێرانییە، لەجیاتی ئەوە بەهۆی زۆری و باشی کوالێتی چەکە سوک و مامناوەندەکانی لە شەڕی کۆڵان بە کۆڵاندا سەرکەوتووانە بەرگری دەکات. بۆیە ئۆکرانیا ئەوەندە بیر لە کۆنتڕۆڵکردنەوەی خاکی زۆر و زەبەند ناکاتەوە لەجیاتی ئەوە بیر لە کۆنترۆڵکردنی ڕێگاکان دەکاتەوە بۆ گەیاندن و دابەزاندنی هێزی پیادە لە شار و شارۆچکەکان. بەپێی ئەزموونی ڕابردوو پێی وایە شەڕکردن لە شارەکان ڕووسیا بەرەو جەنگێکی تاقەتپڕوکێنی درێژ دەبات.

بۆ ئەمەش هێرشی بەرەیی پێویستییەکی حەتمی نییە و سەرکەوتنێکی حەتمیشی تێدانییە، بەڵکو هێرشی تیرەیی بۆسەر چەند خاڵێکی هێڵی بەرگری دوور لە ڕووبار و زۆنگاوەکان ڕاستەوخۆ بەرەو شارۆچکەکان ئەوەیە کە ئۆکرانیا پێویستی پێیەتی ئەوەشە کە ئۆکرانیا ئەگەری سەرکەوتنی زیاترە.