چۆن بوو بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی

2023-05-08

دیبلۆماتیک

دوای کە پێشتر هەرسێ حیزب " حسک و پاسۆک و پارتی گەل" لە ساڵی ۱۹۹۲ یەکیان گرتبوو، دواتر پێکەوە لەگەڵ پارتیدا یەکدەگرن و لە کۆنگرەی ۱۱ی پارتی دا، محەمەدی حاجی مەحمود بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی و دواتر بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی هەڵدەبژێردرێت.


 لە ۱٦ ــ ٨ ــ ۱۹۹۳، بەناوی کۆنگرەی یەکگرتن، کۆنگرەی یازدە ساز دەکات و محەمەدی حاجی مەحمودو سامی عەبدولڕەحمان کە پێشتر یکرتێری پارتی گەل بوو، دەبن بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی.

 محەمەدی حاجی مەحمود لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت، کە یەکێتی هۆکاری ئەو وەزعە بووەو وایکردووە کە ئەو سێ حیزبە بچنە ناو پارتییەوە، ئە دەڵێت یەکێتی وازی لێنەدەهێناین.

ئەو لە بەرگی چواڕەمی بیرەوەرییەکانیدا " ڕۆژژمێری پێشمەرگەیەک" باسیدەکات کە ڕۆژی دووەمی کۆنگرە ئەو نەچووەتەوە بۆ کۆنگرەو مەسعود بارزانی و نێچیرڤان بارزانی ڕۆشتوون بەدوایداو بردویانەتەوە بۆ کۆنگرەو دوای ئەوەشی کە بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی هەڵبژێردراوە، بڕیاریداوە کە نەچێت بۆ یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی.

خۆی دەڵێت کە عەدنان موفتی پێیووتووە کە ئەو پێیخۆشە بچیتە کۆمیتەی ناوەندی پارتی و ئیش وەربگریت، بۆ ئەوەی کە وازتهێنا نەڵێن لەسەر ئەوە بووە کە ئیش و پۆستی پێنەدراوە.

لە یەکەم کۆبوونەوەی کۆمیتەی ناوەندیدا لەپاش کۆنگرەی یازده، کە لە بەرواری ۲۹ ــ ٨ ــ ۱۹۹۳ لە مەسیف سەلاحەدین بەڕێوە چووە، محەمەدی حاجی مەحمود بە ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی هەڵدەبژێردرێت.

لە بەرگی چوارەمی" ڕۆژژمێری پێشمەرگەیەک"دا دەڵێت:" کاک مەسعود وتی، تۆ سەرپەرشی هەردوو لقی سلێمانی و کەرکوک بکە، کوردستان چوار پارێزگایە، دووی بۆ تۆو تۆ سەرپەرشتی بکە.

لە ٤ ــ ۹ ــ ۱۹۹۳ دا، وەفدێکی یەکێتی بە سەرۆکایەتی مام جەلال، سەردانی مەکتەبی سیاسی نوێی پارتی دەکەن و ڕەسووڵ مامەند کە ساڵێک لەوەوبەر سکرتێری حسک بووە، وەکو ئەندامی مەکتەبی سیاسی لەناو وەفدەکەی یەکێتی دا بووە، محەمەدی حاجی مەحمود دەڵێت:" مولازم عومەر وتی کاکە حەمە ئەوەش کاک ڕەسووڵ مامەندە، منیش سەیرێکی کاک ڕەسووڵم کردو وتم، بەڵێ هەموومان پێستەکەی خۆمان بە کەوڵکراوی لە دەباغخانەدا دۆزییەوە.

وەکو خۆی لەبەرگی چوارەمی" ڕۆژژمێری پێشمەرگەیەک"دا باسیدەکات، لە ٥ ــ ۹ ــ ۱۹۹۳ وە، دەستیکردووە بە ڕێکخستنەوەو ئامادەسازی بۆ ڕاگەیاندنەوەی حیزبی سۆسیالست و وازهێنان لە پارتی.

ئەو لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت، لە ۹ ــ ۹ ــ ۱۹۹۳ چووم بۆ کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی لە مەسیف سەلاحەدین، کاک مەسعود وتی چۆن و چی بکەین تا بتوانین لە سنوری سلێمانی سەرکەوتووبین، کاک مەسعودو کاک نێچیرڤان بۆچوونیان وابوو کە کار بکرێت بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق ناوچەکانی سلێمانی بگرێتەوە، دەیان وت سلێمانی لە دەستی عێراقدا بێت باشترە تا یەکێتی، پارتی لە ڕقی یەکێتی ئامادەبوو بەشەکەی خۆی لەناوچەکانی سلێمانی بکات بەخێر.

محەمەدی حاجی مەحمود، دەیگێڕێتەوە کە ۱۹ ــ ۹ ــ ۱۹۹۳ لە سنەبووەو لەوێ لێپرسراوانی ئیتڵاعات سەردانیان کردووەو وتوویانە بیستوومانە دەتەوێت لەگەڵ پارتیدا نەمێنیتەوە، وتووشیانە تۆ ئێستا دوو پارێزگات لەبەردەستایە، ئەوە بۆ خۆت و بۆ ئێمەش باشەو کاری وا نەکەیت کە لە پارتی بێیتە دەرەوە.

وەکو لە بەرگی چوارەمی بیرەوەرییەکایدا باسیدەکات، لە ۲۷ ــ ۹ ــ ۱۹۹۳، سەردانی مام جەلالی کردووەو پێیووتووە کە ناتوانێت لەگەڵ پارتیدا بمێنێتەوە، مام جەلالیش پێیووتووە ئێمە پێمانخۆشە تۆ لەناو پارتیدا بمێنیتەوەو دۆستمان بیت.

باسیشیدەکات کە لە ۹ ــ ۱۰ ــ ۱۹۹۳ وەفدێکی ئیتڵاعات لە تارانەوە هاتبوون بۆ ماڵەکەی لە سلێمانی بۆ ئەوەی پەشیمانی بکەنەوە لەوەی لە پارتی بێتە دەرەوەو وەکو خۆی دەڵێت، وەفدەکەی ئیتڵاعات دوازدە ڕۆژ لە ماڵەکەیدا ماونەتەوەو پێیانووتووە نابێت ئەوکارە بکەیت و لە پارتی بێیتە دەرەوە، " وتیان تۆ دۆستمانی ئەگەر بەگوێمان نەکەیت هاوکاریت ناکەین".

لە ۱٥ ــ ۱۰ ــ ۱۹۹۳، محەمەدی حاجی مەحمود لەگەڵ خاڵە حاجی و چەند کەسێکی دیکەدا، حیزبی سۆسیالستی کوردستان " حسک" ڕادەگەیەننەوە.

ئەو لە بیرەوەرییەکانیدا دەڵێت:" دوای هاتنە دەرەوەم لە پارتی دروشمی، " زەردو شینی ئاسمانی ــ کاکە حەمەو بارزانی" چەرخا بۆ ئەوەی کە سەرۆک و سەرکردەکانی پارتی لە ڕۆژنامە جیهانی و ناوخۆییەکاندا بڵێن محەمەدی حاجی مەحمود دزو جەردەو جاسووسە".