تاتڵیساس، کوردێک لەخزمەتی دوژمندا 

نەجمەدین غولامی :پێشوازی لە خائینێک خیانەتێکی گەورەیە
2023-04-25

هاتنی ئیبراهیم تاتڵیساس بۆ هەولێر و پێشوازیلێكردنی لەلایەن ژمارەیەكی زۆری هەوادارانیەوە هەرای نایەوە.
دوێنێ‌ شەو ئیبراهیم تاتڵیساس، بۆ كردنەوەی براندێكی توركی هاتە هەولێر،بەڵام هەوادارێكی زۆر لێی كۆبونەوە و پۆلیس بۆ دورخستنەوەیان گازی فرمێسك رێژی بەكارهێنا.
ئیبراهیم تاتڵیساس هەرچەندە لەدایك بوی شاری ئورفەی باكوری كوردستانە و دایكیشی كوردە،بەڵام روبەروی زۆرترین رەخنە بۆتەوە بەهۆی پشتگیریەكانی بۆ ئەردۆغان و پشتكردنی لە پارتە كوردیەكانی باكوری كوردستان.
تا ئەو رادەیەی زۆرێك لە كوردەكان وەك خیانەتكار و خزمەتكاری دوژمن سەیری دەكەن.
كاتێك ئەردۆغان پەلاماری عەفرینیدا،تاتڵیساس لەگەل سیپەل جان لە تەنیشتی ئەردۆغانەوە دەركەوت و گۆرانی بۆ ئەو سەربازە تورکانە دەگوت کە شارەکەیان داگیرکرد.
هاتنەوەی تاتڵیساس بۆ هەولێر لەگەل ئەوەی خەڵکانێکی زۆر پێشوازیان کرد خەڵکانێکی زۆریش بە نیگەرانیەوە گوتیان ئەو پێشوازیە ناشایستە بوو .
تاتڵیساس شەوی ڕابردوو لەنێو ھەزاران ھەواداری کوردیدا لەنێو پایتەخت خۆی بینیەوە ، تەنانەت لایەنگر و ھەوادارەکانی ھێندە بە حەماس و تووندی باوەشیان بۆ گرتبوەوە پازدە کەسیان بەھۆی پاڵە پەستۆوە بورانەوە  تا کار گەیشتە ئەوەی پۆلیس ناچار بوو غازی فرمێسک ڕێژ بۆ دورخستنەوەیان بەکاربھێنێت و پێنج ھەواداری تریش ببورێنێتەوە.
لەوەیە تاتڵیساس خۆی چاوەڕێی وەھا پێشوازیەک نەبوبێت چونکە پێشتر ئەو ھەم گۆرانی بۆ داگیرکردنی عەفرین گوتبوو ھەم لە ساتی شەڕی گەریلا و جەندرمە لەگەڵ سوپا و ئەردۆغان چوبووە سەر ئەو شوێنە کوردیانەی وێران بوبون و پشتگیری بۆ ئەردغان دەربڕیبوو .
ھاتنی ھونەرمەندە تورکەکە بۆ باشوری کوردستان ئەوەی دەوڵەتی تورکیا پێی دەڵێت ئیدارەی باکوری عێراق فەرمی نەبوو بەڵکو ھاتنێکی بازرگانی و کردنەوەی براندێکی تورکی بوو بەڵام لەگەڵ ئەو پێشوازیە گەرم و بەسەر یەکدا کەوتنەی خەڵک بۆی بەرەیەکی ناڕازی و توڕەی شەقام و ھونەرمەندانیش دروست بوو کە دەیگوت پێشوازی لە بێگانەیەکی داگیرکاری شەرمەزاریە .
دوای بینینی دیمەنەکانی شەوی ڕابردوو تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان پڕ بوون لە تێچێن و کۆمێنتی بەرەی دژ و پشتیوان ، ھێندێک وێنەی ساتی مردن و بەخاکسپاردنی ھونەرمەندانی کوردستانیان دانابوو کە خەڵکانێکی کەم ئامادەبون و بەراوردیان دەکرد بەو پێشوازیە گەرمەی لە تاتڵیساس کراو دەیان گوت "ئەوەی لەکانی دوشمن ئاو بخوات ھەمیشە دەمی وشکە"
ھونەرمەندی گەورەی کورد نەجمەی غولامی یەکەمین ھونەرمەند بوو کاتی بینینی دیمەنەکان گوتی پێشوازی لە خائینێک شەرمەزاریە .
لەگەڵ ئەوەی ئیبراھیم تاتڵیساس،پێشتر چەند جارێک سەردانی ھەرێمی کوردستانی کردوە و لەگەل بەشێک لە ھونەرمەندە گۆرانیبێژەکانی باشوردا پەیوەندی ھەیە و لە کوردستانیش بەھۆی دەنگ و سەدا و گۆرانیەکانی ھەوادارێکی زۆری ھەیە، بەڵام بەھۆی ھەڵوێستەکانی دژی کوردانی باکور و ڕۆژئاوای کوردستان  بەرەیەکی تووندی دژبەری بۆ دروست کردوە ھەر بۆیە سەردانەکەی دوێنێ و ئەو پێشوازیە گەورە و گەرمەی نیگەرانی لێکەوتەوە .