دیبلۆماتیک
ساڵێک و دوو مانگ، بەسەر هەڵگیرسانی جەنگی نێوان ڕووسیاو ئۆکرانیادا تێدەپەڕێت و هێشتا جەنگ درێژەی هەیەو سوپای هەردوو وڵات ئاگرو ئاسن بەسەر یەکدیدا دەبارێنن و ئاسۆی کۆتاییهاتنی جەنگە خوێناوییەکەش دیار نییە.
ئامارەکانی تایبەت بە جەنگی نێوان ڕووسیاو ئۆکرانیا دەڵێن، تا ئێستا ۱٤٦ هەزارو هەشت سەدو بیست سەربازی ڕووسی کوژراون و لەبەرانبەریشدا ۱۰۰ هەزار سەربازی ئۆکرانی کوژراون، هاوکات سیی هەزار هاوڵاتی مەدەنیش لە جەنگەکەدا کوژڕاون.
جەنەڕاڵ ئەریک کریستوفوسن، سەرۆکی ئەرکانی سوپای نەرویج، ژمارەی کوژراوانی سەربازانی سوپای ڕووسیا بە ۱٨۰ هەزار سەرباز دەخەمڵێنێت.
بەهۆی جەنگەکەوە، لە ۳۰٪ خاکی وڵاتی ئۆکرانیا بەمین چێنراوە.
یونسکۆ دەڵێت، جەنگەکە بووەتە هۆی وێرابوونی ۳۰۰۰ قوتابخانەو ۲۳۹ ناوەندی ڕۆشنبیری لە شارەکانی ئۆکرانیا.
شاری " باخموت"ی ئۆکرانیا، سەختترین مەیدانی جەنگی نێوان سوپای ڕووسیاو سوپای ئۆکرانیای بەخۆوە دیوەو بە قورسترین جەنگیش لەم سەدەیەدا هەژمار کراوە.
۹۰٪ی شاڕی باخموت بەهۆی جەنگەوە وێران بووە.
۱۳٥ هەزار بیناو باڵەخانەی نیشتەجێبوون لەشارەکانی ئۆکرانیا ڕووخاون و خاپورکراون و ۹۰۷٨ نەخۆشخانەو شوێنی تەندروستیش خاپور بوون و ۳۲ ملیار دۆلاریش زیان بەر کەرتی کشتوکاڵی ئۆکرانیا کەوتووە.
پریگوژین، سەرۆکی گروپی واگنەری ڕووسی دەڵێت، لە شاری باخموت دا، ۳۲ هەزار سەربازی ئۆکرانیمان کوشتووە.
بەپێی زانیاری ڕۆژنامەی " تایمز"ی بەریتانی، ۱۰ تا ۱۲ هەزار سەربازی ڕووسی لە شاری باخموت کوژراون.
ئامارەکانی تایبەت بە جەنگی ڕووسیاو ئۆکرانیا دەڵێن، بەهۆی زیادبوونی هێرشەکانی ڕووسیا بۆسەر شاری باخموت و ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، لە مانگی شوباتی ئەمساڵدا، ڕۆژانە ٨۲٤ سەربازی ڕووسی کوژراون.
بەپێی ئاماری بڵاوکڕاوەی سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئۆکرانیا، زیانەکانی سوپای ڕووسیا لە ڕووی کەرستەو ئامێری جەنگ و سەربازییەوە بەمجۆرەیەو ڕۆژانەش لە هەڵکشاندایە.
ــ تێکشکانی ۳۳۹۳ دەبابە
ـــ تێکشکان و سوتانی ٦٦۰۰ ئۆتۆمبێلی سەربازی
ــ تێکشکان و لەناوچوونی ٤۷۳ سیستمی موشەکی و ۲۲٨ سیستمی بەرگری ئاسمانی و ۳۰٦ فڕۆکەی جەنگی و ۲۹۱ هەلیکۆپتەری جەنگی و ۱٨ کەشتی جەنگی و ۲۰۳۳ فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ۹۱۱۱ موشەکی کرۆز.
لە ترسی بەزۆر سەربازی پێکردنیان و پەلکێشکردنیان بۆ بەرەکانی جەنگ، تا ئێستا نزیک بە یەک ملیۆن گەنجی ڕووسی لە وڵاتەکەیان هەڵهاتوون و وڵاتیان بەجێهێشتووە.
تا ئێستا ۳۲ وڵاتی جیهان کە وڵاتی چین دیارترینیانە، لە جەنگی نێوان ڕووسیاو ئۆکرانیادا پشتگیری ڕووسیا دەکەن و ئەو وڵاتانەی کە پشتگیری ڕووسیا دەکەن ۳۲٪ی دانیشتوانی جیهان پێکدێنن.
۱۲۲ وڵات، ئیدانەی ڕووسیا دەکەن و لە هێرشی بۆسەر ئۆکرانیادا دژی ڕووسیا وەستاونەتەوەو ئەمەریکاش لە پێشەنگی ئەو وڵاتانەدایە.
ڤیکتۆر ئۆربان، سەڕۆک وەزیرانی مەجەڕ دەڵێت، ئەمەریکا دەیەوێت هەموان بۆ شەڕی نێوان ڕووسیاو ئۆکرانیا پەلکێش بکات.
ئاندجی دودا، سەرۆک کۆماری پۆڵەندا دەڵێت، ئەگەر ڕووسیا ئۆکرانیا داگیربکات و ئۆکرانیا هەرەس بێنێت، ئەوا ئەمە هاندەر دەبێت بۆ ئەوەی چین هێرش بکاتە سەر تایوان و داگیری بکات.